هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یكه هه‌واڵنێریه‌كان باس له به‌سته‌ی حه‌مایه‌تیی ١٥ ملیارد دۆڵاری ده‌وڵه‌تی فه‌ڕانسه بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی بۆ ڕێكه‌وتنی به‌رجام ده‌كه‌ن، حه‌سه‌ن ڕووحانی وتوویه‌تی كه “به‌شێكی زۆر” له كێشه و گرفته‌كان له‌گه‌ڵ ئۆرووپا چاره‌سه‌ر كراون به‌ڵام چون ڕێكه‌وتنی نیهایی ئه‌نجام نه‌دراوه، هه‌نگاوی سێهه‌م بۆ پێبه‌ند نه‌بوون به ڕێكه‌وتنی به‌رجام هه‌ڵدێننه‌وه. ڕووحانی وتووێژه‌كانی تا ئێستای ڕوو به‌ره‌و پێش وه‌سف كردووه به‌ڵام به دووری ده‌زانێت كه له یه‌ك دوو ڕۆژی داهاتوودا ڕێكه‌وتنه‌كه نیهایی ببێته‌وه. حه‌سه‌ن ڕووحانی، ڕۆژی سێشه‌ممه ١٢ی مانگی خه‌رمانان، له مه‌جلیسی شورای ئیسلامی ئێران ڕوو به ده‌وڵه‌تانی ئۆرووپایی وتی: “نه‌وتی ئێمه به نه‌خد یان به قه‌رز بكڕن تا كۆماری ئیسلامیش له به‌رامبه‌ردا به ڕێكه‌وتنی به‌رجام پێبه‌ند بمێنێ”. مه‌به‌ستی ڕووحانی له نیهایی بوونی ڕێكه‌وتن، ئه‌وه‌یه كه هێشتا ڕێكه‌وتنی ڕژیم له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی فه‌ڕانسه به ته‌ئیدی دۆناڵد ترامپ نه‌گه‌یشتووه. ئه‌گه‌رچی ڕووحانی و سه‌رانی دیكه‌ی كۆماری ئیسلامی و میدیاكانی ده‌سه‌ڵاتدار وای نیشان ده‌ده‌ن كه گۆیا هێڵی ئیعتباریی ١٥ ملیارد دۆڵار ته‌نیا له به‌رامبه‌ر پێبه‌ند بوونی كۆماری ئیسلامی به به‌ڵێنیه‌كانی له ڕێكه‌وتنی هه‌سته‌یی دایه و ده‌یانهه‌وێ وای بنوێنن كه هه‌ڕه‌شه‌كانی ئه‌وان له‌وانه پێبه‌ند نه‌بوون به به‌ڵێنیه‌كانیان، كاریگه‌ر بووه، به‌ڵام ڕاستیه‌كه‌ی به پێچه‌وانه‌یه.
“ژان ئیو لۆدێریان” وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕانسه، ڕۆژی سێشه‌ممه ٣ی سێپتا‌مبر به‌رابه‌ر له‌گه‌ڵ ١٢ی خه‌رمانان گه‌ڵاڵه‌ی پێدانی هێڵی ئیعتباری ١٥ ملیارد دۆڵاری فه‌رانسه بۆ كه‌م كردنه‌وه‌ی كێشه‌ی نێوان ده‌وڵه‌تانی ئێران و ئه‌مریكای ئاشكرا كرد و ڕایگه‌یاند كه: “له به‌رامبه‌ر ئه‌م پاره‌یه‌دا، ئێران پێویسته بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر به‌ڵێنیه‌كانی به‌رجام و وتووێژ سه‌باره‌ت به ئه‌منیه‌تی كه‌نداوی فارس و ناوچه‌كه و باروودۆخی ڕێكه‌وتنی هه‌سته‌یی دوای ساڵی ٢٠٢٥، ئه‌نجام بدات.” وته‌كانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕانسه ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه كه مه‌سه‌له‌كه زۆر به‌ربڵاوتره له پێبه‌ندبوونی ڕژیم به به‌ڵێنیه‌كانی ڕێكه‌وتنی هه‌سته‌یی. به پێی ئه‌م ڕاگه‌یه‌ندراوه، كۆماری ئیسلامی نه ته‌نیا پێویسته پێبه‌ندی ڕێكه‌وتنی به‌رجام بێت، به‌ڵكوو پێویسته سه‌باره‌ت به ئه‌منیه‌تی كه‌نداو و ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست واته ڕاگرتنی پشتیوانی كردن له ڕه‌وته ترۆریسته ئیسلامییه‌كان له ناوچه‌كه، كۆتایی هێنان به ده‌ست تێوه‌ردانی نیزامی له ناوه‌نده قه‌یراناویه‌كان، چاوه‌دێری كردن به‌سه‌ر به‌رنامه‌ی درووست كردنی مووشه‌كی بالستیك و هه‌روه‌ها به‌رده‌وام بوون له ڕێكه‌وتنی هه‌سته‌یی له دوای ساڵی ٢٠٢٥، بچێته سه‌ر مێزی وتووێژ. واته كۆماری ئیسلامی له به‌رامبه‌ر وه‌رگرتنی ئه‌م ١٥ ملیارد دۆڵاره به نێوبژی ده‌وڵه‌تی فه‌ڕانسه، به كرده‌وه ده‌چێته قۆناخی چه‌نه لێدان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا له‌سه‌ر میحوه‌ره سه‌ره‌كیه‌كان كه هه‌مان ١٢ مه‌رجه ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی مایك پۆمپێئۆ بوون. مه‌كرۆن به نیازه به پێشكه‌ش كردنی ئه‌م به‌سته ١٥ ملیاردیه باروودۆخێكی ئابروومه‌ندانه‌ی وتووێژ بۆ كۆماری ئیسلامی بخوڵقێنێت.
له باروودۆخێكدا كه كۆماری ئیسلامی ڕێژه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی ٧٠ له‌سه‌د كه‌م بووه‌ته‌وه و به كه‌مترین ئاستی خۆی واته ٣٨٦ هه‌زار بۆشكه له ڕۆژدا گه‌یشتووه و له حاڵێكدا كه ڕژیم بۆی ده‌ركه‌وتووه كه نائه‌من كردنی ته‌نگه‌ی هۆرمۆز و كه‌م كردنه‌وه‌ی پێبه‌ندیه‌كانی به ڕێكه‌وتنی هه‌سته‌یی ناتووانی له‌وه زیاتر قۆناخی “نه شه‌ڕ و نه ئاشتی و نه وتووێژ” بپارێزی، هه‌نگاوێك خۆی له وتووێژ و سازش نزیكتر كردووه‌ته‌وه.
ئامانجی ستراتێژیكی كۆماری ئیسلامی له درێژه‌دان به مشت و مڕ له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و وتووێژ و سازش له‌گه‌ڵ ئه‌و، ته‌نیا زه‌مانه‌تی مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆیه‌تی. كۆماری ئیسلامی ده‌یهه‌وێ له لایه‌ن ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا و هێزه ئۆرووپاییه‌كان دڵنیا بكرێته‌وه كه به‌رنامه‌یه‌كیان بۆ ڕووخاندنی ڕژیم له‌به‌رده‌ست دا نییه. ئامانجی ستراتێژیكی ئێستای ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكاش ڕووخاندنی كۆماری ئیسلامی نییه به‌ڵكوو گۆڕینی هه‌ڵسووكه‌وتی ئه‌م ڕژیمه‌یه. ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا تا كاتێك كه كۆماری ئیسلامی ڕێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی بێت، به‌نیازی ڕووخاندنی نییه و نایهه‌وێت داهاتووی ئێران كه له‌به‌رده‌م ئاڵووگۆڕدایه به چاره‌نووسێكی نادیاری بسپێرێت. ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا به‌نیازه كۆماری ئیسلامی كه ته‌نانه‌ت به سه‌ركێشیه‌كانیشی هه‌تا ئێستا خزمه‌تی پێكردووه، به جۆرێك ڕام كات كه هیچ مه‌ترسیه‌ك بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانانی له ناوچه‌كه‌دا نه‌هێنێته ئاراوه. ئاشكرایه، ئه‌وه‌یكه كێشه‌ی له‌سه‌ره، به‌هایه‌كه كه كۆماری ئیسلامی ده‌بێ بۆ وه‌رگرتنی زه‌مانه‌تی مانه‌وه‌ی خۆی بیدات.
كرێكاران و خه‌ڵكی سته‌ملێكراوی ئێران هه‌تا ئێستا ئاسه‌وار و ئاكامی نه‌خوازراوی مشت و مڕ و كێشمه‌كێشی ئه‌م دوو هێزه كۆنه‌په‌رسته‌ی سه‌رمایه‌دارییان له‌سه‌ر كار و ژیان و خه‌باتی خۆیان هه‌ست پێكردووه. هه‌ر وه‌ك چۆن توندبوونه‌وه‌ی گه‌مارۆ ئابووریه‌كان باروودۆخی كار و ژیانی كرێكاران و زۆربه‌ی خه‌ڵكی ئێرانی سه‌خت تر كردووه‌ته‌وه، درێژه‌ی كه‌ش و هه‌وای جه‌نگی، له خزمه‌ت ئه‌منیه‌تی كردنی كه‌ش و هه‌وای كۆمه‌ڵگا و توندكردنه‌وه‌ی سه‌ركوت دایه و ڕێگه له په‌ره‌سه‌ندنی ناڕه‌زایه‌تیی كرێكاران و جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك ده‌گرێت. له‌و نێوه‌دا كرێكاران و خه‌ڵكی هه‌ژار پێویسته باش بزانن كه هه‌روه‌ك چۆن مشت و مڕی نێوان ئه‌م ده‌وڵه‌تانه هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی به به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وانه‌وه نییه، وتووێژ و سازشیش له ڕاستای به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵكه‌وه ئه‌نجام نادرێت. ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا و كۆماری ئیسلامی هه‌ركیان هه‌وڵ ده‌ده‌ن به‌رژه‌وه‌ندیی ئیمپریالیستی و سه‌رمایه‌دارانه‌ی خۆیان، وه‌ك به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵك نیشان ده‌ن له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌كه ده‌یانهه‌وێ جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك بكه‌نه هێزی پیاده‌ی كێشمه‌كێشی كۆنه‌په‌رستانه‌ی خۆیان. كرێكاران و خه‌ڵكی سته‌ملێكراو و زه‌حمه‌تكێشی ئێران پێویسته بزانن كه له به‌رامبه‌ر ئه‌م دوو ڕێگایه‌ی كه ده‌وڵه‌تانی سه‌رمایه‌داری له به‌رامبه‌ریانی داده‌نێن، ڕێگایه‌كی سێهه‌میش هه‌یه، ئه‌ویش توندكردنه‌وه‌ی خه‌بات بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانه‌ی كۆماری ئیسلامییه. بێ گومان ته‌نیا له‌م ڕێگایه‌وه ئاسه‌واری نه‌خوازراو و وێڕانكاری ئه‌م شه‌ڕ و كێشمه‌كێشانه كۆتایی پێدێت.