نه‌خۆشیی كۆرۆنا بۆ جارێكی دیكه نیشانی دا كه گیان و سڵامه‌تی خه‌ڵك بۆ حكوومه‌تی ئیسلامی هیچ بایه‌خێكی نییه. ئێرانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی له‌چاو زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان خاوه‌ن خوارترین ستاندارده له بواری به‌ره‌نگاربوونه‌وه له‌گه‌ڵ ویرووسی كۆرۆنا و پاراستنی ته‌ندرووستیی خه‌ڵك. له زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان، له‌ڕێگه‌ی په‌یڕه‌وكردنی مه‌ودادانانی كۆمه‌ڵایه‌تی، لێدانی ماسك، تێستی به‌رین و خێرای خه‌ڵك، گه‌ندبڕ كردنی به‌رده‌وامی ئامرازه‌كانی گواستنه‌وه‌ی گشتی، پاك و خاوێنیی كه‌سی، قه‌ره‌نتینه‌ی به‌ربڵاوی به‌شێكی به‌رین له خه‌ڵك، هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ بڕیار و پێشنیاری ناوه‌نده‌كانی ته‌ندرووستی و زانستیی جیهان و به‌تایبه‌ت واكسیناسیۆنی به‌شێكی به‌رین له خه‌ڵك، ته‌رخان كردنی بوودجه و ئیمكاناتی زیاتر بۆ پێشگیری، بارهێنان و به‌رپرسایه‌تی وه‌خۆگرتنی خه‌ڵك به‌رامبه‌ر به په‌تای كۆرۆنا، كڕینی به‌رینی واكسێنی ستاندارد و كاریگه‌ر، توانییان ئاماری ته‌ڵه‌فاتی ویرووسی كۆرۆنا به كه‌مترین ئاست بگه‌یه‌نن.
به‌ڵام كۆماری ئسیلامیی به‌ئانقه‌ست به‌پێچه‌وانه‌ی ڕێنوێنییه پزیشكی و زانستییه‌كان هه‌نگاوی هه‌ڵگرت. سه‌رانی ڕژیم بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر ده‌ستیان دایه حاشالێكردن و شاردنه‌وه‌ی ئاماری مه‌رگی كۆرۆنا، تا هه‌ڵبژاردنه كه‌م ڕهونهقهكهیان ته‌عتیل نه‌بێت. له چوونی فڕۆكه‌كان بۆ وڵاتی چین له‌وپه‌ڕی بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنادا ڕێگیریان نه‌كرد، له مزگه‌وت و ناوه‌نده مه‌زهه‌بییه‌كان ده‌ستیان دایه كۆبوونه‌وه و به‌ڕێوه‌بردنی ڕێوڕه‌سمی عاشووڕا و تاسووعا. قه‌ره‌نتینه‌ی به‌رینی خه‌ڵك له‌و ناوچانه‌ی كه كۆرۆنا په‌ره‌ی سه‌ندبوو نه‌خرایه ده‌ستووری كاره‌وه و له هاتنی واكسێنه به‌ناوبانگ و موعته‌به‌ره جیهانییه‌كان بۆ ئێران به بیانووی دژایه‌تی له‌گه‌ڵ ڕۆژئاوا ڕێگری كرا. ته‌نانه‌ت له به‌رئاورد له‌گه‌ڵ وڵاتێكی وه‌ك عه‌ره‌بستان كه ڕێوڕه‌سمی حه‌جی ساڵانه‌ی به‌خاتری كۆرۆنا ته‌عتیل كرد، ڕژیمی ئیسلامی حازر نه‌بوو ڕێوڕه‌سمی مانگی موحه‌ڕه‌م و باقیی كۆبوونه‌وه مه‌زهه‌بییه‌كان به شێوه‌ی كاتی ڕابگرێت.
به بینانووی به‌رهه‌مهێنانی واكسێنی ناوخۆیی، خه‌ڵكیان له چاوه‌ڕوانیدا ڕاگرت و بێجگه‌له گاڵته‌جاڕیی ده‌زگای ویرووسیابی سپا، “واكسێنی به‌ره‌كه‌ت“یان درووست كرد كه له لایه‌ن هیچ ناوه‌ندێكی گرینگی ده‌رمانی و ته‌ندرووستیی جیهانییه‌وه ته‌ئید نه‌كراوه و له هیچ بڵاوكراوه و جۆرناڵێكی موعته‌به‌ری زانستیدا، زانیارییه‌ك سه‌باره‌ت به‌م واكسێنه به‌دی ناكرێت.
به له‌به‌رچاوگرتنی دوایین ئاماره‌كانی ئێستا سه‌باره‌ت به نه‌خۆشیی كۆرۆنا له ئێران، كه به هیچ شێوه‌یه‌ك جێگای متمانه نین، پتر له ١٠٠ هه‌زار كه‌س گیانیان له‌ده‌ست داوه و چوار ملیۆن كه‌سیش تووشی ئه‌م نه‌خۆشییه بوون. كه‌مبوونی ده‌رمان، نه‌بوونی ته‌ختی نه‌خۆشخانه، كه‌مبوونی ژماره‌ی په‌رستار و دكتور، ئێرانی به‌ره‌و ته‌عتیلی و قه‌یران بردووه. كار گه‌یشتووه‌ته جێگایه‌ك كه حكوومه‌ت توانای دابین كردنی كفن و ده‌فنی نه‌خۆشه‌كانی نییه. له ئێستادا ٣٥٩ شارستان له باروودۆخی سوور، ٥٩ شارستان له باروودۆخی نارنجی و ٣٠ شارستان له باروودۆخی زه‌رد دان. حكوومه‌تی ئسیلامی له هه‌لومه‌رجێكدا كه توانانی دابین كردنی تابووت و ناشتنی نه‌خۆشانی كۆرۆنای نییه، ملیاردها دۆلار بۆ سه‌ركوت له ناوخۆی ئێران و ناردنی تیرۆریسم بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات هه‌زینه ده‌كات.
حاكمانی ئێران، تۆڕی به‌رینی ئاخونده گرینگ و سه‌ره‌كییه‌كانی ڕژیم، فه‌رمانده‌كان و ڕێبه‌ریی هێزه نیزامی و ئه‌منییه‌كان و ئاغازادهكان، خۆیان باشترین كه‌ره‌سته‌ی پزیشكی و ده‌رمانییان له ئیختیار دایه و ته‌نانه‌ت به‌ده‌گمه‌ن هه‌واڵی مه‌رگی ئاخوندێكی ٩٠ تا ١٠٠ ساڵه به‌هۆی تووش بوون به نه‌خۆشیی كۆرۆنا ده‌بیستین. ئه‌وه‌ش له حاڵێكدایه كه ڕێژه‌ی گیان له‌ده‌ستدانی خه‌ڵكی ئاسایی به ته‌مه‌نی ٣٠ تا ٥٠ ساڵ، كه واكسێنی به‌ره‌كه‌تی حكوومه‌تیان وه‌شاندووه، چه‌ند به‌رابه‌ر بووه.
ئه‌وه‌یكه زیاتر له هه‌موو فاكتۆره‌كانی دیكه ڕێژه‌ی مه‌رگی ویرووسی كۆرۆنای برده سه‌ر، نابه‌رپرس بوونی ده‌زگای مه‌زهه‌بی و ئیمام جومعه و مزگه‌وته‌كان، ڕۆڵی خرابكارانهی ئاخونده‌كان له ته‌عتیل نه‌كردنی تیجاڕه‌تی عهزاداریدا بوو كه له ناوه‌نده سه‌ر به‌ستراوه‌كان و یان له سه‌ر شه‌قامه‌كان هه‌زاران كه‌سیان بانگه‌شه‌ی كۆبوونه‌وه و سینه‌زه‌نی ده‌كرد. هه‌یئه‌ته‌كانی عه‌زاداری و نۆوحه خوێنی كه به هاندانی ڕاسته‌وخۆی عه‌لی خامنه‌یی و ئاخونده سه‌ره‌كییه‌كانی ڕژیم به‌ڕێوه‌ده‌چوون، یه‌كێك له هۆكاره جیددییه‌كانی بڵاوبوونه‌وه‌ی به‌رینی ویرووسی كۆرۆنا له ئێرانه.
مه‌داحانی مه‌زهه‌بی كه سه‌ربه ده‌زگا ئه‌منییه‌كان و باندی خامنه‌یین، به یارمه‌تیی سه‌دا و سیمای كۆماری ئیسلامی هه‌وڵیان دا ژماره‌یه‌كی هه‌رچی زیاتر له خه‌ڵك به‌ره‌و ڕێوڕه‌سمی عه‌زاداری ڕاكێشن و به‌كرده‌وه له بڵاوبوونه‌وه‌ی به‌رینی ویرووسی كۆرۆنا و ڕێژه‌ی باڵای مه‌رگی هاووڵاتییاندا ڕۆڵێكی چالاك و جیددی‌یان بینیوه. به‌ڵام ڕژیم به‌وه‌ش ڕازی نه‌بووه و به شێوه‌ی جۆراوجۆر له هه‌وڵی ناردنی مه‌داح، ئاخوند و نۆوحهخوێن بۆ وڵاتانی ده‌ورووبه‌ر و شوێنه‌كانی دیكه‌ی جیهاندا بووه و باڵوێزخانه و كۆنسوولخانهكانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی خۆی كردووه‌ته ناوه‌ندێك بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی ویرووسی كۆرۆنا له وڵاتانی دیكه.
بێجگه‌له بێ كهفایهتیی حاكمانی ئیسلامیی ئێران، نابه‌رپرس بوونی به‌شێك له خه‌ڵك كه سه‌ره‌ڕای ئاگاداربوون له پێویستیی په‌یڕه‌وكردنی مه‌ودادانانی كۆمه‌ڵایه‌تی، له ڕێوڕه‌سمه مه‌زهه‌بی و له زه‌ماوه‌ند و باقیی كۆبوونه‌وه‌كانی دیكه‌دا به‌شداری ده‌كه‌ن، به‌داخه‌وه ئاماری قوربانییانی بردووه‌ته سه‌رێ.
له باروودۆخێكدا كه ڕژیم له بواری پێشگیری كردن له ویرووسی كۆرۆنا داماو و بێتوانایه و به‌رپرسانی ڕژیم یه‌كتر به هۆكاری خوڵقانی ئه‌م باروودۆخه ده‌ناسێنن، به‌شی توندئاژۆی مه‌زهه‌بیی كۆمه‌ڵگا و مۆره ئه‌منییه‌كانی حكوومه‌ت ده‌ستیان داوه‌ته په‌ره‌پێدان به تیجاڕه‌ت و سه‌نعه‌تی عه‌زاداری و به‌كرده‌وه، به یارمه‌تیی به‌شێكی نابه‌رپرس له خه‌ڵك قه‌یرانی كۆرۆنایان توندتر كردووه‌ته‌وه.
له جه‌رگه‌ی بێتوانایی و داماویی ڕژیم له چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی كۆرۆنا، به‌شی پێشڕه‌وی كۆمه‌ڵ و چالاكانی مه‌ده‌نی پێویسته زیاتر له ڕابردوو له‌گه‌ڵ ناوه‌نده‌كانی ته‌ندرووستی و ده‌رمانیی جیهانی یه‌كگرتوو و هاوئاهه‌نگ بن و له ڕێنوێنییه‌كانیان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه و پێشگیری كه‌ڵك وه‌رگرن. ڕژیمێك كه خۆی هۆكار و بڕیارده‌ری كوشتن و قه‌تڵوعامی هه‌زاران به‌ندكراوی سیاسی و نه‌یاری حكوومه‌ته، ڕژیمێك كه له ده‌ره‌وه‌ی وڵات و ته‌نانه‌ت له‌وپه‌ڕی بڵاوبوونه‌وه‌ی ویرووسی كۆرۆنادا خه‌ریكی تیرۆری نه‌یارانی سیاسیی خۆیه‌تی، نابێ و ناكرێ له‌ئاست گیان و تهندرووتیی خه‌ڵكدا متمانه‌ی پێبكرێ. شێوه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی ویرووسی كۆرۆنا له‌لایه‌ن حكوومه‌تی ئسیلامییه‌وه، كوشتارێكی به‌كۆمه‌ڵی لێكه‌وتووه‌ته‌وه. پاسدار – پزیشكه‌كانی كۆماری ئیسلامی كه پۆستی وه‌زاره‌ت و پارێزگاریی مه‌جلیسیان وه‌ئه‌ستۆیه و هه‌موو به‌رپرسانی ورد و درشتی ڕژیم و به‌تایبه‌ت عه‌لی خامنه‌یی كه له هاورده كردنی واكسێنی كۆرۆنا ڕێگریان كرد، به‌رپرس و هۆكاری ئه‌م كوشتاره به‌كۆمه‌ڵه‌ی خه‌ڵكی ئێرانن و پێویسته دره‌نگ یان زوو له ئاست هه‌موو جه‌نایه‌ته‌كانیان وڵامده‌ره‌وه بن.