کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

دیاری كردنی ئاستی حه‌قده‌سته‌كان، به‌رهه‌می هاوسه‌نگیی هێزه‌ چینایه‌تیه‌كانه‌

unnamed 1

unnamed 1

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یكه‌ له‌ كۆتایی ساڵی ١٣٩٨ نزیك ده‌بینه‌وه‌، وه‌كوو ڕه‌واڵی هه‌موو حه‌فته‌كانی كۆتایی ساڵ، وتووێژی فه‌رمایشی له‌ نێوان ناوه‌نده‌ دژه‌ كرێكاریه‌كانی حكوومه‌تی ئیسلامی بۆ دیاری كردنی لانیكه‌م حه‌قده‌ستی كرێكاران له‌ ساڵی ١٣٩٩ ده‌ستی پێكردووه‌. ئه‌و “وتووێژانه‌” زیاتر له‌ شۆرای عالیی كار و له‌ نێوان نوێنه‌رانی ده‌وڵه‌ت، نوێنه‌رانی خاوه‌نكاران و نوێنه‌رانی ڕێكخراوه‌ دژه‌ كرێكاریه‌كان و ناوه‌نده‌كانی ژێر شاخه‌ی ئه‌وان به‌ڕێوه‌ده‌چێت. له‌گه‌ڵ ده‌سپێكی ئه‌و قسه‌ و باسانه‌، هه‌واڵنێریی حكوومه‌تیی “ئیلنا” له‌ ڕێكه‌وتی ١٥ ڕێبه‌ندان، له‌ یه‌كێك له‌ ڕاپۆرته‌كانی دا

، به‌و پرسیاره‌ ده‌ستی پێكرد كه‌ “”به‌ سه‌به‌دی بژێویی نزیك به‌ ٨ ملیۆن و ٥٠٠ هه‌زار تمه‌نی و “ته‌وه‌ڕۆمی چاوه‌ڕوانكراو“ی نێوان ٤٠ تا ٥٠ له‌سه‌د، لانیكه‌می حه‌قده‌ستی كرێكاران ده‌بێ چه‌نده‌ بێت؟!””. ئه‌و ڕاپۆرته‌ له‌ درێژه‌دا جه‌ختی كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ” له‌ ده‌یه‌كانی ڕابردوودا به‌ پێی ڕه‌واڵێكی عورفی و  نه‌ زۆر قانوونی، به‌ له‌به‌رچاو نه‌گرتنی پێوه‌ری بژێوی بنه‌ماڵه‌ و ڕێژه‌ی ته‌وه‌ڕومی واقعی، حه‌قده‌سته‌كان ته‌نیا به‌پێی  شتێك كه‌ پێی ده‌وترێ “ته‌وه‌ڕۆمی ڕه‌سمی” دیاری كراون‌”.

قسه‌ و باس له‌سه‌ر لانیكه‌می حه‌قدستی ساڵی داهاتوو له‌ حاڵێكدا ده‌ستی پێكردووه‌ كه‌ بانكی جیهانی له‌ نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا پێش بینیی كردووه‌ كه‌ له‌ ساڵی زایینی به‌ره‌وڕوودا، بۆ دووهه‌مین ساڵی به‌رده‌وام ئێران ڕكوودی به‌سه‌ردا دێت و گه‌شه‌ی ئابووری ئه‌و وڵاته‌ ده‌گاته‌ مه‌نفیی ٨ و ٧ ده‌هۆمی له‌سه‌د. كارناسانی ئابووری له‌ ئێرانیش له‌سه‌ر حه‌تمی بوونی ڕێژه‌ی ته‌وه‌ڕۆمی سه‌رتر له‌ ١٠٠ له‌سه‌د له‌ به‌شی شوێنی نیشته‌جێ بوون، ته‌وه‌ڕومی زیاتر له‌ ٥٠ له‌سه‌د له‌ به‌شی خوارده‌مه‌نیه‌كان و ته‌وه‌ڕۆمی ٣٠ له‌سه‌دیش له‌ به‌شی هاتووچۆدا پێداگری ده‌كه‌ن. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌و ڕاپۆرت و لێكدانه‌وانه‌ كه‌ ئاستی هێڵی هه‌ژاری و سه‌به‌دی لانیكه‌می كاڵای پێویستی بنه‌ماڵه‌یه‌كی ٣ كه‌س و نیوی، ٦ تا ٨ ملیۆن تمه‌ن به‌رئاورد ده‌كه‌ن، سازمانی به‌رنامه‌ و بوودجه‌ی ده‌وڵه‌تی ڕووحانی قسه‌ی ئاخری له‌ ئه‌وه‌ڵه‌وه‌ كردووه‌ و پێشتر ڕایگه‌یاندووه‌ كه‌ به‌ لانی زۆره‌وه‌ حه‌قده‌سته‌ پایه‌كان ١٥ له‌سه‌د زیاد ده‌كرێن. ڕاگه‌یاندنی ١٥ له‌سه‌دیی حه‌قده‌سته‌ پایه‌كان له‌ لایه‌ن سازمانی به‌رنامه‌ و بوودجه‌ی ده‌وڵه‌ته‌وه‌ له‌ حاڵێكدایه‌  كه‌ ئه‌گه‌ر لانیكه‌می حه‌قده‌ستی یه‌ك ملیۆن و ٥٠٠ و ١٧ هه‌زار تمه‌نی ئێستا، پێنج به‌رابه‌ر  واته‌ ٥٠٠ له‌سه‌د زیاد بكرێ، دیسانیش بۆشایی نێوان لانیكه‌می حه‌قده‌سته‌كان له‌گه‌ڵ هێڵی هه‌ژاری و هه‌زینه‌ی سه‌به‌دی بژیوی بنه‌ماڵه‌یه‌كی كرێكاری پڕ ناكاته‌وه‌. ڕێكخراو و ناوه‌نده‌ سه‌ربه‌خۆ كرێكاریه‌كان به‌ له‌به‌رچاوگرتنی سه‌به‌دی بژێویی بنه‌ماڵه‌یه‌كی كرێكاری و هێڵی هه‌ژاری و “به‌ پێی ستاندارده‌ مۆدێرن و جێكه‌وتووه‌كان، ٩ ملیۆن تمه‌نیان وه‌ك حه‌قده‌ستی مانگانه‌ بۆ ساڵی ٩٩ دیاری كردووه‌ و عه‌زمی خۆیان بۆ په‌یگیر كردنی ئه‌و موتالبه‌یه‌ ڕاگه‌یاندووه‌.

به‌ڵام له‌ ڕاستی دا پرسیار ئه‌وه‌یه‌، له‌ كێشمه‌كێشی نێوان ده‌وڵه‌تی ڕووحانی و سه‌رمایه‌دارانێك كه‌ ته‌ماعكارانه‌ به‌نیازن حه‌قده‌ستی كرێكاران كه‌ به‌شێك‌ له‌ به‌رهه‌می كاریانه‌ بۆ چه‌ند قات ژێر هێڵی هه‌ژاری تۆخ بێننه‌ خوارێ و  كرێكارانیش كه‌ پێیان به‌ ماشێن و ئامرازی به‌رهه‌مێنانی سه‌رمایه‌داره‌وه‌ زنجیر كراوه‌ و بۆ دابین كردنی ژیانی خۆیان و بنه‌ماڵه‌كانیان خه‌بات ده‌كه‌ن، ئاستی حه‌قدسته‌كان چۆن دیاری ده‌كرێت؟ ئاستی حه‌قده‌سته‌كان به‌ باروودۆخی خه‌بات و هاوسه‌نگیی هێزی نێوان كرێكاران و سه‌رمایه‌داران په‌یوه‌ندی هه‌یه‌‌. كاڵای كرێكار هێزی كاره‌كه‌یه‌تی، ئه‌و كاڵایه‌شی به‌رده‌وام ده‌فرۆشێ. ئه‌وه‌یكه‌ هێزی كاری كرێكار له‌ به‌رامبه‌ر چ حه‌قده‌ستێكدا ده‌كڕدرێ، دیسان دوو هۆكاری دیكه‌ دیاریی ده‌كات. یه‌كه‌م ئه‌وه‌یكه‌ باروودۆخی بازار چۆنه‌، ئایا له‌ ڕه‌ونه‌ق دایه‌ یان له‌ ڕكوود؟ ئایا هێزی كار زۆر پێویسته‌ یان كه‌م؟ به‌ڵام هۆكاری دووهه‌می دیاری كردنی ئاستی حه‌قده‌سته‌كان كه‌ سه‌ره‌كیتره‌، ڕاده‌ی یه‌كگرتوویی و هاوپشتی و توانای ڕاوه‌ستان و خه‌باتی كرێكارانه‌. ئه‌وه‌یكه‌ ئایا كرێكاران ئه‌وه‌نده‌ یه‌كگرتوون كه‌ له‌ به‌رامبه‌ر هه‌وڵی سه‌رمایه‌داران و ده‌وڵه‌تی پشتیوانییاندا كه‌ به‌رده‌وام ده‌یانهه‌وێ حه‌قده‌سته‌كان كه‌متر كه‌نه‌وه‌، خۆڕاگر بن یان نا، ته‌وه‌ری سه‌ره‌كیی ئه‌و باسه‌یه‌. ئه‌گه‌ر هه‌موو شتێك به‌ شێوه‌یه‌كی نۆڕماڵ بڕواته‌ پێش واته‌ هه‌م هێزی كار زۆر پێویست بێت و هه‌م كرێكاران یه‌كگرتوو بن و توانای خۆڕاگرییان بێت، ئه‌وكات كرێكاران شانسی ئه‌وه‌یان ده‌بێت كه‌ حه‌قده‌ستێك وه‌رگرن كه‌ ئیمكانی ئه‌وه‌یان پێبدا، له‌ چوارچێوه‌ی كۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داری و ژیانی ئاسایی و ناسراو‌ی كرێكاریدا، هێزی كاری خۆیان قه‌ره‌بوو كه‌نه‌وه‌ و له‌ چوارچێوه‌ی بنه‌ماڵه‌كانیاندا، كرێكارانی داهاتوو په‌روه‌رده‌ بكه‌ن. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و حاڵه‌ته‌ش بێته‌ به‌ره‌وه‌، حه‌قده‌ستی كرێكار به‌ پێی ئه‌رزشی هێزی كاره‌كه‌ی دیاری ده‌كرێت واته‌ به‌رابه‌ره‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و پێداویستیانه‌ی ژیان كه‌ كرێكاران بۆ كار كردن و مانه‌وه‌ی نه‌سڵه‌كه‌یان پێویستیانه‌.

به‌ڵام ئه‌و دوو هۆكاره‌ی كه‌ ئیمكانی ئه‌وه‌ ده‌خوڵقێنێ كه‌ كرێكار حه‌قده‌ستی به‌رابه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌رزشی هێزی كاره‌كه‌ی وه‌رگرێ، له‌ دونیای واقعیدا و به‌كرده‌وه‌ به‌رزی و نزمی به‌سه‌ر دادێت و زۆر جاریش به‌ زه‌ره‌ری كرێكارانه‌. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ش ماهیه‌ت و جه‌وهه‌ری سه‌رمایه‌داریه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ر ده‌وره‌یه‌كی ڕه‌ونه‌ق گرتنی، ده‌وره‌یه‌كی قه‌یران و ڕكوودی به‌سه‌ر دادێت و به‌ په‌ره‌سه‌ندنی بێكاری، كێبه‌ركێی نێوان كرێكاران توندتر ده‌كاته‌وه‌ و هێزی خۆڕاگری له‌ناو كرێكاراندا لاواز ده‌كات و ئاستی حه‌قده‌سته‌كان زیاتر دێنێته‌‌ خوار. له‌ باروودۆخی قه‌یراناوی و هه‌رج و مه‌رجی نیزامی سه‌رمایه‌داری ئێراندا، ئه‌وه‌یكه‌ كرێكاران بتوانن ته‌نانه‌ت به‌قه‌د ئه‌رزشی هێزی كاره‌كه‌یان حه‌قده‌ست وه‌رگرن و پێداویسیه‌كانی ژیانێكی ئینسانیان بۆ دابین بكرێ، پێویستی به‌ خه‌باتێكی به‌رینه‌. له‌و شه‌ڕه‌ چینایه‌تیه‌دا، كرێكاران به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی كه‌ هێزی چینایه‌تیی خۆیان یه‌كگرتوو و ڕێكخراو دێننه‌ مه‌یدان، ده‌توانن به‌ره‌نگاری چینی سه‌رمایه‌دار و ده‌وڵه‌تی پشتیوانیان ببنه‌وه‌ و حه‌قده‌ستێكی گونجاو له‌گه‌ڵ ژیانێكی ئینسانی به‌سه‌ر سه‌رمایه‌دار دا بسه‌پێنن. ئه‌وه‌یكه‌ ئاستی حه‌قده‌ستی كرێكاران ده‌بێ چه‌نده‌ بێت و ئایا كرێكاران به‌ڕاستی به‌قه‌د ئه‌رزشی هێزی كاره‌كه‌یان و دابین كردنی ژیانێكی شیاوی ئینسان حه‌قده‌ست وه‌رده‌گرن، به‌كرده‌وه‌، به‌ هێزی چینی كرێكار و توانای خه‌باتی ئه‌و چینه‌ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی سه‌رمایه‌داران په‌یوه‌ندی هه‌یه‌.

به‌ڵام ئه‌وه‌یكه‌ له‌و ده‌وره‌یه‌دا، هه‌ڵسووڕاوان و پێشڕه‌وانی بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری پێویسته‌ له‌به‌رچاوی بگرن، ئه‌و ڕاستیه‌یه‌ كه‌ پاش ئاخێزی شۆڕشگێڕانه‌ی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر، ڕه‌وتی باروودۆخه‌كه‌ به‌ره‌و ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانه‌ وه‌رسووڕاوه‌. ئاخێزی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر دوو ساڵ پاش ئاخێزی مانگی به‌فرانبار  و مانگرتن و ڕووداوه‌كانی ئه‌و ده‌ورانه‌، به‌ڕوونی نیشانی دا كه‌ ڕووحیاتی كرێكارانیش گۆڕانكاری به‌سه‌ر داهاتووه‌ و به‌ره‌به‌ره‌ به‌ره‌و هێرش بردن هه‌نگاو هه‌ڵدێنێته‌وه‌. له‌و ده‌وره‌یه‌دا زۆر حه‌یاتیه‌ كه‌ جه‌ماوه‌ری كرێكار له‌ جه‌ره‌یانی كێشمه‌كێشه‌ چینایه‌تیه‌كاندا له‌گه‌ڵ ئه‌و ناوه‌رۆكه‌ ڕابێن كه‌ ڕێگای ده‌رباز بوون له هه‌موو هه‌ژاری و نه‌هامه‌تیه‌كان نه‌ك‌ له‌ چوارچێوه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی زاڵ، به‌ڵكوو له‌ مه‌سیری ڕاپه‌ڕینێكی شۆڕشگێڕانه‌دا ببینن كه‌ دژبه‌ نه‌زمی دژه‌ مرۆیی زاڵ دێته‌ مه‌یدان.