کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی بریتانیا له‌ یه‌كیه‌تیی ئۆرووپا، ئاسته‌نگی و مه‌ترسیه‌كان

4302469 575x323 1

4302469 575x323 1

پاش سێ ساڵ وتووێژی به‌رده‌وام سه‌ره‌نجام كاتژمێر ١٢ی شه‌وی هه‌ینی ٣١ی ژانویه‌، به‌رابه‌ر له‌گه‌ڵ ١١ی ڕێبه‌ندان، بریتانیا له‌ یه‌كیه‌تیی ئۆرووپا هاته‌ ده‌ر. ئه‌و ڕۆیشتنه‌ ده‌ره‌وه‌یه‌ لانیكه‌م به‌ مانای كۆتایی ده‌وره‌یه‌ك و ده‌سپێكی ده‌وره‌یه‌كی نوێیه‌ له‌ حه‌یاتی یه‌كیه‌تیی ئۆرووپادا. بێ گومان چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی بریتانیا وه‌ك یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی یه‌كه‌م و دامه‌زرێنه‌ری یه‌كیه‌تی ئۆرووپا، هه‌ر دووك لا له‌گه‌ڵ ئاسته‌نگیی نوێ به‌ره‌وڕوو ده‌كاته‌وه‌. له‌ ده‌وره‌ی ١١ مانگه‌ی داهاتوودا، پێویسته هه‌ر دووك لا ‌ بتوانن په‌یوه‌ندیه‌كانی داهاتووی خۆیان ڕابگرن و هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ش كارێكی زۆر ئاسان نییه‌.

بریتانیا له‌گه‌ڵ گه‌لێك كێشه‌ و ئاسته‌نگی به‌ره‌وڕوو بووه‌ته‌وه‌ كه‌ پانتاییان ته‌نیا به‌ ژماره‌ی یاران و نه‌یارانی چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی له‌م یه‌كیه‌تیه‌ پێناسه‌ ناكرێت. سكاتله‌ند خه‌ریكی ڕێفراندۆمه‌ بۆ چوونه‌ده‌ره‌وه‌ له‌ بریتانیا، په‌یوه‌ندیه‌كانی كۆماری ئیرله‌ند و ئیرله‌ندی باكوور كه‌ یه‌كیان له‌ یه‌كیه‌تی ئۆرووپادا ده‌مێنێته‌وه‌ و ئه‌ویتریان له‌گه‌ڵ بریتانیا ده‌ڕواته‌ده‌ر، زۆر ناڕوونه‌. كه‌م نین ئه‌و كه‌سانه‌ی وا مه‌ترسی هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی ناوخۆیی له‌ نێوان ئه‌و دوو به‌شه‌دا ده‌بینن و بیره‌وه‌ری شه‌ڕی چه‌ند ده‌یه‌ی ئیرله‌ندیه‌كانیان بۆ زیندوو بووه‌ته‌وه‌‌. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ش مه‌ترسیه‌كی ڕاسته‌قینه‌یه‌. سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندی نێوان بریتانیا  و یه‌كیه‌تیی ئۆرووپا، بوریس جانسۆن هیچكات نه‌یشاردووه‌ته‌وه‌ كه‌ پێی باشتره‌ گه‌ڕانه‌وه‌ به‌ره‌و ئیمپراتووریه‌تی بریتانیا له‌ هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ ترامپدا بێنێته‌ دی. ترامپیش نه‌یشاردووه‌ته‌وه‌ كه‌ باوه‌شی بۆ بوریس جانسۆن كراوه‌یه‌. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌یكه‌ سه‌رۆكی كۆمیسیۆنی ئۆرووپا هه‌ر له‌ ڕۆژی هه‌ینی دا ڕایگه‌یاند كه‌ یه‌كیه‌تیی ئۆرووپا له‌ ماوه‌ی ٤٧ ساڵی ڕابردوودا بووه‌ته‌ جه‌مسه‌رێكی به‌هێزی ئابووریی جیهان به‌ڵام ئاماره‌ بڵاوكراوه‌كان هه‌ر له‌و ڕۆژه‌دا دیمه‌نێكی دیكه‌یان پێ نیشان داین. ئاماره‌كان ده‌ریانخستووه‌ كه‌ زۆربه‌ی وڵاتانی ئۆرووپایی له‌گه‌ڵ ڕكوودی ئابووریی به‌ره‌وڕوون. گه‌شه‌ی ئابووریی پاره‌ی هاوبه‌شی “یۆرۆ” به‌رابه‌ره‌ له‌گه‌ڵ یه‌ك ده‌هومی له‌سه‌د. ئه‌و ئاماره‌ له‌ فه‌ڕانسه‌ واته‌ دووهه‌مین هێزی ئابووریی ئۆرووپا مه‌نفی یه‌ك ده‌هومی له‌سه‌د و له‌ ئیتالیا مه‌نفیی سێ ده‌هومی له‌سه‌ده‌. ئه‌و ڕكووده‌ باروودۆخێكی گونجاوی بۆ بوریس جانسۆن خوڵقاندووه‌ كه‌ به‌ خێراییه‌كی زیاتره‌وه‌، له‌ لایه‌كه‌وه‌ هێنانه‌خواره‌وه‌ی ئاستی خزمه‌تگوزاریه‌ ئابووریه‌كان توندتر كاته‌وه‌ و له‌ لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ كارئاسانی پێویست بۆ ئازادیی هاتووچۆی سه‌رمایه‌ی ماڵی بكات. هه‌ر له‌و پێوه‌نده‌دا بانكی ناوه‌ندی ئاڵمان هۆشداری دا كه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌یكه‌ یه‌ك سێهه‌می هاتووچۆی سه‌رمایه‌ی ماڵیی ئۆرووپا، له‌ ڕێگه‌ی بریتانیاوه‌ ئه‌نجام ده‌درێ، یه‌كیه‌تیی ئۆرووپا به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر جیدی ده‌كه‌وێته‌ ژێر كاریگه‌ریی سیاسه‌ت و یاساكانی بریتانیاوه‌. له‌ خۆڕا نه‌بوو كه‌ سه‌رانی سێ لایه‌نه‌ی یه‌كیه‌تیی ئۆرووپا هه‌ر له‌ ڕۆژی هه‌ینی دا له‌ ڕێگه‌ی ڕاگه‌یه‌ندراوێكی هاوبه‌شدا له‌سه‌ر گرینگیی په‌یوه‌ندیی یه‌كیه‌تیی ئۆرووپا و بریتانیا به‌تایبه‌ت له‌ بوار سیاسه‌تی ده‌ره‌وه و ئه‌منیه‌ت، پێداگریان كرد. به‌و حاڵه‌شه‌وه‌، له‌ ئۆرووپا كه‌م نین ئه‌و شرۆڤه‌كاره‌ ئابووریانه‌ی كه‌ پێیان وایه‌ ڕۆژی چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی بریتانیا ده‌توانێ ڕۆژی ده‌ستپێكی قه‌یرانێكی ئابووری بێت له‌ ئۆرووپا.

ڕۆیشتنه‌ ده‌ره‌وه‌ی بریتانیا له‌ یه‌كیه‌تیی ئۆرووپا و په‌یوه‌ست بوونی به‌ جه‌مسه‌ری ترامپ له‌ جیهانێكدا كه‌ له‌ چنگی كێبه‌ركێی نێوان جه‌مسه‌ربه‌ندیه‌كانی ئه‌مریكا و چین و ئۆرووپا و ڕووسیه‌دا گرفتاره‌، یه‌كه‌مین ئاكامی شه‌ڕی ئابووریی بریتانیا و ئه‌مریكا ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئۆرووپا و باقی به‌شه‌كانی جیهان. سه‌ره‌ڕای هه‌موو ته‌بلیغاتێكی خۆشباوه‌ڕانه‌ و فریوكارانه‌ی كه‌ بوریس جانسۆن خستوویه‌ته‌ ڕێ، هه‌موو داتاكان ئه‌وه‌مان پێ نیشان ده‌ده‌ن كه‌ ئینگلیس له‌گه‌ڵ شڵه‌ژانی ئابووری به‌ره‌وڕوو ده‌بێته‌وه‌. هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ پڕۆسه‌ی سێ ساڵه‌ی ڕابردوو، ٢٠٠ ملیارد پۆندی بۆ ئابووریی ئینگلیس خه‌رج بووه‌. ئه‌وه‌یكه‌ جانسۆن باسی له‌ بریتانیایه‌ك ده‌كرد كه‌ زنجیری ئۆرووپای پێوه‌نه‌مێنێ، به‌ر له‌ هه‌موو شتێك له‌ خزمه‌ت ئه‌وه‌ دا بوو كه‌ پایه‌كانی حیزبی كرێكار كه‌ له‌گه‌ڵ ئۆرووپای نێئۆلیبراڵ دژایه‌تی ده‌كرد و خوازیاری ڕۆیشتنه‌ ده‌ره‌وه‌ بوو، به‌ره‌و خۆی ڕابكێشێت و هه‌ڵبه‌ت كابینه‌كه‌ی ئه‌ویش نێئۆلیبڕاڵتر له‌ ده‌وڵه‌تی مارگارێت تاچێر بوو كه تا ڕاده‌یه‌كی زۆر‌ سیاسه‌تی نێئۆلیبرالی به‌وه‌وه‌ پێناسه‌ ده‌كرێت. جانسۆن تا ڕاده‌یه‌ك له‌وه‌دا سه‌ركه‌وتوو بوو.

هه‌موو نیشانه‌كان ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێن كه‌ به‌ پێیچه‌وانه‌وه‌ی هه‌موو ته‌بلیغاته‌كان، یه‌كێك له‌ یه‌كه‌مین هه‌وڵه‌كانی ئه‌و، پێشێل كردنی مافه‌ به‌ڕه‌سمی ناسراوه‌كانی كرێكاران و هه‌ڵوه‌شانده‌نه‌وه‌ی حه‌ره‌كه‌تی ئازادییان ده‌بێت كه‌ ساڵیانێكه‌ خه‌باتی بۆ ده‌كه‌ن. ئه‌و به‌ هه‌موو توانایه‌وه‌ یاسا وه‌حشیه‌كانی بازار و زاڵ بوون به‌سه‌ر كرێكاران و كارمه‌ندانی به‌شی ده‌وڵه‌تیی به‌كرده‌وه‌ ده‌ردێنێت‌ و به‌ پێی مۆدێله‌ ئه‌مریكاییه‌كه‌ی دایانده‌ڕێژێته‌وه‌‌. جانسۆن هه‌وڵ ده‌دات تا جه‌سته‌ی یه‌كیه‌تیه‌ كرێكاریه‌كانی وه‌ك یه‌كیه‌تیی كرێكارانی ڕێگه‌ی ئاسن، كه‌شتیڕانی و هاتووچۆ كه‌ هێستاش وره‌ی خه‌باتكاریان تێدا ماوه‌ له‌ ڕێگه‌ی په‌سند كردنی یاسای ڕێگری له‌ مانگرتن، زنجیر پێچ كات. ئه‌و هێرشه‌كه‌ی خۆی له‌ژێرناوی “گرێبه‌ستی نائاسایی” كه‌ وه‌عده‌ی واژۆ كردنه‌كه‌ی به‌ هاوپه‌یمانه‌كه‌ی واته‌ ترامپ داوه‌، به‌ره‌و پێش ده‌بات. ئه‌وه‌یكه‌ جانسۆن هاوار ده‌كات كه‌ به‌ ڕۆیشتنه‌ ده‌ره‌وه‌ی له‌ یه‌كیه‌تیی ئۆرووپا ده‌توانێ سنووره‌كان بپارێزێت، بێجگه‌له‌ نوسخه‌ی ئینگلیسیی دیواری ڕاسیستیی ترامپ له‌ سنووری مێكزیك، شتێكیتر نییه‌ و بۆ ئه‌وه‌ش جانسۆن به‌ڵێنی داوه‌ كه‌ ٢٠ هه‌زار هێزی نیزامی تازه‌ دامه‌زرێنێت. ئه‌و هێزه‌ ئه‌و ئه‌ركه‌ی له‌سه‌ر شان ده‌بێت‌ كه‌ زاڵ بوونی سپی پێسته‌كانی بریتانیا به‌سه‌ر ڕه‌نگین پێست و كۆچبه‌رانێك كه‌ له‌ كلۆنیه‌كانی پێشووی ئیمپراتووریه‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ بریتانیا بپارێزن و له‌ یه‌ك كه‌لامدا له‌ خزمه‌ت جێ خستنی ڕاسیسم دا ده‌بن. حیزب و ڕێكخراوی چه‌پ و باڵی چه‌پی حیزبی كرێكار كه‌ له‌گه‌ڵ ئۆرووپای نێئۆلیبڕاڵ دژایه‌تیان ده‌كرد و خۆیان خسته‌ كه‌مپی “برێكزیت“ه‌وه‌ نه‌یانتوانی ده‌ستپێشخه‌ری ئه‌و ڕۆیشتنه‌ ده‌ره‌وه‌یه‌ بن و ئاكامه‌كه‌شی ئه‌وه‌ بوو كه‌ هارترین باڵی حیزبی موحافزه‌كاری بریتانیا كه‌ وه‌حشیانه‌ترین سیاسه‌تی نێئۆلیبرالی به‌كرده‌وه‌ ده‌ردێنێت، هاته‌‌ مه‌یدان.

به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هه‌مووی ئه‌و سیاسه‌تانه‌ ته‌نیا له‌ ڕێگه‌ی به‌ره‌یه‌كی هاوبه‌ش كه‌ پێكهاتبێ له‌ هه‌موو بزووتنه‌وه‌ ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی بریتانیا مسۆگه‌ر ده‌بێت. بۆ ئه‌و ئامانجه‌ش، ستراتێژیه‌ك پێویسته‌ كه‌ خۆی له‌ چوارچێوه‌ی به‌رته‌سكی هه‌ڵبژاردنی پارله‌مانی ده‌رباز كردبێ و له‌ هه‌موو خۆشباوه‌ڕیه‌ك نیسبه‌ت به باڵی چه‌پی حیزبی كرێكار و جرێمی كوربین به‌دوور بێت.

پێویسته‌ به‌هه‌موو تواناوه‌ له‌ به‌رامبه‌ر په‌لاماری داهاتووی یه‌كگرتووانه‌ی ترامپ و جانسۆن موقاومه‌ت بكرێت. پێویسته‌ به‌ هه‌موو تواناوه‌ له‌ بزووتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی دژبه‌ له‌ناوبردنی ژینگه‌ پشتیوانی بكرێت. پێویسته‌ دژبه‌ خسووسی سازیی بیمه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، دژبه‌ هێنانه‌ خواره‌وه‌ی خزمه‌تگوزاریه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و خسووسی سازیی ئامووزش، دژبه‌ په‌لامار بۆسه‌ر خانه‌نشینان و بێ ماڵ و حاڵان و كۆچبه‌ران، خه‌باتێكی به‌رین بكه‌وێته‌ ڕێ. هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ پێویسته‌ به‌ر به‌ هێرشی به‌رینتر بۆ سه‌ر كۆچبه‌ران و ڕكوودی ئابووریی به‌ربڵاوتر بگیرێت. به‌ڵام نابێ له‌بیرمان چێته‌وه‌ كه‌ هه‌مووی ئه‌و خۆڕاگری و ئاماده‌كاریانه‌ ناتوانن ئاسۆی گه‌ڕانه‌وه‌ به‌ره‌و یه‌كیه‌تیی ئۆرووپای نێئۆلیبڕاڵ بكه‌نه‌ ئامانج. بێ گومان ئه‌و ئاسۆیه‌ ته‌نیا ده‌توانێ ئاسۆی ئۆرووپایه‌كی یه‌كگرتووی سۆسیالیستی بێت.