کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ڕۆژی ٥ی بەفرانبار بکەینە ڕۆی بەرز ڕاگرتنی یادی گیان بەخت کردووانی ئاخێزی مانگی خەزەڵوەر ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بۆ پشتیوانی لە بانگهێشتی بنەماڵەی گیان بەخت کردووان

88 1

88 1

ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی مانگی خەزەڵوەری ١٣٩٨ی هەتاوی و سەرتاسەری بوونەوەی سەرسووڕهێنهری ئەم ئاخێزە، ترسی مەرگی خستە ناو دڵی کۆماری ئیسلامیەوە و بۆ جارێکی دیکە نیشانی دا کە چ ئاڵوگۆڕێکی قووڵی مێژوویی خەریکە دێتهدی. پەرەسەندنی برووسکە ئاسای شەپۆلی خرۆشانی ئاخێزی خەزەڵوەر بۆ پتر لە ١٥٠ شاری ئێران، ئاکامی فەلاکەتی ئابووری و بێ مافی سیاسی و کۆمەڵایەتیەک بوو کە ڕەوتی ڕوو لە گەشەی مانگرتن و ناڕەزایەتی کرێکاری و خەباتی سەرتاسەری موعەلیمان و خانەنشینان و سەرهەڵدانەوەی دووبارەی بزووتنەوەی خوێندکاری و بەشداری شکۆداری ژنان لهههموو مهیدانهكانی خەباتەدا، مسۆگەری کرد.

کاتێک کە چەخماخەی ناڕەزایەتیەکان لێدرا، سەرانی ڕژیمی ئیسلامی بە پێی پیلانێک کە پێشتر دایانرشتبوو، لە ئەنجام دانی هیچ جەنایەتێک بۆ سەرکوت و خوێناوی كردنی  ئەم ناڕەزایەتیانە دەریغیان نەکرد. خوێنڕێژانی کۆماری ئیسلامی جۆگەی خوێنیان وەڕێ خست. جەنایاتی کۆماری ئیسلامی تا ڕادەیەک بوو کە تەنانەت سەرانی ئەم ڕژیمەش هێشتا نەیانوێراوە ژمارە ڕاستەقینە و ناوی گیان بەخت کردووان، بە خەڵک ڕاگەیەنن. ئەم جەنایەتکارانە تەنانەت بە منداڵانی ژێر ١٨ ساڵ تهمهنیش ڕهحمیان نەکرد. ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی هەتا ئێستا ژمارەی گیان بەخت کردووانی ئاخێزی مانگی خەزەڵوەری لانیکەم ٣٠٤ کەس ڕاگەیاندووە، بەڵام بە پێی بەرئاوردی سەرچاوەکانی ئاگادار ژمارەی گیان بەخت کردووان، بە سەدان کەس لەم ئامارە زیاترە. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە هەموو ڕۆژێک جەستەی بێ گیانی دەستبەسەر کراوانێک کە لە ژێر ئەشکەنجەی خوێنڕێژانی ڕژیمدا گیانیان لەدەست داوە، دەبیندرێتەوە. لە جەریانی ناڕەزایەتیەکانی ئەم چەند ڕۆژە، پتر لە هەزار کەس بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئینتزامیەکان و گاردی ویژە بریندار بوون و زیاتر لە ٧ هەزار کەسیش دەستبەسەر کران. لە خۆڕا نەبوو کە عەلی خامنەیی جەللاد، ئێوارەی سێشەممە ٢٨ی خەزەڵوەر لە پێنجەمین ڕۆژی ئاخێزی سەرتاسەریدا وتی: “با دۆستان و دوژمنانمان بزانن کە ئێمە لە بواری شەڕی نیزامی و سیاسی و ئەمنیەتی پاشەکشەمان بە دوژمن کرد، ئەو کارانەی کە لەم چەند ڕۆژەدا ئەنجام دران، ئەمنیەتی بوون و پەیوەندیان بە خەڵکەوە نەبوو، لە بوارە جۆاراوجۆرەکاندا ئێمە پاشەکشەمان بە دوژمن کرد“.

سەرانی کۆماری ئیسلامی، بەڕاستی جۆگەی خوێنیان وەڕێ خست وپاشەکشەیان بە دوژمن کرد“. ئەوەهاواری سەرکەوتنی کۆماری ئیسلامی بوو لە شەڕێکدا کە بەرەکەی دیکەی کۆمەڵی بەرینی هەژارانی شار، لاوانی بێکار و پەراوێزنشینان، پێکیان هێنابوو،  ئهوانهی كهنهسەنگەرێكیان ههبوو و نە چەکێكیان لەدەست دابوو. “دوژمنێک کە پاشەکشەی پێکرا، ئەو ئینسانە زەحمەتکێش و ئازادە و پڕجۆش و خرۆشانە بوون کە دژبە هەژاری و بێکاری و گەندەڵی دەسەڵات ڕاپەڕین و بە دەستی بەتاڵ و بوێرانە لە بەرامبەر توندوتیژی تۆخی دەسەڵاتی ئایین و سەرمایەدا ڕاوەستان و قارەمانانە گیانیان بەخت کرد.

بەڵام ئەم شەڕە کۆتایی نەهاتووە. کۆماری ئیسلامی لە سەرەمەرگ دایە. ئاخێزی بەهێزتر لە ڕێگا دان. لە حاڵێکدا کە ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاری هەروا درێژەی هەیە، بزووتنەوەی خوێندکاری لە ڕۆژی ١٦ی سەرماوەزدا دەنگی هەڵبڕی و ئەم جەنایەتانەی مەحکووم کرد و ڕایگەیاند کە کوشتار ترس ناخاتە ناو دڵی بزووتنەوەی ئازادی خوازی لە ئێران. خوێندکاران بە عەزمی پۆڵایینەوە ڕایانگەیاند کە لە خوێنی گیان بەخت کردووانی مانگی خەزەڵوەر خۆش نابن و ڕێگای ئەم ئازیزانە درێژە پێدەدەن. چینی کرێکار و بزووتنەوەی ئازادی خوازی لە ئێران ناوی گیان بەخت کردووانی مانگی خەزەڵوەریان خستە ناو لیستی گیان بەخت کردووانی ڕێگای شۆڕش. لە هەمان حاڵدا، دایکانی جەرگ سووتاوی لاوانێک کە خوێنیان ڕژایە سەر شەقامەکان، دەست لەناو دەستی دایکانی خاوەران، دەست لە ناو دەستی هەموو ئەو دایکانەی کە ڕۆڵەکانیان بە دەستی خوێنڕێژانی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی چڵ ساڵی ڕابردوودا پەڕپەڕ کران، بە سەربەرزیەوە ئاڵای خەبات و دادخوازیان دژبە سەرانی کۆماری ئیسلامی بەرز کردووەتەوە. بنەماڵەی ئەم گیان بەخت کردوویانە، پێشڕەوانە، لە بانگەوازێکدا وێڕای مەحکووم کردنی ئەم جەنایەتانە داوایان لە خەڵک کردووە کە ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی مانگی بەفرانبار لە ڕێگەی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی جۆراوجۆرهوه، یادی هەموو گیان بەخت کردووان بەرز ڕاگرن.

حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لێبڕاوانە پشتیوانی لەم بانگەوازە دەکات و داوا لە هەموو ئینسانێکی ئازادە و خەباتکار لە شارەکانی ئێران دەکات کە بەرەوپیری بانگهێشی بنەماڵەی گیان بەخت کردووان بڕۆن و بە هەر شێوەیەک کە دەتوانن ڕێوڕەسمی بەرزڕاگرتنی یادی ئازیزانی گیان بەخت کردوو، بەڕێوە بەرن. با ئەو ڕۆژە بکەینە ڕۆژی یەکگرتوویی و هاوپشتی لەدژی جەنایاتی ڕژیم. با لەو ڕێوڕەسمانەدا خوازیاری ناساندن و سزادانی بڕیاردەران و بەڕێوەبەرانی ئەم جەنایەتانە و ئازادی بێ شەرت و مەرجی هەموو دەستبەسەر کراوانی ئاخێزی مانگی خەزەڵوەر بین. پێویستە هەزینەی سیاسیی ئەم جەنایەتە بۆ ڕژیم قورس و قورستر بکرێت. لە دەرەوەی وڵاتیش پێویستە ڕۆژی ٥ی مانگی بەفرانبار بەرابەر لەگەڵ ٢٦ی دێسامبر بکرێتە ڕۆژی هاوپشتی لەگەڵ بنەماڵەی گیانبەخت کردووان و ببێتە ڕۆژی ناڕەزایەتی لەدژی  جەنایاتێك كهکۆماری ئیسلامی دژبە مرۆڤایەتی ئهنجامی داوه‌.

بەرز و بەڕێز بێت یادی گیان بەخت کردووانی ئاخێزی مانگی خەزەڵوەر

بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی

بژی ئازادی، بەرابەری، حکوومەتی کرێکاری

کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

٢٧ی سەرماوەزی ١٣٩٨ی هەتاوی

١٨ی دێسامبری ٢٠١٩ی زایینی