ڕاپۆرته‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن كه پاش کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانە لە شارەکانی کوردستان، هێزە ئه‌منییه‌کان شەپۆلێکی نوێیان لە دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان له شاره‌كانی كوردستان دەست پێکردووە.
بەپێی ئه‌م ڕاپۆرته، ڕۆژی چوارشەممە، ٦ی سەرماوەز، هاوووڵاتییەکی خەڵکی مەریوان بە ناوی “بەختیار ڕەحیمی” لە شوێنی کارەکەی لە لایەن هێزە ئه‌منییه‌کانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا. هەتا ئێستا بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو هاوووڵاتییە کوردە، بۆ ئاگاداربوون لە شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو بێ‌ئاکام ماوەتەوە. هه‌ر له‌م پێوه‌نده‌دا، ڕۆژی چوارشەممە، ٦ی سەرماوەز، هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری “کوردکوی” پارێزگای گوڵستان بە ناوی “سەعید بابا کوردی” ، بە تۆمەتی “هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە نه‌یاره‌كانی ڕژیم“، لەلایەن هێزە ئه‌منییه‌کانەوە دەستبەسەر کراوه. هەروەها ڕۆژی سێشەممە، ٥ی سەرماوەز، چالاکێکی ژینگەپارێزی بە ناوی “مەسعوود ئاریان” تەمەن ٢٧ ساڵ، لە شوێنی کارەکەی لە گەڕەکی بەهارانی مەریوان، بە هۆکاری نادیار لەلایەن هێزە ئه‌منییه‌کانەوە دەستبەسەر و گوازترایه‌وه بۆ شوێنێکی نادیار. لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی دووشەممە، ٤ی سەرماوەز، دوو لاوی خەڵکی شاری سنە بە ناوەکانی “بێهنام وەکیلی” و “ئارمین فەلاحی“، لەلایەن هێزە ئه‌منییه‌کانەوە دەستبەسەر و لە هۆکاری گیران و شوێنی ڕاگرتنیان هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.