به پێی ڕاپۆرتهكان، سپاى تورکییه بۆردومانی ناوچهی برادۆست دەکات و داواش لە خەڵکی ناوچەکە دەکات شوێنەکانیان چۆڵ بکەن.
ڕۆژی دوشەممە ٢٠ی مانگی خهزهڵوهر، تۆپخانەکانى سپاى تورکییه لەسەر لوتکەى چیادێل لە برادۆست بە چڕى تۆپبارانى “چیاى قەلەڕەش و سپیندارۆک و گوندى گۆڕمەمکى” کردوە و مۆڵەتی چەند سەعاتێکیش دراوە بە هاوڵاتیانی ناوچەکە بۆ چۆڵکردنی شوێنەکانیان. شایانی باسه، بەهۆى تۆپبارانەکانەوە زیانى مادى زۆر بەر خەڵکى گوندەکان کەوتوە. جێگهی ئاماژهیه، سپای تورکییه بەقوڵایى ٣٠ کیلۆمەتر لە برادۆستەوە هاتوەتە نێو خاکى هەرێمى کوردستان کە دەکەوێتە سنورى قەزاى سۆران لە پارێزگاى هەولێر. ماوەى دوو ساڵە سپاى تورکییه بە بیانوى بونى گەریلاى پەکەکە لەو سنوورە لەشکرکێشییان لەو ناوچانە زیاتر دەکەن و نزیکەى ٢٧ بنکە و بارەگاى سەبازییان داناوە.