کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بۆ هاوخەمی لەگەڵ خەڵکی ئەو ناوچانەی لە ئێران بەر سێڵاو کەوتون

65

بارانی بە خوڕ زۆربەی ئوستانەکانی ئێرانی گرتەوە و سێڵاو لە بەشێکی زۆری ئێران زیانی گیانی و وێرانی بەرینی بەشوێنەوە بووە. زیانە گیانی و ماڵیەکانی سێڵاو بەردەوام بەرەو زیاد بوونە. تا ئیستا بەو هۆیەوە دەیا کەس گیانیان لەدەستداوە، سەدان کەس بریندار بوون. بە هەزاران ماڵ وێران بوون و بە سەدان هەزار کەس دارونەداریان لە دەستداوە. بەرین ترین سێڵاو لە تورکەمەن سەحرا، واتە ئوستانی گوڵستان هەستاوە کە زۆر ترین زیانی ماڵی و وێرانی بەشوێنەوە بووە. لە شیراز، تەنیا لە دەروازەی شار ٢٠ کەس گیانیان لەدەستداوە. ئاشکرایە کە ڕێژەی زیان و وێرانیەکان گەلێک لەوە زیاترە کە ناوەندە ڕەسمیەدەوڵەتیەکانی ئێران ڕایدەگەیەنن. بەڵام بەراوردی زیانەکان و ئاسەواری سەرچاوە گرتوو لەم جۆرە بەڵا سروشتیانە، لە هەموو جێگایەک بە شێوەیەک پێی دەوڵەتەکان و نیزامی حاکم دێنێتە گۆڕێ. نیزامێک کە بە قازانج پەرستی و زیدەخوازی بێ ئەو پەڕی خۆی هاوسەنگی ژینگەی جیهانی تێکداوە و هەر رۆژە لە گۆشەیەکی دنیا شاهیدی دواهاتە وێرانگەرەکانین.

سێڵاو وەک بومەلەرزە و بورکان و سونامی و باهۆز و هیتر کارەساتێکی سروشتیە. بارینی بارانی بەخوڕ لە زۆربەی ناوچەکانی دنیا بەردەوام ئیمکانی روودانیان هەیە، بەڵام ڕێژەی زیانەکانی سەرچاوە گرتو لێیانەوە لە هەموو جێگایەک وەک یەک نییە. ئینسانی سەردەمی ئێمە ئیتر کۆیلەی بێ ئیرادەی دەستی سروشت نییە، بەڵکو توانایی هەوسار کردنی هێزە سروشتیەکان و بەکار هێنانیانی هەیە لە خزمەت گەشە و کامل تر کردنی ژیانی خۆیدا تا ئاستێکی بەرچاو. ئەگەر لە ئێرانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ڕژیمە گەندەڵەکانی وەک ڕژیمی پاشایەتی و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، هەموو رووداوێکی سروشتی دەبێتە کارەسات، هۆکارەکەی لە بنەڕەد دا نەک تەنیا توڕەیی سروشت، بەڵکو گرنگ تر لەوە لە وجودی نیزامی حاکمدا دەبێ بۆی بگەڕێی. ئەگەر بارانی بەخوڕ چارهەڵنە. بەڵام هەستانی سێڵاوی وێرانگەر چار هەڵگرە. ئەگەر بوولەرزە پێشی پێناگیرێ، دروست کردنی بینای قایم و پتەو لە بەرانبەر بوومەلەرزەدا ئیمکانپەزیرە. لە وڵاتێکی وەک ئێران بێجگە لە بوومەلەرزە، لە نەفسی هەستانی سێڵاویشدا شوێن پێی هۆکاری ئینسانی دەکری ببیندرێت. با وەک نموونە سێڵاوەکەی ئەم دواییەی ئوستانی گوڵستان هەڵبسەنگێنین کە کەم تا زۆرێک شاملی باقی شوێنە سێڵاو لێدراوەکانی تری ئێرانیش دەبێت:

یەکەم، سێڵاوی تورکەمەن سەحرا لە ناغافڵ رووی نەدا. ئوستانی گوڵستان وەک ئوستانی فارس بەردەوام یەکێک لەو ئوستانانەیە کە لە ئێران کە بەردەوام سێڵاوی تێدا هەڵدەستێ. بەپێی ئامارەکانی مەجود لە ساڵی ١٣٧٠ وە تا ساڵی ١٣٩٥ زیاتر لە ١٢٠ جار سێڵاوی گەورە و بچوک لەم ناوچەیەدا روویداوە. لە ساڵی ١٣٨٠ وێرانگەر ترین سێڵاوی ساڵی ٢٠٠١ لە دنیادا لەم ئوستانەدا روویدا. لەو ساڵەدا سێڵاو زیاتر لە ٥ هەزار کیلۆمیتری چوارگۆشەی گرتەوە و زیاتر لە ٥٠٠ کەس گیانیان لە دەستدا. لە ساڵی ١٣٩٦ خوێندکارێکی قۆناغی کارناسی لە زانکۆ بوشەهر، بە نووسینی وتارێک لە نەشریەی زانستی ئەم زانکۆیەدا بە هەڵسەنگاندنێکی ورد و کارناسانە،” گورگان روودی” وەک یەکێک لە گرنگ ترین هۆكاری هەستانی سێڵاو لە ئوستانی گوڵستان ناوبردبوو. ئەو کەوتنە ژێر ئاوی شاری ئاق قەڵا ی دوو ساڵ لەوە پێش بە هەڵسەنگاندنێکی دەقیق نەخشە بەرداری، پێش بینی کردبوو، کارەساتێک کە ئێستا روویداوە. بەم گشتە ئەزمون و زانیاریەوە کە لەم بوارەدا بوونی هەیە سێڵاوی تورکەمەن سەحرا نەک نەدەبوو لە ناغافل روو بدات بەڵکو دەکرا کۆنترۆڵیش بکرابا. ئەگەر بودجەی پێویست بۆ ئەم بابەتە تەرخان بکرایە، دەکرا پرۆژەگه‌لێكی بەردەوام و ماندگار بۆ چارەسەری هەتاهەتایی گرفتی ئەم ئوستانە لە بواری کەوتنە ڕێی سێڵاودا جێبه‌جێ بكرێ. بەم جۆرە بارانی زۆر نەک مه‌رگ و وێرانی، بەڵکو ئاو و ئاوەدانی لەگەڵدا دەهات.

دووهەم، سێڵاو لە ئوستانی گوڵستان چارهەڵنەگر نەبوو. توێژینەوەی کارناسانە نیشانی ئەدات کە وێران بوونی دارستانەکانی ئوستانی گوڵستان و شۆرانەوەی خاک یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی روودانی سێڵاوی بەردەوام لەم ئەستانەن. بەڵام لە هەردووک حاڵەتەکەدا شوێن پێی سەرمایەدارانی قازانج پەرست و دەزگا ئیدارییە گەندەڵەکان دەبیندرێن. جەنگەڵ خۆری، وێران کردنی ژینگە، هەڵپوروکانی خاک، کە لە زومڕەی هۆکارەکانی هەستانی سێڵاون، بەگشتی لە لایەن تۆڕەکانی مافیایی ئابووری سەربە ناوەندە دەوڵەتیەکانەوە بەڕێوەچوون. لە ئاکامی بڕینەوەی بێ بەرنامەی دارەکان، بوونی دارستانەکان بە ویلا و ناوچەی نیشتەجی بوون و ناوەندی ئابووری سەر بە سپای پاسداران و باقی بونگاکانی تر، ئەو ئاگر کەوتنەوانەی کە هەوڵێکیش بۆ کوژاندنەوەیان نادرێت، لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردودا قەبارەی دارستانەکانی ئەم ناوچەیەی بۆ نیوە کەم کردۆتەوە. ئاژەڵداری بی بەرنامە بۆتە هۆی هەڵپروکانی خاک و پڕ بوونی ئاوبەندەکان لە قوڕ و لیتە و كه‌ سه‌ر رێژبوونی سه‌ده‌كان به‌شوینه‌وه‌ بووه‌. سێهەم، مودیریەتی بێتوانا و گەندەڵ، لە ئاکامی بوونی دەمودەزگای بروکراتیک و گەندەڵدا، نەتەنیا هیچ بەرنامەیەکی لە پێشیان بۆ بەرەو روو بوونەوە لەگەڵ ئەم جۆرە رووداوانەدا نییە، بەڵکو لە گەرماوگەرمی رووداوەکەشدا ئەم دەزگایانە نە خۆیان کارێکی ئەوتۆ ئەنجام ئەدەن و نە ئیجازە ئەدەن یارمەتی ناوەندە مەدەنیە خەڵکیەکان بە هاسانی و بە شێوەیەکی ڕێکخراو بگاتە دەست سەدەمە دیتوان. هەر ئیستا بە سەدان هەزار کەس لە شوێنە جۆراو جۆرەکانی ئێران گیرۆدەی سێڵاو و ئاسەوارەکانین. دەوڵەتێک کە خۆی بە خاوەنی یەکێک لە بەرین ترین ماشێنە جەنگیەکانی ناوچەکە دەزانێ و زیاتر لە یەک ملیۆن کەس هێزی ڕێکخراوی نیزامی هەیە، هەنگاوێکی کاریگەر بۆ یارمەتی گەیاندن بەم خەڵکە سەدەمە دیتوە ئەنجام نادات.

هەر ئێستا لە سەرتاسەری ئێران، سەرەڕای بارودۆخی دژواری ئابووری، شه‌پۆلی یارمەتیە جەماوەریەکان بەرەو ناوچە سێلاو لێدراوەکان لە ڕێدان، بەڵام ئەم حەرەکەتە نە تەنیا بەدڵی کاربەدەستانی ڕژیم نییە بەڵکو وەک دڕکێکە لە چاویاندا. نزیک بە ٤٠ ساڵ لەوە پێش بوو کە ٩ کەس لە نۆینه‌رانی خه‌ڵكی شاری سنه‌ لە ڕێگای یارمەتی گەیاندنی ئینسانی هه‌ر بەم خەڵکەی تورکەمەن سەحرا گیانیان بەختکرد. درێژەی ئەم سوننەتانە دەبێتە هۆی هاوپشتی خەباتکارانە و سیاسی خەڵک لە خەبات و تێکۆشان لە دژی ڕژیمی حاکم. ئەم سوننەتە مرۆڤ دۆستانە جەماوەریە دەبێ ڕیزی لیبگیرێ و بە گەرمی پشتیوانی بکرێت.