کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ڕزگاری یەکجاری ژن لە گرەوی ڕزگار بوونی چینی کرێکار دایە

50

٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژن لە ڕێ دایە. ڕۆژی ڕێزگرتن لە نیوەی کۆمەڵگا و ڕۆژی دادخوازی بەشەریەتی پێشکەوتوو بە ژن و پیاوەوە، لەدژی ستەمێکی مێژوویی کە لە ژنان دەکرێت. ستەمێک کە ڕیشەی سەرەکی لە نیزامێک دایە کە لەسەر بنەمای چەوساندنەوەی هێزی کاری ئینسان دامەزراوە و بەم ئیعتیبارەوە تەنانەت لە پێشکەوتو ترین کۆمەڵگاکانی سەرمایەداریشدا دەکرێ شکڵ و شێوازی ئاشکرا و شاراوەی ببینی.

بۆچی نیزامی سەرمایەداری تەنانەت لە پێشکەوتوو ترین وڵاتانیش هۆکاری مانەوەی ستەم لەسەر ژنانە؟ وڵامی ئەم پرسیارە لە جەوهەری نیزامی مالکانەی زاڵ بەسەر کۆمەڵگادایە. نیزامی سەرمایەداری لە پیاوسالاری و هەڵاواردنی نێوان ژن و پیاو بەهرەمەند دەبێت و بەم هۆکارەوە بۆ مانەوەی هەوڵ ئەدات. ڕوون و ئاشکرایە کە ئەنگیزەی سەرمایەداران لە فەعالیەتی به‌رهه‌مهێنان لە به‌ده‌ستهێنانی سود دایە و سەرمایەداران بۆ دەستەبەر کردنی سود و قازانجی زیاتر پێویستیان بە کاری هەرزان هەیە. بەڵام بۆ ئەوەی کە کاری هەرزان بەدەست بێنێ دەبێ هێزی کار هەم وەک کالایەکی دیکە لە بازاڕدا زۆر بێت و هەم لە هەمانحاڵدا ڕیزی هێزی کار بەهۆی پێوەندی هه‌ڵاواردن و ستەمکارانە لە کۆمەڵگادا پڕژو بڵاو و نا یەکگرتوو بێت. لە وەها بارودۆخێک دایە کە نیزامی سەرمایەداری بە هاسانی دەستی بە سەرچاوەیەکی بێ کۆتایی هێزی کاری هەرزان ڕادەگات. هەر کاتێک بە پێویستی بزانێ بە ڕەچاو کردنی کۆمەڵێک سیاسەت ژنان بەرەو بازاڕی کار هیدایەت دەکات و هێزی کاریان بە نرخێکی کەمتر لە پیاوان دەکرێت و هەر کاتێک پێویستی پێی نەبوو بە گرتنەبەری کۆمەڵێک سیاسەتی تر ئەوان سەرلەنوێ دەنێرێتەوە گۆشەی ماڵ تا ئەم جار بە کاری بێ حه‌قده‌ستی خۆی لە ماڵەوە لە خزمەت نیزامی سەرمایەداریدا بێت. کاری ماڵەوەی بێ حه‌قده‌ستی ژنان کە یەکێک لە دیاردە بەرچاوەکانی ستەمکێشی ژنە بە سەرمایەداران ئیمکان ئەدات تا بە بێ دانی هەزینەیەکی تایبەت هێزی کاری پیاوان ببوژێننەوە. ژن لە بنەماڵەدا دەورێکی بەرهەمهێنانەوەی هێزی کاری هەرزانی هەیە. ژن لە بنەماڵەدا بەستێنێکی تەوانبەخشیی بە کرێکارێکە کە سبەینێ دەبێ بچێتەوە سەرکار. ژن لە بنەماڵەدا بەبێ هیچ حه‌قده‌ستێك بەکارەکەی دەبێتە هۆکاری حەسانەوەی کرێکارانێک کە لەمڕۆدا خەریکی کارن و کرێکارانێکیش بۆ سبەی ڕۆژی سەرمایەداری پەروەردە ئەکات.

بێ گومان ئایین، كلتوور و پیاوسالاری کە ڕووبەنای کۆمەڵگای چینایەتین، ئاستی ستەمکێشی ژن ئاشکرا تر و وەحشیانە تر دەکەن و درێژەی گەردشی سەرمایەش پێویستی کارکردی ئەم هۆکارانە کە لە ڕاستیدا بۆ سەرمایەداران قازانج بەرهەم دێنن، پاساو دەکات. بەڵام لەوێوە کە ئاوەژوو کردنەوەی نیزامی چەوسێنەرانەی سەرمایەداریی تەنیا لە توانایی چینی کرێکارێک دایە کە لە باری عەینیەوە قازانجی لە مانەوەی ئەم ستەمکێشیەدا نییە کەوایە دەتوانێ کۆتایی پێبێنێ و بیسڕیتەوە.

بیرمەندانی بۆرژوازیی، سەبارەت بە بارودۆخی ژیانی ژنانی ستەم دیتو گەلێک وتار و کتێب دەنووسن و تەنانەت سەرجەم ڕه‌واڵه‌ته‌ دزێویەکانی ئەم ستەمە وەسف دەکەن، بەڵام قەت ناڵێن کە لەسەر بەستێنی سیستم و نیزامی دڵخواز و بەدڵی ئەوانە کە فەرهەنگ و سووننەت و مەزهەب و پیاوسالاری جێگا خۆش دەکات و ستەم لەسەر ژنان توند و زیاتر دەبێت. ڕاستییەکەی ئەوەیە کە تا کاتێک کە ئینسان بە تەواوی لە کۆت و بەندی سەرمایە ئازاد نەبێت، هیچ ڕادەیەک لە پێشكه‌وتوویی و بەرەو پێشەوە چوونی دیاردە مافی مرۆییەکان و هیتر، ناتوانن ئاسەواری ستەمکێشی لەسەر ژنان بە تەواوەتی لەبەین بەرن. لەگەڵ ئەوەی کە هەر ئێستا لە گەلێک لە وڵاتان، بەڕواڵەت بەرینترین ئازادییەکان بوونی هەیە و بە شێوەی یاسایی نە تەنیا ژن و پیاو لەگەڵ یەکدا بەرابەرن هەموو جۆرە هەڵاواردنێکی جنسیەتیش، بە تاوان بە ئەژمار دێت؛ بەڵام لەوێوە کە درێژەی ستەمی جنسییەتی بەردەوامی ئەدات بە شه‌رعییه‌تی نیزامی سەرمایەداریی، دەکرێ لەم کۆمەڵگایەشدا، هەڵاواردنی جنسییەتی لە شکڵ و شێوەی جۆراوجۆردا ببینی.

سروشتییە لە وڵاتێکی وەک ئێراندا کە بە پشت بەستن بە شەریعەت و مەزهەب، حیکمەتی نایەکسانی ژن و پیاو روون دەکاتەوە و بۆ پەیڕەو کردنی ستەمی جنسیەتی یاسای هەیە، ئاستی ئەم ستەمە زیاتر و بەرچاوتر لە هەموو جێگایەکی ترە. لێرەدایە کە دەردەکەوێ بە بوونی کۆماری ئیسلامیی، چلۆن پێگەی ژێردەستەیی ژن شه‌رعییه‌ت و ڕەوایەت بە دەست دێنێ و چلۆن سەرمایە هەوڵ ئەدات کە خۆی لەم بەرەکەتە بێ بەش نەکات و چۆن دەبێ ژن ستەمی لێبکرێت تا سود و قازانج په‌ره‌ستی سەرمایە و ڕژیمی سەرمایەداری زیاتر زەمانەت بکرێت. لە ئێران و لە هەر جێگایەکی دیکە تەنیا چینی کرێکاری وشیار و ڕێکخراو وەک بزوتنەوەیەکی کۆمۆنیستییە کە دەتوانێ کۆتایی بەم ستەکێشیە بێنێ. چینی کرێکار کە نیوەی ژنان پێکیدێنن ئەو کاتە دەتوانێ بگاتە ڕزگار بوونی یەکجارەی خۆی کە ڕزگاری ژنی دەستەبەر کردبێت.

چینی کرێکار نە تەنیا ئەم ڕسالەتەی لە ئەستۆیە کە بۆ ڕزگار بوونی یەکجاری ژن، نەخشە و پلانی هەبێت، بەڵکوو دەبێ بۆ کەم کردنەوەی هەر ڕادەیەک لە باری ستەم لەسەر ژنانیش غافڵ نەبێت. کۆمۆنیستەکان و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی ئەو ئەرکە گرنگەیان لە ئەستۆیە کە بزوتنەوەی ژنان لە ژێر دەست و باڵی ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوایی و لیبڕاڵ دەربێنن و هەموو بەشەکانی ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش و ستەمدیتوی کۆمەڵگا بۆ ڕزگار بوونی سەرجەم بەشەریەت بکەنە هاوڕێ و هاوخەباتی خۆیان.