کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

یەک لەسەر چواری دانیشتووانی ئێران، دۆسییەی قەزاییان هەيە.

یەک لەسەر چواری دانیشتووانی ئێران، دۆسییەی قەزاییان هەيە.

مێهدی باقری نوێنەری شارەکانی زەنجان و تارەم، لە مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی وێڕای ئاماژە بە کرداری دەسەڵاتی دادوەری و  دادگوستەری، وتویەتی: هەمووساڵێک نزیکەی ٢٠ میلیۆن دۆسییە لە دەزگای دادوەریدا پێڕاگەیشتنیان بۆ دەکرێت کە گەورەترین گرفتیان دەگەڕێتەوە بۆ بەرپرسان و بەستێنی ئەم ناکۆکی و شکایەتانە ئەوان دەیڕەخسێنن. بۆنموونە لە دۆسییەی ڕووداوەکانی هاتوچۆدا، کێشەی هەرە بەرچاو دەگەڕێتەوە بۆ لەخوارەوەبوونی ئاستی چۆنایەتی ئوتومبیلەکان و بارودۆخی خراپی ڕێگاوبانەکان.

چەندساڵ لەمەوبەر کاتێک کە ڕێژەی دانیشتوانی ئێران ٧٠ میلیۆن کەس بوو، عەباسعەلی عەلیزادە جێگری ئیداری و ماڵی دەسەڵاتی دادوەری ئێران وتبووی: “لەئێران لەگەڵ ئەوەدا کە ڕێژەی دانیشتوان ٧٠ میلیۆن کەسە، لەساڵدا نزیکەی ٩ میلیۆن دۆسییە بوونی هەیە. بەواتایەکی تر بەشێوەیەکی مامناوەند یەک لەسەر هەشتی دانیشتوانی ئێران دۆسییەی دادوەرییان هەیە”.

ئێستاو پاش ماوەیەکی کورت،  سەرەڕای ئەوەی کە پازدە میلیۆن کەس بە ڕێژەی دانیشتوانی ئێران زیادیکردووە، هەرلەو ماوەیەدا ژومارەی پێڕاگەیشتن بە دۆسییەکان لە دەسەڵاتی دادوەریدا، لە ٩ میلیۆنەوە  گەیشتۆتە بیست میلیۆن لەساڵێکدا، واتا یەک دۆسییە بۆ نزیکەی هەر چوار کەس لەیەک ساڵدا.

سیستەمی دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێران، یەکێکە لە  گەندەڵترین و  ناسەربەخۆترین سیستەمەکانی دادوەری لە جیهاندا. دانانی ئاخووندەکان لە لوتکەی ئەو دەسەڵاتە و بەئیسلامی کردنی یاساکان، ئاواڵاکردنی دەستی مەئموورانی لێپرسینەوە و ئەشکەنجەگەران لە دیاریکردنی سزا بەسەر زیندانیان و دژبەرانی سیاسی، شاردنەوەی گەندەڵی بەربڵاوی بەرپرسانی سپا و ئاغازادەکان، توندوتیژی و ئەشکەنجە لەناو زیندانەکان و دەرکردنی حوکمی مردن بۆ دژبەرانی سیاسی و زیندانیانی ئاسایی، تەنيا گۆشەیەکی بچووکن لەم سیستەمە گەندەڵ و سەرکوتگەرەی دەسەڵاتی دادوەری لە ڕژیمی ئێسلامیدا.

دەزگای دادوەری حکوومەتی ئیسلامی، ئاوێنەی باڵانوێنی حکوومەتێکە کە دوژمنایەتییەکی لەئاشتی

نەهاتووی لەگەڵ ئازادی و مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ هەیە. لەم دەزگایەدا ژومارەیەک مرۆڤکوژ بەناوی دادوەر لە لوتکەی دادگاکاندا دانراون. لەم سیستەمە دادوەرییە ئیسلامییەدا ستەم و هەڵاواردن لەدژی ژنان، کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان و جیاوازبیران بەشێوەیەکی یاسایی بەڕێوەدەچێت و لە دادگا نێنهی و داخراوەکاندا و بەبێ بوونی پارێزەر، زیندانیان ئەشکەنجە دەدرێن و بە ئێعدام و زیندانیکردنی درێژماوە مەحکووم دەکرێن

گەندەڵی لە دام و دەزگای دادوەری ڕژیمدا تەنيا لە دزیکردن، بەرتیل وەرگرتن، واتا لە گەندەڵی ماڵییدا کە ئەم لایەنەی لەم دواییانەدا زۆرتر بەرجەستە بۆتەوە، خۆی نابینێتەوە. ئەو بەڵایەی کە دەزگای دادوەری ڕژیم لە ماوەی چواردەیەی ڕابردوودا بەسەر ئەم خەڵکەی هێناوە، گەلێک لە دزی و تاڵانە ملیاردێکان کارەساتبارترە. لەم نیزامە مەزهەبییەدا ئەوە تەنيا زیندانیانی سیاسی نین کە دەکەونەبەر ئەشکەنجە و ئازاری وەحشیانە، بەڵکوو هەڵسوکەوتی دەسەڵاتی دادوەری ڕژیم لەگەڵ زیندانیانی ئاساییش هەربەم چەشنەیە.

ئەو حوکمانەی کە لە بێدادگاکانی سەربە دەسەڵاتی دادوەریدا دەردەکرێن، نەتەنیا سەبارەت بە زیندانیانی سیاسی کە پێشینەکەی بۆ هەموو کەس ناسراوە، بەڵکوو تەنانەت سەبارەت بە زیندانیانی ئاساییش لەسەر بنەمای هەڕەشە، ترساندن، ئەشکەنجە و دانپێدانانی زۆرەملێ و دوور لە ڕاستین. کەم نین ئەو مرۆڤە بێتاوانانەی کە بەتۆمەتی هەستان بە تاوانێکی ئاسایی، لەسێدارە دراون و یان بەشێکی زۆر لە تەمەنیان لە گۆشەی زیندانەکاندا بەفیڕۆ چووە. لەم سیستەمەدا ئەفتاوەدزەکان دەگرن و دزییە گەورە ملیاردییەکان دەشارنەوە.

لەم سیستەمەدا وردەفرۆشانی مادەهۆشبەرەکان سزا دەدرێن، بەڵام ئەو کەسانەی کە فرۆشیارانی سەرەکی ئەم مادەیەن یان خۆیان لە بەرپرسانی باڵان، یان ئەوەی کە لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی وڵات شەریک و هاوپیاڵەن. لەم سیستەمە دادوەرییەدا ئەو ژنە ڕۆژڕەش و بەشمەینەتانەی کە لەسایەی زیانە کۆمەڵایەتییەکان و بێبەشی ئابووریدا ناچاربە لەشفرۆشی بوون، دەکەونەبەر ئەزیەت و ئازار و  سوکایەتی پێکردن و زیندانی دەکرێن، بەڵام خاوەن عەیاشخانەکانی تایبەت بە دەوڵەمەندەکان ئازاد دەکرێن.

لەم سیستەمەدا قاچاخچییانی مرۆڤ کە سەرتان لە ئاخوڕی دەسەڵاتدایە، کچانی تازەلاو بەرەو کۆیلایەتی جنسی لە شێخ نشینەکان پاڵپێوەدەنێن و لەلایەکی ترەوە دادگاکانی دەسەڵاتی دادوەری ئێران، ژنانی بێ حیجاب محاکەمە دەکەن و تیمە تایبەتەکانیان ئازادییە تاکەکەسییەکانی خەڵک لەژێرناوی پارێزگاری لە ئەخلاقی ئیسلامی، پێشێل دەکەن. ئەو یاسا دژی ژنانەی کە نیوەی تاکەکانی ئەم کۆمەڵگایەی لە مافی سەرەتایی تاکەکەسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و بنەماڵەیی خۆیان بێبەش کردووە، هەرلەم دەزگای دادوەرییەدا دەردەچن.

بەڵام کارەساتەکە لەوەش واوەترە. ئەگەر وایدابنێین کە هیچ دزی و تاڵان و بڕۆیەکیش لەئارادا نەبوایە، دیسانەوەش ئێمە لەگەڵ یەکێک لە مەترسیدارترین سیستەمە دادوەرییەکانی مێژوو بەرەوڕوو بووین. دەزگای دادوەری ئێران هەروەک تەواوی دامەزراوە حکومییەکانی تر لەژێر دەسەڵاتی حکوومەتێکی ئایینیدا بەڕێوە دەچێت. سیستەمی دادوەری ئەمڕۆکەی ئێران لەسەر بنەمای دژی مرۆڤانەترین و کۆنەپەرست ترین یاسا بەجێماوەکانی سەردەمی کۆن لە نیمچە دوڕگەی عەرەبستان و دادگا سەدە ناوەڕاستییەکانی ئوروپا بەڕێوە دەچێت.

لەم سیستەمە کۆنەپەرستانەیەدا، ژن مافی دادوەری نییە و لە سەرجەم قۆناغەکانی محاکەمەدا وەک نیوەی پیاو دادەنرێت، پیاو دەسەڵاتی بێ ئەملاو ئەولای بەرسەر گیان و جەستەی ژندا هەیە، یاساکانی قەساس، سەنگسار، ئازار و شەلاق لێدان لەپێش چاوی خەڵک، لەزومرەی ئامرازەکانی ئەم دامەزراوە دژی خەڵکییەن کە سەرجەمیان بەگوێرەی ڕاسپاردە ” ئاسمانییەکان” بەکردەوە دەردێن. بەگوێرەی ئەم سیستەمە ئەشکەنجەدانی زیندانی لەژێرناوی ” تەعزیر” یان سزادان، دەرگاکانی بەهەشت بەڕووی ئەشکەنجەگەراندا دەکاتەوە. دەستدرێژیی بۆسەر کچان بەرلە ئێعدام، سەوابی ئاخرەتە. ڕیشەی گەندەڵی لەم بەناو عەداڵەتخانە ئیسلامییەدا هەموو پێکهاتەکانی ئەم ڕژیمەی تەنیوە. بۆنی پیسی گەندەڵی لەم ڕژیمەدا بەجۆرێک تەشەنەی سەندووە کە تەنیا بەلافاوی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی لەناو دەچێت.

 

بابەتی پەیوەندیدار

ڕاگەیاندنی هاوبەشی ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران(ڕاهی کاریگەر) و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

-

ڕاگەیاندنی هاوبەشی ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کاریگەر) و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

-

لە یادی کارەساتی کیمیابارانی شاری هەڵەبجە و گیانبه‌ختکردنی پێشمەرگەکانی گوردانی شوان

-

شادی و هەڵپەڕکێی ئاوێتە لەگەڵ دروشمی شۆڕشگێڕانە و دژە حکوومەتی لە شەوی چوارشەممەی سووریدا

-

لە وتووێژی فریوکارانەی شۆڕای باڵا سەبارەت بە دیاریکردنی حەقدەست، نانێک بە سفرەی کرێکاران زیاد نابێت

-

نەبەردی ژنانی ئازادپۆش لەگەڵ ڕژیمی کۆنەپەرست و سەرەڕۆ، پەرەدەسێنێت

-