ئەمجارە هەراوهوریای گەندەڵیی لە ڕژیمی ئیسلامیدا، لە بوارێکی ئەخلاقیدا، پەرەیسەندوە. چوار تازەلاوی ئێرانیی شکایەتیان لەدژی موعەلیم و قاڕییانی قوڕئان داوەتە قووەی قەزاییە. شکایەتەکە سەبارەت بە سوئیستیفادەی جنسیی لەو منداڵانەیە کە بۆ ئاشنابوون لەگەڵ فەننی خوێندنهوهی قوڕئان لای ئەم بهئیستلاح مامۆستایە بوون. قامکی تاوان بۆ سەر سەعید تووسی، قاڕی بەناوبانگی قوڕئان و یەکێک لە نزیکانی دەرباری خامهنەیی ڕاکێشراوە. مەسەلەکە ڕوونە و کارە نابەجێکانی سەعید تووسیی گەلێک زیاتر و بەرینترە لە چەند حاڵەتی دیاریکراو کە لەدژی شکایەت کراوە. هەروەها ئەمجۆرە کردارە قیزهون و نائەخلاقییانە لە حەوزەکانی بەناو عێلمییەدا پێشینەیەکی دوور و درێژی هەیە. لەگەڵ ئەوەدا و لەپێوەند لەگەڵ ئەم چەند حاڵەتەشدا، دەبێ بەو کەسانەی کە جورئەتیان بەخۆیان داوە و مەسەلەکەیان گهیاندۆته گوێی ڕای گشتی، ئافەرین بوترێت.ئەو تاوانە دیاریکراوەی کە لەو پەروەندەیەدا هاتووه، بریتین لە ” کرداری دژی عیفەتی گشتیی” و ” هاندان بۆ گهندهڵیی”. ئەم دهستهواژانه لەناو یاساكانی کۆماری ئیسلامیدا، کۆمەڵێک چەمکی جێکەوتوون. بەڵام دوای ئەوەیکە هەراو هوریای ئەم بابەتە بەرز بۆوە و کار گەیشتە ڕاگەیەنەرە دەرەکیی و نێوخۆییەکان، قووەی قەزاییە ناچار بوو، بێدەنگییهكه بشکێنێت. غوڵام حسێن مۆحسێنیی ئێژەیی، جێگری یەکەمی قووەی قەزائییەی ڕژیم، ڕۆژی یەکشەممە ٢ی مانگی خەزەڵوەر لەمبارەیەوە مێزگردێکی چاپهمهنیی لە نێو قووەی قەزاییەدا پێکهێنا. ئێژەیی کە خۆی ئاگاداری هەستیاریی مەسەلەکەیە و دەزانێ کە ” کرداری بهپێچهوانهی عیفەتی گشتیی” لە یاسای سزادانی ئیسلامیدا بریتیە لە لەوات و دەستدرێژیی جنسیی کە لە ئەگەری سهلماندنیدا بۆی ههیه سزای حوكمی قورسی وەک ئێعدامیشی بەشوێنەوە بێت، پێشدەستیی کردووە و بە هەواڵنێرانی وتووە:” لە تاوانی پێوەندیدار بەم بابەتەوە” کە بهپێچهوانهی عیفەتی گشتییە” بۆ ئاغای تووسیی قەراری مەنعی تەعقیب دەرچووە. بەڵام لە تۆمهتی ” هاندان بۆ گهندهڵی”ییهكهیدا، دادگا لەسەر بنەمای ” بەڵگە و نیشانهكان،” دەستوری داوە کە قەراری مهنعی بهدواداچوون یان با بڵێین تهعقیبه سهرهتاییهكهی هەڵبوەشێتەوە.”
سەعید تووسی، یەکێک لە سیما ناسراوەکانە لە دەزگا حکومەتیەکاندا. ناوبراو ئەندامی شوڕای باڵای قوڕئان و قاڕی و بانگبێژی پەسندکراوی دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. ئەو چەندین جار لەو ڕێوڕهسمانهدا کە خامهنەیی بەڕێوەی بردوون، قوڕئانی خوێندووهتەوە و خەڵکیش چهپڵهیان بۆ لێداوه.
ئەوەیکە ئەم پەروەندەیە سەرئەنجام چی بەسەردێت، ئایا دیزە بەدەرخۆنە دەکرێت و وەک دەیان و سەدان پەروەندی گەندەڵیی جۆراوجۆری دیكه، ورده ورده پشتگوێ دهخرێت یان ڕژیمی ئیسلامیی لەژێر گوشاری ڕای گشتیدا و بۆ بەرگرتن لە ئاشکرابوونی حاڵەتی دیكهی هاوشێوە، یەکێک لە مۆرەکانی دەکاتە قوربانیی، هێشتا دیار نییە. ئەوەیکە دیارە، ئهوهیه كه گەندەڵیی ئەخلاقیی لەناو ڕژیمی كۆماری ئیسلامیدا نە بەم پەروەندەیە دەستی پێکردووە و نە بهمهش کۆتایی پێدێت، گەندەڵیی لە بوارە جۆراوجۆرەکان لەناو ڕژیمی ئیسلامیدا جێكهوتووه. قسە لەسەر ئەم حاڵەت و ئەو حاڵەت نییە. بۆ نمونە سیغە، فرهژنی، بهشوودانی منداڵان، کە لەبەرچاوترین نموونەکانی گەندەڵیی ئەخلاقین، لەناو ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا بە یاسایی کراون.
لە بواری گەندەڵیی ئیداریشدا، پارتی بازی و خزم خزمێنە بووهتە کارێکی ئاسایی و ڕوتین. کاربەدەستانی حکومەتیی بەگشتیی ئاگایان لە کەسوکار و کەسانی نزیکی خۆیان هەیە. تەپڵی ڕسوایی مەدارکی جەعلیی گەلێک لە مهقامات لە هەموو جێگهیەک لێدراوە. قسەی ئەو دانشنامە و پایان نامانەی کە لەم ڕۆژانەدا بە نرخێکی کەڵان سادر دەکرێن، کێشراوەتە نێو ڕاگەیاندنەکانی ڕژیمیشەوە.
قووەی قەزائییەی ڕژیم لە گەندەڵترینی ناوەندە حکومەتییەکانە. ئەم ناوەندە لەسەر بنەمای نادادپەروەرانەترین و کۆنەپەرستانەترین یاسا و ڕێساكانی ئەم سەردەمە بهڕێوه دهبرێت کە پاشماوەی دەورانی جاهیلییەتی نیمچهدوڕگەی عەرەبستان و دادگا سەدە ناوەڕاستیەکانی ئوروپایە. ئەو حوكمانهیکە لە بێدادگاکانی سەربە قوەی قەزائییەدا دەردەکرێن، نەك ههر بۆ زیندانییانی سیاسیی کە هەمووان لەگەڵ پێشینەکەی ئاشنان، بەڵکوو تەنانەت دهرههق به زیندانییانی عادیش بهڕێوه دهچن، ئهویش بۆ هەڕەشە، ترساندن، ئەشکەنجە و ئیعتیڕاف وەرگرتنی ناڕاست. زۆرن ئەو مرۆڤه بێتاوانانەی کە بە تاوانی ئاسایی به ئیستلاح سەریان چووهتە باڵای دار یان دهنا ساڵانێکی تەمەنیان لە گۆشەی زیندانەکاندا بەفیڕۆ چووە. لەناو ئهم سیستمەدا ئافتاوە دزەکان دەگیرێن و دزییە گەورە و میلیاردییەکان پەردەپۆش دەکرێن. لەم سیستمەدا وردە فرۆشەکانی ماددەی هۆشبەر سزا دەدرێن، بەڵام بڵاوکەرەوە گەورەکانی ئەم ماددەیە یان خۆیان لە کاربەدەستانی سەرەوەن و یان لەگەڵ کاربەدەستانی سەرەوەدا دەستیان تێکەڵە. لەم سیستمە قەزائییەدا ئەو ژنە لێقهوماوانهیکە لە سایەی ئاسیب و خهساره کۆمەڵایەتییەکان و بێبەشییە ئابوورییەکاندا ناچارن لەشفرۆشیی بکەن، سووکایەتییان پێدەکرێت و زیندانیی دەکرێن، بەڵام دامەزرێنەرانی عیشرەتکەدەکانی تایبەت بە دەوڵەمەندەکان ئازاد دەکرێن و له بهرههمی ئەو سەروەتە چەپەڵەیكه پێکیانەوە ناوە، بوونهته خاوەنی ژیانێکی ئەفسانەیی.
لە بواری ئابووریشدا كێشهكه لەوەش ئاشکراترە:” سازمانی شەفافییەتی نێونەتەوەیی” لە تازەترین لێكدانهوهیدا لەسهر گەندەڵیی ئابووریی، کۆماری ئیسلامیی لە ڕیزی گەندەڵترین ڕژیمەکانی جیهاندا داناوە. گەندەڵیی دارایی، تەنها بە ڕشوەدان و ڕشوە وەرگرتن لە ئاستێکی بەرین و سەرتاسەریی و ڕۆژانەكهیهوه بهرتهسك نابێتەوە. لەم بوارەدا، ئەوە ڕژیمی ئیسلامیی و مافیا و ناوەندەکانی سەر بەون کە فەرهەنگ و ئەخلاقی خۆیان بەسەر هەموو سیستمەکەدا سەپاندوە. ئیختیلاس و دزییە میلیارد دۆلارییەکان لەسەر زاری هەمووانە. کار گەیوەتە جێگهیەک كه ههندێک لە سهناگۆیانی ڕژیمیش دان بهوهدا دهنێن کە گەندەڵیی ئابووریی لەناو سیستمی کۆماری ئیسلامیدا بووهته بهشێك له پێكهاته و ناسنامهی ئهم ڕژیمه و هیچ ڕێگهچارەیەکیشی نییە و ڕژیم ناچارە بۆ پاراستنی سیستمەکەی، خۆی لەگەڵیدا ڕیکبخات. ئەحمەد تەوەکولی، کارناسی ئابووریی مەجلیسی شوڕای ئیسلامیی ئیعتیڕاف بهوه دەکات کە :” حکومەتی کۆماری ئیسلامیی گەیوەتە قۆناغی گەندەڵیی سیستماتیک.” پێویستە ئەوەش بە قسەکەی تەوەکولییەوە زیاد بکرێت، کە واته گەندەڵیی ڕژیمی ئیسلامیی چارە ناکرێت، مەگەر بە ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ئەم ڕژیمە نهبێ.