کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

گەشتی ئێڕشاد یان باندی جینایەتکاران

ژینا ئەمینی (مەهسا) کچێکی لاوی خەڵکی شاری سەقز، بەهۆی ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرە مڵێ، لەلایەن گەشتی ئێڕشادە لە تاران دەستبەسەر کرا. ژینا  کە لە زمانی کوردیدا بە واتای ژیانە، بە هۆی ئەو زەربانەی کە بەر مێشکی کەوتبوو، چووە کۆماوە و لە ماوەیەکی کەم و لە دوای چەند ڕۆژ گیانی بەخت کرد. گەشتی ئێڕشاد و جۆری هەڵسووکەوتیان لەگەڵ ژنان ئاوێنەیەکی باڵا نوێنی لە دڕندەیی و بەڕبەڕییەتی کۆماری ئیسلامی.

باندە تاوانبارەکانی گەشتی ئێڕشادی ئیسلامی بریتین لە گروپە لات و لوت و چەقۆکێشەکان. ئەم بەکرێگیراوانەی ڕژیم بە بێ هیچ لێپرسینەوە و بەرپرسیارێتییەک، یان بە ئۆتۆمۆمیل بەسەر ژناندا دەڕۆن، یان سەریان دەدەن بە سەنگ فەڕشی شەقامەکاندا و دواتریش ڕایدەگەیێنن تووشی جەڵتەی دڵ بوون.

ژمارەی ئەو ژنە گەنجانەی کە دوای دەستبەسەرکردنیان لەلایەن پۆلیس و گەشتی ئێڕشادەوە،  بەناو توشی جەڵتەی دڵ بوون، ئاگریان لە خۆیان بەرداوە، یان خۆیان هەڵواسیوە، دەرخەری تووندوتیژی و تیرۆری هه‌وسارپچڕاوی حکومەتییە، لەسەر شەقام و  زیندانەکان.

چۆن دەکرێت ئەو ژن و پیاوە گەنجانەی کە لە بواری تەندرووستیە هیچ کێشەیەکیان نییە و دۆستان و بنەماڵەکانیشیان ڕایدەگەیەنن کە هیچ پێشینەیەکی نخۆشینیان نییە،  هەر کە لەلایەن لات و چەقۆکێشەکانی حکومەتیەوە دەستبەسەر دەکرێن، توشی جەڵتەی دڵ بن؟

بۆچی ئاو خێرا و نەهێنی و بەبێ هیچ پشکنینێکی پزشکیەوە تەرمی ئەشکەنجەدراویان ئەسپەردەی خاک دەکرێت؟ بۆچی هەڕەشە لە بنەماڵەی گیانبەختکردووان دەکرێت کە نابێ لەگەڵ میدیاکان چاوپێکەوتنیان بێت و تەنانەت نابێت مەڕاسمی یادکرنەوەش بۆ ئازیزانیان بگرن؟

ژنان خاڵی لاوازی ڕژیمی کۆماری ئیسلامین. هەڵاواردنی سیستەماتیک، سووکایەتی و گرتن و جەڵتەکانی دوای دەستبەرکردنیش نەبۆتە هۆی ئەوەیکە خەبات و خۆڕاگری ژنان تووشی شکست بێت.

بە ملیارد دۆلار لە سەروەت و سامانی وڵات خەرجی تەبلیغاتی کۆنەپەرەستانە دژ بە ژنان دەکرێت، هەزاران بەکرێگیراوی گەشتی ئێڕشاد، زیندان و دادوەرەکانی ئیسلامی دەکرێت بۆ ئەوەی ژنان ناچار بکەن بێدەنگ و تەسلیم بن.  بەڵام ڕۆژ لە دوای ڕۆژ و ساڵ لە دوای ساڵ خەباتی ژنان دژبە ڕێژیمی ئیسلامی و بۆ وەدیهێنانی یەکسانی نێوان ژن و پیاودا بەرینتر و بەربڵاوتر بووە.

هیچ ڕادەیەک لە توندوتیژیی ڕێژیمی ئیسلامی، هیچ ژمارەیەکی جەڵتەی مێشک و جەڵتەی دڵ لە ئۆتۆمبیلەکانی گەشتی ئیرشاددا، ناتوانێ ژنان ناچار بە قبووڵی پێگەی شارۆمەندی و مرۆڤی پلە دوو و هەڵاواردن  بکات.

.  ژنانی لاو، ژنانی کوردستان، کە مێژوویەکی دوور و درێژیان لە خەبات دژی کۆماری ئیسلامی و هەڵاواردنی ڕەگەزی هەیە، پێشەنگەکانی خەباتی دادپەروەری و یەکسانین.

ژینا گەنجەکان کە  لە کوردستان گەورە و پەروەردە بوون، درێژەدەری ڕێبازی هەزاران ژنی پێشمەرگە و چالاکی سیاسین کە لە دژوارترین بارودۆخدا بۆ ئازادی و یەکسانی خەباتیان کردووە و هەندێک جاریش گیانیان لەدەست داوە.

رژێم و لات و چەقۆکێشەکانی گەشتی ئیرشاد دەبێ وڵامدەرەوی کوشتن بە هۆی ئەشکەنجە و توندوتیژی لەژێر ناویی جەڵتەی دڵدا بن.

ئەم ڕادەیە لە  بەربەریت و دڕندەییە لە جیهاندا کەم وێنەیە.  ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و یەکسانیخوازی کوردستان و ئێران، بەدوای لێکۆڵینەوەی مردنی ژنانی لاوی دەستبەسەرکراو و هۆکاری جەڵتەی دڵی ژیناکانن.  هەڵوەشاندنەوەی دام و دەزگا جینایەتکارەکانی گەشتی  ئێرشاد، ڕاگرتنی ئەشکەنجە و ئازاری ژنان، دادگاییکردن و سزادانی تاوانباران و ئەو کەسانەی کە فەرمانی کوشتنی مەهسا ئەمینییان داوە، یەکێکە لە خواستە سەرەکییەکانی خەڵک.

ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی کوردستان و ئێران بەگشتی. تاوانه‌کانی کۆماری ئیسلامی دژ به‌ ژنان له‌ بیر ناکه‌ن و له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی ڕێژیمی ئیسلامیش خۆش نابن.  لە دواڕۆژدا بکەرانی ئەم تاوانانە دەبێت  لە بەرچاویی خەڵک و لەدادگای گشتیدا   لە بەرامبەر چل و سێ ساڵ تاوان دژ بە خەڵکی کوردستان و دژبە ژنان و  هەموو  جەماوەری شەریف و ئازادیخوازدا وەڵام دەرەوە بن.

بابەتی پەیوەندیدار

خواردن و خواردنەوە لە شوێنە گشتییەکان، درێژەی خەباتی مەدەنی

-

ئاگربەستی دەستبەجێی ١٤ ڕۆژە لە غەززە، ئاکامی گوشاری بیروڕای گشتی دژبە شەڕ

-

بۆچی داعش هێشتا زیندووە و تاوان ئەنجام دەدات؟

-

هیوا بە ئازادی لەدەست ستەم و سەرەڕۆیی پەرە دەستێنێ

-

کاریگەریی وێرانکەری هەژاری لەسەر دۆخی تەندروستی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی چینی کرێکار

-

ڕاگەیاندنی هاوبەشی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کاریگەر)

-