ڕێکەوتی ١٠ی ڕەزبەر، کاک مستەفا بابەکری، لەدایکبووی ساڵی ١٣٣٧ی هەتاوی، پاش ماوەیەک ململانێ لەگەڵ نەخۆشیی شێرپەنجەی پەنکراس ، لە شاری کەرەج کۆچی دوایی کرد. تەرمەکەی بۆ سەقز گەڕێندرایەوە و لە گۆڕستانی «شەهناز»، بە بەشداریی جەماوەرێکی بەرچاوی خەڵکی سەقز، بە تایبەت ئەندازیاران، بەڵێندەرانی بیناسازی، وەستاکاران، کرێکاران و چین و توێژە جیاوازەکان، بە خاک ئەسپێردرا.
کاک مستەفا پاش ڕاپەڕینی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی و سەرهەڵدانی شۆڕش لە ئێران و کوردستان، دەورێکی چالاکانەی گێڕا. لە دەیەی ٦٠ی هەتاویدا لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کرا و پاش ماوەیەک مانەوە لە گرتووخانەی سەقز، سزای دوو ساڵ دوورخرانەوە بۆ یەکێک لە شارەکانی پارێزگای سمنانی بەسەردا سەپێندرا. ناوبراو دوای تەواوبوونی ماوەی سزاکەی گەڕایەوە بۆ سەقز و لەگەڵ کۆمپانیای بەڵێندەرایەتی و نۆژەنکردنەوەی (سنە/سەقز) دەستی بە کار کرد. لەم بوارەشدا کارنامەیەکی پڕشنگداری لە دروستکردنی دەیان باخچەی ساوایان، قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندی لە شارەکانی سەقز و بانە، بە تایبەت لە گوندە سنوورییەکانی وەک «مەجەسە»، «کێلە» و «نەنۆر»، لە دوای خۆی بەجێهێشت.
کاک مستەفا برای یەکێک لە گیانبەختکردووانی ڕیزەکانی کۆمەڵە بوو، کە لە ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی لە ناوچەی گەورکایەتی و لە شەڕی دۆڵی ئاجیکەند و ئاوایی خۆراسانە، لە نەبەردێکی قارەمانانەدا لەگەڵ هاوڕێ «عەلی میرزایی» گیانی بەخت کرد. یادیان پیرۆز بێت.
