ڕێكخراوی بێهداشتی جیهانیی ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی سێپتامبری ٢٠١٦، بەرابەر لەگەڵ ٦ی مانگی ڕەزبەری ٩٥، ئاکامی توێژینەوەیەکی سەبارەت بە کاریگەرییەکانی پیسکەرەکان لەسەر باری تەندروستیی شارۆمەندان لە ساڵی ٢٠١٢دا بڵاو کردەوە. بەپێی ئەم توێژینەوەیە، ساڵانە ٦ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس بەهۆی پیسبوونی كهش وههواوه گیان لە دەست دەدەن. ئەمە به واتای ئهوه دێت كه ١١ لەسەدی مردنەکان لە جیهاندا بە هۆی پیسبوونی هەواوەیە. ماریا نیرا، سەرۆکی بێهداشتی گشتیی و ژینگەی جیهانیی وەبیری هێنایەوە کە زیادبوونی ڕێژەی مهرگی ئینسانەکان بەهۆی خاوێن نەبوونی هەوا، تەنیا مەحدود نابیتەوە بە شارە گەورەکان و ناوچە دوورەدەستەکان و گوندهكانیش لە بهڵا و نههامهتییهكانی سەرچاوەكانی پیسكهرهكانی هەوا لە ئەماندا نین.
ڕێكخراوی بێهداشتی جیهانیی بۆ ئامادە کردنی ئەم ڕاپۆرتە،له ڕێگهی پێشکەوتووترین کەرەسەكانی ئەندازەگیرییهوه، ڕێژەی پیسبوونی زیاتر لە ٣ هەزار ناوچە لە سەرتاسەری جیهانی پێواوه. لەسەر بنەمای ئهنجامی ئەم توێژینەوەیە، ٩٢ لەسەد لە جەمعییەتی جیهان لەو ناوچانەدا دەژین کە پیسبوونی هەوا تێیاندا، له ئاستی ستانداردی ڕێكخراوی بێهداشتی جیهانیی زیاتره.
لەنێو وڵاتەکاندا چین بە هۆی کارخانە زۆرەکانیهوه، پیسترین هەوای جیهانی هەیە و یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکانی پیسبوونی هەوای ئەم وڵاتەش، کارخانەی زۆری پیشەسازییە و زۆربەشیان هەوا پیس دەکەن.بەم هۆیەوە زۆرترین ئاماری مەرگ و میر بەهۆی پیسبوونی هەواشەوە تایبەتە بە چین؛ لەسەر ئەساسی ئاماری ڕێكخراوی جیهانیی بێهداشت لە ساڵی ٢٠١٢ دا، ملیۆنێک و ٣٢ هەزار کەس لەم وڵاتەدا بەهۆی پیسبوونی هەواوە مردوون. بە گشتی، سهبهبی ٨٥ بۆ ٩٠ لەسەدی پیسبوونی هەوا لە چین، ماشین، کارخانەکان، سووتاندنی بهردی خهڵووز و کارگه خزمهتگوزارییهكانه. له دوای چین وڵاتانی دیكهی وەک هێند، ڕووسییە و ئەندۆنێزیش، ئامارێکی بەرزیان لە پێوەند لەگەڵ مەرگ و میری سەرچاوەگرتوو لە پیسبوونی هەوا بووه.
پیسبوونی هەوا یەکێک لە سەرەکیترین گرفتە ژینگەییەکانی ئێستای ئێرانیشە. بەپێی ئاماری ڕێكخراوی جیهانیی بێهداشت، ساڵانە زیاتر لە ٢٦ هەزار کەس لە ئێران بە هۆی پیسبوونی هەواوە دەمرن و ئێران لەمبارەوه پلەی ٢٦ی جیهانی ههیه. بە پێی ڕاپۆرتی بانکی جیهانیی، ئاماری مەرگ و میری سەرچاوەگرتوو لە پیسبوونی هەوا لە ئێران، زۆر خێرا لە حاڵی ههڵكشان دایه. بە پێی ڕاپۆرتی ئەم بانکە، ئەم ئامارە بۆ ساڵی ١٣٩٠ حەڤدە هەزار کەس بووە. بە پێچەوانەی زۆربەی وڵاتانی جیهان، هاتوچۆی ماشێنەکان، یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارهكانی پیسبوونی هەوایە لە ئێران. سوتەمەنیی ناخاوێنی بەنزین، بەکارهێنانی ئەو بەنزینانەی کە کەیفیەتیان نزمە و سوتەمەنی گازۆئیلی بێ کەیفییەت، کارەساتی ئالودەگی هەوای لە ئێرانی ژێر حاکمییەتی کۆماری ئیسلامیی فەراهەم کردووە. بە قەولی کارناسێکی بواری ژینگە دوای ماشێنەکان، نیروگاکان زۆرترین دهوریان لە پیسکردنی كهش و هەوادا هەیە. بەپێی ئەو زانیارییانەی لەبەر دەستدان، لە ساڵی ٩٣ دا سەد و چل نیروگهلە وڵاتدا هەبوون کە بە جێگای كەڵک وەرگرتن لە گازی سرووشتیی زۆری ئێران، نەوتی ڕەش یان دهنا گازۆئیلی پڕ لە گوگردیان بۆ بەکار دێنن و لە ئهنجامدا ڕێژەیەکی زۆر گوگرد ئاوێتەی هەوا دەکەن. گەردیلەکان و تۆز و خۆڵیش لە ئالودەکردنی هەوای بە تایبەت شارە گەورەکاندا لە ئێران دەوری بەرچاویان هەیە. بەشێک لەم گەردیلانە لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێرانەوە دێن، بەڵام بەشێکیشیان سەرچاوەگرتوو لە وشکبوونی ڕووبار، دەریاچە، تاڵاو و زیادبوونی ناوچە وشکانی و بیابانییەكانه. خهسار و ئاسیبەکانی دڵ و هەناسەدان، تەئسیرات و كاریگهریی لەسەر میکانیزمی بەرگریی و پاڵاوتن، سەرهەڵدان و تهشهنهسهندنی ئاسم، کاریگەریی سەرەتانی برۆنشیت، زاتۆلڕییە، عفونەتی کۆئەندامی هەناسەدان و هەموو جۆرە حەساسییەتێک، تەنها بەشێک لەو نەخۆشییانەن کە پیسبوون سەبەبکارین و دەبێتە هۆی ههڵكشانی بهرچاوی مرگ و میرهكان. ههر بهتهنها لە گهورهشارێكی وهك تاران بە وتەی سەرۆکی کومیتەی ئیمهنیی شوڕای شار، لە هەر ٢ سهعاتدا کەسێک لەمشارە بەهۆی پیسبوونی هەواوە دەمرێت.
دنیای ئێمە لەژێر کاریگەریی سیستمی سەرمایەداریی و حکومەتەکاندا بەرەوڕووی قەیرانێکی ژینگەیی قوورس بووهتەوە کە پیسکردنی كهش و هەوا تەنها یەکێک لە ئاسەوارەکانیەتی. لەم نێوانەدا دهور و نەقشی کۆماری ئیسلامیی لە پیسکردنی كهش و هەوادا گەلێک بەرچاوە. بوونی بە ملیۆن ماشێنی کۆن و ماوەبەسەرچوو، سەرچاوەگرتوو لەو هەژاریی و فهلاكهتهیه کە ئەم ڕژیمە بەسەر بەملیۆن شارۆمەندی ئەم وڵاتەیدا سەپاندووە. بەنزینی بێ کەیفییەتی بەرهەمی نێوخۆیی یاخود هاوردەکراو لە ئاستێکی بەریندا، تەنها لە سەران و کاربەدەستانی بێشەرم و سەرتاپا گەندەڵی وەک ئەوانە دهوهشێتهوه كه خزاونەتە نێو سپا و ئۆڕگانە یهك له یهكتر گهندهڵه حکومەتییەکانهوه. کەڵک وەرگرتنی نازانستییانه لە ئاوە ژێرزەوییەکان، درووستکردنی سەدد و هەڵکەندنی بیری نەوت بەبێ سهرنجدان به کاریگەرییە ژینگەییەکان، لهناوبردن و تاڵانكردنی دارستانەکان بۆ بیناسازیی وهۆتێل سازیی لە لایەن کاربەدەستانەوە،یاخود بە بڕۆبیانووی ئەمنییەتی، لەناوبردنی پۆششی گیایی لە مانۆڕە نیزامییەکاندا/ تەنها بەشێکن لە هۆكارهكانی درووستبوونی ئەو گەردیلانەیکە سەرچاوەی نێوخۆییان هەیە.
گۆمان لهوهدا نییە کە هۆکارێک کە کۆماری ئیسلامی لە دروست کردنیاندا دەور و نەقشی هەیه، به ڕێگهی زانستییانه و حوكمڕانیی حکومەتێکی جهماوهریی و خهڵكیی،قابیلی چارەسەر کردنە. خەڵکی ئێران و لاوان کە ئاگاداری ئەم كێشانهن، ساڵانێکی زۆره كه لە ڕێگهی خەباتەوە هەوڵ بۆ ئهوه دەدەن كه کۆماری ئیسلامیی ناچار بهوه بکەن كه لهڕێگهی کورتکردنەوەی دەستی دز و تاڵانچییهكان، بەش بەحاڵی خۆی لە پیسکردنی كهش و هەوا، وشک کردنی ڕووبار و دەریاچە و تاڵاوەکان، پهرهسهندنی بیابانەکان، لهناوبردنی دارستانەکان و شتی دیكهی لەم بابەتەن دەست هەڵبگرێت. ئەمانە بە گشتیی باشن و پێویستیشه كه درێژەیان هەبێت. بەڵام بۆ چارەسەر کردنی ڕیشەیی تری ئەم گرفتە ژینگەییانە، دەبێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی بڕووخێندرێت. لەبەر ئەوەیکە سەرجەم کاربەدەستانی ئەم ڕژیمە نوقمی گەندەڵین، موسیبەتی ژینگەیی بە شێوەیەکی خوڕافاتی پاساو دەکەن و ههر وەک هەڵسووڕاوانی سیاسیی،بە شێوهیهكی سهركوتگهرانه و توندوتیژانه لهگهڵ چالاکانی پاراستنی ژینگە ههڵس و كهوت دەکەن. بەڵام لاوازکردن و ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیی دەبێ هەنگاوێک بێت به ئاراستهی بههێزتركردنی خەبات دژ به سیستمی سەرمایەداریی، کە هۆکار و سهبهبكاری سەرەکیی هەموو ئەم موسیبەتە ژینگەییانهشه.