کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان توانای دابین کردنی ئاشتیی لە جیهاندا نییە

٧٦مین کۆبوونەوەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕۆژی سێشەممە ٢١ی سێپتامبر، بەرابەر لەگەڵ ٣٠ی خەرمانان دەستیپێکرد و تا ٥ی ڕەزبەر بۆ ماوەی یەک حەفتە درێژەی دەبێت. لە ١٩٣ ئەندامی ئەم ڕێکخراوە سەرۆکانی ٧٠ وڵات لە شوێنی کۆبوونەوەکە لە نیۆیۆرک بەشداریان کردووە و باقییەکەشیان لە ئاستی وەزیری دەرەوە تێیدا بەشدارن. رەئیسی، ئەندامی هەیئەتی مەرگ، بە بیانووی کۆرۆناوە لە شوێنی کۆبوونەوەکە حزووری نەبوو. ناوبراو وتارێکی ١٥ دەقیقەیی زەبتکراوی نارد کە بە شێوەی مەجازی بڵاوکرایەوە.

لە حاڵێکدا کە سەرۆک کۆمارانی چین، ڕووسیە و فەڕانسە لە کۆبوونەوەکەدا بەشداریان نەکردبوو، جۆو بایدێن لەم کۆبوونەوەیەدا بەشدار بوو و ئیدیعای کرد کە سیاسەتی دەرەوەی کابینەکەی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی دنیا لەسەر بنەمای دیپلۆماسی و هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی دۆستی ئەمریکا دەبێت. ناوبراو وتی کە کەڵک وەرگرتن لە ئەرتەشی ئەمریکا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی جیهان دوایین بژاردە دەبێت. ئەم وتانە لە حاڵێکدا وتران کە دەوڵەتی ئەمریکا لەگەڵ بریتانیا و ئۆسترالیا لە ١٥ی سێپتامبر (٢٥ی خەرمانان) باسیان لە واژۆ کردنی پەیماننامەیەک کرد کە ئەو ئیمکانە بە ئۆسترالیا دەدات تا خاوەن ژێردەریایی ئەتۆمی بێت و لەم ڕێگەوە بەربە چوونەسەرەوەی دەسەڵاتی چین لە ئۆقیانووسی ئارام – هێند بگرێت و یان تەنانەت لە شەڕی ئیحتمالی لەگەڵ ئەم وڵاتە بەشداری بکات.

جۆو بایدێن سەبارەت بە ئێران وتی کە کابینەکەی هەرگیز ڕێگە نادات کۆماری ئیسلامی دەستی بە تێکنۆلۆژیی درووستکردنی چەکی ناوەکی بگات. بایدێن وتی ئەگەر ڕژیمی ئێران بگەڕێتەوە بۆ بەرجام، کابینەی ئەویش دەگەڕێتەوە، بەڵام نەیکوت کە بەرجامی دڵخوازی ئەو، چ لە خۆدەگرێت.

رەئیسیش بە وتەی زەبتکراو بەشداریی لەم کۆبوونەوەیەدا کرد. لەگەڵ دەستپێکی وتارەکەی، زۆربەی بەشداربووانی ساڵۆنەکە چوونە دەرێ. ئەو کە لە ترسی سووکایەتی پێکران و یان هێرشی ئۆپۆزیسیۆنی بەشداربوو، شەخسەن لە کۆبوونەوەکەدا حزووری نەبوو، ئێرانی دیکتاتۆرلێدراو و وێرانکراوی ژێر دەسەڵاتی ڕژیمەکەی وەک سەرچاوەی پێشکەوتن و کلتوور، دیمۆکراسی پەروەر و ئۆلگووی مەعنەوییەت ناولێبرد. ئەم ئەندامەی هەیئەتی مەرگ، کۆماری ئیسلامیی بە سەمبۆلی عەقلانییەت، داد و ئازادی پێناسە کرد. ئەم جەلادە، ڕژیمەکەی داکۆکیکاری سڵامەت و پارێزەری ژینگە ناولێبرد. ناوبراو هەروەها هێرشی کردە سەر وڵاتی ئەمریکا و ژنان و پیاوانی سێکۆلاری ئەم وڵاتە.

وتەکانی رەئیسی کۆمەڵێک درۆی بێشەرمانە بوون و لە درۆکردندا ڕووی مەحموود ئەحمەدی نەژادی سپی کرد. بێگومان ژنان و پیاوانی کرێکار، زەحمەتکێش و ئازادیخواز، کە بە خەباتی دەیان ساڵە، حەفتانە و ڕۆژانەی خۆیان وەها ڕژیمێکی جەنایەتکار، چەوسێنەر، گەندەڵ، دووڕوو و ڕیاکاریان بردووەتە ژێر پرسیارەوە، باشتر لە هەموو کەس دەزانن کە ئەم ساختەچییە خوێنڕێژە چەندە درۆزنە. بەڵام پێویستە بپرسین کە درۆکانی رەئیسی قەرارە چ شتێک داپۆشن؟ ئەم درۆیانە بەدەر لە باروودۆخی خەڵک و وڵات قەرارە پەردە بەسەر بڕیارێک دابدەن کە دەرنگ یان زوو بەشێوەی جامی ژەهرێکی دیکە لە بەرامبەر خامنەیی دادەندرێت.

هەموو نیشانەکان ئەوەمان پێ دەڵێن کە خاوەنانی سەرەکیی دەسەڵاتی سپا و دەزگای خامنەیی لەژێر گوشاری خەبات و واقعییاتدا بەوە گەیشتوون کە پێویستە بەرجامی دڵخوازی دەوڵەتانی ئەمریکا، ئیسرائیل و عەرەبستان و هەروەها چین واژۆ بکەن. بەڵام ئەم نیشانانە کامانەن و ئەو بەرجامە چ جۆرە بەرجامێکە؟

دەوڵەتی ئەمریکا خوازیاری بەرجامێکە کە دەستی کۆماری ئیسلامی لە گەیشتن بە تێکنۆلۆژیی چەکی ناوەکی کورت بکاتەوە، ئەو مووشەکە قارەپێوانە بخاتە ژێر کۆنتڕۆڵەوە کە توانای هەڵگرتنی چەکی ناوەکیان هەیە و پێویستە لەناو بچن، لە یارمەتیدانی ڕژیم بە حیزبوڵڵا، حوسییەکان، حەماس  و باقیی گرووپە کۆنەپەرستە ئیسلامییەکان ڕێگری بکات، لە سووریە بڕواتە دەرێ و لە یەک کەلامدا بەرژەوەندی وڵاتانی ناوچەکە و هاوپەیمانانی ئەمریکا و بازاڕی چین نەخاتە مەترسییەوە.

قەبووڵ کردنی ئەندامیەتی کۆماری ئیسلامی لە ڕێکخراوی هاوکاریی شانگاهی، توندبوونەوەی سەرکوت لە ناوخۆ بۆ تەسلیم بوون لە دەرەوەی وڵات، نەرمشی ئیمپریالیسمی ئەمریکا و ڕژیمی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامی، بەشێک لەم نیشانانەن. کابینەی ئیسرائیل کە لە دڕندەیی و کۆنەپەرستیدا جیاوازێکی لەگەڵ کابینەی پێشووی ئەم وڵاتە نییە، ماوەیەک لەمەوبەر ڕایگەیاند کە حازرە بەرجامی نوێ و دڵخوازی خۆی قەبووڵ بکات. نەرمکێشیی دەسەڵاتدارانی ئەمریکاش کە لە وتاری سازشکارانەی بایدێن لە ٧٦مین دانیشتنی کۆبوونەوەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەرامبەر ڕژیمدا ئاشکرایە، نیشانەیەکی دیکەیە.

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە تێیدا کۆبوونەوەی گشتی یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی ڕاوێژکارییە، لە ساڵی ١٩٤٦ لەلایەن ٥ دەوڵەتی سەرکەوتووی شەڕی دووهەمی جیهانی، واتە ئەمریکا، ڕووسیە، چین، بریتانیا و فەڕانسە پێکهات. ئیدیعای ئەم دەوڵەتانە کە لە شۆرای ئەمنییەت، واتە لە گرینگرین ناوەندی بڕیارداندا مافی ڤێتۆیان بەخۆیان دا، ئەوە بوو کە لە ڕێگەی چارەسەرکردنی ناتەبایی و ناکۆکییەکانی نێوان وڵاتان و ڕێگری لە شەڕ، ئاشتی لە جیهاندا دابین دەکەن.

ئەم ڕێکخراوە لەو ماوەیەدا کە جیهان گۆڕانکاریی بەرچاوی بەسەر دا هاتووە نەتەنیا نەیتوانیوە ئاشتی لە ڕێگەی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان مسۆگەر بکات، بەڵکوو لە خزمەتی بەرژەوەندی دەوڵەتانی خاوەن مافی ڤێتۆ بەتایبەت لە خزمەت ئەمریکا دا بووە و گەلێک شەڕ و داگیرکاریی پەسند کردووە.

شەڕ یەکێک لە ئامرازە سەرەکییەکانی سەرمایەداری و دەوڵەتەکانیان بۆ زاڵ بوون بەسەر قه یرانه کان و دابین کردنی بەرژەوەندییەکانیانە. هەربۆیە نە تەنیا کۆبوونەوەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەڵکوو گشت ڕێکخراوەکەش نەیتوانیوە و ناشتوانێ هیچ جۆرە ئاشتییەک لە جیهاندا مسۆگەر بکات. بێگومان ئاشتی تەنیا لەژێر دەسەڵاتی ڕژیمێکی سۆسیالیستیدا دەستەبەر دەبێت.

بابەتی پەیوەندیدار

ڕژیم، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گۆڕی خۆی زیاتر هەڵدەکەنێ

-

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-

توندتربونەوەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر مامۆستایانی مافخواز

-

ڕژیمی ئیسلامی لە سەنگەری سەپاندنی حیجابی ئیجباری، پاشەکشەی پێدەکرێت

-

شەڕ ئامرازێک لە دژی خەڵک، لە خزمەت مانەوەدا

-

ناڕەزایەتی جیهانی لەدژی بەردەوامبوونی جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە

-