کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ڕژیمی ئیسلامی ئەمنییەتی دەروونی و سڵامەتی جەستەیی خەڵکی ئێرانی خستووەتە مەترسییەوە

 ئامار و ڕێژەی ئەو تێکهەڵچوونانەی کە تۆمار کراون و چوونەتە دادگا، تووڕەیی و بەگژیەکداچوونی ئاشکرا لەسەر شەقام و لەناو ماڵ و شوێنەکانی کار، نیشانەی باروودۆخێکی مەترسیداری کۆمەڵایەتییە لە کۆمەڵگەی ئێران دا. ژمارەی قەتڵی پێوەندیدار بەمجۆرە تێکهەڵچوونانە لەچاو وڵاتانی دیکە و بەلەبەرچاوگرتنی جەمعییەتی ئێران نیشانی دەدات کە چۆن دەسەڵاتی ئیسلامی ئەمنییەتی دەروونی و سڵامەتی جەستەیی خەڵکی خستووەتە مەترسییەوە.

گرانی، بێکاری، گەندەڵی و هەڵاواردنی سیستماتیکی حکوومەتی، بێ لیاقەتی و نابەرپرس بوون بەرامبەر بە کۆرۆنا، کارەساتی ژینگەیی، ملهوڕیی خاوەنانی سەروەت و دەسەڵات، دیکتاتۆری و سەرکوتی سیاسی، بێمافیی ژنان و کەمینە نەتەوەیی و مەزهەبییەکان، نەبوونی خزمەتگوزاریی پێویستی دەرمانی و پزیشکی، نەبوونی پشتیوانیی پێویستی کۆمەڵایەتی لەوانە بیمەی بێکاری و دابین کردنی شوێنی نیشتەجێ بوونی گونجاو لە دەورانی بێکاری، هەر هەموویان دەستیان خستووەتە ناو دەستی یەک و بەشێک لە خەڵکیان ناڕەحەت و نیگەران کردووە و بەرامبەر بە تووڕەیی خۆیان و خەڵک لاوازی کردوون.

بە پێی ڕاپۆرتی پزیشکیی قانوونی لە ئێران لە هەر خولەکێکدا یەک تێکهەڵچوون ڕوو دەدات و ڕۆژانە هەزار و ٦٠٠ پەروەندەی ئەو تێکهەڵچوونانەی کە برینداریان لێدەکەوێتەوە، لەم ڕێکخراوەدا پێکدێت. بە پێی ئاماری پزشکیی قانوونی، شاری تاران لە بواری تێکهەڵچوونەکانی سەر شەقام لە هەمووان سەرترە و زۆرترین ژمارەی پەروەندەی تێکهەڵچوون و شەڕ لە پزیشکیی قانوونیدا بەناوی ئەم شارەوە تۆمار کراوە.

ئامارێک کە لە لایەن ڕێکخراوی پزیشکی قانوونیی ئێران بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە دەکات کە لە ماوەی ٤ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، ٢٢٠ هەزار و ٩٠١ بریندار بەهۆی شەڕ و تێکهەڵچوون لە ئێران سەردانی ناوەندەکانی پزیشکی قانوونییان کردووە. ئەم ڕەقەمە لەچاو مەودای زەمانیی هاوشێوە لە ساڵی ڕابردوو بە ئاماری ٢٠٩ هەزار و ٧٦٢ بریندارەوە، نزیک بە ٥ لەسەد زیادی کروودە. ئاماری تێکهەڵچوون و شەڕ لە ئێران ساڵەهایە بەردەوام  ڕوو لە زیادبوونە. بە وتەی کارناسان زۆرێک لەو شەڕ و تێکهەڵچوونانە لە ناوەندەکانی قەزایی  و پزیشکی قانوونی بە نێوبژیی خەڵکی ئەو شوێنانە حەل و فەسڵ دەکرێت و لە هیچ شوێنێکدا تۆمار ناکرێت، هەربۆیە ئامارەکانی پزیشکی قانوونی تەنیا ژمارەی ئەو تێکهەڵچوونانەی تێدا تۆمار دەکرێت کە برینداریان لێکەوتووەتە و کار بە پێکهێنانی پەروەندە گەیشتووە.

بە پێی ڕاپۆرتی “هەمشەهری ئانلاین”، لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ژمارەی گشت کەسانێک کە لەپێوەند لەگەڵ شەڕ و تێکهەڵچوون سەردانی پزیشکیی قانوونیان کردووە، ١٤٩ هەزار و ٨٣١ پیاو و ٧١ هەزار و ٧٠ ژن بوون. بە پێی ئەم ڕاپۆرتە ئۆستانەکانی تاران بە ٣٣ هەزار و ١٦٤، خوراسانی رەزەوی بە ٢٠ هەزار و ٢٦٦ و ئازەربایجانی شەرقی بە ١٥ هەزار و ٤١٨ حاڵەت، زۆرترین ژمارەی سەردانیان بە پزشکی قانوونی لە ٤ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا تێدا تۆمار کراوە. لە لێکدانەوەی ئاستی تێکهەڵچوونەکانی نێوان خەڵک لە ئێران، زۆر بوونی بەرچاوی تێکهەڵچوونی ژنان کە ڕەقەمێکی زیاتر لە ٧١ هەزارە، جێگای سەرەنجە.

ئەو وڵاتانەی کە دەرگیری شەڕ نین و شەڕی ناوخۆییان تێدا نییە و کەمترین بوودجەی وڵات کراوەتە خەرجی ئەرتەش و ڕێکخراوە سیخوڕییەکان، ئازادیی سیاسییان هەیە، شەفافییەتی ماڵی و حکوومەتییان هەیە، ئاستی خۆشبژیوی کۆمەڵایەتی لەسەرێیە، مافی مرۆڤ تێیاندا بەڕەسمی ناسراوە، هەڵاواردنی جنسییەتی و نەتەوەیی و مەزهەبییان کەمترە، لە زومرەی ئەمنترین وڵات و کۆمەڵگەکانی جیهانن. ئیسلەند لە سەرووی ئەم وڵاتانەوەیە و پتر لە دە وڵاتی ئۆرووپایی لەوانە سویس، دانمارک، سۆئێد و ئۆتریش لەم دەستەیە دان.

وڵاتانی پڕمەترسیی جیهان کە برێزیل، ئەفریقای باکوور، ئەمریکا، سومالی، تورکییە و ئێران لە سەرووی هەموویانن، لە زومرەی ئەو کۆمەڵانەن کە تێیاندا توندوتیژی، نیزامی گەری، شەڕ و هەڵاواردن لە ئاستێکی یەکجار زیاتردا دەبیندرێت.

کۆمەڵێک کە تێیدا ئەمنییەتی کاری و کۆمەڵایەتی بوونی هەیە، جەماوەری خەڵک لە ئاستێک لە خۆشبژێویی کۆمەڵایەتی دان، هیوا بە سبەینێ و بە ژیانی نەسلەکانی داهاتوو تا ئاستێکی زۆر بەدی دەکرێت، دەرفەتی گەشە و پشکوتن بوونی هەیە، گەندەڵی ماڵی و ئیداری بە کەمترین ئاستی خۆی گەیشتووە و یان بوونی نییە، دابین کردنی فێرکاری، دەرمان و تەندرووستی مافی خەڵک و ئەرکی دەسەڵاتە، شەڕ و تێکهەڵچوون و تووڕەیی تێیدا زۆر کەمترە و خەڵک سەبر و تاقەتیان زیاترە.

لەو کۆمەڵانەدا کە یاسا بوونی هەیە و تێیاندا یاساکان لەگەڵ حیسابڕەسیی ڕوون و شیکردنەوە و ڕەخنەگرتن بەرەوڕوو دەبنەوە، لە باخچەی ساوایان و لە بنەماڵە و لە میدایاکاندا خەڵک بانگەشەی کۆنتڕۆڵی تووڕەیی و سەبووریی زیاتر دەکرێن و بار دێن، بە پێچەوانەی ڕژیمی ئیسلامی کە توندوتیژی و خوێن بە پیرۆز دەزانێت، ئاستی شەڕ و تێکهەڵچوون یەکجار کەمترە.

پاش تێپەڕینی چوار دەیە لە دەسەڵاتی ئێسلامیی ئێران، پتر لە هەر کاتێک، سڵامەتیی دەروونی و جەستەیی خەڵک و کۆمەڵ لە گرەوی ڕووخاندنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و کۆتایی هێنان بە نیزامێکە کە لەبەرچاوی خەڵک دەست دەداتە ئەشکەنجە و سێدارە و لە مەدرەسەکان و لە میدیاکاندا ستایشی توندوتیژیی مەزهەبی و حکوومەتی دەکات. لەسەر وێرانەکانی ئەم نیزامە، دەکرێ نیزامێکی ئازاد، خۆشبژیو، بەرابەر، سێکۆلار، دژی هەڵاواردن و دژی توندوتیژی دابمەزرێت و سڵامەتیی خەڵک و کۆمەڵ دابین و زەمانەت بکرێت.

بابەتی پەیوەندیدار

خواردن و خواردنەوە لە شوێنە گشتییەکان، درێژەی خەباتی مەدەنی

-

ئاگربەستی دەستبەجێی ١٤ ڕۆژە لە غەززە، ئاکامی گوشاری بیروڕای گشتی دژبە شەڕ

-

بۆچی داعش هێشتا زیندووە و تاوان ئەنجام دەدات؟

-

هیوا بە ئازادی لەدەست ستەم و سەرەڕۆیی پەرە دەستێنێ

-

کاریگەریی وێرانکەری هەژاری لەسەر دۆخی تەندروستی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی چینی کرێکار

-

ڕاگەیاندنی هاوبەشی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کاریگەر)

-