کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە

خەڵکی کوردستان بە نەچوون بۆ سەر سندوقەکانی دەنگدان، ڕۆژی ١١ی ڕەشەممە دەکەنە دیمەنێکی شکۆداری دیکە لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستاندا.

بڕیارە ڕۆژی ١١ی ڕەشەممە یەکێک لە بێ ڕەونەقترین شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕژیمی دەسەڵاتدار لە ئێران بەڕێوە بچێت. هەر لە ئێستاوە هەموو ئاماژەکان بەیانگەری ئەوەن، ئەوەی کە لە کۆماری ئیسلامیدا بە هەڵبژاردن ناودەبرێت، ئەمجارەیان لە گەڵ یەکێک لە بەربڵاوترین و بێ وێنەترین بایکۆت لە ماوەی تەمەنی ٤٤ ساڵەی ئەم ڕژیمەدا بەرەوڕوو دەبێتەوە. ئەمجارەیان نەک هەر ڕێکخراوە سیاسییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ڕژیم، بەڵکوو گرووپە جۆراوجۆرەکانی خەڵکی ناڕازی لە بوارە کۆمەڵایەتییەکانی وەک خانەنشینان، کرێکاران، مامۆستایان، خوێندکاران، ماڵ خوراوەکان و هتد، بە دەنگی بەرز و بێباکانە، دروشمیئێمە دەنگ نادەیندەڵێنەوە. هەڵوێستی خەڵکی ناڕازی لەم دیمەنانەدا، تەنیا بریتی نییە لە بایکۆتکردنی هەڵبژاردن، بەڵکوو شەرمەزارکردنی بەشداریکردن لەم نمایشە گاڵتەجاڕانەیە. نمایشی هەڵبژاردنەکانی ئێستا ڕسواییەکی هێندە بەرچاوە کە تەنانەت ڕیفۆرمخوازەکانیش کە بەردەوام بەشێک بوون لەو لایەنانەی کە بەگەرمی بۆی تێکۆشاون، بەهۆی ڕەتکرانەوەی سەڵاحییەتەکەیان لەلایەن شۆڕای نیگەهبان و تەنانەت هەندێک لە نزیکترین بازنەکانی حکوومەتی کە تا دوێنێ لە مۆرە گرینگەکانی ڕژیم بوون و ئێستا کەوتوونەتە بەر لێشاوی نوێترین پاکتاوکردن و دوورخرانەوە، بە کردەوە و ناڕاستەوخۆ بایکۆتی هەڵبژاردنیان ڕاگەیاندووە.

کۆماریئیسلامیبۆزۆربەیهەرەزۆریخەڵکیئێران،لەڕیزیڕەوتەئیسلامییەکانیدیکەیناوچەکەلەوانەداعش،تاڵیبان،حیزبوڵڵاوهیتردا، ئەژمار دەکرێت، تەنیا بەو جیاوازییەوە کە ئەم دەسەڵاتە دەرفەتێکی زیاتری لەبەردەستدا بووە بۆ ئەوەی ژەهری خۆی بڕژێنێتە جەستەی ئەم کۆمەڵگایە و سەرجەم ناوچەکە و ئاستێکی بەربڵاوتری لە ڕۆژ ڕەشی و نەهامەتی بەسەر ژیانی خەڵکی ئێران و ناوچەکەدا سەپاندووە. پاڵپێوەنانی ٧٠٪ی خەڵک بۆ ژێر هێڵی هەژاری، ئەويش لە وڵاتێکدا کە لەسەر دەریایەک لە سامانی سروشتی دانیشتووە، بێبەشکردنی شارۆمەندان لە سەرەتاییترین ئازادی و مافە کۆمەڵایەتییەکان، کوشتاری بەکۆمەڵ، ئەشکەنجە، ئێعدام و تیرۆر، سەپاندنی کۆنەپەرستانەترین یاساکان بەسەر ژنان و ژیانی کۆمەڵانی خەڵکدا، دوژمنایەتی لەگەڵ ئازادی و مافە سەرەتاییەکانی نەتەوە ستەملێکراوەکان و پەرەسەندنی کارەساتبارترین زیانە کۆمەڵایەتییەکان، بەرهەمی ٤٤ ساڵ دەسەڵاتدارێتی ڕژیمی ئیسلامییە. دەسەڵاتێک کە دەیەوێت وا نیشان بدات کە گوایە هەر چەند ساڵ جارێک، شەرعییەتی خۆی لە دەنگی خەڵک وەرگرتووە. ئەمجارەیان زۆرینەی ڕەهای خەڵک ناچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان. ڕژیم خۆی ئەم ڕاستییە دەزانێت و لەمڕووەوە دڵمەشغووڵی و نیگەرانیی ئەوان شتێکی ترە. ئەوەی کە ئێستا بەرپرسانی ڕژیمی ئێجگار نیگەران کردووە، بریتییە لە ئەگەری سەرهەڵدانی ڕاپەڕینی جەماوەریی، هاوکات و دوای ئەم نمایشی هەڵبژاردنە. تایبەتمەندی و جیاوازی ئەم نمایشی هەڵبژاردنە، بە بەراورد لەگەڵ نمایشەکانی پێشوو، ئەوەیە کە بەشداری بەربڵاوی خەڵک بۆ خودی ڕژیمیش زۆر گرنگ نییە. ئەمجارە ئاستی بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردن و شتێک بەناوی نمایشی دێموکراسی و هتد، ئەولەوییەتی دەسەڵات نییە، پرسی بەشداریکردن بە فڕوفێڵیە ناسراوەکانیان، موهەندیسی دەکەن و چارەسەری بۆ دەدۆزنەوە. کێشەی سەرەکی ئەوان بریتییە لە خۆ ئامادەکردن لە ئاستە جیاجیاکانی ڕژیمدا بۆ ئەو بەرەوڕووبوونەوە چارەنووسسازانەی کە چاوەڕێی دەکەن. ئامرازەکانی لەم ڕووبەڕووبوونەوەیەدا بریتی نییە لە بڵاوکردنەوەی تۆوی خۆشباوەڕی و فێڵ و فریو، چونکە ئەم تاکتیکانە ئیتر کاریگەر نین، بەڵکوو ئامرازەکەیان سەرکوتکردنە. ئەمڕۆ خامنەیی و سپای پاسداران و ناوەندەکانی دەسەڵاتی واقیعی ڕژیم، هەموویان شمشێریان لە دژی جەماوەر لە ڕوو بەستووە. ئەگەر لە ڕابردوودا وەهم و فڕوفێڵ لە ستراتێژی مانەوەی ڕژیمدا جێگەی تایبەتی خۆی هەبوو، ئەمڕۆ تەرکیزی سەرەکیی بریتییە لە پشتبەستن بە هەڕەشە و تۆقاندن و سەرکوتکردنی ڕاستەوخۆ. بەڵام  بێگومان ئەوەی کە تا چ ڕادەیەک دەرفەتی دەبێت کە ئەم ستراتێژە لە ڕەهەندە نوێیەکانیدا بەڕێوە ببات و ئەگەریش بەڕێوەی برد، تا چ ڕادەیەک کاریگەر دەبێت، لە ژێر پرسیاردایە. هەروەک چۆن دوابەدوای کوشتاری بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨ و لە سەردەمی شۆڕشی ژیناشدا نەیتوانی لە ڕێگەی سەرکوتکردنەوە خەڵکی ناڕازی چاوترسێن بکات.

ئەمڕۆ ڕژیم سەرکەوتنی خۆی لە بەڕێوەبردنی ئەم بەناو هەڵبژاردنە، لەوەدا دەبینێت کە بتوانێت ئەو پڕۆسەیە بە ئارامی و بەبێ سەرئێشە تێپەڕ بکات. ئیتر خەمی پێکهێنانی ڕیزی دوور و درێژی لە ناوەندەکانی دەنگدان و هیتری، نییە. ئەندامانی سپا، بەسیجییەکان، ئەرتەشێکان، بەشێک لە دەست وپێوەندەکانی سەر بە دام و دەزگاکانی ڕژیم و بنەماڵەکانیان، بۆ شکڵ پێدان بە نمایشێکی لانیکەمیی، بەردەوام بەردەستن و ئەمجارەیان هەر ئەوەندە بەسە بۆ ئەوان و ئیتر لەگەڵ کێشەیدەنگی من کوا؟ش بەرەوڕوو نابنەوە. تا ئەو جێگایەی پەیوەندی بە خەڵکی کوردستانەوە هەیە، هەروەک چۆن ٤٤ ساڵ لەمەوبەر ڕیفراندۆمی ساختە و فریوکارانەیحکوومەتی ئیسلامی، ئەرێ یان نای خومەینییان یەکپارچە بایکۆت کرد و ساڵانی دواتریش لە زۆر دیمەنی دیکەدا دووپاتیان کردەوە، ئەمڕۆ لێبڕاوانە تر لە ڕابردوو، هیچ بەها و گرنگییەک بەم نمایشی هەڵبژاردنە نادەن. ئەمجارەش بە نەچوون بۆ سەر سندوقەکانی دەنگدان و بایکۆتکردنی ئەو گاڵتەجاڕە لە ئاستێکی بەربڵاودا، سەرلەنوێنایەکی بەهێز و ڕاشکاوانە بەم ڕژیمی کوشتار و جینایەتە، بەم ڕژیمەی سەبەبکاری هەژاری و برسێتی و بێکارییە، ڕژیمی پەرەپێدانی ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان و لەشفرۆشی، ڕژیمی دزی و گەندەڵی و تاڵانچێتییە، دەدەنەوە. ئەو تاقم و گرووپانەی کە هاوشان لەگەڵ دەست و پێوەندە جیرەخۆر و بەکرێگیراوەکانی ڕژیم، هەوڵی گەرمکردنی بازاڕی گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی دەدەن و یان دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان، بێگومان سبەی ڕۆژ شەرمەزاری زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی کوردستان دەبن. بایکۆتی بەربڵاو و لێبڕاوانە و بەرچاوی نمایشی ١١ی ڕەشەممە، شایستەی ئەو خەڵکەیە کە ٤٤ ساڵە لە ئاست دەسەڵاتی ئەم ڕژیمەدا، سەربەرزانە خەبات و خۆڕاگریی دەکەن. پێویستە خەڵکی کوردستان بە نەچوون بۆ سەر سندوقەکانی دەنگدان، بایکۆتی نمایشی هەڵبژاردنەکانی ڕژیم، بکەنە دیمەنێکی شکۆداری دیکەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان.

کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە

(ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)

٢٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٢

بابەتی پەیوەندیدار

نەریتی ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیهانی کرێکار لە کوردستان

-

وتارێک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئەمن کردنی کار

-

ڕاگەیەندراوی ژمارە پازدەیەم ڕۆژی دڵنیایی مشتومڕە کۆتا جەنگی ئێمە ئینتەرناسیۆناڵە ڕزگاری مرۆڤەکان کرێکاران، خەڵکی ئازادیخواز!

-

کەمپینی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین تا دێت بەربڵاوتر دەبێت

-

ڕاگەیاندنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە بۆنەی یەکی ئایار ڕۆژی جیهانی کرێکاری ٢٠٢٤

-

ڕاگەیاندنی هاوبەشی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر) کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بە هەموو تواناوە  پشتیوانی لە ژنانی بوێر و ئازادپۆش و لاوە قارەمانەکانیان دەکەن!

-