کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

ڕاگەیاندنی هاوبەشی ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران(ڕاهی کاریگەر) و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

ئێران لەسەر بەستێنی یەکساڵ شۆڕشیژن، ژیان، ئازادی

کۆبەندی ساڵانە

یەکەمئەمڕۆ ئێران ساڵێک و شەش مانگی لەسەر بەستێنی شۆڕشی ژینا تێپەڕ کردووە. شۆڕشێک کە لە ٢٥ی گەلاوێژی ١٤٠١دا چەخماخەکەی لێدرا و بۆ ماوەی شەش مانگ بەوپەڕی جۆش و خرۆشەوە بەردەوام بوو. ئەگەر ئەوکات ژنان و لاوان لەسەر شەقامەکان ئەم شۆڕشەیان بەرەوپێش دەبرد، بەڵام لە یەکساڵی ڕابردوودا شۆڕشی شکۆداری ژن، ژیان، ئازادی، لەژێر سەرکوت و خەفەقانی لەڕادەبەدەری حکوومەتی ئیسلامیدا، گەشەی سەندووە و بەردەوام قووڵتر بووەتەوە.

*- خەبات و خۆڕاگری ژنان و لاوان لەپێناو بەدەستهێنانی مافی لەبەرکردنی جلوبەرگی دڵخواز، لە فۆرم و شێوازی جۆراوجۆر و لە ئاستێکی بەهێز و کاریگەردا بەردەوام بووە. ئەم خۆڕاگرییە کۆمەڵایەتییە درەوشاوەیە، سەرەڕای یاسا و رێسا دژە مرۆییەکان و جێبەجێکردنی پڕۆژە یاسای دژە ژنیحیجاب و عیفافبەبێ پەسەندکران و سەرەڕای جەریمە قورسەکان، دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلەکان و داخستنی سەیرانگا و چێشتخانەکان، گۆڕانکارییەکی بەرچاوی لە سیمای شارەکانی ئێراندا پێکهێناوە و ئینسانی تری کردووە. بۆ نموونە کاردانەوەی کۆمەڵگا بەرامبەر بە خۆڕاگریی درەوشاوەی ئەو ژنە بوێرەی شاری قوم بەرامبەر بەو ئاخووندە کۆنەپەرستە، ڕەهەندێکی جیهانی وەرگرتووە و لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتی و ڕاگەیەنەرە گشتییەکان، ڕۆژنامە ناوخۆییەکان و تەنانەت لەناو توێژی مەلا و باوەڕمەندانی ئایینی دا قەسە و باسێکی بەربڵاوی پەرەپێداوە. دەکرێ بەدڵنیاییەوە بوترێ کە ئاخووندە شیعەکان و حکوومەتی ئیسلامی گەمەکەیان بە ژنانی بوێر و چاونەترسی ئێران دۆڕاندووە. ژنانی ئێران ئەمڕۆ بە شانازییەوە ئاڵای خەبات لە دژی پیاوسالاری و دەسەڵاتدارە ئایینیەکانی پشتیوانیان، خەبات لەپێناو مافی یەکسان بۆ ژنان و پیاوان و لە یەک وشەدا خەبات لەپێناو ئازادیان بەرزکردووەتەوە. ئێران خەریکی بەرەوپێش بردنی یەکەمین شۆڕشی ژنانەیە لە جیهاندا.

*- هاوکات لەگەڵ بزووتنەوەی ئازادیخوازانە و نافەرمانی مەدەنی بۆ بەدەستهێنانی مافی لەبەرکردنی جلوبەرگی دڵخواز و ئازادیی ڕادەربڕین، بزووتنەوەی داواکاریی تەوەرەی مووچەخۆرانیش لەم یەک ساڵەدا، هەنگاوی گەورەی ناوە. بزووتنەوەی داواکاریی تەوەری خانەنشینان، بێ پسانەوە بەردەوام بووە. ڕۆژانی یەکشەممە، دووشەممە، سێشەممە و چوارشەممەی هەموو هەفتەیەک، شاهیدی کۆڕ و کۆبوونەوە و خۆپیشاندان و دروشمی چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی خانەنشینان بووین. خانەنشینانی کیشوەری، ئاسایشی کۆمەڵایەتی، پەیوەندییەکان، فولاد و کەرتەکانی دیکە، بەردەوام هاتوونەتە سەر شەقامەکان و داواکارییەکانیان بەرز کردووەتەوە. سەرەتاکانی لێک نزیکبوونەوەییەکی دڵخۆشکەری نێوان خانەنشینان، مژدەبەخشی بزاڤێکی یەکگرتوو، لێکهەڵپێکراو و هەماهەنگە لە نێوان بەشە جۆراوجۆرەکانی ئەو توێژەدا. ناڕەزایەتی و کۆڕ و کۆبوونەوەی کرێکارانی کەرتە جۆراوجۆرەکانی بەرهەمهێنان لەوانە فولاد، نەوت، پێترۆشیمی، کانەکان و کارگەکانی بەرهەمهێنانی کاشی، لەدژی کەمی حەقدەست، لەدژی حەقدەستە وەدواکەوتووەکان، دژی شیرکەتە پەیمانکارییەکان و واژۆی سپی و گرێبەستە کاتییەکان بەردەوام بووە. هاوکات لەگەڵ خەباتی کرێکاران لە کەرتەکانی بەرهەمهێناندا، شاهیدی خەباتی کرێکارانی بەشە خزمەتگوزارییەکانیش بووین. ناڕەزایەتی و کۆڕ و کۆبوونەوەی پەرستاران، خۆڕاگریی درەوشاوەی مامۆستایان، خەباتی کرێکارانی پاککەرەوەی بەشی پیشەسازی گواستنەوە، ئاوەڕۆکانی شار و کارمەندانی بانکەکانیش بە درێژایی ساڵ بەردەوام بووە و ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر پەرە دەستێنێ. بزووتنەوەی مامۆستایان، سەرەڕای سەرکوتی توند و دڕندانەی ڕژیم و دەرکردن و دوورخستنەوەی مامۆستایانی وشیار و لێهاتوو، خۆڕاگرییەکی درەوشاوەی لەخۆی نیشانداوە.

*- بزووتنەوەی دیفاع لە ژینگە یەکێکە لەو بوارانەی دیکەی کە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێران لە یەک ساڵی ڕابردوودا ئەزموونی کردووە. خەباتی درەوشاوەی خەڵکی ئەراک و قەزوین یان جووتیارانی ئیسفەهان و خەڵکی ورمێ لەپێناو پاراستنی ژینگە و هەوای پاک و هەروەها بوژاندنەوەی دەریاچە و تاڵاو و ڕووبارەکان، هاریکاری و هەرەوەزییە کۆمەڵایەتییە بەربڵاوە جەماوەرییەکانی کوردستان لە کوژاندنەوەی ئەو ئاگرانەوە بگرە کە حکوومەتی ئیسلامی بە بیانوویپاراستنی ئەمنییەتبەریداوەتە گیانی دارستانە بەڕووەکانی ئەو ناوچەیە و هەروەها چالاکییە بەربڵاوەکانی سنە و مەریوان و بانە بەمەبەستی بەڕێوەبردنی ڕێوڕسمەکانی جەژنی نەورۆز و چاندنی نەمام و خاوێنکردنەوەی ژینگە و تا بنیاتنانی دەیان دامەزراوەی پێشڕەوی ژینگەپارێزی، نیشانەی وشیارییەکی گشتییە لەناو خەڵکی کوردستان و ئێران بۆ بەرگریکردن لە ژینگە. ئێستا ئیتر بۆ هەموو لایەک ڕوونە کە حکوومەتی کۆنەپەرستی ئیسلامی، هاوشان لەگەڵ قازانج پەرستی و چاوچنۆکی بێ سنووری سەرمایە، دوژمنی سەرەکی ژینگەیە لە ئێراندا. کاتێک هەستی بەرگری لە ژینگە و داکۆکی لە مافی ئاژەڵان، لە ویژدانی گشتی خەڵکی وڵاتێکدا چەکەرە دەکات، ئەوە نیشانەی ئاستی بەرزی گەشە و بەرەوپێشچوونی هۆشیاری گشتی کۆمەڵایەتییە.

بزووتنەوەی دادخوازی یەکێکی ترە لە بزووتنەوە ئازادیخوازەکان. ئێستا ئیتر شاهیدی بوونی بزووتنەوەیەکی جەماوەری و بەربڵاوی دادخوازین. بزووتنەوەیەکی کە دایکان و بنەماڵە و ئازیزانی گیانبەختکردووانی دەیەی یەکەمی شۆڕش، هێرشی وەحشیانە و کۆمەڵکوژی لە کوردستان و تورکمان سەحرا، قەتڵی عامەکانی شەست و حەوت، قوربانیانی قەتڵە زنجیرەییەکان، تیرۆر و کوشتارەکانی ٨٨، ٩٦، ٩٨، ١٤٠١ و ١٤٠٢ی، هەنگاو بە هەنگاو یەکگرتووتر کردووە. ئەم خەباتانە لەگەڵ ناڕەزایەتیی بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی و ناڕەزایەتی بنەماڵەی ئێعدامکراوەکان و قوربانیانی زیانە کۆمەڵایەتییەکان لێکهەڵپێکراون و بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتی گشتی بۆ داکۆکیکردن لە مافی ژیانی ئینسان و هەروەها دیفاع لە ئازادییە بێسنوور و بێ شەرت و مەرجەکانی پەرە پێداوە. بزووتنەوەینا بۆ سزای لەسێدارەدانوهەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانئێستا ئیتر بووەتە بزووتنەوەیەکی گشتی. خەڵکی ئێران وردە وردە دەگەنە ئەو ئاکامەی کە سیاسەتی قەساس و تۆڵەسەندنەوە، سیاسەتێکی سەر بە کۆمەڵگە دواکەوتووەکانە و بیر و هزرێکی سەدەی ناوەڕاستییە. ئەم هۆشیارییە گشتییە دەستکەوتێکی گەورەیە کە پێویستە بپارێزرێت و پەرەی پێ بدرێت. لەم نێوەندەدا، ڕاپۆرتیلیژنەی بەدواداچوونی ڕاستییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کۆماری ئیسلامی لە کاتی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ڕابردوودا، بەهۆیپێشێلکردنی جددی مافەکانی مرۆڤ،جینایەتی دژی بە مرۆڤایەتیئەنجام داوە، هێز و وزەیەکی زۆر بە بزووتنەوەی دادخوازی دەبەخشێت. ئەم لیژنەیە کە لە لایەنشۆڕای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەستنیشان کراوە، لەسەر ئەو باوەڕەیە کە حکوومەتی ئێران بە بەکارهێنانی توندوتیژی و لێپێچینەوە و ئەزیەت و ئازاری جنسی و جێندەری، دەستی داوەتە تاوانێکی دژ بە مرۆڤایەتی. ڕاپۆرتێکی لەم شێوەیە دەکرێ بە سەرکەوتنێکی گەورە بۆ بزووتنەوەی دادخوازی ئێران هەژمار بکرێت.

*- پێشەنگایەتی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان لە ناڕەزایەتییە ئازادیخوازەکانی دژ بە ڕژیم و خۆڕاگریی درەوشاوەی خەڵکی بەلووچ، بە ئیلهام وەرگرتن لە دروشمە بنەڕەتییەکانی بزووتنەوەیژن، ژیان، ئازادی، هاودەنگیی و هاوخەباتی نەتەوەیی خەڵکی ئێرانی، تا ئاستێکی بەرچاو بەرز کردووەتەوە. بەڕێوەچوونی شکۆداری ڕێوڕسمەکانی پێشوازی لە نەورۆز لە شار و گوندەکانی کوردستان، ناوازە و مژدەبەخشن. ڕێوڕەسمگەلێکی کە تێیدا دەیان هەزار ژن و پیاو و گەنج و پیر، سەما دەکەن، شادی دەردەبڕن، سروود و ئاوازی شۆڕشگێڕانە و دروشمی ژن، ژیان، ئازادی دەڵێنەوە. بڵاوکردنەوەی گوڵی سوور و هەڵگرتنی ئاڵا و پلاکارد و لەبەرکردنی جل و بەرگی سوور و ئاڵ و واڵا بۆتە هێمای خەبات و بەرخۆدانی بەکۆمەڵ. ئێستا ئیتر کەمتر کەسێک مۆرکی جوداخوازی لە خەبات بۆ مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەکانی ئێران دەدات. قبووڵکردنی بوونی ستەم و چەوسانەوەی نەتەوەیی لە هەردوو دەسەڵاتی دیکتاتۆری پەهلەوی و ئیسلامی و خەبات و تێکۆشانی گشتی بۆ یەکسانی یاسایی، سیاسی، فەرهەنگی و قەرەبووکردنەوەی دواکەوتوویی ئابووریی ئەو نەتەوە یان هەرێمانە، بووەتە هۆی بەهێزتر بوون و پتەوترکردنی خواستێکی گشتی بۆ یەکگرتوویی دڵخوازانە لە نێوان نەتەوەکاندا. زۆرێک لە هێزە کۆنەپەرست و مەزهەبی و تائیفی و ڕاستە ناسیۆنالیستەکانی، کە هاوکات لەپێناو بەرژەوەندی بەرتەسکی خۆیاندا دەبنە ئامرازی دەستی زلهێزە دەرەکییەکان، خستووەتە پەراوێزەوە. ئەم هاوپشتییە درەوشاوەی نێوان نەتەوە جۆراوجۆرەکانی ئێران لە ڕووداوگەلێکی وەک کۆکردنەوەی یارمەتییەکانی خەڵک بۆ لێقەوماوانی لافاوەکەی باشووری بەلوچستان دا بە ڕوونی بەرچاو دەکەوێت. بە واتایەکی تر دابەشکردنی دەسەڵاتی سیاسی و نەهێشتنی ناوەندگەرایی لە سیستەمی دیکتاتۆریی دا، هاوکات لەگەڵ بە فەرمی ناسینی جیاوازییە زمانی، فەرهەنگی و ئایینییەکان و جەختکردنەوە لەسەر نامەرکەزی لە ناوچە جیاجیاکانی وڵات و گەرەنتی کردنی مافەکانیان لە سیستەمی سیاسی وڵاتدا و قەرەبووکردنەوەی ئەو ڕەنج و ئازار و جیاکاریانەی کە لە ماوەی یەک سەدەی ڕابردوودا لەسەر ئەم ناوچانە بەکار هێنراون، دەتوانێت کاریگەرییەکی زۆری هەبێت لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان سەرجەم نەتەوەکانی وڵات و پێکهێنانی یەکێتی دڵخوازانە و یەکسانیی مافەکانیان.

دووەمهاوکات لەگەڵ پێشڕەوی درەوشاوەی خەبات لەپێناو نان وئازادی دا کە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا لە سەرانسەری ئێران لە ئارادا بووە، چالاکی و ئەکتی جەماوەری و نافەرمانی مەدەنی لە ژێر ناویبزووتنەوەی بایکۆتکردنی هەڵبژاردنیش بوو بە مانشێتێکی دیکە لە خەبات و بەرەوڕووبوونەوەی خەڵکی ئێران لەگەڵ ئەم سیستەمە کۆنەپەرست و دۆزەخییە. سەرەڕای هەموو پڕوپاگەندەکانی ڕژیمی ئیسلامی و سەرەڕای هەموو درۆ و چەواشەکارییەکانی ڕاگەیەنەرە گشتییەکانی سەر بە حکوومەت،بزووتنەوەی بایکۆتی هەڵبژاردنڕەهەندێکی جەماوەریی بێ وێنەی بەخۆیەوە گرت. جگە لە چەند سەد هەزار کەسێک لە هێزە ئیدئۆلۆژی و خاوەن بەرژەوەندی و ڕێکخراوەکانی ڕژیم، کەسی تر دەنگی بەو کاندیدە هەڵبژێردراوانەی حکوومەت نەدا کە لە فلتەری شۆڕای نیگەهبان و چاودێری تێپەڕ ببون. ئێستا ئیتر بە دڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین کە حکوومەتی ئیسلامی لە گەشبینانەترین حاڵەتدا تەنیا نوێنەرایەتی پێنج بۆ حەوت لەسەدی خەڵکی ئێران دەکات. واتە کەمینەیەکی کۆنەپەرست و بناژۆخواز، بەڵام دەروەزەکەر و خاوەن ئیمتیاز، کە بە هێزی زۆر و سەرنێزە، دەسەڵاتی خۆی بەسەر زۆرینەیەکی ڕەهادا سەپاندووە. ئەم گەمارۆ بەرچاو و بەڕبڵاوە دەریخست کە بەشێکی زۆر لە باوەوەڕمەندانی ئایینی و تەنانەت لایەنگرانی باڵی ناو حکوومەتیش، لە بێ داهاتوویی ئەم حکوومەتە ستەمکارە ئاگادارن. بەربڵاویی دەنگە سپی و نادروستەکانیش لە شارە جۆراوجۆرەکان نیشانی دا کە بەشێکی زۆر لە دەست و پێوەندەکانی حکوومەت یان ئەو کەسانەش کە دەبوو ناسنامەکانیان مۆری لەسەر بدرێت، هیچ ئومێدێکیان بە داهاتووی ئەم ڕژیمە نییە و بە حکوومەتێکی شیاوی دیفاع لێکردنی نازانن. بزووتنەوەی جەماوەری و درەوشاوەیژن، ژیان، ئازادیبە خۆڕاگریی مەدەنییانە و بەردەوام و جێگەی ستایشی خۆی، وەک نەرمە بارانی بەهاران، هەموو پایەکانی حکوومەتی ئیسلامی داڕزاندووە و بەستێنی داڕمانی، ئامادە کردووە.

سێیەم: قەیرانی حکوومەتی ئیسلامی ڕۆژ بە ڕۆژ پەرەدەسێنێت. واقیعییەت ئەوەیە کە دەسەڵات بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم بزووتنەوە جەماوەرییەی کە یەکەم شەپۆلەکانی لە مانگی بەفرانباری ساڵی ٩٦دا دەستی پێکرد، سیاسەتێکی ڕوونی گرتووەتەبەر کە بریتییە لە یەکدەستکردنی دەسەڵات و سەرکوتی وەحشیانەی بزووتنەوەی جەماوەری. ڕێبەری ڕژیمی ئیسلامی، بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونەکانی یەکێتی سۆڤیەت، کە بەپێی دانپێدانانی خۆی، بەشێوەیەکی ڕۆژانە و بەردەوام بەدواداچوونی بۆ ڕووداو و پێشهاتەکانی داڕمانی یەکێتی سۆڤیەت کردووە و خاڵبەخاڵ لای خۆی نووسیوییەتەوە، بە ئەزموون وەرگرتن لە سیاسەت و تاکتیکەکانی محەممەد ڕەزا پەهلەوی لە دوایین ساڵەکانی دەسەڵاتەکەیدا و بە کەڵک وەرگرتن لە ڕێنماییەکانی ئەشکەنجەگەرانی وەک پەرویز سابتی، بەو ئاکامە گەیشتووە کە هەر هەنگاوێک پاشەکشە کردن لە بەرامبەر بزووتنەوەی جەماوەریدا  دەتوانێت زۆر مەترسیدار بێت. لەمڕووەوە یەکدەستکردنی ناوخۆی دەسەڵات و سەرکوتی بزووتنەوەی جەماوەریی، یەکێکە لە میحوەرە سەرەکییەکانی سیاسەتی حکوومەتی ئیسلامی بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم بزووتنەوە بەرین و جەماوەرییەی ئێستا. سیاسەتی یەکدەستکردنی دەسەڵات بە شێوەیەک بەرەوپێش چووە کە زۆربەی هەرەزۆری باڵەکانی لایەنگر و پشتیوانی کۆماری ئیسلامی خراونەتە دەرەوەی ئەو بازنەیە. رەتکردنەوەودەرهاویشتنیبەربڵاوی

کاندیدەکانی سەر بە باڵی ڕیفۆرمخواز و میانڕەو و تەنانەت ڕاستە تەقلیدی و بناژۆخوازە میانڕەوەکانیش، ئاست و ڕەهەندەکانی ئەم یەکدەستکردنە بە ڕوونی نیشان دەدات. بەڵام هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییە دەریخست کە قەیرانەکان ئێستا ئیتر تەنانەت گەیشتووەتە ناو بازنەی بەرتەسکی دەسەڵاتیش. یەکێک لە نیشانەکانی ئەم قەیرانە بریتییە لە فریودانی بناژۆخوازانی نوێی جێ متمانەی ڕێبەریی، بە سەرۆکایەتی حەداد عادڵ، لەلایەن لایەنگرانی پایەداری و میسباحی یەزدییەوە، کە دەنگی ڕێکخراویان لەبەردەستدایە. لە هەمان کاتدا بناژۆخوازە تەقلیدییەکان و جەمعییەتی موئتەلفە و هێزە حوجەتییەکان، لەم نێوەندەدا، بەملاو ئەولادا ڕادەکێشرێن. پێویستە ئەوە لەبەرچاو بگیرێت کە ئەم ڕەوتە ڕێکخراوانەی ناو بازنەی بەرتەسکی دەسەڵات، نەک هەر ئیمکانات و سامانێکی زۆریان لەبەردەستدایە، بەڵکوو هەریەکەیان لە نێو هێزەکانی سپای پاسداران و ئەرتەشیش دا، لایەنگر و هاوپیاڵەی خۆیان هەیە. ئێستا شەڕی نێوان گورگەکان فۆرمێکی لەڕادەبەدەر مەترسیداری وەرگرتووە. شەڕ لەسەر پۆستی سەرۆکایەتیی مەجلیس و کاندیدبوون بۆ سەرۆکایەتی کۆمار لە ساڵی ١٤٠٤، هاوکات لەگەڵ ئامادەکاری بۆ جێگرەوەی ڕێبەری ڕژیم، ڕەهەندگەلێکی نوێی بەخۆیەوە بینیوە. ئاشکرایە کە ئێستا دەسەڵات بەتەواوی بەدەست وەلی فەقیهەوەیە و بڕیارەکانی ئەو دەتوانێت ئاراستەی پێشهاتەکان بە شێوەیەکی جددی بگۆڕێت. بەڵام ڕێک ئەو کاتەی کە سەر دەنێتەوە و چیتر توانایی دەستوەردانی نامێنێ، شەڕی نێوان گورگەکان، شێوازێکی دڕندانەتر بەخۆیەوە دەگرێت. بەڵام لەم ململانێی دەسەڵاتەدا، هێشتا دیار نییە کە پلانی بازنەی بەرتەسکی دەسەڵات چییە بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە سیاسییە گشتییەی ئێستا و بە کام ڕێوشوێن دەتوانێت خۆی لە هەڵدێری ڕووخان دەرباز بکات.

چوارەمحکوومەتی ئیسلامی هاوکات لەگەڵ هەرچی زیاتر بەرجەستە بوونەوەی ڕەهەندەکانی ناڕەزایەتی جەماوەریی، سیاسەتەکانی خۆی بەمەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی بزووتنەوەکە لە سێ مێحوەردا بەرەوپێش دەبات. میحوەری یەکەم، بریتییە لە هەوڵدان بۆ یەکگرتوو ڕاگرتنی هێزەکانی ناو بازنەی بەرتەسک و یەکدەستکراوی دەسەڵات، میحوەری دووەم، بەرەوپێش بردنی سیاسەتی سەرکوت و توندوتیژیی هەمەلایەنە و فاشیستیی لە هەموو بوارەکانی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی خەڵک بۆ ڕێگریکردن لە بەرەوپێش چوونی بزووتنەوەی جەماوەری و میحوەری سێیەمیش بریتییە لە ڕەچاوکردنی تەسلیم تەڵەبی لە سیاسەتی دەرەوەدا بەمەبەستی کەمکردنەوەی گوشارە دەرەکییەکان. میحوەری یەکەم و دووەم بەڕادەی پێویست ڕوونن و لە سەرەوەش ئاماژە بە لایەنەکانی کراوە. دەکرێت پرسی ڕەچاوکردنی تەسلیم تەڵەبی لە سیاسەتی دەرەوە لە بوارە جیاوازەکاندا بخرێتە بەر باس و لێکۆڵینەوە. لە درێژەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ عەرەبستان، میسر و شێخ نشینە عەرەبییەکانی سنووری باشووری کەنداوی فارس، سیاسەتیسەبری ستراتێژیکلە شەڕی غەززە و باشووری لوبنان، نیشانەیەکی ئاشکرایە لە سیاسەتی تەسلیم تەڵەبی و پاشەکشەکردن لە سیاسەتی دەرەوەدا. لەگەڵ پێشهاتەکانی دوای ٧ی ئۆکتۆبەر و جینایەتە دژە مرۆییەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل لە وێرانکردنی غەززە و کوشتاری بێبەزەییانەی خەڵکی بێ دیفاعی ئەو ناوچەیە، سیاسەتی دیفاع لەڕزگارکردنی قودسی شەریفولەناوبردنی ئیسرائیلبە تەواوی لەبیر چووەتەوە. سیاسەتێکی کە سەرلێشێواوی و نائومێدییەکی زۆری لە نێو لایەنگرانی ڕژیم لە ناوەوە و دەرەوەی وڵاتدا درووست کردووە. حکوومەتی ئیسلامی تەنانەت ناچار بووە کە گرووپەکانی لایەنگری خۆیشی لە عێراق کۆنترۆڵ بکات بۆ ئەوەی کە نەبنە هۆی تووڕەبوونی ئەمریکا و کاردانەوەی سەربازی ئەو وڵاتەی لێ نەکەوێتەوە. دیدار و چاوپێکەوتنە نهێنییەکانی نوێنەرانی ئەمریکا و ئێرانیش کە لە لایەن نیویۆرک تایمزەوە ئاشکرا کرا، هەوڵێکە بە همان ئاراستەدا. ئەگەری ئەوە هەیە کە حکوومەتی ئیسلامی لە بەرامبەر کۆنترۆڵ کردنی حوسییەکانی یەمەندا، ئیمکانی دەست پێڕاگەیشتن بەو سەچاوە داراییانە بەدەست بهێنێت کە لە لایەن ئەمریکاوە بلۆک کراون. پێگەی لاوازی حکوومەتی ئیسلامی لە بەرامبەر چین و ڕووسیاش کە لەگەڵ وڵاتە عەرەبییەکانی سنووری باشووری کەنداوی فارسدا بوونەتە هاودەنگ و خوازیاری پێداچوونەوەی یاسایی بە پرسی دورگەکانیئەبوومووسا و تومبی گەورە و تومبی بچووکدا بوون، پێویستە هەر لەم ئاراستەیەدا هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت. بەراوردکردنی ئاستی پەیوەندییە سیاسییەکان و ئاڵوگۆڕە ئابوورییەکانی نێوان چین و ڕووسیا لەگەڵ عەرەبستان و وڵاتانی باشووری کەنداوی فارس، لەگەڵ ئاستی ئاڵوگۆڕ و پەیوەندییەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، ئەوپەڕی لاوازیی پێگە و بێدەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی نیشان دەدات. ڕەچاوکردنی سیاسەتی تەسلیم تەڵەبانە لە سیاسەتی دەرەوەدا و ڕسوایی پێوانە دووفاقییەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوایی لە بواریمافەکانی مرۆڤدا، دوای پشتیوانی هەمەلایەنەیان لە تاوانە دژە ئینسانییەکانی ئیسرائیل لە غەززە، گوشارە دەرەکییەکانی بۆسەر ڕژیم تا ڕادەیەک کەمتر کردووەتەوە. ئەم بابەتە دەستی ڕژیم بۆ سەرکوتی هەرچی زیاتر لە ناوخۆدا ئاواڵاتر دەکات. لەم نێوەندەدا ئەو ئێرانیانەی کە خۆیان بە موعجیزە هەڵبژاردە و ڕیاکارانەکانیمافی مرۆڤی وڵاتە پاوانخوازەکانەوە هەڵواسیوە و هیوادارن ئەو وڵاتانەی کە چاویان لە حاند تاوانەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل داخستووە، پارێزەر و بەرگریکاری مافەکانی خەڵکی ئێران بن، دەبێ بڕۆن شەرم بکەن. خەڵکی ئێران شۆڕشی شکۆداری خۆیان بەوپەڕی هێز و توانا و پشتبەستن بە سەربەخۆیی خۆیان و بە هاوپشتیی نێونەتەوەیی هێزە چەپ، کۆمۆنیست، سۆسیالیست، ئازادیخواز و پێشکەوتنخوازەکان، بەرەوپێش دەبەن و ئیزنی دەستێوەردان بە هیچ هێزێکی دەرەکی لە پێشهات و ڕووداوە ناوخۆییەکانی ئێراندا، نادەن.

پێنجەمحکوومەتی ئیسلامی یەک دەستکراو، لەو هێزانە پێکدێت کە دامەزراوە ئابوورییە زەبەلاحەکانیان لەدەستدایە و ئۆرگانە نیزامی و ئەمنییەتی و هێزە ئاتەش بەئیختیارەکانیش بە ئارەزووی خۆیان ئاراستە دەکەن و هەروەها لە ڕووی ئیدیۆلۆژییەوە هێز گەلێکی کۆنەپەرست و دواکەوتوو و سەدەی ناوەڕاستن. ئەم هێزانە وەک ئاژەڵی دڕندەخوو بەرەوڕووی ناڕەزایەتی و خۆڕاگریی مەدەنییانەی زۆرینەی ڕەهای خەڵک دەبنەوە؛ ئەهریمەنێکی چەند سەری کە لە دوایبزووتنەوەی بایکۆتی هەڵبژاردنترسی لێ نیشتووە و هەوڵدەدات بزووتنەوەی نافەرمانی مەدەنی ناچار بە پاشەکشە بکات. لەمڕووەوە ئێستا پێمان ناوەتە ناو قۆناغێکی گەلێک مەترسیدارترەوە. دەزگای سەرکوت بە شێوەیەکی زۆر وەحشیانەتر دێتە مەیدان. جینایەتەکانی ئەرتەش و هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕژیمی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل مۆدێلێکی نوێی خستووەتە بەردەستی و پێوەرە دووفاقی و ڕیاکارانەکانیمافی مرۆڤی زلهێزە ئیمپریالیستەکانیش چیتر کاریگەرییەکی ئەوتۆیان لەسەر نابێت. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە شۆڕشی جەماوەریی بۆ تێکشکاندنی ئەم ئەهریمەنە وەحشییە، پێویستە چ تاکتیک گەلێک بەکار بێنێت؟ بۆ لەکارخستنی ئەم ماشێنە بێبەزەییەی شەڕ و ئەم هێزە فاشیستە سەرلێشێواوە، پێویستە تەنیا پشت بە هێزی هەرچی بەرینتری جەماوەر ببەسترێت. بەربڵاوتر کردنی بازنەی ناڕەزایەتییە مەدەنی و داواکاری تەوەرەکان، جەختکردنەوە لەسەر نافەرمانی مەدەنی لە هەموو بوارەکاندا، هەوڵدان بۆ هەماهەنگی و لێک گرێدانی بەشە جۆراوجۆرەکانی بزووتنەوە داواکاری تەوەرەکان و هەروەها هاو ئاراستەکردنی خەبات لەپێناو ناو وئازادی دا، دەتوانێت کەلێن و دووبەرەکی بخاتە ناو هێزە سەرکوتگەرەکان، قەیرانی ناوخۆی بازنەی بەرتەسکی دەسەڵات قووڵتر بکاتەوە و بەم شێوەیە یارمەتی بکات بە پرۆسەی ڕووخانی ئەم دەسەڵاتە ناوادەیە. تەنیا بەمشێوەیە و لەم پڕۆسەیەدایە کە دەتوانرێت ناوەند و ئۆرگان و ڕێکخراوە جەماوەرییەکان ڕێکبخرێن و لە ئەگەری داڕمانی پایەکانی دەسەڵاتی ڕژیمدا، بەر بە هەرچەشنە ئاڵۆزی و ڕووداوێکی نەخوازراو و کۆنترۆڵ نەکراو بگیرێت. تەنیا بەمشێوەیە دەتوانرێت بەر بە دەستێوەردانی تێکدەرانەی هێزە هەژموونیخوازەکانی ناوچەکە و جیهان بگیرێت.

شەشەمڕووبەڕووبوونەوەی ئێستای بزووتنەوەی بەربڵاو و مەدەنیی جەماوەر لەگەڵ فاشیزمی ئایینیی کۆنەپەرست، تایبەتمەندییەکی بەشێنەیی و درێژخایەنی بەخۆیەوە گرتووە. درێژەکێشانی ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە بووەتە هۆی ئەوەی کە لە لایەکەوە ئەو هێزە پڕ ئیدیعا و بێ بنەمایانەی کە بە یارمەتی میدیا بەهێزە جیهانییەکان خۆیان دەناساند، وردە وردە دەکەونە پەراوێزەوە و لاوازیی سیاسییان زیاتر ئاشکرا دەبێت. ڕسوایی سەڵتەنەتخوازەکان و بەتایبەت دوای ناوزڕاندنی ئەشکەنجەگەرێکی وەک پەرویز سابتی، یەکێکە لە نموونە هەرە بەرچاوەکانی ئەم ڕەوتە. لە لایەکی ترەوە، هێزەکانی ناوجەرگەی کۆمەڵگا کە ویست و داواکاری ڕوونیان هەیە، وردە وردە خۆیان دەبیننەوە، یەکدەگرن، خۆیان ڕێکدەخەن و داواکارییەکانیان گەڵاڵە دەکەن. خەبات و ناڕەزایەتییەکانی جەماوەر لە ساڵی ڕابردوودا دەریخست کە داواکارییەکانی خەڵک، کۆمەڵێک داواکارین کە هەندێک لە هێزە سیاسییەکان بەتایبەتی ئۆپۆزسیۆنی ڕاست ناتوانن وەڵامیان پێ بدەنەوە. جەختکردنەوە لەسەر ئازادیی بێ شەرت و مەرجی ڕادەربڕین، مافی خۆڕێکخستن و پێکهێنانی ڕێکخراوەی سەربەخۆ، ڕێزگرتن لە بیروباوەڕی تاکە کەسی مرۆڤەکان، خەبات لەپێناو مافی یەکسانی ژنان و پیاوان لە هەموو بوارەکاندا، خەبات لەدژی سەرجەم جۆر و شێوازەکانی هەڵاواردن لە کۆمەڵگەدا، زۆرێک لە هێزە ڕاستەکانی تووشی ترس و سەرلێشێواوی کردووە. داکۆکیکارانی پیاوسالاری بە هەموو جۆراوجۆرەکانییەوە، لە هێز و بوێری و چاونەترسی بزووتنەوەی ژنانی ئێران سەرسام بوون و ترسیان لێ نیشتووە. بزووتنەوەی داواکاری تەوەری کرێکاران و بێبەشان، هێندە بەربڵاو و ڕوونە کە زۆرێک لە هێزە داکۆکیکارەکانی سیستەمی سەرمایەداری بێ توانان لە جێبەجێی کردنی. تەنانەت ئاسایشی کۆمەڵایەتی هەمەلایەنە و گشتگیریش بۆ زۆرێک لەو هێزانە نابێتە دروشمێکی کردەیی و بە بیانووی جۆراوجۆر پشتگوێ دەخرێن. جەختکردنەوە لەسەر مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوە جیاوازەکانی ئێران و کارکردن بۆ پێکهێنانی یەکێتی دڵخوازانەیان، بۆ زۆرێک لە هێزە ڕاست و ناسیۆنالیست و شێوە فاشیستەکان بووەتە هێڵێکی سوور. واقیعییەت ئەوەیە کە پێگەی کۆمەڵایەتی چەپ لەم بەرەوڕووبوونەوە بەشێنەیی و درێژخایەنەدا بەهێزتر بووە و کاریگەری خۆی لەسەر پێشهاتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی وڵات دادەنێت. لەم نێوەندەدا، تەنیا ئەو هێزە چەپانەی کە باوەڕی قووڵیان بە ڕۆڵی چارەنووسسازی چینی کرێکار و زەحمەتکێش، هەژاران، ژنان و پەراوێزخراوەکانی کۆمەڵگا هەیە و داواکارییەکانیان گەڵاڵە دەکەن، دەتوانن ڕۆڵێکی بەرچاو لە پێشهاتە چارەنووسسازەکاندا بگێڕن. ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە هێزەکانی لایەنگر و بەرگریکاری ئازادییە فرە ڕەهەندەکان، دێموکراسی بەردەوام و هەمەلایەنە و سۆسیالیزمی مارکسی، بەرنامە و ستراتێژی خۆیان بۆ هەلومەرجی سەردەمی داڕمانی ئەم ئەهریمەنە بخەنەڕوو و خۆیان بۆ دواڕۆژی تێکشکانی ئەم ئەهریمەنە ئامادە بکەن، بۆ ئەوەی بتوانن وەک هێزێکی کاریگەر و شوێن دانەر بێنە مەیدان. بەبێ بوونی هێز گەلێکی لەو شێوەیە کە بەرژەوەندی قووڵایی کۆمەڵگا نوێنەرایەتی دەکەن، هێزە ڕێکخراو و بەرگریکارەکانی نەزمی سەرمایەداری، لە پێشهاتەکاندا دەستی باڵایان دەبێت و بە بیانووی بنیاتنانەوەی کاولکارییە ئابوورییەکانی فاشیزمی ئایینی، هێرشی خەڵک بۆسەر سەرمایە تێکدەشکێنن و پەنا دەبەنە بەر شێوازە ئاساییەکانی سەرکوت و کۆنترۆڵکردن بەمەبەستی ناردنەوەی خەڵک بۆ ماڵەوە. نابێت ئەم دەرفەتە مێژووییە بۆ پێکهێنانی ئاڵترناتیڤێکی ئازادیخوازانە، دێموکراتیک و وەفادار بە دەسەڵاتی زۆرینەی ڕەهای خەڵک لە کیس بچێت. لە هەر کوێیەک هەن، لە کارگە، لە قوتابخانە، زانکۆ، گەڕەک، شارەکان و گوندەکان، بەهەر ژمارەیەک کە ئیمکانی هەیە، بەو ڕێکخراوانەی ئێستاوە پەیوەست بن یان ڕێکخراوە گەلێکی پێشڕەوی خۆتان لە بوارەکانی کرێکاریی، فەرهەنگی، وەرزشی، ژنان، قوتابیان، خوێندکاران، پەلکەزێڕینەکان، ڕۆشنبیران، ژینگە پارێزان، مامۆستایان، شۆفێران، پەرستاران، پارێزەران، خانەنشینان، ماڵ خوراوەکان و بێکاران، پێک بهێنن و لەپێناو کردنیان بە ڕێکخراوێکی بەرینی کۆمەڵایەتی و گرێدانی بە ڕێکخراوەکانی دیکەوە، خەبات و تێکۆشان بکەن. بەو هیوایەی کە ساڵی داهاتوو ساڵی گۆڕانکاری و تێپەڕبوونی شۆڕشگێڕانە لە حکوومەتی ئیسلامی ئێران و گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی ئازاد و یەکسان بێت.

پیرۆزبایی هاتنی بەهار و نەورۆزی دێرین لە هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە لە ئێران و ناوچەکە و جیهان ئەم جەژنە مەزنە ڕێز لێ دەگرن. بەو هیوایەی کە وەرزی بەهار و کۆتاییهاتن بە تەمەنی سەرما و سەخڵەتی و زستان، ببێت بە بەهاری ئازادی و دێموکراسی و ژیانێکی شایستە بۆ خەڵکی شەریف و  تێکۆشەری ئێران. خەبات و تێکۆشانی بوێرانە بە پێشەنگایەتی ژنانی دلێر و بە پشتیوانی سەرجەم کرێکاران و مووچەخۆران و زۆربەی هەرەزۆری چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی خەڵکی ئێران لە ساڵی ڕابردوودا، مژدەی ئەوەمان پێدەبەخشێت کە لە ساڵی نوێدا، ئەم خەبات و تێکۆشانە بەرفراوانتر، ڕێکخراوتر، یەکگرتووتر و خاوەن پلان و بەرنامەی ڕوونتر دەبن. بەو هیوایەی کە ئەو خەبات و تێکۆشانە ماندوویی نەناسانە، هەنگاوێکی گرنگ و گەورە بێت لەپێناو کۆتایی هێنان بە زستانی سەخڵەت و تاقەت پروکێنی دەسەڵاتی فاشیزمی مەزهەبی و بهاری شکۆداری ژیان بۆ دانیشتوانی ئەم سەرزەوییە بەدیاری بهێنێ، بۆ ئەوەی سەرتایەک بێت بۆ لێک نزیک بوونەوەی هەرچی زیاتر و ئینسانی تر لەم ناوچە ئازار چەشتووەی ئێمەدا. نەورۆز و ساڵی نوێتان پیرۆز بێت!

حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کاریگەر)

بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی

سەرکەوتوو بێت شۆڕشی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران

بژی ئازادی، دێموکراسی و سۆسیالیزم

شەممە ڕێکەوتی ٢٦ی ڕەشەممەی ١٤٠٢

١٦ی مارسی ٢٠٢٤

بابەتی پەیوەندیدار

ڕاگەیاندنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە بۆنەی یەکی ئایار ڕۆژی جیهانی کرێکاری ٢٠٢٤

-

ڕاگەیاندنی هاوبەشی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر) کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بە هەموو تواناوە  پشتیوانی لە ژنانی بوێر و ئازادپۆش و لاوە قارەمانەکانیان دەکەن!

-

ڕژیم، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گۆڕی خۆی زیاتر هەڵدەکەنێ

-

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-

ڕاگەیاندنی هاوبەشی ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر) و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

-

توندتربونەوەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر مامۆستایانی مافخواز

-