کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ڕاپۆرتی به‌ڕێوه‌چوونی پلۆنۆمی ٦ی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌، هه‌ڵبژێراوی كۆنگره‌ی ١٧ به‌شی چواره‌م

155 1

155 1

بزووتنه‌وه‌ی خه‌ڵك له‌ ڕۆژه‌كانی حه‌فته‌ی كۆتایی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ری ٩٨، بێ گومان خاڵێكی وه‌رچه‌رخان بوو له‌ مێژووی نوێی ئێراندا. ئه‌و خاڵه‌ وه‌رچه‌رخانه‌ی كه‌ به‌ ڕوونی و به‌ پانتایی هه‌موو ئێران نیشانی دا كه‌ په‌یوه‌ندی ڕژیم له‌گه‌ڵ زۆرینه‌ی خه‌ڵكی ناو كۆمه‌ڵ، ئاشتی هه‌ڵنه‌گره‌. له‌ ڕاستیتدا، ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ درێژه‌ی ئاخێزی مانگی به‌فرانباری ٩٦ بوو، له‌ ئاستێكی به‌هێزتر و به‌ربڵاوتر. هه‌ر دووی ئه‌م گۆڕانكاریانه‌ په‌یوه‌ندی نێوان خه‌ڵك و ڕژیمی ده‌سه‌ڵاتداریان بردووه‌ته‌ قۆناخێكی بێ گه‌ڕانه‌وه‌ و كاریگه‌ری پایه‌داریان له‌سه‌ر كه‌ش و هه‌وای سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی ئێران داناوه‌. حه‌قیقه‌تی ئه‌م لێكدانه‌وه‌یه‌ چ له‌ كرده‌وه‌ی خه‌ڵك و چ له‌ هه‌ڵسووكه‌وتی ڕژیمدا ده‌بیندرێ. سێ به‌رابه‌ر بوونی له‌ناكاوی نرخی بێنزین، چه‌خماخه‌یه‌ك بوو كه‌ ڕق و تووڕه‌یی پنگ خواردووی ده‌یان ساڵی خه‌ڵكی بێبه‌شی ئێرانی گه‌شانده‌وه‌. له‌ ماوه‌ی كه‌متر له‌ شه‌و و ڕۆژێكدا شه‌ڕێك دژبه‌ ڕژیم ده‌ستی پێكرد كه‌ له‌ مێژووی ٤٠ ساڵه‌ی ته‌مه‌نی ڕژیمی ئیسلامیدا، به‌و پانتاییه‌ نموونه‌ی نه‌بوو.

كۆماری ئیسلامی بڕیاری دابوو كه‌ به‌ لێدانی شۆكێكی ئابووری، له‌ لایه‌كه‌وه‌ له‌ ڕێگه‌ی دزی له‌ گیرفانی خه‌ڵك به‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌رین له‌ داهات بگات و له‌ لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ ڕاده‌ی توانای جه‌ماوه‌ر بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌كانی دواتر ‌تاقی كاته‌وه‌. ڕژیم لای وابوو كه‌ گران كردنی بێنزین مه‌ترسی كه‌متره‌ له‌ گران كردنی ڕاسته‌وخۆی بژیوی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵك. هه‌ربۆیه‌ ده‌یانویست له‌ ڕێگای یه‌كه‌مه‌وه‌ به‌ره‌ به‌ره‌ به‌ ئامانجی دووهه‌میان بگه‌ن، تا شایه‌د خه‌ڵك عاده‌تی پێ بگرن و هاوكات له‌م ماوه‌یه‌شدا چاوترسێنیان بكه‌ن. ڕژیم به‌ ئاماده‌یی ته‌واوه‌وه‌ شه‌ڕی ده‌ستپێكرد و هه‌وڵی دا تا به‌ كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ ئه‌سڵی خافڵگیری، ئه‌م به‌ره‌نگاربوونه‌یه‌ كه‌ به‌ هه‌ر حاڵ به‌ حه‌تمیی ده‌زانی، تێپه‌ڕ بكات، به‌ڵام شه‌پۆلی خرۆشاوی ئاخێزی خه‌ڵك، لێكدانه‌وه‌كانی ڕژیمی شێواند.

هێزه‌كانی كۆماری ئیسلامی له‌ پتر له‌ ٢٩ ئۆستان و ١٥٠ شار و شارۆچكه‌ی ئێران، له‌ حاڵێكدا ڕووبه‌ڕووی خه‌ڵك بوونه‌وه‌ كه‌ ڕژیم به‌ قه‌تع كردنی ئینتێرنێت ڕێگاكانی په‌یوه‌ندی خه‌ڵكی ناڕازیشی به‌ستبوو. خامنه‌یی به‌ درووست به‌رینایی ئه‌و شه‌ڕه‌ی به‌قه‌د جوگرافیای ئێران وه‌سف كرد. به‌ره‌یه‌كی ئه‌و شه‌ڕه‌ نابه‌رابه‌ره، بێبه‌شترین و چه‌وساوه‌ترین و بێ مافترین ئینسانه‌كانی كۆمه‌ڵگا پێكیان هێنابوو و به‌ره‌كه‌ی دیكه‌شی  دوژمنێكی دڕنده‌ و ڕێكخراو و پڕچه‌ك بوو. دوژمن كه‌ ده‌یزانی جه‌ماوه‌ری  خه‌ڵك به‌ كۆبوونه‌وه‌ و ده‌ست له‌ ناو ده‌ستی یه‌ك خستن، چۆنیه‌تی نوێ له‌ هێز و ئیراده‌ ده‌خوڵقێنن، پێشتر بڕیاری دابوو كه‌ به‌ربه‌ به‌ڕێوه‌چوونی كۆبوونه‌وه‌ی به‌رینی خه‌ڵك بگرێت. هه‌ربۆیه‌ هێزه‌كانی له‌ ئاست شاره‌كان، له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانی په‌راوێزی شاره‌كان، له‌ شوێنی كه‌سب و كاری خه‌ڵك، له‌ مه‌یدانه‌كان بڵاو كرده‌وه‌. ئه‌وان شه‌ڕ و ئاڵۆزییه‌كانی سه‌ر شه‌قامیان به‌سه‌ر خه‌ڵكدا سه‌پاند، تا پێش به‌ شكڵ گرتنی كۆبوونه‌وه‌ی به‌رین و په‌یوه‌ست بوونی خه‌ڵك به‌ ڕیزی ناڕازیان بگرن. دوژمن هه‌ر له‌ یه‌كه‌مین ساته‌كانی شكڵ گرتنی ناڕه‌زایه‌تیه‌كانه‌وه‌، ده‌ستی بۆ چه‌ك برد و فه‌رمانی “ته‌قه‌ كردنی” ده‌ركرد.

له‌ ئاخێزی مانگی به‌فرانباری ٩٦ه‌وه‌ به‌ره‌وئه‌ملا، ڕژیم به‌ باشی بۆی ده‌ركه‌وت كه‌ دووڕوویی و فریوكاری و ته‌نانه‌ت دانی ورده‌ پوانیش كارایی نه‌ماوه‌ و ته‌نیا به‌ دیكتاتۆری و زۆره‌ملی ده‌توانێ به‌سه‌ر خه‌ڵكدا حكوومه‌ت بكات. له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ ئه‌و ڕاستیه‌ له‌ ئاخێزی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ردا بۆ خه‌ڵكیش ده‌ركه‌وت كه‌ بۆ هه‌ر دووك به‌ره‌ی ئه‌م شه‌ڕه‌ ڕێگایه‌ك بۆ ئاشتی و پێكه‌وه‌ ژیان نه‌ماوه‌ته‌وه‌. له‌م شه‌ڕه‌ چاره‌نووس سازه‌دا به‌ره‌یه‌ك بۆ “نان، كار و ئازادی” به‌شه‌ڕ دێت و به‌ره‌كه‌ی دیكه‌ش بۆ درێژه‌دان به‌ ده‌سه‌ڵاتی ناڕه‌وای خۆی.

ئه‌گه‌رچی ئه‌وه‌ یه‌كه‌مین جار نه‌بوو كه‌ ڕژیم له‌ به‌رامبه‌ر ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵكدا ده‌ستی ده‌دایه‌‌ خوێنڕێژی و توندوتیژی، به‌ڵام پانتا و به‌رینایی ئه‌م وه‌حشیگه‌ریه‌ له‌ مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ردا نیشانی دا كه‌ خه‌ڵك بۆ سه‌ركه‌وتن له‌م شه‌ڕه‌دا و بۆ كه‌م كردنه‌وه‌ زیانی گیانی، پێویستیان به‌ ئاماده‌یی زیاتر، ئامرازی كارامه‌تر و گه‌شه‌ پێدانی تاكتیكی خه‌باتكارانه‌یه‌. بێ گومان، هه‌تا خوڵقاندنی باروودۆخێك كه‌ تێیدا دوایین هێرش بۆ ڕووخاندنی كۆماری ئیسلامی و داگیركردنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ڕێكبخرێ، چه‌ندین‌ هه‌نگاوی دیكه‌مان له‌پێشه‌. نابێ دوژمن كات و شوێنی شه‌ڕمان بۆ دیاری بكات، نابێ ڕێگه‌ بدرێ دوژمن ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی پێش وه‌ختمان به‌سه‌ردا بسه‌پێنێ.

ئه‌گه‌رچی ئاخێزی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ری ٩٨، دوای حه‌فته‌یه‌ك له‌ شكڵی خرۆشانی خۆی دا نه‌ما، به‌ڵام ئه‌م كاره‌ ته‌نیا به‌ كوشتار و جه‌نایه‌تی دژه‌ مرۆیی و خستنه‌ زیندانی هه‌زاران كه‌س به‌كرده‌وه‌ ده‌رهات. سه‌‌ره‌ڕای ئه‌و دامركانه‌وه‌یه‌‌، هاوسه‌نگی هێز له‌ نێوان خه‌ڵك و ڕژیم به‌ قازانجی خه‌ڵك گۆڕاوه‌. هه‌ڵسه‌نگاندنی ئاخێزی به‌فرانباری ٩٦ و خه‌زه‌ڵه‌وه‌ری ٩٨ به‌ ڕوونی گۆڕینی هاوسه‌نگیی هێزمان له‌ گۆڕه‌پانی ئه‌و شه‌ره‌دا پێ نیشان ده‌دا. به‌كارهێنانی توندوتیژیی زیاتر دژبه‌ خه‌ڵكی ناڕازی نیشانه‌ی چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی هێزی خه‌ڵك بوو. له‌ به‌فرانباری ٩٦دا خه‌ڵكی ناڕازی له‌ زۆرێك له‌ گه‌وره‌شاره‌كانی ئێران له‌وانه‌ تاران نه‌هاتبوونه‌ مه‌یدان. به‌ڵام له‌ ئاخێزی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ری ٩٨دا، به‌رینایی ناڕه‌زایه‌تیه‌كان چه‌ندین به‌رابه‌ر بوو و گه‌وره‌ شاره‌كانیشیان گرته‌وه‌ به‌ جۆرێك كه‌ ڕژیم ناچار بوو هێزی زیاتر بێنێته‌ مه‌یدان. له‌ به‌فرانباری ٩٦دا ڕێفۆرمخوازه‌كانی دوورخراو له‌ ده‌سه‌ڵات، ئه‌و غیره‌ته‌یان به‌خۆیان دا كه‌ به‌ ئاشكرا له‌ به‌رامبه‌ر بزووتنه‌وه‌ی خه‌ڵك ڕاوه‌ستن و خۆیان خسته‌ پاڵ لایه‌نی ده‌سه‌ڵاتداره‌وه‌، به‌ڵام له‌ خه‌زه‌ڵوه‌ری ٩٨دا هه‌ر ئه‌م كه‌سانه‌ به‌ ئاگاداربوون له‌ هێزی خرۆشاوی خه‌ڵك، یان خۆیان مات دا و بێده‌نگیان گرته‌به‌ر و یان بوون به‌ ئامرازی فریوكاری باڵی ده‌سه‌ڵاتدار. ئه‌وان بۆ ده‌ربازكردنی ڕژیمی ئیسلام له‌م قه‌یرانه‌ ده‌ستیان كرد به‌ وته‌وتی داماوانه‌ و ڕه‌خنه‌ گرتن له‌ لایه‌نی دسه‌ه‌ڵاتدار تا به‌ڵكوو به‌مجۆره‌ ڕێگایه‌كیش بۆ ده‌ربازكردنی خۆیان بدۆزنه‌وه‌. له‌ به‌فرانباری ٩٦دا هێشتا كۆماری ئیسلامی به‌ نفوزی له‌ وڵاتانی عێراق و لۆبنان خۆی ده‌نواند و له‌وه‌ش وه‌ك ئامرازی درێژه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌سه‌ر خه‌ڵكی ئێران كه‌ڵكی وه‌رده‌گرت. به‌ڵام ئه‌مڕۆكه‌ ڕژیم له‌م وڵاتانه‌ش پێگه‌یه‌كی نه‌ماوه‌ و له‌گه‌ڵ ئاخێزی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك به‌ره‌وڕوو بووه‌ته‌وه‌. ئه‌مڕۆ خامنه‌ییش هه‌ر به‌و له‌فز و زمانه‌وه‌ باسیان لێده‌كات كه‌ سه‌باره‌ت به‌ ئاخێزی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی ئێران ده‌دوێ.

له‌ حاڵێكدا كه‌ هیچ به‌رچاو ڕوونیه‌ك بۆ باشتر بوونی باروودۆخی ژیانی خه‌ڵك بوونی نییه‌، بێ گومان كورتر له‌ مه‌ودای نێوان ئاخێزه‌كانی ٩٦ و ٩٨، له‌ داهاتوودا شایه‌دی ئاخێزی دیكه‌ ده‌بین. له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ردا هه‌ر دوو به‌ره‌ی ئه‌م شه‌ڕه‌، به‌ره‌ی شۆڕش و دژه‌ شۆڕش، هێز و توانای خۆیان هه‌ڵسه‌نگاند و  خاڵی لاواز و به‌هێزی خۆیانیان ناسی تا له‌ به‌ره‌وڕوو بوو‌نه‌وه‌كانی داهاتوودا ده‌رسیان لێوه‌رگرن. كۆبه‌ندی ده‌رس و ده‌ستكه‌وته‌كانی بزووتنه‌وه‌ی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر بۆ به‌ره‌ی شۆڕش كه‌ به‌ قیمه‌تی فیداكاری و گیان بازی به‌ده‌ست هاتوون و ده‌ست نیشان كردنی ئه‌و ئه‌ركانه‌ی كه‌ له‌م نه‌به‌رده‌ چاره‌نووس سازه‌دا ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر شانی پێشڕه‌وان و خه‌باتكارانی كۆمۆنیست بۆ به‌ره‌ی شۆڕش، ئه‌مرێكی حه‌یاتیه‌.

درێژه‌ی هه‌یه‌…