نزیک بە مانگێک لە بهرواری دەستپێکردنی هێرشی هێزەکانی ئیئتیلافی عێڕاقی ژێر پشتیوانی هەوایی هاوپهیمانێتی نێونەتەوەیی بە ڕێبەریی ئامریکا بۆسەر موسڵ، دووهەمین گهوره شاری پڕجەمعیەت و ئیستراتێژیکی عێراقدا تێپەڕ دەبێت، ئەم هێرشە ڕۆژی دووشەممە ٢٦ ی مانگی ڕەزبەر لە چەند مێحوەرەوە بە بەشداریی هێزەکانی ئەڕتەشی عێراق، میلیشیای شیعەی ” حەشدی شەعبیی” سهر به کۆماری ئیسلامیی، هێزەکانی پێشمەرگە و حەشدی عەشایریی ڕاهێنراو لە لایەن تورکییە، دەستی پێکرد. ئەگەرچی لە سەرەتای عەمەلیاتەکەدا هێزەکانی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی لە تەبلیغاتەکانیاندا باسیان لە پێشڕەویی خێرا و خۆڕاگریی کەمی داعش دەکرد، بەڵام وەک چاوەڕوان دەکرا داعش شەڕ و دیفاعی سەرەکیی لە خیلافەتە ئیسلامییەکەی بۆ نزیکبوونەوەی هێزەکانی عێراق بۆ دەوروبەری شار دانابوو. هێزە عێراقیەکان لەژێر پشتیوانی و هێرشی ئاسمانیی هاوپهیمانهكان بە ڕێبەریی ئامریکا، توانییان لە مهودای دوو هەفتەی یەکەمی شەڕدا، گەلێک شارۆچکە و گوند لەوانە قەرهقوش، بەعشیقە، گۆگجەلی و ئەلکەرامە لە دەوروبەری موسڵ لەدەست هێزەکانی داعش دەربێنن.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی زیاتری هێزە عێراقیەکان لە موسڵ، ئەبووبەکر بەغدادیی ڕێبەری داعش ڕۆژی ١٣ ی ڕەزبەر لە ڕێگهی نەوارێکی دەنگییەوە، ڕایگهیاند كه شەڕی موسڵ جیهادی ئەکبەڕی دەوڵەتی ئیسلامییه و داواشی لە هێزەکانی کرد كه پاشەکشە نەکەن. بەشوێن ئەوەدا لە ماوهی دوو هەفتەی ڕابردوودا پێشڕهویی هێزە عێراقییەکان، خهسار و تەلەفاتێکی زۆری بۆیان بهدواوه بووه کە ئهمهش بههۆی هێرشه خۆکوژییهكانی داعشهوه بووە. لەگەڵ ئەوەدا داعش دەیان کەس لە خەڵکی مووسڵ بە تایبەت لاوانی بە تۆمهتی سیخوڕیی یان لهبهر هەڵاتن لەشار، داوەتەبەر گوللە و ئێعدامی کردوون و كهشوههوایهكی قورسی لهم چهشنهی بە ئامانجی دروستکردنی ترس و وەحشەت بهسهر شاردا زاڵ كردووه.
ئاشکرایە بە لەبەرچاوگرتنی باڵادەستیی هێزه عێراقییهكان، چ لەباری تێکنۆلۆژیی و لۆجێستیکی و چ لەباری ژمارەی هێزەوە، درەنگ یان زوو موسڵ لەدەست هێزەکانی داعش دەردێت. بەڵام مەسەلەی سەرەکیی ئەوەیە کە بە سهرنجدان به حوزور و دهخاڵەتی ئەو هێزە زۆرەی کە هەر کامەو ئامانج و بەرژەوەند و مەسڵەحەتێکی جیاوازی لە ناوچەکەدا هەیە، چارەنووسی موسڵ و خەڵکەکەی لهدوای وەرگرتنەوەی موسڵ لە دەست هێزەکانی داعش چۆن دەبێت.
بە هۆی ڕقابەت و ململانێ ناوچەییەکانی دوو ڕژیمی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامیی و تورکییە و حوزور و دهخاڵەتی ئەم دوو دەوڵەتە و ئامانجی فراوانخوازانەیان، مهترسیی ئەوەش دهكرێ کە خەڵکی مووسڵ دوای ڕزگاربوون لە دۆزەخێک کە داعش لە ماوهی دوو ساڵی ڕابردوودا بۆی دروست کردبوون، لەسهر بهستێنی هەڵخڕاندنی هەستی کۆنەپەرهستانەی فیرقەیی و مەزهەبیی نێوان گروپە شیعە و سوننهكان، لە لایەن ئەم دوو دەوڵەتەوە، گیرۆدەی دۆزەخێکی دیكه بكرێن و ڕزگاربوون لێی، بۆیان گەلێک دژوارتر و خوێناویتر لە داعش بێت. دەوڵەتی ئهردۆغان بە ئامانجی پەرەدان بە نفوز و دهسهڵاتی، وێڕای ئەوەیکە حوزوری خۆی بە بیانووی داوای حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دامەزراندنی پێگەی نیزامیی لە نزیک بەعشیقەی بەهێز کردووە، لەژێر ناوی دیفاع لە خەڵکی عەڕەب و تورکەمەنی سوننهی موسڵ لەبەرانبەر مەترسیی حەشدی شەعبیدا، دەستیداوەتە ئاموزشدان و چەکدارکردنی میلیشیای دهست پهروهردهی خۆی واتە “حەشدی عەشایری”. دەوڵەتی ئهردۆغان بهنیازه بەم کارەی، باری کێشە ناوخۆییەکانی خۆی سووک بکات و وێڕای زهبروهشاندن لە نەیارەکانی بە تایبەت پهكهكه، لە عێراقیش داوای بەشی خۆی بکات. ڕژیمی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامیش کە لەناو دەوڵەتی شیعەی عێراقدا نفوزێکی زۆری هەیە، لهڕێگهی ناردنی حەشدی شەعبی بۆ باشوور و ڕۆژاوای مووسڵ، لە لایەکەوە دهیههوێ مەسیری زەمینیی پێوەندی لەگەڵ سوورییە و لەوێشهوە بۆ لای حیزبوڵڵای لوبنان لە عێڕاقەوە دابین بکات و لە لایەکی دیکەشهوە دوای دەرکرانی هێزەکانی داعش لە مووسڵ، بەربە چوونی هێزەکانی داعش لە عێڕاقەوە بۆ سوورییە و پەیوەستبوونیان بە هێزە نەیارەکانی بەشار ئەسەد بگرێ. سهرهڕای ئهمه، لە سەرکوتی هەر حەڕەکەتێکی ناڕەزایەتیی عەڕەبە سوننەکانی عێراقیش لەدژی حکومەتی شیعەی ئەم وڵاتەدا دەستی باڵای هەبێت. کردار و کوشتاری بەکۆمەڵی خەڵکی ناوچەی سوننهنشین لە شارەکانی ئهلڕهمادی و فەللوجە لە لایەن هێزەکانی حەشدی شەعبییەوە، دوای وهرگرتنهوهی ئهم ناوچانه لە دەستی داعش، نموونەی کرداری دوژمنكارانهی دەوڵەتی عێراق بوو لەدژی خەڵکی ناوچە سوننهنشینەکان. ڕێك ههروەک ئهو جهنایهتانهی کە حکومەتی سەددام لە سەردەمی دهسهڵاتدارێتێدا لەدژی شیعەکانی باشووری عێراق ئەنجامی دهدان. ڕەنگە ئەم نیگەرانییە واقعییەی خەڵکی ناوچە سوننهنشینەکان لە جەنایەتی هێزە شیعەکانی دهست پهروهردهی کۆماری ئیسلامیی، ببێتە هۆی ئەوەیکە ئەوان لە بەرانبەر داگیرکرانی شار و گوندهكانیان لە لایەن داعشەوە کە ئەوکات ماهیەتیان بۆیان ئاشکرا نەبوو، خۆڕاگرییەک لە خۆیان نیشان نەدەن. پێویست بە وەبیرهێنانەوەیە كه ئەم ڕقابەت و کێشمەکێشانە لە لایەن تورکییەوە لەجیاتی دەوڵەتانی کۆنەپەرستی عەڕەبستان و قەتەر و بە یارمەتیی ئەوان لە ئارادایە.
هێزێکی دیکە کە لە شەڕ لەگەڵ داعش حوزور و دەخاڵەتی هەیە، هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانن. ئەوان سەرەڕای ئەو کێشە و موشکلاتەی کە لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیی عێڕاقدا هەیانە، لەژێرناوی شەڕ لەدژی تێرۆر بوونەتە بەشیک لەم شەڕە. بەشداریکردن لەم شەڕەدا ههتا ئێستا بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەم لەباری گیانیی و هەم لە باری داراییهوه، هەزینەیەکی زۆری هەڵگرتووە. ههتا ئەو جێگایەی كه ههڵدهگهڕێتهوه سهر ناوچە کێشەلەسەرهکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیی، حکومەتی هەرێم پلانێكی بۆ ئیجرای ماددەی ١٤٠ی یاسای بنهڕهتیی عێڕاق و داهاتووی ئەو ناوچانەی کوردستان نییه کە کێشەیان لەسەرە و به ناوچه جێناكۆكهكان دهناسرێنهوه. چهند ڕۆژ لهمهوبهر حەیدەر عەبادی ڕایگەیاند کە سنووری هەرێمی کوردستان هەمان چوارچیوە دەبێت کە لە ساڵی ١٩٩١دا بووە و نەک ئەو ناوچانەی کە دوای ساڵی ٢٠٠٣ هێزە کوردەکان خستوویانەتە ژێردەستی خۆیان، ههر بۆیهشه خەڵکی ئهم ناوچانهی کوردستان نیگەرانی داهاتوویانن. ئەوان باش دەزانن کە دوای گرتنەوەی مووسڵیش، چ داهاتوویەکی لێڵ لە چاوەڕوانیان دایە.
بەدەر لە هەموو ئەم ناکۆکیی و کێشە و گرفتانە، گومان لهوهدا نییە کە لە شەڕی بەناو “ئازاد کردنی مووسڵ”یشدا، وەک باقی شارە شەڕلێدراوەکان، بەهۆی بۆمباران و شەڕی ماڵ بە ماڵهوه بههەزاران کەس گیانیان لەدەست دەدەن، بەشیکی زۆری ئەمشارە دەبێتە وێرانە. هەر لە ئێستاوە دەیان هەزار کەس لە خەڵک ئاوارە بوون و ڕۆژانەش ههتادێ، بە ژمارەیانەوە زیاد دەبێت.
واقعییهت ئەوەیە كه ههتا كاتێك کە لە عێراقدا هێزێکی کۆنەپەرستی مەزهەبیی دەسەڵاتی لەچنگ خۆیدا پاوان کردبێ و هێزە کۆنەپەرستە ناوچەییەکانی وەک ڕژیمی ئیسلامیی ئێران، ڕژیمی فاشیستی تورکییە و حکومەتی عەڕەبستانی سعودیی، بە پشت بەستن بە تاقم و دهستهی وەک حەشدی شەعبی و حەشدی نیشتمانیی و باڵەکانی قاعیدە، عێراقیان کردبێته مەیدانی ململانێ و ڕمبازێن و لهڕێگهی پەرەدان بە تەفرەقە و دوژمنایەتیی خوێناوییهوه خەڵکی ئازارچەشتویان خستبێته پەڕاوێزی سیاسەتەوە، نە مووسڵ و نە بەغدا و نە هیچ جێگهیەکی دیكهی عێراق، ڕووی ئاشتیی و ئارامیی و ئەمنییەت و ڕیفاه بە خۆیانهوه نابینن.