کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

پەیامێکی ڕوون بۆ بەکرێگیراوانی خۆجێی حکومەتی ئیسلامی لە کوردستان

 

  

لە ماوەی ئەم ساڵانەی دواییدا ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە شێوەی جۆراو جۆر ژمارەیەک لە کەسانی خۆجێی بە شێوەی بەسیج و پاسدار خستۆتە خزمەت خۆیەوە، یان وەک سیخوڕ لە دەزگا ئەمنیەتیەکانیدا جێی کردونەتەوە و بۆ سەرکوتی خەڵکی کوردستان بە کاریهێناون. خەڵک ئەم کەسانەی سەربە ڕژیم بە باشی دەناسن. ئەوان بە شێوەی ئاسایی لە نێو خەڵکدا دەژین و چاویان لەنێو چاوی خەڵکێکدایە کە لەم رۆژانەدا بۆ دەستەبەر کردنی مافە سەرەتاییە پێشێل کراوەکانی گەلی ئێران هاتونەتە مەیدان. بەڵام ئەم کەسانە لە بارودۆخێک درێژە بە بەکرێگیراوی خۆیان ئەدەن کە حکومەتی ئیسلامی کەوتۆتە سەرەولێژی ڕوخان، و بێ گومان ئیتر وەزعەکە ناگەڕێتەوە بۆ بارودۆخی دوو مانگ لەوە پێش.

  بە ملیۆن کەس لە خەڵکی ناڕازی و بێزار لە کۆماری ئیسلامی خوازیاری گۆڕانی ڕژیمی سیاسی و ڕوخانی حکومەتی ئیسلامین. خۆپیشاندان و مانگرتنی رۆژانە ئاستێکی بەرینتری بە خۆیەوە گرتوە و حکومەت و دەزگا سەرکوتگەرەکانی لە نێوخۆدا ماندوو هێلاکن. لە دەرەوەی وڵاتیش زیاتر لە شەش ملیۆن کۆچبەر و پەنابەری ئێرانی لە زۆربەی وڵاتاندا خۆپیشاندانی دیان و سەدان هەزار کەسی لەدژی حکومەتی ئیسلامی دەخەنە ڕێ و ڕای گشتی جیهانی پشتگر و پشتیوانی داخوازییە ڕەواکانیانە. حکومەتی ئیسلامی داماوە و قەیرانی لێکهەڵوەشان بەرۆکی گرتوە. ژنان، کرێکاران، خەڵکی کوردستان و بەلوچستان، کەمینە نەتەوەیی و مەزهەبیەکان، خوێندکاران، هونەرمەندان و وەرزشکاران، بازاڕیان و خانەنشینان، فەرهەنگیان و نووسەران بەگشتی دژایەتی خۆیان لەگەڵ حکومەتی ئیسلامی نیشان داوە و سەڵای دەروشمی ڕوخانی حکومەتی ئیسلامی هەموو گۆشە و کەناری وڵاتی تەنیوەتەوە.

  ڕژیم ئاگاهانە هەوڵ ئەدات بەکرێگیراوانی خۆجێی زیاتر لە پێشو لە بەرانبەر خەڵکدا ڕابگرێت و ڕێگای گەڕانەوەیان بۆ نێو خەڵکی شەریف و ئازادی خوازی کوردستانیان لێ ببڕێت. نەفرەتی ڕەوای خەڵکی کوردستان لە بەکرێگیراوانی خۆجێی، لەم هێزە خۆفرۆش و گەندەڵە شاراوە نییە.

  کۆمەڵە داوا لە بەکرێگیراوانی خۆجێی دەکات هەرچی زووە و بەبێ ماتڵبوون ڕیزی خۆیان لە ڕیزی هێزە داگیرەکەرەکانی حکومەت لە کوردستان جیا بکەنەوە. پێویستە بە شێوەی ئاشکرا لە دێهات و ناوچە و شارەکانی خۆیان بە هەرشێوەیەکی کە خۆیان بە گونجاوی دەزانن جیا بوونەوەیان لە حکومەت بە ئاگاداری خەڵک بگەیەنن و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی لێ ئاگادار بکەنەوە. جیا بوونەوە لە ڕیزەکانی هێزی داگیرکەر لە پلەی یەکەمدا بە قازانجی خودی بەکرێگیراوانی خۆجێی و بنەماڵەکانیانە. ئەگەر بەکرێگیراوانی خۆجێی دەیانەوێ خۆیان و بنەماڵەکانیان بتوانن لە کوردستاندا بژین، پێویستە هەر ئەمڕۆ لە ڕێزی دوژمن بێنە دەرێ و داوای لێبوردن لە خەڵکی شەریف و ئازادی خواز بکەن. سبەینێ و لە رۆژەکانی کۆتایی حکومەتدا گەلێک درەنگ دەبێت و بێ گومان بەکرێگیراوانی خۆجێی هەزینەیەکی قورس بۆ مانەوە لە ڕیزی ڕژیمدا ئەدەن. ئەمە پەیامی ئێمەیە بۆ بەکرێگیراوانی خۆجێی لە کوردستان، هەر ئەمڕۆ و بەبێ ڕاوەستان دەست لە هاوکاری لەگەڵ کۆنەپەرستان و جەنایەتکارانی کۆماری ئیسلامی هەڵگرن، دەنا دڵنیا بن یەک بە یەکتان خەیانەتکاران بە خەڵکی کوردستان، هەزینەیەکی قورس بۆ درێژەدان بە هاوکاری لەگەڵ حکومەتی ئیسلامی ئەدەن.

بابەتی پەیوەندیدار

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-

توندتربونەوەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر مامۆستایانی مافخواز

-

ڕژیمی ئیسلامی لە سەنگەری سەپاندنی حیجابی ئیجباری، پاشەکشەی پێدەکرێت

-

شەڕ ئامرازێک لە دژی خەڵک، لە خزمەت مانەوەدا

-

ناڕەزایەتی جیهانی لەدژی بەردەوامبوونی جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە

-

داماویی و بێدەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ئاست ژنانی ئازادپۆش

-