کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

پەیامی حیزبی کۆمۆنیستیی ئێران بە بۆنەی دەسپێکی ساڵی نوێ خوێندن 14.2.1401

ڕۆژی شەممە دووی مانگی ڕەزبەر ساڵی نوێ خوێندن لە ئێراندا دەست پێدەکات. لەم ڕۆژەدا زیاتر لە 15 ملیۆن منداڵ و تازەلاو و زیاتر لە 4 ملیۆن خوێندکاری زانکۆ، هاوکات لەگەڵ یەک ملیۆن و نیو مامۆمستای قوتابخانە و دەیان هەزار مامۆستای زانکۆ، ساڵی نوێ خوێندن دەست پێدەکەن. ئامارەکان ئەوەمان پێ نیشان دەدەن کە زیاتر لە 2 ملیۆن قوتابی بە هۆی هەژاری بنەماڵەکانیان لە خوێندن دوور کەوتونەتەوە. ساڵی نوێی خوێندن ئەمساڵ لە بار و دۆخێکدا دەس پێ دەکات کە شەپۆلێکی نوێ لە خۆپیشاندان، مانگرتن و ناڕەزایەتی سەرتاسەری ئێرانی گرتۆتەوە. مامۆستایان، خوێندکارانی زانکۆ و ناوەندەکانی خوێندنی باڵا، خۆیان بەشێکن لەم بزووتنەوە گشتییە لە دژی کۆماری ئیسلامی. هەر بەم بۆنەوە چاوەڕوان دەکرێت کرانەوەی زانکوەکان و ناوەندەکانی خوێندن نە تەنیا ئەوان لە هاوخەباتەکانیان، کە شەقامەکانیان کردوەتە سەنگەری خۆڕاگری و خەبات، جیا ناکاتەوە، بەڵکو هاوکات شوێنەکانی خوێندن دەکاتە ناوەندەکانی پڕ جۆش و خرۆشی ئەم بزوتنەوە سەراسەرییە. کۆماری ئیسلامی کە لە دەور و نەقشی کاریگەری خوێندکاران لە بەهێزتر کردنی ئەم ناڕەزایەتییانە ئاگادارە، دەیهەوێت بە ئانلاین و ئینترنێتی کردنی ئەمری فێرکردنی خوێندن، خوێندکاران بخاتە سوچی ماڵەکانیان. ئەزمونی ڕۆژانی ڕابردوو و بەگشتی ئەزمونی بزوتنەوەی خوێندکاری ئێران ئەوەمان پێ نیشان دەدات کە خوێندکاران هاوڕێ لەگەڵ مامۆستایانی بەدەربەست هەم دەتوانن لە سەر فێرکردنەکانی زانکۆیی خۆیان بەردەوام بن و هەم بەشێکی جیا نەکراوەی لە ناڕەزایەتی و یەکگرتوویی سەرتاسەری بن. مامۆستایانی قوتابخانەیش دەتوانن هەر ئەم ئەزمونە لە ئاستە جیاوازەکانی خوێندن دا بە کار بێنن. لە درێژەی چوار دەیەی ڕابردوودا، زاڵ بوون بە سەر بواری فێر کردن و بارهێنان دا یەکێک لە ئاستەنگییەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بووە. ڕژیم بۆ زاڵ بوون بە سەر ئەم بوارەدا و بەرگرتن لە شکستی دین بەرانبەر بە زانست، قوتابخانەکانی کردۆتە مەکتەبی  فێر کردنی مەزهەب، خۆرافات و مەکتەبی فێر بوونی توتی وار. لەم جۆرە شوێنانەدا بە جێگای ئەوەی کە یارمەتی منداڵان و نەسڵی لاو بدرێت تا خۆیان و جیهانی دەور و بەریان هەر ئەو جۆرەی کە هەیە بناسن، قوتابیەکان مەجبور دەکەن کە مێشکیان  پڕ بکەن لە بڕێکی زۆر لە زانیاری ناپێویست، زیادی و بەلاڕێدا براو. لە قوتابخانە و ناوەندەکانی فێرکردنی ئێران بە جێگای ئەوەی کە دوایین دەستکەوتەکانی زانستی و کۆمەڵە زانستی مرۆڤانە لە ئەمری فێر کردن و بارهێنان دا بە کار بێنن و قوتابیان لە دوایین پێشکەوتنەکانی زانستی و ئاڵ و گۆڕەکانی کۆمەڵایەتی و کولتوری ئاگادار بن، بڕێکی زۆر و قورس لە ڕێگای بابەتە دەرسییەکانەوە بڕێکی زۆر لە خورافاتی ئایینی دەکرێتە مێشکیانەوە.

قوتابیان هەر لە ساڵانی سەرەتای خوێندن و مەدرەسەوە دەبێت شێوازی نوێژ خوێندن و ڕۆژوو گرتن فێر بن و لەگەڵ نەسیحەت و بەسەرهات و ئەخلاقیاتی پەیغەمەرەکان و ئیمامەکان ئاشنا بن. کچان دەبێت فێر بن چۆن لەگەڵ ڕەگەزی دووهەم بوون، بێ مافی و جێگا و شوێنی بن دەستی کە کتێبی ئاسمانی بۆی هێناون ، ڕابێن. دەبێت فێر بن کە چۆن لە ژێر چارشێو و مەقنەعەدا تاڵی پرچەکانیان داپۆشن. زیرەک ترین و بیر تیژ ترین و تواناترین قوتابیان دەبێ ببنە حافزی قورئان.

کتێبەکان و بابەتە ئەدەبییەکان بە بێ سەرنج دان بە توانا تاکە کەسییەکان، زەوق و هونەری قوتابییەکان بوونەتە کەرەسەیێک بۆ پەرەپێدانی خورافات. بڕگە و ناوەرۆکی کتێبەکان نمبە هیچ شێوازێک سەرنجی پێویستی و بابەتێکی لاوان نادات.  قوتابیان بۆ بە دەس هێنان نومرەی قەبوڵی و چوونە پۆلی سەرەوەتر، بڕگەکانی  توتیوارلە بەر دەکەن، بە بێ ئەوەی کە سەرنجیان ڕابکێشێت و زەوقی ئەدەبی ئەوان هەڵخڕنێت. کتێبەکانی مێژوو نە تەنیا نابنە هۆی ئاشنا بوونی قوتابیان لەگەڵ مێژووی ڕاستی تەواوی کۆمەڵگا، بەڵکو لە ڕێگای بەلاڕێدا بردنی مێژوو و ئاوەژوو نیشان دانی ڕاستییەکانی مێژو و باس کردنی یەک لایەنەی کەسایەتییە مێژوییەکان، بە بێ ئاماژە بە بار و دۆخی کۆمەڵایەتی دەرکەوتنیان، دوور لە هەر جۆرە ڕوانینێکی ڕاستی بار دێنن و هەر جۆرە مەیلێکی لێکۆڵینەوە و خوێندن لە سەر بابەتەکان، ڕوداوەکان و ڕوداوە مێژوییەکان، لە ناو دەبات. فێر کردنی زمانە بیانییەکان، لە نەبوونی شێواز و ڕێگای بارهێنانی دروست و بە هۆی نەبونی ئیمکاناتی پێویست دا بونەتە شتێکی سەخت و تاقەت پڕوکێن. ڕون و ئاشکرایە لە بار و دۆخێکدا کە بۆنی قیزەونی دواکەوتویی گشت جێگایەکی پڕ کردووە، لە کەش و هەوایەکی لێواولێو لە بابەت گەلێک کە هیچ پەیوەندیەکیان بە ژیانی ڕاستەقینە و سەرقاڵ بوونی مێشکی قوتابیانەوە نییە، پولی خوێندن و قوتابخانە سەرنجی ئەوان ڕاناکێشێت و دەبێتە شوێنێکی بێزارکەر و پڕ لە ماندویەتی.

بێجگە لەمانە، شێوازەکانی فێر کردنیش زۆر لاوازن. لێکۆڵینەوە دەرون ناسییەکان نیشانیان داوە کە لاوان بۆ بارهێنانی هێزی مێشکی خۆیان پێویستییان بە کەش و هەوایەکی کاری بە کۆمەڵ بۆ لێکۆڵینەوە و گەڕان لە بابەتە ئەزمونی، زانستی و هەروەها قسە و باسی پێویست. ئەوان دەبێ وێڕای بار هێنانی زانستی و تێکنیکی، ئازادانە مانا و بۆچونەکانی ئەقڵی خۆیان دروست بکەن و بە دەستی خۆیان هێندێک لە پەیوەندی و مەفروزاتێک کە لە ناو مێشکیاندا دروست دەبێت، تاقی بکەنەوە. بەڵام لە قوتابخانەکانی ئێران بە هۆی زۆر بوونی قوتابی لە پۆلەکاندا، نەبونی کات و تاقیگە، کارگە و کەرەستەی پێویست، مامۆستا بۆتە مێحوەری گشت فێرکردنەکان. وەها ڕێگاگەلێک دەرفەت و مەجالی لێکۆڵینەوەی بەکۆمەڵ و ئاڵ و گۆڕی بیر و بۆچون و هاوبەشی لە بوارە جیاوازەکاندا لە قوتابیان دەستێنێتەوە و مەجبوریان دەکات تواناکانیان بۆ لەبەر کردنی توتیواری قسەی مامۆستایان دەخەنە گەڕ.

بەڵام سەرەڕای گشت ئەمانە ئەزمونی 43 ساڵی  ڕابردوو ئەوە نیشانی بەڕێوەبەرانی ڕژیم داوە کە منداڵان و مێرمنداڵان بەشێک لەو شتانەی فێری دەبن، نە لە قوتابخانە، بەڵکو لە بنەماڵە و کۆمەڵگا وەردەگرن کە تێدا هەستی مرۆڤایەتی، سێکۆلاریسم و دژایەتی لەگەڵ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی زۆر بەهێزە. هەر بەم بۆنەوە پرۆژەکانی فێرکردن و بارهێنانی ڕژیم یەک لە دوای یەک شکست دەخۆن. بە شێوازێک کە ئەمڕۆکە پشت کردن لە ئایین لە نێوان لاواندا بوەتە یەکێک لە پێناسەکانی بار و دۆخی کۆمەڵایەتی ئێستای ئێران. لە ئێرانی ئازادی سبەینێ ڕزگار بوون لە چنگی کۆماری ئیسلامی، بە جیایی ئایین لە دەوڵەت و فێرکردن و بارهێنان لە مەزهەب، گشت تواناکانی قوتابیان بە جێگای بۆچونی دواکەوتوانە، سەرفی فێر بوونی زانست دەبێت. لە وەها بارودۆخێکدا تواناییەکان گەشە دەستێنن و سەرمایەیەکی گەورەی ئینسانی بۆ پەرەپێدان و بەرزتر بوونی ئاستی کۆمەڵگا بە کار دەهێنرێت.

حیزبی کۆمۆنیستی ئێران وێڕای پیرۆزبایی دەستپێکی ساڵی نوێ خوێندن، بانگهێشتی گشت خوێندکاران، مامۆستایانی زانکۆ و مامۆستایانی قوتابخانە و کارمەندانی قوتابخانەکان و زانکۆەکان دەکات بۆ پشتیوانی بێ درێغ و بەشداری چالاکانە لە ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکانی ئێستای ئێران.

حزب کۆمۆنیست ئێران

31ی گەلاوێژی 1401ی هەتاوی

بابەتی پەیوەندیدار

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-

توندتربونەوەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر مامۆستایانی مافخواز

-

ڕژیمی ئیسلامی لە سەنگەری سەپاندنی حیجابی ئیجباری، پاشەکشەی پێدەکرێت

-

شەڕ ئامرازێک لە دژی خەڵک، لە خزمەت مانەوەدا

-

ناڕەزایەتی جیهانی لەدژی بەردەوامبوونی جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە

-

داماویی و بێدەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ئاست ژنانی ئازادپۆش

-