کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

پەرەسەندنی خەباتی کریکاران لە فەڕانسە لەدژی لایەحەی گۆڕینی قانونی کار

ئاکسیۆنە کرێکاریەکان و پشتیوانی لێکردنی لە لایەن خەڵکی ئەم وڵاتەوە لە فەڕانسە لە دژی لایەحەی دەوڵەت بۆ گۆڕینی یاسای کار بە قازانجی خاوەنکاران رۆژ لەگەڵ رۆژ شکڵ و شێوەی خەباتکارانە تر بە خۆیەوە دەگرێت. رۆژی ١٦ مانگی مەی، بەرابەر لەگەڵ ٢٧ مانگی گوڵان، پۆلیس، کە چوارچێوەی دەسەڵاتەکانی بەرین تر بۆتەوە، لە پاریس و باقی شارەکانی فەرانسە هێرشی کردە سەر خۆپیشاندەران. بەڵام بەرەو رووی خۆڕاگری و خۆپیشاندانی ئەوان بۆوە.
٧ یەکێتی کرێکاری بە شێوەی هاوبەش رۆژی سێ شەممە ١٧ و پێنج شەممە ١٩ ی مانگی مەییان وەک دوو رۆژی مانگرتن و خۆپیشاندانی سەرتاسەری لەدژی ” قانونی کار” ی گۆڕاو و پەسند کراو لە لایەن کابینەوە ڕاگەیاند. لە رۆژی سێ شەممەدا “فرانسوائۆلاند” سەروک کۆماری فرانسە لە کاناڵێکی ڕادیۆییەوە وتی “سوورە لەسەر ئەوەی لایەحە پەسندکراوەکەی بەکردەوە دەربێنێ”. ئەم وتانه قین و توڕەیی زیاتری ناڕازیانی بەشوێنەوە بووە و خۆپیشاندانەکان بە گەرموگوڕی زیاترەوە بەردەوام بوون. کرێکارانی شۆفیر کامیۆنەکانیش جادە سەرەکیە گرنگەکانی وڵاتیان داخست.دەوڵەی بەناو سۆسیالیست و ڕیسوای “فەرانسوا ئۆلاند” لە نێوەڕاستی مانگی ماڕسی ڕابردودا گەڵاڵەیەکی بۆ گۆڕینی یاسای کار بڵاو کردەوە کە بە خێرایی بەرەو رووی خەباتی بەرین و پڕ لە ناڕەزایەتی کرێکاران بۆوە. بەپێی ئەم گەڵاڵەیە ماف و ئیختیاراتی سەندیکاکان کەم دەبێتەوە. دەستی خاوەنکاران بۆ دەرکردنی کرێکاران کراوەتر دەبێت و خاوەنکاران بە هەزینەیەکی کەمتر دەتوانن کرێکاران دەربکەن. نرخی پەرداختیەکان بۆ ئیزافەکاری و هەروەها ئیزافەکاری لە شەودا کەم دەبێتەوە. پشووە ڕەسمیەکانی کرێکاران کەمتر دەبێتەوە. ٣٥ کاتژمێر کار لە حەفتەدا هەڵدەوەشێتەوە و ئیختیاراتی شیرکەتەکان لە زیاد کردنی ساعاتی یاسایی کاری حەفتانەدا زیاتر دەبێت.713
خەباتی کرێکاران و پشتیوانی کردنی بەرینی خەڵک لێیان بۆتە هۆی ئەوە تا دەوڵەت لە سەرەتادا بە ڕواڵەت هێندێک پاشەکشە قەبوڵ بکات و لەگەڵ ڕێکخراوە کرێکاریەکان دەست بکات بە وتووێژ. بەڵام ئەم دەوڵەتە فێڵبازانە مادە دژی کرێکاریەکانی نێو تەرحەکەی بە دەست لێنەدراوی هێشتەوە. حکومەت وتی کە ئاڵوگۆڕە پێشنیار کراوەکان بۆ ڕەخساندنی هەلی کار لە کۆمەڵگادا پێویستە و گەڵاڵەیەکی کردە لایەحە و پێشکەشی مەجلیسی کرد. کاردانەوەی کرێکاران و بەتایبەت ژنان و پیاوانی لاو گەلێک توند بوو. ئەوان خەباتی رۆژانەیان لە شەقامەکاندا گەیاندە ئاستی خەباتی شەوانە. ئەوان لەپاڵ داخوازی وەرگرتنەوەی لایەحەکە لە لایەن دەوڵەتەوە دەستیان کرد بە هێرش بۆسەر پایەکانی سیستمی سەرمایەداری و دەوڵەتیان بە خزمەتگوزاری موجتەمەعە گەورە ماڵی و پیشەسازیەکان لەقاودا. سیاسی و چینایەتی تر بوونەوەی خەباتی کرێکاران و خەڵکی ئازادیخواز لەدژی لایەحەی گۆڕینی قانونی کار بووە هۆی ئەوەی تا نوێنەرانی مەجمەعی میللی لە پەسند کردنی لایەحەکەدا توشی دوو دڵی بن. دەوڵەت بە سوئیستیفادە لە بارودۆخی نا ئاسایی، کە لە ١٣ ی مانگی نوامبری ساڵی ڕابردوەوە بەسەر خەڵکی فەرانسەی دا سەپاندوە و بە بەکارهێنانی پۆلیسی تایبەت هەوڵیدا خەباتی ژنان و پیاوانی کرێکار سەرکوت بکات. بەڵام بەرین تر بوونەوەی خەبات و قوڵ بوونەوەی دژایەتی کردنی سیستمی حکومەتی و ئابووری وڵات بووە هۆی ئەوەی نوێنەرانی مەجمەعی میللی، بە پێچەوانەی نوێنەرانی مەجلیسی سەنا، خۆیان لە پەسند کردنی لایەحەی گۆڕینی قانونی کار بپارێزن و لە نێوخۆی حێزبی بەناو سۆسیالیستیشدا کەلێنێکی گەورە دروست بێت. کابینە، کە سوورە لەسەر ئەوەی کرێکاران لە بەرانبەر خاوەنکاراندا بێ ماف تر بکات، ڕایگەیاند کە بە کەڵک وەرگرتن لە یەکێک لە بەندەکانی قانونی ئەساسی بەکردەوە دەرهێنانی لایەحەکە دەخاتە دەستوری کاریەوە.

ئەم بڕیارە دیکتاتۆر مەنشانه ئاگری قینی جەماوەری خەڵکی زیاتر کرد. ئەو کەسانەی ئاماریان گرتوە باس لە زیاد بوونی پشتیوانی شارۆمەندان لە کرێکاران، بە ڕادەی ٧٥ لەسەد دەکەن. بەپێی هەر ئەو ئامارانە ٥٤ لەسەدی خەڵکی فەرانسە خوازیاری بەردەوام بوونی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانن بۆ پاشەکشە کردن بە دەوڵەت.
بەپێی ئاخرین زانیاریەکان لە کاتی دەستپێکی خەباتەوە لە دژی لایەحەی قانونی کار لە شارەکانی فەرانسە، پۆلیس تا ئێستا ١٣٠٠ کەسی گرتوە و چاوی لاوێکیشی کوێر کردوە.
حکومەتی بەناو سوسیالیست بە سەرۆکایەتی فراسوا ئۆلان لە ساڵی ٢٠١٢ بە دروشمی پشتیوانی لە کرێکاران و پاراستنی مافەکانیان هاتەسەر کار. بەڵام لەگەڵ سەقامگیر بوونی دەوڵەتەکی بە پەرەدان بە ڕیازەتی ئابووری گوێلەمستی خۆی لە بەرانبەر سەرمایەدارانی نێوخۆیی، سەرمایە گوزارانی دەرەکی و خاوەن بانکە گەورەکاندا نیشاندا. هەوڵدان بۆ داسەپاندنی قانونی کاری جێی سرنجی خاوەن سەرمایەکان ئاخرین کرداری دژی کرێکاری ئەم حکومەتەیە کە بۆتە هۆی هاتنە ئارای خەباتێکی بەرینی جەماوەری و چینایەتی. بەپێی ڕاپرسیەکان کرداری دژی کرێکاری و دیکتاتۆر ئاسای دەوڵەت بۆتە هۆی ئەوەی نەفرەت لە کردارەکانی لەنێو خەڵکی فەرانسەدا زیاتر بێت و سەرۆک کۆمار و کابینەکەی وەک یەکێک لە مەنفور ترین دەوڵەتەکان لەم چەند دەیەی دواییدا بناسرێت.
خەبات دژی گۆڕینی قانونی کار لە فەرانسە، کە تا ئێستا بە ملیۆن کرێکار و لاوی خوێندکار تێیدا بەشداریان کردوە، کۆمەڵێک دەستکەوتی هەبووە کە دەکرێ بە کورتی ئاماژە بە هێندێکیان بکرێت:
١- ئەم خەباتە یەکێتی نێوان خوێندکاران و کرێکارانی زیاتر و زۆرتر ڕادیکاڵی کردۆتەوە. بەپێی ئەو زانیاریانەی لەبەر دەستدان کرێکارانی وشیار و خوێندکارانی پێشڕەو لە هەوڵدان خەباتی تا ئێستایان بگەیەننە ئاستی خەباتێکی دژی سەرمایەداری. بەم هۆیەوەیە کە سەرەڕای بە یاسایی بوونی لایەحەکە بە پەسند کرانی لە لەیەن کابینەوە شەپۆلی ملیۆنی جەماوەری و ناڕەزایەتیە شەوانە رۆژیەکانی زیات کردوە.
٢- حکومەتی بەناو سۆسیالیست بە بێ شەرمی تەواوەوە نیشانیداوە کە بە تەواوی لە خزمەت ئیمپڕیالیزمی فەرانسە و سەرمایەداران دایە و بۆ دەستەبەرکردنی ئامانجەکانیان شەرم لە پێشێل کردنی سوننەتە دیموکراتیەکەکانی دەستکەوتی خەبات و تێکۆشانی خەڵکی فەرانسە ناکات.
٣- خەباتی ئەم چەند مانگەی دوایی نیشانیدا کە پۆلیس و قوەی قەزاییەش وەک قوەی موجریە بە تەواوی لە خزمەت سەرمایەدارانی فەرانسەدان و لە کرداری سەرکوت و جەنایەت لەدژی کرێکاران و لاوان هاوتەریب لەگەڵ دەوڵەتدا دەجوڵێنەوە.

یەکێتیەکان لەگەڵ ئەوەدا کە هەوڵیانداوە خۆیان بە داکۆکی کاری ماف و داخوازیەکانی کرێکاران پیشان بدەن، بەڵام ئەوان بە درێژایی ماوەی خەباتی ئەم دواییە هەوڵیانداوە ناڕەزایەتیەکان لە چوارچێوەی قانون و ئەم داخوازیە دیاریکراوانەدا ڕابگرن و بەر بە چوونە ژێر پرسیاری سیستمی سەرمایەداری فەرانسە بگرن. کرێکارانی وشیار بە تێپەڕاندنی سنورە بەر تەسکەکانی سەندیکالیستی دژایەتی خۆیان لەگەڵ سەرمایەداری بەرینتر کردۆتەوە.

 

بابەتی پەیوەندیدار

گەندەڵی ئیداری، دارایی، ئەخلاقی و سیاسیی ڕژیمی ئیسلامی، لە سەرەوە دەست پێدەکات

-

خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، لە چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێت

-

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-