کانوونی مافەکانی مرۆڤی ئێران ڕۆژی شەممە ۷ی خەرمانانی ۱۴۰۵، ڕاپۆرتی هەفتانەی خۆی سەبارەت بە دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران بڵاو کردەوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە مەودای شەممە ۳۱ی گەلاوێژ تا ڕۆژی هەینی ۶ی خەرمانانی ۱۴۰۵، لانیکەم ۵۸ حاڵەتی دەستبەسەرکردنی تازە ڕاگەیەندراوە، ۲۸ حاڵەتی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان و زیاتر لە ۴۰ کۆڕ و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە سەرانسەری وڵاتدا تۆمار کراوە.
به پێی ڕاپۆرتی ئەم دامەزراوەیە، هاوکات لەگەڵ دەستبەسەرکردنە نوێیەکان، لانیکەم ۱۱ هاووڵاتیی بەهایی دەستبەسەر کراون یان بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزاکانی پێشوویان ڕەوانەی بەندیخانە کراون، دوو سزای نوێی لەسێدارەدان بۆ ناڕازییان دەرچووە، شەش خوێندکاری زانکۆی پیشەسازیی شەریف ڕووبەڕووی سزای دەرکردن بوونەتەوە و نزیکەی ۱۲۶۰ وەرزێر کرێکار لە دۆخی بێکاری یان ناڕوونیی پیشەییدا دەژین.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، یەکێک لە بەربڵاوترین حاڵەتەکانی پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ لەو هەفتەیەدا، بریتی بووە لە دەستبەسەرکردنی لانیکەم ۳۰ هاووڵاتی لە شارەکانی محەلات و نیمور لە پارێزگای مەرکەزی. ئەو ناوەندەی دەستبەسەرکردنەکانی ئەنجام داوە ئیدعای کردووە کە ئەم کەسانە بەشدارییان لە ناڕەزایەتییە سراسەرییەکانی بەفرانباری ۱۴۰۴دا کردووە، بەڵام کانوونی مافەکانی مرۆڤی ئێران دەنووسێت کە ناوی دەستبەسەرکراوان، بەرواری وردی دەستبەسەرکردن، ئەو تۆمەتانەی خراوەتە پاڵیان، شوێنی ڕاگرتن و دۆخی دەستڕاگەیشتنیان بە پارێزەر و بنەماڵەکانیان ڕانەگەیەندراوە.
هاوكات، ژمارەیەک لە هاووڵاتییان لە پارێزگاکانی ئیلام، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و ئیسفەهانیش دەستبەسەر کراون. لە نێو حاڵەتە تۆمارکراوەکانی ئەم ڕاپۆرتەدا دەکرێت ئاماژە بکرێت بە گواستنەوەی میلاد عەلایینەسەب لە دەرەشەهرەوە بۆ شوێنێکی نادیار، دەستبەسەرکردنی عەلی ڕەسوڵنەژاد لە شوێنی کارەکەی لە مهاباد و دەستبەسەرکردنی ئەفشین تەوەسولی لە مالەکەی خۆیدا و بەبێ نیشاندانی بڕیاری دادگا هەر لەو شارە. کانوونی مافەکانی مرۆڤی ئێران هەروەها هەواڵی دەستبەسەرکردنی توندوتیژانەی شاهین ئازەری لە نەغەدە و برینداربوونی ئەمین ناسری خەڵکی ئاسماناوا بە هۆی تەقەکردن لە کاتی دەستبەسەرکردنی، بڵاو کردووەتەوە، بە وتەی ئەم دامەزراوەیە، تا ئێستا زانیارییەکی ڕوون سەبارەت بە دۆخی جەستەیی و شوێنی ڕاگرتنی ئەمین ناسری بڵاو نەکراوەتەوە.
هەر لەو ماوەیەدا، یونس بەکری، یاسر هەواسی و ڕوحوڵڵا غوڵامی لە ئاسماناوا، سەعدون داستار، ڕەحمان ئازەرخەش و سەنعان فەراستی لە شنۆ، و سۆران مەحمودی، محەممەد دانشمایە و لوقمان سەیدە لە پیرانشار دەستبەسەر کراون یان بۆ شوێنی نادیار گوازراونەتەوە. مەهدی سەعدوەندی، ئەندامی دەستەی زانستیی زانکۆی هۆنەری ئیسفەهانیش لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر کراوە، هۆکاری دەستبەسەرکردن، ئەو تۆمەتانەی خراوەتە پاڵی و هەروەها شوێنی ڕاگرتنی هێشتا نادیارە.
ڕاپۆرتی کانوونی مافەکانی مرۆڤی ئێران نیشان دەدات کە لە مەودای ۳۱ی گەلاوێژەوە تا ۳ی خەرمانان، لانیکەم ۱۱ هاووڵاتیی بەهایی لە حەوت پارێزگای وڵات دەستبەسەر کراون یان بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزاکانی پێشوویان ڕەوانەی بەندیخانە کراون. ئەم هەنگاوانە هاوکات بووە لەگەڵ پشکنینی ماڵ و شوێنی کاسبی، پڵۆمپکردنی کارگاکان و دەستبەسەرداگرتنی مۆبایل، کۆمپیوتەر، پارەی نەخد، زێڕ، ئۆتۆمبێل، کەلوپەلی پیشەیی و کەلوپەلی تایبەتی بنەماڵەکان.
لە ساری، سورەیا مەنووچێهرزادە، ماراڵ ڕەوشەنی، نیگار بەدیعی، شیما سەنایی و فاخیرە زاهیدی دەستبەسەر کران و ماڵەکانیان پشکێنرا. ئەرسەلان یەزدانی لە تاران دەستبەسەر کرا و کەلوپەلە کەسییەکانی دەستی بەسەردا گیرا، ئیمان ڕەشیدی بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای سێ ساڵ و شەش مانگ زیندان، ڕەوانەی زیندانی یەزد کرا و سەریر مووقن لە ئیسفەهان دەستبەسەر کرا و ڕەوانەی زیندانی دەوڵەتاباد کرا. بەگوێرەی ئەم ڕاپۆرتە، بڕیاری دەستبەسەرکردنی سورەیا مەنووچێهرزادە، شیما سەنایی و فاخیرە زاهیدی بۆ مانگێکی تر درێژ کراوەتەوە و ئەم سێ ژنە لە کاتی دەستبەسەرکردنیانەوە لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و ئیمکانی پەیوەندی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کراون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، مەجید ئادینە، لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ۱۴۰۴ لە کەرەج، ڕۆژی یەکی خەرمانان لەسێدارە درا. ئەو پێشتر بە تۆمەتی ئەمنییەتی بە لەسێدارەدان و دەستبەسەرداگرتنی مڵک و ماڵەکەی مەحکووم کرابوو، جێبەجێکردنی سزای ناوبراو لە دۆخێکدا ئەنجام درا کە کانوونی مافەکانی مرۆڤی ئێران سەبارەت بە پرۆسەی دادگاییکردن، دەستڕاگەیشتنی کاریگەر بە پارێزەر و بڕواپێکراویی بەڵگەنامەکانی دۆسیەکەی کۆمەڵێک پرسیاری جدیی هێناوەتە ئاراوە.
لە هەمان هەفتەدا، ئەمیرمحەممەد موجەلەل چووبەری، گەنجێکی ۲۲ ساڵەی دەستەبەرکراو لە زیندانی قزلحەسار، لە پەیوەندی بە ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ۱۴۰۴دا سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا و حوسێن نەزەری، ۲۵ ساڵە و ڕاگیراو لە زیندانی وەکیلابادی مەشهەد، بە بڕیاری لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی مەشهەد سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا. هەروەها دۆسیەی لەیلا ئەبوولحەسەنی، ژنێکی ۴۳ ساڵە و دایکی دوو کچی تازەلاو، دوای دەرچوونی سزای لەسێدارەدان بە تۆمەتی “محاربه” ڕەوانەی دیوانی باڵای وڵات کراوە.
کانوونی مافەکانی مرۆڤی ئێران دەنووسێت کە جێبەجێکردنی سزای لانیکەم ۲۸ زیندانی لە ڕاپۆرتەکانی ئەم هەفتەیەدا تۆمار یان تەواو کراوە و ئەم لەسێدارەدانانە لە زیندانەکانی سەبزەوار، کەرەج، ماکۆ، دێهـدەشت، عادڵابادی شیراز، تەورێز، ئەهواز، زاهیدان، قزلحەسار، بروجێرد، مەشهەد، سمنان، ئیسفەهان، ساری، ڕەشت، خوڕەماباد و یەزد ئەنجام دراون. لە نێو حاڵەتە بەرچاوە تۆمارکراوەکاندا دەکرێت ئاماژە بکرێت بە لەسێدارەدانی دوو برا بە ناوەکانی سەعید نەجەفی و حەمید نەجەفی لە قزلحەسار، لەسێدارەدانی ئومێد شاهۆزەهی لە زاهیدان، لەسێدارەدانی بەهرام کەشاوەرزی لە عادڵابادی شیراز و لەسێدارەدانی ئەردەڵان سەبزی لە ماکۆ. لە خوڕەماباد محەممەدرەزا ڕەزایی، موستەفا وسووقی و تەها خاوەری، لە ساری مەسعود نێعمەتی و ئیسماعیل عەجەمی، لە یەزد عەلیئەسغەر سالارزەهی و عیماد شیخی، لە ڕەشت زەهرا عەزیزپوور و هیدایەت جەمالزادە، لە سمنان حامید ئیمامی و محەممەدعەلی کەفاشی، لە مەشهەد مەحموود تالبی و حوسێن حەساری، لە ئیسفەهان ساڵح و مەرئات زەیدابادی و ئارەزوو ڕەستاد، لە تەورێز عەلی صادقی و لە ئەهواز یوسف باوی، لە زومرەی ئەو زیندانییانە بوون کە لەسێدارەدانیان لەم ڕاپۆرتەدا تۆمار کراوە.
بە گوێرەی کانوونی مافەکانی مرۆڤی ئێران، لە بەشێکی بەرچاو لەم دۆسیانەدا زانیارییەکی ڕوون سەبارەت بە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری هەڵبژێردراو، بەڕێوەچوونی دادگای ئاشکرا و ئیمکانی بەرگریی کاریگەر بوونی نییە.
ڕاپۆرتی ئەم هەفتەیە هەواڵی تۆمارکردنی لانیکەم ۴۱ کۆڕ و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە شارەکان و ناوەندە پیشەسازییەکانی بڵاو کردووەتەوە. خانەنشینانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی لە شوش، کرماشان، ڕەشت، تاران و ئەهواز داوای زیادکردنی حەقدەست و باشترکردنی بێمەی دەرمانییان کرد، و خانەنشینانی بەشی پەیوەندییەکان (مخابرات) لە شیراز، سنە، بیجاڕ، هەمەدان، تاران و چەند شاری تر لەسەر جێبەجێکردنی هاوتاکردنی مووچە و داواکارییە بێمەییەکانی خۆیان جەختیان کردەوە.
کرێکارانی فولادی ئیسفەهان خوازیاری هاوتاکردنی حەقدەست و بێمەی دەرمانی بوون، کارمەندانی نەوت و گازی پارس لە ۱۶ بەش و سەکۆی دەریاییدا خوازیاری چاکسازیی حەقدەست و دۆخی پیشەیی خۆیان بوون، کرێکارانی لوولەسازیی ئەهواز داواکارییە پیشەیی و مووچەییەکانی خۆیان هێنایە ئاراوە و کرێکارانی پترۆشیمی نەوتی ماروونی ئەهواز خوازیاری پێڕاگەیشتن بە دۆخی دامەزراندنی خۆیان بوون. لە گەرمساریش هاووڵاتییانی ناڕازی بەرامبەر بە قەیرانی ئاو، داوای دابینکردنی ئاو و وەڵامدانەوەی بەرپرسانیان کرد و لە تارانیش کۆمەڵێک لە کڕیارانی ئۆتۆمبێل جەختیان لەسەر جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی کۆمپانیاکان کردەوە. بە پێی ڕاپۆرتی کانوونی مافەکانی مرۆڤی ئێران، دواکەوتنی حەقدەست، کێشەکانی بێمەی دەرمانی، جێبەجێ نەبوونی هاوتاکردنی حەقدەست، دابەزینی داهات، نائەمنی پیشەیی، هەڕەشەی دەرکردن، قەیرانی ئاو و عەمەل نەکردنی کۆمپانیاکان بە بەڵێنە داراییەکانیان، لە زومرەی گرنگترین هۆکارەکانی ئەم ناڕەزایەتییانە بوون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، بۆ شەش خوێندکاری زانکۆی پیشەسازیی شەریف لە پەیوەندی بە ناڕەزایەتییە خوێندکارییەکانی ڕەشەمەدا، بڕیاری دەرکردن دەرچوو. کامیار مەلاکی، خوێندکاری ئەندازیاریی تەلارسازیی زانکۆی ئازادی بیرجەندیش بە هۆی بیروباوەڕی بەهایی دەرکرا و لە درێژەدان بە خوێندن بێبەش کرا.
لە بواری کاردا، نزیکەی ۲۰۵ کرێکاری دوورخراوەی نەساجی بروجێرد و نزیکەی ۱۰۰ کرێکاری دەرکراوی پترۆشیمی پێترۆنادی ماهشەهر هێشتا چاوەڕوانی گەڕانەوە بۆ سەر کارەکانیانن. کانوونی مافەکانی مرۆڤی ئێران هەروەها ئاماژەی بە ناڕوونیی پیشەیی نزیکەی ۱۷۰ کرێکاری کارگەی پوویانەخی ئیلام، نزیکەی ۹۰ کرێکاری کارگەی ئیرانکۆلای ئێرانشار دوای داخرانی، و بێکاریی بەکردەوە، دابەزینی داهات و کێشەی بێمەیی نزیکەی هەزار هێزی کۆمپانیای فڕۆکەوانیی ئاسمان کردووە.
کۆی ڕووداوەکانی ئەم هەفتەیە، بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی کانوونی مافەکانی مرۆڤی ئێران، نیشان دەدات کە پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ لە ئێراندا تەنیا بە زیندانەکان سنووردار نەبووەتەوە و زانکۆکان، ناوەندەکانی کار، ماڵی هاووڵاتیان و کۆبوونەوە پیشەیییەکانیشی گرتووەتەوە. بەردەوامبوونی جێبەجێکردنی بەربڵاوی لەسێدارەدانەکان، دەستبەسەرکردنی ناڕازیان، گوشار بۆ سەر کەمینە ئایینییەکان و بێبەشکردنی هاووڵاتیان لە خوێندن و کارکردن، نیشانەی توندتربوونی سیاستێکی ڕێکخراوە بەمەبەستی زاڵکردنی ترس و کپکردنی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان.
