کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

پاشەکشەی سەرمایەداری لەژێر گوشاری ڕاستییەکان و خەباتدا

لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا بورژوازی و دەوڵەتانی خزمەتکاری، لە ڕێگەی ریازەتی ئابووری وەک پایەی نێئۆلیبرالیسمی ئابووری، باری قەیرانی دەیەی هەشتا و قەیرانی مەسکەنی ٢٠٠٨-٢٠٠٧یان خستە سەر شانی چینی کرێکار. بارگرانیی ئەم قەیرانە لە ئەمریکا لە سەرەتادا خرایە سەر شانی کرێکارانی ڕەشپێست و کۆچبەرانی ئەمریکای لاتین و لە ئۆرووپا و شوێنەکانی دیکەی دنیاش هاوکات و بەر لە هەمووان خرایە سەر شانی کۆچبەران. لە ئەنجامی ئەم کردەوە سیاسی و چینایەتییەی بۆرژوازیدا، نابەرابەریی بەرینی ماڵی لە نێوان کرێکاران و سەرمایەداراندا سەری لە ئاسمان داوە. بۆ نموونە لە ئەمریکا لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا بەرهەمهێنانی هێزی کار (لە ئاکامی لێهاتوویی زیاتر و سەعاتی کاری درێژماوەی کرێکاران و گەشەی تێکنۆلۆژی) ٤٠٠ لەسەد چووەتە سەرێ، بەڵام حەقدەستی کرێکاران کەمتر لە ٦ لەسەد زیادی کردووە. جیاوازیی ئەم نابەرابەرییە لە پەنا تریلیۆنها دۆلار یارمەتیی دەوڵەت، نەدان و یان دانی نیوەچڵی ماڵیات، بڕینی یارمەتییەکان و بیمەی دەوڵەتی و کۆمەڵایەتی، قومار کردن لە بازاڕەکانی بورس و هاوشێوەکانی، چووەتە گیرفانی سەرمایەردان و بەتایبەت یەک لەسەدی سەرووی ئەوانەوە.

بە پێی هەواڵێک کە لە سایتی ئابووریی “بلومبێرگ” کە بە پێی داتاکانی بانکی ناوەندیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڵاوکراوەتەوە، لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠دا، دابەشکاریی سەوەت لە ئەمریکا یەکجار ناهاوسەنگ بووە. لەم هەواڵەدا هاتووە کە: سەروەت و دارایی ئێستای دەوڵەمەندترینەکانی ئەمریکا کە تەنیا یەک لەسەد لە جەمعییەتی ئەم وڵاتە پێکدێنن، ٣٤ تریلیۆن و ٢٠٠ ملیارد دۆلارە و دارایی هەژارترین توێژی خەڵک، کە ٥٠ لەسەدی جەمعییەت پێکدێنن، بڕێک لە ٢ تریلیۆن دۆلار زیاترە. لەم هەواڵەدا وێڕای ئاماژە بەوەیکە دارایی ٥٠ کەسی دەوڵەمەندی ئەم وڵاتە بەرابەرە لەگەڵ دارایی ١٦٥ ملیۆن کەس کە نزیک بە نیوەی جەمعییەتی ئەم وڵاتەیە، ڕاگەیەندراوە کە سەروەتی ٥٠ دەوڵەمەندی ئەم وڵاتە لە دەستپێکی ساڵی ٢٠٢٠ەوە تا ئێستا ٣٣٩ ملیارد دۆلار زیادی کردووە. هەروەها لەم هەواڵەدا باس لەوە کراوە کە نەخۆشیی کۆویدی ١٩، بەشێکی زۆر لە مرۆڤەکانی بەرەو هەژاری پاڵ پێوەناوە بەڵام توێژی چکۆلەی ملیاردێرەکان بەشێوەیەکی سەرسووڕهێنەر دەوڵەمەندتر بوون.

لە وەها باروودۆخێکدا کرێکارانی ئەمریکا بۆ پاراستنی توانای کڕینیان لەم ساڵانەی دواییدا تریلیۆنها دۆلاریان وام وەرگرتووە کە توانای دانەوەیان نییە. لە ئاکامدا زێدەبەرهەمی کێوئاسا خوڵقاوە و بووەتە توندبوونەوەی قەیرانێک کە بە قەولی بانکی ناوەندیی ئینگلیس لە ماوەی ٣٠٠ ساڵی ڕابردوودا وێنەی نەبووە. چینی کرێکار لە ناڕەزایەتی بە باروودۆخی زاڵ خەباتی بەرینی بەڕێوەبردووە کە بەرچاوترینیان خەبات دژبە ڕەگەزپەرستی و ناڕەزایەتی لەئاست مەرگی جۆرج فلۆید لە مەی ٢٠٢٠دا بوو. لەم خەباتەدا کە لە ڕاستیدا دژەسەرمایەداری بوو، ٦٠ ملیۆن کەس لە پتر لە هەزار شاری ئەمریکا و شارە گەورەکانی جیهان، زیاتر لە دوو حەفتە دستیان دایە ناڕەزایەتی و دنیای سەرمایەیان وەلەرزە خست.

خەباتی کرێکاری و جەماوەری و قەیرانی زێدەبەرهەم، بوو بەهۆی ئەوەیکە بورژوازی لە ئەمریکا و وڵاتانی دیکە ناچار بێت تا گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە سیاسەتە ئابوورییەکانیدا پێکبێنێت. ئەوان ریازەتی ئابووری، خسووسی سازی، فریزی حەقدەستەکان، چکۆلە کردنەوەی دەوڵەتەکان، کەم کردنەوەی ماڵیاتی سەرمایەدارە گەورەکان و کۆمپانییە زەبەلاحەکان و گشت بازاڕی بەناو ئازادیان بەشێوەی کاتی وەلا نا. بۆ نموونە جۆو بایدێن، سەرۆک کۆماری ئەمریکا، ناچار بوو تا داواکاریی چەپەکان بە ڕێبەریی بێرنی ساندێرز جێبەجێ بکات. چەپەکان بەتایبەت لاوان کە زۆربەیان لە ئامارەکاندا دژایەتیی خۆیان لەگەڵ نیزامی سەرمایەداریی ئەمریکا نیشان داوە، خوازیاری بردنەسەرەوەی ئاستی حەقدەستەکان لە ٧ دۆلار و ٢٥ سێنتەوە بۆ ١٥ دۆلار بوون و داوایان لە بایدێن کردووە کە دەست لە ریازەتی ئابووری هەڵبگرێت و بەشێوازی جۆراوجۆر یارمەتیدەری کابینەکەی بێت لەپێناو خوڵقاندنی کار و یارمەتیدانی بنەماڵە ئەمریکاییەکان و هەروەها خەرجیی گەڵاڵەکانی لەڕێگەی زیادکردنی ماڵیاتی خاوەنانی داهاتی سەرووی ساڵانە ٤٠٠ هەزار دۆلار دابین بکات.

بەدوای ئەمریکادا وڵاتانی دیکەی سەرمایەدرای سیاسەت گەلێکی هاوشێوەیان گرتەبەر کە بۆ نموونە دەتوانین ئاماژە بە دوو وڵاتی بریتانیا و ئۆسترالیا بکەین.

بۆریس جانسۆن، سەرۆک وەزیرانی پارێزکاری بریتانیا، بەڵێنی داوە کابینەکەی لەپنێاو خوڵقاندنی کار و باشتر کردنی حەقدەست و باروودۆخی کرێکاران زۆرترین دەورونەخشی بێت. کابینەی پارێزکاری ئینگلیس کە بەردەوام داکۆکیکاری هێنانە خوارەوەی ماڵیاتی خاوەنانی سەرمایە و کۆمپانییەکان بووە، لە ئێستادا بە ناچار لەجیات ریازەتی ئابووری، بودجەبەندییەکەی لەسەر بنەمای بردنەسەرەوەی ماڵیاتی دەوڵەمەندەکانە. هەڵبەت کابینەی پارێزکار کە بە دەیان جار لەگەڵ ڕاپەڕینی هەژاران و لاوانی وەگیان هاتوو بەرەوڕوو بووەتەوە، لەم مەیدانەدا تەواوەن پارێزکارانە دەجووڵێتەوە.

هاوشێوەی ئەم پڕۆسەیە لە ئۆسترالیاش لە ئارا دایە. بە پێی ڕاپۆرتی ڕوویتێرز لەسەر زاری وەزیری خەزێنەی ئۆسترالیا، کابینە لە سیاسەتی کۆنەی دەخاڵەت نەکردنی دەوڵەت لە ئابووری دەستی کێشاوەتەوە و بە وەرگرتنی ماڵیات لە دەوڵەمەندەکان و وەرگرتنی وام لە ڕێگەی کارخوڵقاندن و بێمەی بێکارییەوە، یارمەتیدەری بێکاران، نەخۆشانی کۆرۆنایی و پێشگێری لە ویرووسی کۆرۆنا دەبێت.

شارەزایانی ئابووریی چەپ نووسییان کە گۆڕانکاریی لە سیاسەتی ئابووریی دەوڵەتەکان، کە لە لایەن گرووپێک لە پسپۆڕانی ئابووریی سندووقی نێونەتەوەیی پارەوە پێشنیار کراوە، دەبێتە هۆی بەهێز بوونی چینی کرێکار. بێگومان باشتر کردنی بژێو و باروودۆخی کاری کرێکاران لە کورت ماوەدا بە قازانجی ژنان  و پیاوانی کرێکارە، بەڵام لە درێژماوەدا دەتوانێ بەمجۆرە نەبێت. ئەزموونی دەیەکانی پێشوو نیشانی داوە کە لە هەر شوێنێک چینی سەرمایەدار ناچار بووە بەجۆرێک ملکەچی دەوڵەتی ڕێفاه بێت، لە ڕێگەی ڕێفۆرمیسمەوە کرێکارانی کردووەتە دیلی موناسباتی کار و سەرمایەی زاڵ.

لە سەردەمی ئێستادا کە نیزامی سەرمایەداری لە بەرامبەر ویرووسێکدا چۆکی داداوە و نەیتوانیوە دەسەڵاتە دەستی ڕاستە توندئاژۆکان بۆ نموونە لە ئەمریکا بپارێزێت، تەنیا لە ڕێگەی خەباتی ڕێکخراوی چینی کرێکار کە ئاسۆی سۆسیالیسمی لەپێش بێت دەکرێ هیوادار بین کە پاشەکشەکانی بورژوازی لە بواری ڕێفۆرمە ئابوورییەکان سەرەنجام شۆڕشی ئابووریی کرێکاران و ڕزگاریی ئەم چینەی لە دیلیەتیی کاری بەکرێگرتە لێدەکەوێتەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

ناڕەزایەتی جیهانی لەدژی بەردەوامبوونی جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە

-

داماویی و بێدەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ئاست ژنانی ئازادپۆش

-

بۆ یادی قوربانیانی کۆمەڵکوژی ئەنفال

-

بەهەموو هێزەوە دژ بە شەر ئەنگێزان؛ پێویستی ئاپارتایدی یەهوودی و ئاپارتایدی شیعە بە شەڕ، ڕاگەیاندنی هاوبەشی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر)

-

هێرشی سپای پاسداران بۆ سەر ئیسرائیل: شەرمەزارکردنی شەڕخوازی هەردوولا

-

نوێژی بێ ڕەونەقی هەینی تاران، گەندەڵکار پاداشتیش وەردەگرێت

-