کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

پادشاهی عەرەبستان و کۆماری ئیسلامی ڕقابەت لەسەر پێگەی بانتری ناوچەیی

رۆژی شەممە ١٢ ی مانگی بەفرانبار، حکومەتی پادشاهی عەرەبستان ڕایگەیاند کە ٤٧ زیندانی و لەوانە رۆحانیەکی شیعەی بەناوی شێخ نمێر نمێری ئێعدام کردوە. رۆژی یەکشەممە کۆمەڵێک لە کەسانی سەربە ڕژیم کە رۆحانی ئەوانی بە سەرەرۆ ناوبرد بە چاوپۆشی هێزە ئەمنیەتیەکان هیرشیان کردە سەر سفاڕەتخانە و کۆنسولگەری ئەم وڵاتە لە تاران و مەشهەد و ئەم شوێنانەیان ئاگر تێبەردا. رۆحانی هەر زوو هێرش بۆسەر سفاڕەتخانە و ئاگر تێبەردانی بە کارێکی بێ پاساو ناوبرد و ڕاگەیەنەرەکانی لایەنگری ئەم هێرشەیان بە تارماییە نفوزیەکان نیسبەتدا. بەڵام دەوڵەتی عەرەبستان، کە ئامادەگی هێرشی هێزە بەناو سەرەۆکانی بۆسەر سفارەتخانە و کۆنسولگەریەکەی هەبوو وە لەپێشدا چۆڵی کردبوون، بەخێرایی پێوەندیە سیاسی، بازرگانی و پەێوەندیەکانی خۆی لەگەڵ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، بێجگە لە سەفەر کردنی زائیران، پچڕاند. دوای ئەم گرژیە سەرەتاییانە وەزاڕەتی دەرەوەی ئێران ڕاگەیاند کە سعودیە لەبەر ئەم کردارانەی تاوانێکی دژوار ئەداتەوە. بەشوێن ئەمەدا هێندێک لە شێخ نشێنەکانی کەنداو و دەوڵەتی سودان بە پەیڕەوی کردن لە پادشاهی عەرەبستان پێوەندیە سیاسیەکانیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی پچڕاند و یان کەم کردەوە بۆ ئاستی کاردار.623

دەڵەتانی سەرمایەداری ئوروپا و ئامریکا کە توند بوونەوەی گرژی نێوان پادشاهی عەرەبستان و کۆماری ئیسلامیان لەم کاتەدا بە زیانی ڕەوتی مزاکاراتی بەناو ئاشتی جێی سرنجی خۆیان لە سوریە دەزانن داوایان لە هەردوو لایەن کردوە گرژیەکان هێور بکەنەوە. دەوڵەتی ئامریکا بەبێ مەحکوم کردنی شەپۆلی ئەم ئێعدامانە لە عەرەبستان بەگشتی سەبارەت بە بارودۆخی مافەکانی مرۆڤ لە عەرەبستان نیگەرانی دەربڕی. دەوڵەتی ئینگلستان وێڕای مەحکوم کردنی دیاردەی ئێعدام لە هەر بارودۆخێکدا، هێرش بۆسەر سفاڕەتی عەرەبستانی لە تاران بە غەیرە قابیلی قەبوڵ زانی.
بەڵام هەردوو بڵاوکراوەی ” وال ئستریت جورناڵ” و ” واسنگتۆن پۆست” کە بە شێوەیەک هەڵوێستی سیاسی سەرمایە گەورە ماڵیەکان و خاوەنانی موجتەمەعە غول ئاساکانی چەک سازی لە ئامریکا نوێنەرایەتی دەکەن، دیفاع لە حکومەتی سەڵتەنەتی عەرەبستان دەکەن لە بەرانبەر ڕژیم کۆماری ئیسلامیدا. وال ئستریت جورناڵ رۆژی ٤ ی ژانویە، بەرابەر لەگەڵ چواری مانگی بەفرانبار، نووسی کە ئێران و روسیە قەسدی روخاندنی حکومەتی سعودیەیان هەیە و بێ لایەنی دەوڵەتی ئۆباما بۆ ڕاگرتنی کردارەکانی ئەو دوو دەوڵەتەی دایە بەر ڕەخنە. ئەم رۆژنامەیە سەرۆک کۆماری ئامریکای لەبەر وەدواخستنی تەحریمەکانی ئێران لە پێوەند لەگەڵ تاقیکردنەوەکانی ئەم دواییەی موشەکی بالستیک دایەبەر ڕەخنە. واڵ ئستریت جورناڵ پادشاهی عەرەبستانی بە باشترین دۆستی ئامریکا لە ناوچەکەدا و کۆسپێکی سەرەکی لەبەر دەم بەناو ” ئیمپڕیالیزمی ئێران” ی و ڕوسیەدا ناوبرد.
واشنگتۆن پۆست بە هەڵویست گرتنێکی هاوشێوە نووسی کە بێ لایەنی دەوڵەتی ئۆباما لە بەرگرتن لە سوڵتە تەڵەبی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا سەرانی عەرەبستانی ناچار کردوە تا خۆیان دەست بدەنە دیفاع لە بەرژەوەندیەکانیان. ئەم بڵاوکراوە دەستە ڕاستیە ئامریکاییە کە بو شێوەی ئاسایی ڕاستیەکان ئاوەژوو دەکاتەوە درێژەی جەنایەتە جەنگیەکانی پادشاهی عەرەبستان لە یەمەن و پشتیوانی کردنی لە هێزە ئیسلامیەکان لە سوریە لە خزمەت دروست کردنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا پێشاندا.
هێندێک دیاردە نیشانی ئەدەن کە ئێعدامی بەکۆمەڵی ٤٧ کەس لە ئەفرادی سەربە ئەلقاعیدە و شێخ نمێر لە لایەن پادشاهی عەرەبستانەوە هەنگاوێکی بەرنامە بۆ دارێژراو بووە. ئەم ئێعدامانە بەو کاردانەوە ناوچەییانەی کە بوویان و دەنگدانەوەی لە ئاستی دنیادا لە هەمانحاڵدا کە دەتوانێ ترساندنی نەیارانی نێخوی سنورەکانی عەرەبستانی کردبێتە ئامانج، کاردانەوەیەکێشە بە ڕەوتی وتووێژەکانی بەناو ئاشتی لە سوریە کە بەشوێن دخاڵەتگەری نیزامی روسیەدا بەپێی مەیلی عەرەبستان ناچێتە پێشێ. حکومەتی عەرەبستانیش هەم لە نێو خۆدا و هەم لە ئاستی ناوچەییدا خۆی لەبەردەم مەترسی ناسەقامگیریدا دەبینێ. لە عەرەبستاندا سەرچاوەی سەرەکی دەسەڵات پشتی بە سەڵتەنەتی ئالی سعود بەستوە. شا و شا زادەکان لەم وڵاتەدا لە قودرەت و ئازادیەکی کرداریی بەرین بەهرەمەندن. ڕێبەران و مەراجعی مەزهەبی لە پاڵ حکومەتدا خەریکی ڕەوایەتیدان بە قانونەکانی ئالی سعودن. لە ئاوا بارودۆخێکدا ئەگەرچی عەرەبستانی سعودی تا ئێستا لە مەترسی ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانەی ئەم ساڵانەی دوایی لە ناوچەکەدا بێ زیان دەرچووە، بەڵام نیزامی حکومەتیەکەی بەهۆی ساختارێكی کۆنە و عەشیرەتی و ناکارا بوونێکی کە هەیەتی و بەهۆی کەلێنە قوڵە چینایەتیەکەی وفەزای داخراو و خەفەقانی سیاسی و ئەو فاکتۆڕە نوێیانەی کە لە کێشە ناوچەییەکاندا دەرکەوتوون، بەردەوام خۆی لەبەردەم مەترسی ناڕيزایەتی جەماوەری و لێک هەڵوەشاندا دەبینێ. حکومەتی سەڵتەنەتی لەم وڵاتەدا ئەساسەن بە پشت بەستن بە ٧٦٥ ملیۆن دۆلارێک کە رۆژانە لە ڕێگای فرۆشتنی نزیکەی ١٠ ملیۆن بەرمیل نەوتەوە بە دەستی دێنێ، بە پشت بەستن بە چەوساندنەوەی توندی کرێکارانی کۆچبەر و دانی سەهمێکی کەم لە بەرهەمی ئەم چەوساندنەوەیە بە خەڵکی خۆجێی و سپاردنی دۆلارە نەوتیەکان بە بانکەکانی ئامریکا و یارمەتی گەیاندن بە دەوڵەتی ئامریکا بۆ هێر کردنەوەی قەیرانە ئابووریەکانی توانیویەتی خۆی بەسەر پێوە ڕابگرێت. حکومەتی عەرەبستان بە شوێن ئاڵوگۆڕەکانی ئەم سێ ساڵەی دواییدا لە ناوچەکەدا بەتوندی نیگەرانی دابەزینی ئاستی نفوزی ئامریکا لە ناوچەکە و هەروەها ڕەوتی سازشی ئامریکا لەگەڵ ڕژیمی کۆماری ئیسلامیە. لەم روەوەیە بە گومانەوە سەبارەت بە سیاستەکانی ئەم دەوڵەتە لە بەرانبەر مەسەلەکانی خاوەرمیانەدا دەچولێتەوە. دەوڵەتی عەرەبستان بە پشت بەستەن بە دۆلارە نەوتیەکان هەوڵ ئەدات کە سەربەخۆ لە ئامریکا لە کێشمەکێشە ناوچەییەکاندا دەوری خۆی بنوێنێ و لەم ڕێگایەوە مانەوەی خۆی لەنێو وڵاتدا زەمانەت بکات. دەوڵەتی عەرەبستان لەگەڵ ئەوەی دەزانێ کە ڕەوتە سەلەفی و وەهابیەکان بەهیچ شێوەیەک ناتوانن ببنە ئاڵترناتیوێکی حکومەتی لە وڵاتانی ناوچەکەدا بەڵام گەلێک سەرمایەی گەورەی بۆ پەرەدان بە نفوزی خۆی لەنێو ئەم ڕەوتانەدا، تەنانەت لەنێو باڵە توندڕەوەکانیدا، بە شێوەی ئاشکرا لە سوریە و عێڕاق تەخان کردوە. دەوڵەتی عەرەبستان هەوڵ ئەدات لەم ‌ڕەوتانە وەک ئامرازێک بۆ بەرەو پێش بردنی ڕقابەتە ناوچەییەکانی و دان و ستان لە معادلات و پتەو کردنی پێگەی خۆی لەنێو خۆ و لە سەرجەم ناوچەکەدا کەڵک وەبگرێت. توند بوونەوەی گرژیەکانی نێوان حکومەتی عەرەبستان سعودی و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دوای ئێعدام کرانی شێخ نمێر و ئاگر تێبەردرانی سفارەتخانەی عەرەبستان لە تاران لە ڕاستیدا ڕەنگدانەوەی ئەم کێشمەکێشانە و ڕقابەتی ئەم دوو هێزە ناوچەییەیە بۆ بەدەست هێنانی پێگەی بانتر لە خاوەرمیانەدا.
حکومەتی سەڵتەنەتی عەرەبستان، ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و دخاڵەتگەریەکانی لە ناوچەکەدا بە هۆکاری سەرەکی دروست بوونی نا سەقامگیری لە وڵاتانی هاوپەیمانی خۆیدا دەبینێ. ئەم دوو جەمسەری کۆنەپەرستیە لە ئێستادا لە قەیرانی سوریە، یەمەن، عێڕاق و بەحریندا لە بەرانبەر یەکتردا وێستاون. لە سوریە زیاتر لە چوار ساڵە شەڕێکی جێگرەوە لە دژی یەکتر دەبەنە پێشێ، لە یەمەن حکومەتی ئالی سعود بۆ بەرگرتن لە بە دەسڵات گەیشتنی ڕەوتە شێعەکانی لایەنگری کۆماری ئیسلامی چوەتە نێو شەڕێکی بە تەواو ماناوە، توند بوونەوەی گرژیەکانی ئەم دواییە لە ڕقابەتی ئەم دوو جەمسەرە لە کۆنەپەرستی سەرمایەداری بۆ دەستەبەر کردنی مەوقعیەتی بانتری ناوچەییە و هیچ ڕەگەزێکی پێشکەتن خوازانەی تێدا نییە.
ئەوەی کە بۆ کرێکاران و خەڵکی زۆر لێکراوی ئێران و ناوچەکە و بەرەی ئازادی خوازی گرنگە هەست کردن بەم ڕاستیەیە کە ماهیەتی واقعی کێشمەکێشەکانی نێوان ئەم دوو جەمسەرەی سەرمایەداریە لە ناوچەکەدا بە تەواوەتی کۆنەپەرستانەیە و هیچ پیوەندیەکی بە بەرژەوەندی ئەوانەوە نییە. هەردوو لایەنی ئەم كێشەیە خۆیان لەبەر مەترسی بەرپا بوونی ئاخیزە جەماوەریەکاندا دەبینن و بە توندکردنەوە و پەرەدان بەم گرژیانە دەیانەوێ سرنجی ڕایگشتی لە کۆمەڵگەدا لەسەر مەسەلە ئەساسیەکانی پێوەند بە ژیانیان لابەرن. کرێکاران و خەڵکی تێکۆشەر و وشیاری ئێران کە دژی سزای ئێعدامن بە هەموو بیانو پاساوێک وێرای مەحکوم کردنی ئەم ئێعدامانە لە عەرەبستان ئیجازە نادەن، ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە خۆی ڕکۆردداری ئێعدامە لە دنیادا بەردی دژایەتی لەگەڵ ئێعدام لە سینگ بدات.

 

بابەتی پەیوەندیدار

پەرەسەندنی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان، ئامرازێکن بۆ پێشڕەوی و گەرەنتی پاراستنی دەستکەوتەکان

-

پشت بەستن به جەلاد و پەتی سێدارە بەمەبەستی مانەوەی ڕژیم، بێ سەمەرە

-

خەبات لە دژی هەژاری، لە سەر بەستێنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی

-

ڕۆژی مامۆستا لە ئێران بەرز ڕاگیرا

-

دروشمەکانی ڕۆژی جیهانی کرێکار، زیادکرنی حەقدەست و مووچە، ڕاگرتنی جینۆساید لە غەززە

-

نەریتی ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیهانی کرێکار لە کوردستان

-