کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

وەهمەکانی خامنەیی و پەرەسەندنی خەباتی خەڵک لە دژی کۆماری ئیسلامی

 

ڕۆژی دووشەممە ١١ی خەزەڵوەر، عەلی خامنەیی دوای زیاتر لە دوو هەفتە لە مانگرتن و ناڕەزایەتی لە کوردستان و ئێران بێدەنگی خۆی شکاند. لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ڕۆتینی ئاسایی خامنەیی ئەوە بووە کە لە کاتی ناڕەزایەتییەکاندا بێدەنگ بێت و دوای هەر خولێکی سەرکوت و تاوان دەربکەوێت و وتاری سەرکەوتن لە دژی خۆپیشاندەران بدات. بەڵام ئەمجارەیان ناڕەزایەتییەکان درێژماوە و جیهانی بوونەوە. ئەو بێدەنگییە وردە وردە دەبووە هۆی گومان لەسەر مردنی. شەوێک پێشتر بەمەبەستی تۆڵەسەندنەوە و چاوترسێن کردنی سەرجەم بزووتنەوەی خوێندکاریی، پلانی سەرکوتی دڕندانەی خوێندکارانی زانکۆی سەنعەتی شەریفیان داڕشتبوو بۆ ئەوەی زەمینە بۆ وتارەکەی ئامادە بکەن. بەڵام دانشجویان بە سەرکوت و گرتن و ئەزیەت و ئازار نەک هەر چاوترسێن نەبوون، بەڵکو خۆپیشاندانی خوێندکاران لە زانکۆکانی ئێران هاوکات لەگەڵ وتارەکەی خامنەیی لەئاستێکی بەربڵاوتردا و بە دروشمی بەهێزترەوە بەردەوام بوو و بزووتنەوەی قوتابیانیش پێی پەیوەست بوو.
خامنەیی ئەمجارە بۆ نیشاندانی هێزی سەرکوتی ڕژیم لەناو فەرماندە نیزامی و ئەمنییەتییەکانی دەرکەوت و وەهمە ئاساییەکانی خۆی سەرلەنوێ نیشاندا. بەڵام ١٦ ڕۆژ ناڕەزایەتی و مانگرتن لە سەرتاسەری ئێران، دەستبەسەرکردنی هەزاران کەس و گیانبەختکردنی نزیکەی ١٥٠ کەس لە ناڕازیان و بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانی سەدان هەزار کەسی لە دەرەوەی وڵات لەدژی کۆماری ئیسلامی، خامنەییان لە وەهمەکانی ڕزگار نەکرد. ئەڵبەتە ئەوەی خامنەیی لە وتارەکەیدا نیشانیدا، پراکتیکی ئاسایی هەموو دیکتاتۆرەکانی جیهانە لەم جۆرە بارودۆخانەدا. ئەویش وەک کەسانی پێش خۆی بەدەست نەخۆشی دەروونی “خۆ فریودان و نکۆڵیکردن لە ڕاستییەکانەوە دەناڵێنێت و لە چوارچێوەی “وەهمێکی دروستکراو”دا گرفتارە. شای پێشوو تا دوا ڕۆژەکانی دەسەڵاتی پەهلەوی لە وەهمێکی وەهادا دەژیا. کاتێکیش کە وا خۆی نیشان دەدا کە گۆیا پەیامی شۆڕشی خەڵکی بیستووە، ئیتر کار لە کار ترازابوو. قەزافی لە لیبیا، سەدام حسێن لە عێراق. هیتلەر لە ئەڵمانیا، چائوشسکۆ لە ڕۆمانیا، حوسنی موبارەک لە میسر و پینۆشە لە شیلی، تەنیا چەند نموونەیەکن لەو دیکتاتۆرانەی کە بەدەست نەخۆشی تەوەهومی لەم چەشنەوە گرفتار بوون و سەرئەنجامەکەشیان بینی. بەڵام خامنەیی بەدەست جۆرە درێژخایەنەکەیەوە دەناڵێنێت.
ناوبراو هۆكاری ڕاپەڕینی گەلانی ئێرانی بۆ پیلانگێڕی بریكارە بیانییەكان گەڕاندەوە و دەیان ملیۆن لە نەیارانی ڕژێمەكەی بە ئاژاوەگێڕ ناوبرد و بەڵێنی سەركوتكردنیانی دا. خامنەیی لە بەشێک لە وتارەکانیدا بەبێ ئەوەی ناوی ژینا ئەمینی بهێنێت، ڕق و کینەی خۆی لە ژنان و بەتایبەتی نەیارانی یاسا ئیسلامیەکان نیشان دا. خامنەیی ناوی ژینا ئەمینی نەهێنا کە بووەتە ئاشناترین ناوی جیهان و بەکاربەرانی هاشتاگی “مەهسا ئەمینی” تەنیا لە تویتەر ٢٢٠ ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە. تووڕەیی و ڕق و کینەی خامنەیی و دارودەستەی دەسەڵاتداری ئیسلامی بەرامبەر بە خەڵکی ناڕازی لە قسەکانیدا دیاربوو. درێژەی ناڕەزایەتییەکان، دروشمەکانی “مەرگ بۆ دیکتاتۆر”، “ژن، ژیان، ئازادی” و “ئێمە کۆماری ئیسلامیمان ناوێت” قورسایی زۆری لەسەر وتارەکەی خامنەیی دانابوو. خامنەیی بۆ ئەوەی پەیامە هەڕەشەئامێزەکەی بۆ خەڵک ڕوونتر بێتەوە، بە ئەنقەست ئامادەنەبوو تەنانەت هاوسۆزی ڕیکارانەی ئاسایی خۆی لەگەڵ بنەماڵەی کوژراوەکان دەرببڕێت. بەڵام بەپێچەوانەوە بەرگری لە بەسیج و هێزە سەرکوتکەرەکان کرد و هانی دان بۆ بەردەوامبوون لە کارەکانیان. خەڵکی کوردستان و بەلوچستان، ژنان، لاوان، خوێندکاران، کرێکاران، مامۆستایان و بە ملیۆنان خەڵکی بێزار و وەگیانهاتوو لەدەست ڕێژیمی ئیسلامیی، بە درێژەدان بە خەبات تا ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی لە ڕێگای ڕاپەڕینێکی یەکلاکەرەوەی جەماوەرییەوە وەڵامی تەوەهمەکانی خامنەیی دەدەنەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

ناڕەزایەتی جیهانی لەدژی بەردەوامبوونی جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە

-

داماویی و بێدەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ئاست ژنانی ئازادپۆش

-

بۆ یادی قوربانیانی کۆمەڵکوژی ئەنفال

-

بەهەموو هێزەوە دژ بە شەر ئەنگێزان؛ پێویستی ئاپارتایدی یەهوودی و ئاپارتایدی شیعە بە شەڕ، ڕاگەیاندنی هاوبەشی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر)

-

هێرشی سپای پاسداران بۆ سەر ئیسرائیل: شەرمەزارکردنی شەڕخوازی هەردوولا

-

نوێژی بێ ڕەونەقی هەینی تاران، گەندەڵکار پاداشتیش وەردەگرێت

-