کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

وڵاتانی پێشکەتووی سەرمایەداری و گەڕان بەرەو چەپ لە ئاستی کۆمەڵاتیدا

شەبەکەی تەلەویزیۆنی ” س بی ئێس” رۆژی ٢٠ مانگی مەی بەرابەر لەگەڵ ٣١ مانگی گوڵانی ٩٥ باسی لە مانگرتنی ١٧٠٠ کرێکاری ” ئای تی وی تی”، یەکێک لە شیرکەتە گەورەکانی مخابراتی ئامریکا، کرد. کرێکارەکان ٢ مانگە بەبێ قەرارداد کار دەکەن و خوازیاری بەستنی قەراردادی نوێن لە سەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندی و ئیمتیازاتەکانیان. خاوەنکاران، کە پارەکە ١٤٧ ملیارد دۆلار داهاتیان هەبووە و ڕاپۆرتی ساڵانەیان بڵاو نەکردۆتەوە، دەیانەوێ سەهمی کرێکاران لە دانی بیمەی دەرمانی زیاد بکرێت و کارەکانیش بەزوویی بەڕێوەبچن. زیاد بوونی خێرایی کار ئمنیەتی کرێکاران لە شوێنی کار گەلێک دادەبەزینێت. ئاکسیۆنی خەباتی کرێکارانی موجتەمەعی مخابراتی ” ئای تی و تی” هاوکاتە لەگەڵ شەشەمین حەفتەی مانگرتنی ٣٩ هەزار کرێکاری موجتەمەعی مخابراتی هورایزون. ئەو حەرەکەتانەی سەرەوە چەند نمونەیەک بوون لەو مانگرتنە کرێکاریانەی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئامریکا کە لەم رۆژانەدا هەواڵەکانیان بڵاو بۆتەوە. لە پاڵ حەرەکەتە کرێکاریەکاندا لە جەریانی هەڵبژاردنی سەرەتایی سەرۆک کۆماری لە ئامریکا شاهیدی سەرهەڵدانی دیاردەیەکین بەناوی ” ساندرز.” ساندرز، کەسێکە کە هەوڵ ئەدات مەوقعیەتی نوێنەرایەتی حیزبی دیموکراتی ئامریکا لە هەڵبژاردنی داهاتودا بەدەست بێنێ. دیارە کە سەربە بەشێک لە چینی سەرمایەداری حاکم لە ئامریکایە، بەڵام خاڵی سەرەکی ئەوەیە کە ئەو بۆ دەستەبەر کردنی دەنگی کرێکاران و روناکبیران و توێژی کەم داهاتی کۆمەڵگای ئامریکا، خۆی بە سۆسیالیست دەناسێنێ. بەم ئیعتیبارەوە دەنگێکی زۆری کۆکردۆتەوە و لە مەودایەکی کەمدایە لەگەڵ ڕەقیبەکەی “هیلاری کلنتۆن”. ئەم جۆرە رووداوانە لە کۆمەڵگای ئامریکادا گەلێک نامۆ بەرچاو دێت.718

بۆرژوازی ئامریکا لە شەڕی دووهەمی جیهانی بەملاوە لەسەر بەستێنی گەشەی ئابووری و وەڕێخستنی شەڕی سارد لەگەڵ یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو توانی تەبلیغاتێکی دژی کۆمۆنیستی لە ئامریکا بخاتە ڕێ و سۆسیالیزم یەکسان بە دیکتاتۆڕی مەوجود لە شۆڕەوی لەقەڵەم بدات. سەرکەوتنی بۆرژوازی ئامریکا لەم مەیدانەدا گورزێکی جیدی لە بزوتنەوەی کرێکاری و گرایشی چەپ و کۆمۆنیستی لەم وڵاتەدا وەشاند. ئێستا لەگەڵ دەست پێکردنی لاواز بوونی دەسەڵاتی ئابووری، سیاسی و نیزامی حکومەتی ئامریکا، بواری عەینی بۆ حوزوری گرایشی سۆسیالیستی لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا لە ئامریکا فەراهەم بووە. لاواز بوونی زیاتری بۆرژوازی ئامریکا و دەوڵەتەکەی دوای دەرکەوتنی ئەم قەیرانە ئابووریە لە ساڵی ٢٠٠٨ زیاتر لە ڕابردوو فەراهەم بووە. دەرکەوتنی بزووتنەوەی دژی نایەکسانی ئابووری ” داگیر کردنی وال ئیستریت” لە ساڵی ٢٠١١ بەرهەمی ئەم شکستە بوو. بەشوێن دامرکانەوەی ئەم بزوتنەوەیەدا بەهۆی هێرشەکانی پۆلیس و کەمبودە ناوخۆیەکانی بزووتنەوەکە، لە ئێستادا دیاردەیەک بەناوی ساندرز سەری هەڵداوە.

برنی ساندرز لە کاتی دەستکردن بە کێشمەکێشی هەڵبژاردن لەگەڵ هیلاری کلنتۆن لە حیزبی دێموکرات و کاندیدە دەستە ڕاستی ترەکانی کۆماری خوازەکان خۆی بە ” سۆسیالیست” ناوبرد. سەرجەم ڕاگەیەنرەکانی ئامریکا بە بڵاو کردنەوەی هەواڵی ئەم ئیدیعایە هیوادار بوون کە ساندرز لە دەنگی هەیئەتە نوێنەرایەتیەکانی حیزبی دێموکرات لە ویلایەتە جۆراو جۆرەکان بێبەش بکرێت. بەڵام لەوپەڕی سەرسوڕمانی ئەم ڕاگەیەنەرانە و بۆرژوازی ئامریکادا ساندرز لە زۆریەک لە ویلایەتەکان توانی زۆرینەی دەنگی کەسانی ژێر ٥٠ ساڵ دەستەبەر بکات.

بەڵام هاوکات لەگەڵ گرایشی بەرین بەرەو چەپ له لایەن کرێکاران و توێژی کەم داهاتی ئامریکا، هێندێک جوڵە لە بەرەی ڕاستیشدا دەبیندرێت. لە تێکۆشانی سەرەتایی سەرۆک کۆماری ئامریکاشدا هەیئەتەکانی نوێنەرایەتی حیزبی کۆماریخواز زۆرترین دەنگی خۆیان لە بەرژەوەندی دۆناڵد ترامپ خستوەتە سندوقەکانەوە کە بەڕەسمی ڕەگەز پەرستە و داکۆکیکاری سیاسەتە ڕاست ڕەوانەکانە لە ئامریکادا.

ئەوەی کە ئێستا لە ئامریکا لە ئارادایە، لە ماوەیەک لەوە پێشەوە لە ئوروپا سەری هەڵداوە. گەشە کردنی گرایشاتی چەپ و ڕادیکاڵ لە بزوتنەوەی کرێکاری و باقی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکاندا لە ئوروپا زۆر بەباشی دەبیندرێت. لەگەڵ ئەوەشدا هەر بەوجۆرەی کە سەبارەت بە ئامریکا ئاماژەی پێکرا، شاهیدی سەر هەڵدانەوەی گرایشاتی ڕاست ڕەوانەی ڕەگەز پەرستانە لە ئوروپاشداین.

درێژەی خەباتی کرێکارانی فرانسە لەدژی قانونی کاری گۆڕدراو بە قازانجی خاوەنکاران و دانی ناوەرۆکی دژی سەرمایەداری بەم خەباتە، سەرەڕای بەردەوام بوونی یاسای بارودۆخی نائاسایی لە فەرانسە، مانگرتنی زیاتر لە ٥٠ هەزار پزیشک لە بریتانیا لەدژی سیاسەتی ڕیازەتی ئابووری حکومەتی محافزەکاری ئەم وڵاتە و مانگرتنی گشتی ئەم دواییە و چەند بارەی کرێکارانی یۆنان لەدژی توند بوونەوەی هێرشی دەوڵەتی سیریزا بۆسەر ئاستی ڕیفاه و ئازادیە دیموکراتیکەکانی کرێکاران، حوزوری دەیان هەزار ناڕازی ئیسپانیایی بۆ ڕیزگرتن لە ساڵرۆژی ” بزوتنەوەی توڕەیی” و مەحکوم کردنی کرداری دژی کرێکاری و دژی ئینسانی حکومەت لە رۆژی ١٦ ی مەیدا، ئەمانە بەگشتی لەو نمونانەن کە لە بەرەی چەپی کۆمەڵگای ئوروپا لە ئارادان.

لە یۆنان حیزبی سیریزا، سەرەڕای ئەوەیکە دوای بە دەسەڵات گەیستنی پشتی کردە ئاڕمانە ڕاگەیەندراوەکانی، بەڵام نەفسی بە دەسەڵات گەیشتنی وەک پودیموس لە ئیسپانیا، نیشانەگەلێکن لە گرایش بەرەو چەپ لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا. لە بریتانیا هەڵبژاردنی “جیمی کوربین” لە باڵی چەپی حیزبی کارگەر بۆ سەرۆکایەتی ئەم حیزبەش هەرلەم چوارچێوەیەدا دەگونجێ.

ئاشکرایە، کە ئەم نمونانە نیشانەکانی کێشمەکێشێکی چینایەتین کە لە ئاستی جیهانی و بەتایبەت لە وڵاتانی پێشکەوتوی سەرمایەداریدا لە ئارادان. بەڵام بەهۆی ئەوەی کە کرێکاران هێشتا ڕێکخراوی سەربەخۆی سیاسی خۆیان نییە، گرایش بەرەو چەپ لە دانی دەنگ بە کەسان و یان سازمانە بۆرژوازیە ئوپوزسیۆنەکاندا خۆی نیشان داوە. چینی کرێکار لەم دەورەیە لە خەباتی جیهانی خۆیدا لەدژی بۆرژوازی و دروستکردنی ئەحزابی سیاسی و چینایەتی سەربەخۆ و کۆمۆنیست، چارەنووسی داهاتووی دیاری دەکات.

 

بابەتی پەیوەندیدار

گەندەڵی ئیداری، دارایی، ئەخلاقی و سیاسیی ڕژیمی ئیسلامی، لە سەرەوە دەست پێدەکات

-

خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، لە چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێت

-

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-