کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

هەڵبژاردنی یونان، دەرسەکانی شکستی سیریزا

 

هەڵبژاردنی په‌رله‌مانی یونان ژوئیە بە سەرکەوتنی پارتی محافزەکاری” دێمۆکراسی نوێ” و شکستی پارتی سیریزا و ڕووخانی دەوڵەتی سیپراس کۆتایی هات. لە چەند ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ره‌وه‌ نیشانەکان ئەوەیان دەر دەخست کە تاریخ مەسرەفی سیریزا کۆتایی هاتووە. بەشێکی زۆر لە مێدیاکان کە مڵکی سەرمایەی ماڵی یونانە لە خزمەت ئەم جێگۆڕکەیه‌دا بوون. زیاتر لە هەموان بەرز بوونەوەی ئەرزشی بازاڕی بورسی یونان ئاشکرای دەکرد کە سەرمایەی ماڵی یونان ئۆرووپا خۆی بۆ دەورەی دوای” سیریزا” ئامادە دەکات. حیزبی دێمۆکراسی نوێ سەرکەوتوی هەڵبژاردن، بەرچاو ترین نوێنەری سەرمایەی ماڵی یونان بووە و دوای ڕووخانی دیکتاتۆڕی نیزامییەکان لە یونان لە چەند دەیەی ڕابردوودا چەندین جار دەوڵەتی بەڕێوەبردووە و تەنیا دەورەیەکی کورت جێگای خۆی دا بە حیزبی سۆسیال دێمۆکرات. لە ڕاستیدا شکڵ گرتنی سیریزا ئاخرین بزمار لە تابوتی حیزبی سۆسیال دێمۆکرات و لێک هەڵوەشانی ئەندامانی چەپی و پەیوەست بوونیان بە سیریزاوە بوو.

لە ساڵی ٢٠١٠ بەملاوە هیچكات خەڵکی یونان بەم شێوەیە بێ تەفاوەت نەبوون له‌ئاست هەڵبژاردنه‌كان. ئەگەر پارتی محافەزەکار لە ساڵی ٢٠٠٨ تا٢٠١٠ لە جەریانی قەیرانی جیهانی سەرمایەداری و وەرشکست بوونی دەوڵەتی یونان وەحشیانە ترین هێرشی بۆسەر خەڵک ڕیکخست، سیریزا دوای بە دەستەوە گرتنی سۆکانی دەوڵەت خیانەتی بە هیوا و ئاواتەکانی خەڵک کرد.

سەرکەوتوی هەڵبژاردنی یونان هەمان ئەو پارته‌یه‌ کە لە ساڵی ٢٠١٠ دا تەنیا لە ماەی چەند مانگدا بە فەرمانی هەر ٣ دامەزراوەکەی ئۆرووپا هێرشێکی بەرینی بۆسەر بەملیۆن کەس لە خەڵکی هەژاری کۆمەڵگا سازماندا. ئەمە وەحشیانە ترین هێرشێک بوو کە لە مێژووی یوناندا دژی بە ملیۆن کەس لە کرێکاران و حقوق بگیران بەڕێوەچوو. لە کراوە هێشنەوەی دەستی سەرمایەداران بۆ دەرکردنی خێرای کرێکاران تا چوونە سەرەوەی تەمەنی خانەنشینی، لە بەرز بوونەوەی ماڵیات بەسەر سوتەمەنیدا تا کەم بوونەوەی حقوقی خانەنشینی تەنیا چەند نمونەیەک لەم هێرشە وەحشیانەیە بوون. و تەنزی تاریخ ئەوەیە کە ئیستا بەشێک لەم خەڵکە هەر ئەمانەیان هەڵبژاردۆتەوە. بەڵام ئەم هێرشە بەبێ وڵام نەمایەوە، چوار ساڵی تەواو کۆمەڵگای یونان بەرینترین ناڕەزایەتیی جەماوەری و کرێکاری بە خۆیەوە بینی. ئێستا تەنانەت ئەو خۆپیشاندان و ڕێپێوانانەی لەسەر بانگهێشتی یەکێتییە کرێکارییەکان بەڕێوەدەچێت، هێرش دەکەنە سەر بانک و دامەزراوە ماڵی و فرۆشگاکان. ئەوەیکە فرستەندەی تێلوێزیۆنی سەرتاسەری یونان داگیر کرا و خۆپیشاندەران لە ڕێگای تێلوێزیۆنی سەرتاسەریەوە خەڵکیان بۆ خۆراگری گشتی جەماوەری بانگەواز دەکرد. ئەوەیکە لێرە و لەوێ کرێکاران دەستیان بەسەر کارخانەکاندا دەگرت، نیشانی دەدا کە کۆمەڵگا خۆی بۆ ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێرانە ئامادە دەکات، کومیتەی جۆراوجۆر لە مەیدان و شه‌قام و گەڕەکەکان پێکدێن. ئەگەر یەکێتییە سوننەتییەکانی سەربە ئەحزابی محافزەکار و سۆسیال دێمۆکرات پەڕاوێز خراون و یەکێتییە رادیکاڵە کرێکارییەکان دەبنە خاوەنی ئێقباڵی گشتی، دەرخەری فەزایەکی نوێ بوو کە لە جەریانی قەیرانی ماڵی و هێرشی دامەزراوەی سیانەی ئۆرووپایی و دەوڵەتی یونانەوە سەری هەڵدا بوو. سیریزا کە بە دروشمی خۆڕاگری لە بەرانبەر دامەزراوەی سیانەی یەکێتیی ئۆرووپادا گۆڕەپانی کۆمەڵگای داگیر کردبوو لەگەڵ بەدەستەوە گرتنی دەوڵەت، بوو بە حیزبێک کە مەودایەکی زۆری لەگەڵ پایە کۆمەڵایەتییەکەی کە هێشتا خیابان و مەیدانەکانی لە ئیختیاردا بوو، هەبوو. سیریزا چووبوە نێو یاری لە مەیدانێکەوە کە هی شۆڕشی خەڵک و بزوتنەوەی ناڕەزایەتیی نەبوو. خۆڕاگری سیریزا لە مانگەکانی سەرەتای بە دەسەڵات گەیشتنی دا بەرەوڕووی سەدی بە تەواو مانای یەکێتیی ئۆرووپا و دامەزراوەکانی بۆوە. لەگەڵ ئەوەدا کە خەڵکی یونان لە ڕێفڕاندۆمی مانگی ژوئیەی هەمان ساڵدا، لێبڕاوانە وڵامی ڕەدی بە بەستەی ڕیازەتی ئابووری پێشنیار کراوی یەکێتیی ئۆرووپا دایەوە، بەڵام سیپراس هەر ئەو شەوە “نا”ی خەڵکی کردە” ئەرێ” و ڕایگەیاند کە ئەم دەنگە بە مانای ڕه‌زامه‌ندی خەڵک بە وتووێژی نوێ لەگەڵ یەکێتیی ئۆرووپایە و ئەمە هەڵبەت خیانەتێکی ئاشکرا بە دەنگ و هیوا و ئاواتەکانی خەڵک بوو. ئەو لەم کاتە بەدواوە بە ئاشکرایی بوو بە کاربەدەستی هەمان ئەو سیاسەتانەی کە ساڵانێک پێشتر لەدژیان خەباتی دەکرد و بە بەرەکەتی ئەم خەباتەوە بەرەوڕووی ئێقباڵی ملیۆنی جەماوەری خەڵک ببۆوە.

هەڵبژاردنی ڕۆژی یەکشەممە نیشانیدا کە خەڵک ئیتر متمانەیان بە سیپراس و حیزبەکەی نییە. بەشێکیان بە باشیان زانی کە نەچنە بەردەم سندوقەکانی دەنگدان. بەم جۆرە یەکێتیی ئۆرووپا بە پێداگری لەسەر سیاسیەتی ریازەتی ئابووری و بەتایبەت بە فەرمانی خوسوسی سازی بەشێکی زۆر لە خزمەتگوزارییە دەوڵەتییەکان بە ئاواتی خۆیان گەیشتن. بەڵام وێرای ئەمە ئێمە لەگەڵ دوو وڵام بەم بارودۆخەدا بەرەو ڕووین، یان به‌ خیانەت کردن بە ئاواتەکانت ته‌حه‌مول كه‌یت و به‌ پەشیمانی لە ماڵەوە دادەنیشی و یان درێژە بە خەبات بده‌ی. تەسلیم بوون بۆ خەڵکێک کە نه‌وه ‌دوای نه‌وه‌ خه‌باتیان کردووە، کارێکی هاسان نییە. لە بیره‌وه‌ری مێژوویی و زەمیری ناخودئاگای ئەواندا تەسلیم بوون جێگایەکی نییە.

چارەنووسی سیریزا جاریکی تر نیشانیدا کە ئەگەر چەپی ڕیفۆرمیست ئەوپەڕی ئاوات و ئاسۆکانی گەڕانەوە بۆ کنزیانیزمە و تەنانەت ئەگەر لە ناخی بزوتنەوەیەکی جەماوەری ناڕازیدا و بە سوار بوونیشی بێت، ڕساڵەتێکی بێجگە لە بەتال کردنەوەی جسارەت و وەرەی خەباتکارانەی کرێکاران و توێژی خوارەوەی کۆمەڵگایدا نییە و خۆی دەبێتە بەشێک لە بەرەو پێش بردنی سیاسەتی ڕیازەتی ئابووری و نێئۆلیبڕالیزم. پرسیاری واقعی ئەوەیە کە ئایا ئەم بزووتنەوە ناڕەزایەتییەی کە لە ساڵەکانی رابردوودا هیوای خۆی لەسەر سیریزا هەڵچنی بوو، ئێستا چۆن دەتوانێ خۆیان ببنە هیواو ئاواتی كۆمەڵگا.

بابەتی پەیوەندیدار

ڕژیم، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گۆڕی خۆی زیاتر هەڵدەکەنێ

-

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-

توندتربونەوەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر مامۆستایانی مافخواز

-

ڕژیمی ئیسلامی لە سەنگەری سەپاندنی حیجابی ئیجباری، پاشەکشەی پێدەکرێت

-

شەڕ ئامرازێک لە دژی خەڵک، لە خزمەت مانەوەدا

-

ناڕەزایەتی جیهانی لەدژی بەردەوامبوونی جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە

-