کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

هەڵاواردنی مەزهەبی لەبواری دوکتۆر و دەرمان لە ئێران

محەممەد حوسەین سپێهر، فەرماندەی قەرارگای کرۆنا و یەکێک لە فەرماندەکانی پێشووی سپای پاسداران وتوویەتی: ” بەرپرسی نەخۆشخانە بۆی هەیە بەو کەسانەی کە بێ حیجابن بەرخورد بکات و لە خزمەتگوزاری پزیشکی و دەرمانی بێبەشیان بکات، چونکە ئەو کەسە کارێکی نایاسایی دەکات و تاوانە. ئەگەر ئاوا بڕوات لەوڵاتەکانی وەک تورکیەش خراپتر دەبین”.

ئەم پاسدارە بەرپرسەی خزمەتگوزاری دەرمانی، هەروەها دەڵێت: ” حکوومەتی ئیسلامی لەگەڵ تۆڕێکی ئاڵۆز و ڕێکخراوی ناپاکی و بێ حیجابی بەرەوڕووە، هەربۆیە نەخۆشخانەکان پێویست ناکات چاوەڕوانی دەستوور بن و بەپێی فەرمانی ” ئاتەش بە ئیختیار” لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری پزیشکی بە ژنانی بێ حیجاب خۆ ببوێرن”.

ئەم قسە و هەڵوێستەی فەرماندەی قەرارگای کرۆنا، دەچێتە خانەی ئەو جینایەتانەوە کە لە کۆنڤانسیۆنی ژنێڤدا هاتووە. هەروەها ڕێک بەپێچەوانەی ئەو سوێندخواردنە پزیشکییەیە کە تێیدا هاتووە: خزمەتگوزاری پزیشکی دەبێت بەبێ لەبەرچاوگرتنی تەمەن، ڕەگەز، ئایین، ڕەنگی پێست و نەتەوە، جۆری جل و بەرگ و بوونی بیروڕای جیاواز، پێشکەش بکرێت. بەشێک لە بەڵێن نامەی پزیشکی کە لە گشت جیهان لەسەر بنەمای ناوەڕۆکی بەڵێن نامەی ” بەقەراتی حەکیم” پزیشکی یۆنانی کە دووهەزار ساڵ لەوەپێش نووسراوە، بەمجۆرەیە:

هەرئێستا کە پیشەی پزشکی بۆخۆم هەڵدەبژێرم، لەگەڵ خۆم پەیمان دەبەستم کە سەرتاپای ژیانم یەکسەرە بۆ خزمەتکردن بە مرۆڤایەتی تەرخان بکەم و بەڵێن دەدەم ئەسراری نەخۆشەکانم بپارێزم. دین، نەتەوە، ڕەگەز، بیر و باوەڕی سیاسی و جێگە و پێگەی کۆمەڵایەتی هیچ کاریگەرییەکی لەسەر بەڕێوەبردنی ئەرکە پزیشکی سەبارەت بە نەخۆشەکانم نابێت. من لەهەر حاڵەتێکدا ئەوپەڕی رێز دادەنێم بۆ ژیانی مرۆڤ و هیچکات زانستە پزیشکییەکەم بەپێچەوانەی یاسا مرۆییەکان و ئوسوولی ئینسانی بەکار نابەم. ئازادانە سوێند دەخۆم بە شەرافەتم ئەوەی کە بەڵێنمداوە بەرێوەی ببەم.دەسەڵاتدارانی ئیسلامی کە فەرماندەکانی سپای پاسدارانیان لە ناوەندە دەرمانییەکان کردۆتە بەرپرسی گیان و تەندرووستی خەڵک، بەئاشکرا لەدژی ژنان، کەمینە ئایینییەکان و خەڵکی فەقیر و هەژار جیاوازی ڕەوا دەبينن و تەنانەت بە ناوەرۆکە ئیسلامیی کراو و دواکەوتوانەی بەڵێن نامە پزیشکییەکەی خۆشیان وەفادار نین. دەسەڵاتدارانێکی کە خۆیان نموونەی گەندەڵی و درۆو و دووڕوویی و ناپاکین، ئەو ژنانەی کە گوێ بە یاساکانی هەڵاواردن و کۆنەپەرستانەی ئەوان نادەن، بەوپەڕی بێ شەرمییەوە، بە ناپاکی تۆمەتبار دەکەن.

بەڵام واقعییەت ئەوەیە کە ئەوە تەنیا حیجاب نییە کە دەبێتەهۆی بێبەش بوونی شارۆمەندان لە خزمەتگوزاری پزیشکی، تەنانەت ئەو نەخۆشانەش کە بارودۆخی تەندروستیان زۆر خراپە، ئەگەر لەپێشدا هەزینەکەی پەرداخت نەکەن ئیزنی چوونە نەخۆشانەیان پێنادرێت. لە نەخۆشخانەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕژیمی ئێسلامیدا، تەنانەت لاشەی مردووەکانیش تا دانی هەزینەی نەخۆشانە بەبارمتە دەگرن.  هەرئێستا بەهۆی پەرەسەندنی هەژاری لەناو توێژی کەم داهاتی کۆمەڵگادا، بەدخۆراکی، بڵاوبوونەوەی گەلێک نەخۆشی و ڕێژەی مردنی نابەوەخت، ڕۆژبەڕۆژ ڕوو لە زیادبوونە.کەمایەتییە پزیشکی و دەرمانییەکان و چوونەسەرەوەی نرخی دەوا و دەرمانەکان ئەم پڕۆسەیان گەلێک بەربڵاوتر کردووە.

هەزینەی زۆری خزمەتگوزاری پزیشکی و گرانی لەڕادەبەدەری دەوا و دەرمان لەپەنا گرانی سەرسوڕهێنەری پێداویستییەکانی دیکەی ژیان، بێهداشت و تەندرووستی گشتی کۆمەڵگای بۆ نزمترین ئاست دابەزاندووە و بەستێنی پەرەسەندنی زیانە مرۆییەکان و کەمبوونەوەی تەمەنی خۆش کردووە. بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕەسمی ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانی، ئاستی تەندرووستی لە ئێران لە بارودۆخێکی گەلێک خراپدایە و بەپێی پلەبەندییەکانی ئەو ڕێکخراوەیە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لەناو ١٩٢ وڵاتدا، لەپلەی ١٢٣دایە.

لە مەملەکەتێکدا کە گیانی ئینسان هیچ بایەخێکی نییە و جێگاو شوێنی ناوەندەکانی پەرەپێدانی خوڕافە و هێزە سەرکوتگەرەکان لەسەروی ناوەندە خزمەتگوزارییەکانەوەیە، بێگومان ئاساییە دامەزراوەیەکی کە دابینکردنی تەندرووستی خەڵکی لە ئەستۆیە، بەکردەوە لەئاست بوونی ڕێوشوێن و بەرنامانەی پەرەپێدانی تەندرووستیدا بێتوانا بێت، ئاساییە هیچ خەبەرێک لە سیستەمی خزمەتگوزاری بێهداشتی و دەرمانی بەخۆڕایی نەبێت، ئاساییە تەنانەت ئەو نەخۆشانەش کە باری تەندروستیان ناجێگیرە بەبێ پەرداختی کردنی پێشەکی هەزینەکان ڕێگای چوون بۆ نەخۆشخانەیان پێنەدرێت و ئاساییە کە نەخۆشە بێ پووڵ و بێ کەس و کارەکان لە تەختی نەخۆشخانە بکێشرێنە خوارەوە و لە نەخۆشخانە بکرێنەدەرەوە.

بێهداشت و دەرمانی بەخۆڕایی مافی بێ ئەملاو ئەولای هەر شارۆمەندێکە. نابێت هیچ کەس بەهۆی دەستپێڕانەگەیشتن بە خزمەتگوزاری پزیشکی و دەرمانیی ئازار بکێشێت. دابینکردنی بێهداشت و دەرمانی بەخۆڕایی بۆ سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵگا، بەردەوام یەکێک بووە لە داخوازییەکانی کرێکاران و کۆمەڵانی خەڵکی زەحمەتکێشی ئێران. ڕەوا نییە هیچ مرۆڤێک بە بێبەش بوون لە خزمەتگوزاری پزیشکی و دەرمانی لە جێگادا بکەوێت و ئازار بکێشێت و گیان لەدەست بدات. بێگومان ڕژێمێکی کە فەرماندەی سپای پاسدارانەکەی بەخۆی ئیجازە دەدەات بەوپەڕی بێ شەرمییەوە ئینسانەکان بەخاتری حیجابەکەیان لە مافی درمان و تەندرووستی بێبەش بکات، هیچ جێگاو شوێنێکی جگە لەناو زبڵدانی مێژوودا نییە.

بابەتی پەیوەندیدار

ڕژیم، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گۆڕی خۆی زیاتر هەڵدەکەنێ

-

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-

توندتربونەوەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر مامۆستایانی مافخواز

-

ڕژیمی ئیسلامی لە سەنگەری سەپاندنی حیجابی ئیجباری، پاشەکشەی پێدەکرێت

-

شەڕ ئامرازێک لە دژی خەڵک، لە خزمەت مانەوەدا

-

ناڕەزایەتی جیهانی لەدژی بەردەوامبوونی جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە

-