ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ٣١ی خاكه‌لێوه، فڕۆكه‌كانی ئه‌مریكا چه‌ندین جار كۆگای چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی حووسییه‌كانی یه‌مه‌نیان له چه‌ند شاری ئه‌و وڵاته كرده ئامانج و به‌وهۆیه‌وه ١٢ كه‌س كوژران و ٣٠ كه‌سی دیكه بریندار بوون.
به‌رپرسانی حووسی له‌و باره‌وه به میدیاكانیان وت: فڕۆكه‌كانی ئه‌مریكا بازاڕێكیان له گه‌ڕه‌كی فه‌روه‌ی سه‌نعا كردووه‌ته ئامانج و له ئاكامی ئه‌و هێرشه‌دا، به لاینكه‌م ١٢ كه‌س گیانیان له‌ده‌ست داوه و زیاتر له ٣٠ كه‌سی مه‌ده‌نی بریندار بوون. هێرشه‌كانی ڕۆژی ڕابردووی ئه‌مریكا به‌دوای هێرشه قورسه‌كانی حه‌فته‌ی ڕابردووی ئه‌و وڵاته بۆ سه‌ر كۆگای نه‌وتی حووسییه‌كان له به‌نده‌ری ڕاس عیسا ئه‌نجام دراوه كه تێدا ٧٤ كه‌س بوونه قوربانی و ١٧١ كه‌سی دیكه‌ش بریندار ببوون.