کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

نەشتەرگەری ئابووری، ئاگری ڕق و تووڕەیی خەڵک بڵێسەدارتر دەگات

ڕەئیسی، سەرۆک کۆماری ڕژیمی ئیسلامی سیاسەتی ئابووری خۆی لەبابەت لابردنی “ئەرزی  تەرجیحی” و کەمکردنەوە یان لابردنی یارانەکانی، بە “نەشتەرگەری ئابووری” ناولێبردووە. لە هەلومەرجیێکدا کە ڕژیمی ئێسلامی ئێران لەگەڵ گەلێک قەیرانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و ناوچەیی و جیهانی بەرەوڕووە و ڕێگاچارەی حکوومەت سەرکوتی بەربڵاوی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لەلایەک و نەشتەرگەری ئابووریی، ئەویش بە تیغێکی ژنگاوی و بەدەستی بەرپسانێکی دز و  گەندەڵ و نالایق لەلایەکی ترەوە، بێگومان دەبێتە هۆی مەرگی نەخۆشەکە هەرلە ژووری نەشتەرگەرییەکەدا. تێچووی نەشتەرگەری ئابووریی حکوومەتی ئیسلامی، دەسەڵاتداران و سپا و دام و دەزگای مەزهەبیی و  بەیتی خامنه‌ای پەرداختی ناکەن بەڵکوو گوشارەکەی دەکەوێتە سەر شانی خەڵکی هەژار و بێبەش، کە جگە لە برسێتی، گرانی، بێکاری، بێ خانە و لانەیی، گرانی و کەمبوونی دەوا و دەرمان و خزمەتگوزاری پزیشکی، بەدخۆراکی و سەرکوتی هەرچی زیاتر، هیچ واتایەکی تری نییە.

ئەو ڕژیمەی کە ئیدیعای دەکرد نموونەی حکوومەتە ئیسلامییەکەی خۆی هەناردەی جیهان دەکات، ئێستا ئیتر تەنانەت توانایی دابینکردنی سەرەتاییترین پێداویستییەکانی سەر سفرەی خەڵکی، لەوانە نان، ڕۆن، هێلکە، پەنیر، شیر و ماکارۆنی، نییە و نرخی مەوادی خۆراکی سات بە سات بەرز دەبێتەوە.

تووڕەیی و  ناڕەزایەتییەکانی خەڵک هەرساڵە و  تا دێت پتر پەرە دەستێنێ و جوگرافیایەکی بەرینتر لەخۆ دەگرێت. کرێکاران، موعەلیمان، خانەنشینکراوان، ژنان، دانشجویان، جوتیاران، خەڵکی کوردستان و  کەمینە نەتەوەییەکانی تر، بەهایی و دەروێشەکان، زیندانیانی سیاسی و  بنەماڵەی داغداری ئێعدام کراوانی سیاسی، ڕۆژنامەوانان و نووسەران، هونەرمەندان و وەرزشکاران، دەستفرۆشان و بێکاران و بەگشتی کەمتر چین و توێژێکی کۆمەڵایەتی هەیە کە دژایەتی و ناڕەزایەتی خۆیان دژبە کۆماری ئیسلامی و ئاخوند و دام و دەزگا نیزامی و ئەمنییەتییەکان و لەسەرووی  هەموویانەوە خامەنەیی و سپای پاسداران نیشان نەدابێت.

بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ وڵامی حکوومەت بریتی بوو لە حاشا کردن و شاردنەوەی تووڕەیی و ناڕەزایەتییەکانی خەڵک، گرێدانی دەنگە ناڕازییەکان بە دژبەران و وڵاتە دەرەکییەکان، هێنانە مەیدانی حیزبوڵڵا و بەسیج و لات و چەقۆکێشەکان لەدژی جەماوەری ناڕازی و وەڕێخستنی شانۆگەری ڕێپێوانە حکوومییەکان بۆ دیفاع لە ڕژیمی ئێسلامی و …

بە پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان و ڕادیکاڵتر بوونەوەی دروشم و داواکارییەکان لە ” دەنگی من کوا” وە گەیشتە مەرگ و نەمان بۆ کۆماری ئیسلامی و دروشمی دژ بە خامەنەیی دەنگی دایەوە.  حکوومەتی ئیسلامی کە بەشێکی زۆر لە داهاتی نەوتی بۆ سەرکوت لەناوخۆی وڵات و تیرۆریسم لە دەرەوە، بۆ بە قاچاغ بردن و دەوڵەمەند کردنی دام و دەزگا و ناوەندە مەزهەبییەکان، بۆ دزین و تاڵانکردنی سامانی گشتی لەلایەن سپای پاسداران و ئاخووندەکانەوە تەرخان کردووە، بە قووڵتر بوونەوەی قەیرانی ئابووریی، قسە لە پێویستی نەشتەرگەرییەکی ئابووریی دەکەن کە ئاکامەکەی بەگران بەسەر  کۆمەڵانی خەڵکدا دەشکێتەوە.

بێگومان سیستەمی سیاسی و حقووقی ئێران پتر لە هەر کاتێکی تر پێویستی بە نەشتەرگەری سیاسیی ڕیشەیی هەیە. چل و چەند ساڵ دەسەڵاتی ئیسلامی دەریخست کە ئەم سیستەمە سەرچاوە و هۆکاری سەرەکی فەقر و سەرکوت، گەندەڵی و ڕیاکاری، پەرەسەندنی جەهل و خوڕافە، ئیعتیاد، خەمۆکی و خەسارە کۆمەڵایەتییەکانە.

ئابووری سەرمایەداریی ئێران هیچ ئاسۆیەکی ڕوونی بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە لەبەردەمدا نییە. خەباتی یەکگرتووانە و بەربڵاوی کرێکاران و کۆمەڵانی خەڵکی بێبەش دەتوانێت هەلومەرجێکی باشتر بۆ کار و ژیان بەسەر ڕژیم و چینی سەرمایەداری ئێراندا بسەپێنێت. بەڵام دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی کە دەستیان بەسەر هەموو سەروەت و سامانی ئەم کۆمەڵگایەدا گرتووە، تا کاتێک کە نەکەونە ژێر زەخت و گوشاری خەباتێکی یەکگرتووانە و سەراسەریی کرێکاران، هیچ ئاڵ و گۆڕ و باشتربوونێک لە ژیانی کرێکاران و بنەماڵەکانیاندا پێک ناهێنن. ئەو سامانە زۆر و زەوەندەی کە لەدەستی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و سەرمایەدارانی تردا کەڵەکە بووە،  لە ئەگەری نەبوونی بزووتنەوەیەکی بەهێزی کرێکاریدا، لە پێناو هێشتنەوە و بەهێزکردنی دام و دەزگای سەرکوت و بزووتنەوە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکەدا بەکار دەهێندرێت. پێویستە لەڕێگەی یەکگرتووکردن و  بەربڵاوترکردنی خەبات و ناڕەزایەتییەکانی ئێستاوە، نەتەنیا بەربە لەسەرکار دەرکردن و بێکارسازییەکان و هەروەها وەدواکەوتنی دانی حەقدەستی کرێکاران بگیردرێت، بەڵکوو زیادکردنی حەقدەستەکان هاوتریب لەگەڵ گرانی و دانی بیمەی تەواوەتیش بەسەر ڕژیم و سەرمایەداراندا بسەپێندرێت.

بابەتی پەیوەندیدار

ڕژیم، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گۆڕی خۆی زیاتر هەڵدەکەنێ

-

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-

توندتربونەوەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر مامۆستایانی مافخواز

-

ڕژیمی ئیسلامی لە سەنگەری سەپاندنی حیجابی ئیجباری، پاشەکشەی پێدەکرێت

-

شەڕ ئامرازێک لە دژی خەڵک، لە خزمەت مانەوەدا

-

ناڕەزایەتی جیهانی لەدژی بەردەوامبوونی جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە

-