کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

نیگەرانییەکانی خامەنەیی، جیددی و واقعییە

ئەو قەیرانە سیاسییەی ئێستای ئێران، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی جەماوەری وەگیانهاتوو لەسەر شەقامەکان، پەرەسەندنی ناڕەزایەتییە پیشەیی، سیاسی و ئابوورییەکان، بەردەوامی مانگرتنە کرێکارییەکان، ناڕەزایەتی کاسبکارانی بازاڕ و چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکانی تر، جموجۆڵی نوێی ئوپۆزیسیۆنی دەروەی وڵات لەسەر بەستێنی ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکان، تاک کەوتنەوە و پەراوێز کەوتنی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە، سەفەری ئەم دواییانەی بایدێن سەرۆک کۆماری ئامریکا بۆ عەرەبستان و ناوچەکە، سەردان و چاوپێکەوتنەکانی بەرپرسانی دەوڵەتەکانی وەک عەرەبستان، میسر، ئوردۆن، تورکیا و نزیکبوونەوەی هەرچی زیاتری ئیسرائیل و ژومارەیەک لە دەوڵەتەکانی ڕۆژئاوا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دواکاریی ئیسرائیل لە شارۆمەنەدە ئیسرائیلییەکانی نیشتەجێی تورکیا بۆ ئەوەی هەرچی زووتر ئەو وڵاتە بەجێ بهێڵن هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی تورکیا و ئیسرائیل و ئەو وڵاتانەی کە کۆماری ئیسلامی پێوەندی باشی لەگەڵیاند نییە، لاواز بوونی ڕەوتە ئیسلامییە شیعە تیرۆریستەکانی لایەنگری کۆماری ئیسلامی لە عێراق و لوبنان و یەمەن، تەنيا گۆشەیەکی بچووکن لەو نیگەرانییە واقعییانەی خامەنەیی کە لەدوو وتاری ناوبراو لە ماوەی دوو حەوتوودا بەڕوونی خۆی نیشاندا. خامەنەیی ناحەقی نییە کە سەبارەت بە هەرکام لەو بابەتانە نیگەران بێت. بەڵام ئەوەیکە جیگای ترس و نیگەرانی سەرەکی خامەنەیی و دەسەڵاتدارانی ڕژیمی ئێسلامییە، بەرلەوەی کە جموجۆڵە ناوچەییەکان بێت، بریتییە لە خەبات و ناڕەزایەتییەکانی سەرشەقامی شارە گەورە و بچووکەکانی ئیران، نەبوونی توانایی سەرکوتی ئەو ناڕەزایەتییانە، پەرەسەندنی چەندایەتی و چۆنایەتی ئەو ناڕەزایەتییانە لەباری جوگرافیایی و کۆمەڵایەتییەوە و هەروەها بوونی کەلێن و ناکۆکی نێوان دام و دەزگای سەرکوت و تەبلیغاتیی ڕژیمی ئێسلامی.

هەیمەنەی ماشێنی سەرکوت و دام و دەزگای ترس و وەحشەتی دەسەڵات تێکڕوخاوە، بابەتی ئیسلامی و ئیدئۆلۆژیکی ڕژیم چیتر وەک پێشوو کاریگەر نییە، ماشێنی تەبلیغاتی نیزام کاریگەری خۆی لەدەستداوە و ئەوا ئیتر گەلە ئاخووند

و ناوەندە مەزهەبییەکان نین کە هەموو شتێک دیاری دەکەن. خامەنەیی لە دوو وتار و لەماوەی دوو حەوتوودا دام و

دەزگای ئەمنییەتی-نیزامیی و تەبلیغاتیی ڕژیمی داوەتە بەر ڕەخنە. ناوبراو هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە فەرمانی ” ئاتەش بە ئیختیاری” پێداون، بەڵام لە حاسڵی کار و کردەوەکانی ئەوان ڕازی نییە.

بابەتی کۆنترۆڵ و سانسۆری گۆڤار و ڕۆژنامەکان بەهۆی چالاکتربوونی کاناڵە تەلەویزیۆنییە فرەچەشن و سەتەلایتییەکانەوە کەلێنی تێکەوتووە. بەهۆی بوونی ڕاگەیەنەرە کۆمەڵایەتییە بەربڵاوەکان، زۆربەری هەرەزۆری خەڵک نەک هەر لێدوان و ڕوونکردنەوەکانی حکوومەت سەبارەت بە بابەتەکانی ناو کۆمەڵگا قەبووڵ ناکەن، بەڵکوو هەرکەسێک و بە کەمترین ئیمکاناتێکی کە لەبەردەستیدایە، بەخێرایی وێنەی ڕاستەقینەی شەقام و کار و ژیانی خەڵک و خەبات و ناڕەزایەتییەکانی ئێستای ناوخۆی وڵات بە هەموو گۆشە و کەناری جیهان دەگەیەنێت. سەرکوتیش چیتر بەتەنیایی وڵامدەرەوە نییە و ناکرێت بەزەبری سەرکوت و تووندوتیژی، شەقامەکان بە ملیۆنان کرێکار، موعەلیم، خانەنشینکراو، ماڵ لەدەستچوو، بازاڕی، کەشاوەرز، شۆفیر، کۆڵبەر، سوختبەر، چالاک و زیندانی سیاسی، هونەرمەند و ڕۆژنامەنووس، ژنان و بەهایی و هەروەها نووسەر و وەرزشکار چۆڵ بکرێت و بنێردرێنەوە ماڵەکانیان.

جەماوەری خەڵکی کوردستان لەماوەی چواردەیە خەبات لە دژی حکوومەتی ئیسلامیدا ئەزموونێکى بەنرخیان بەدەستهێناوە و بە هێنانەگۆڕێی ویست و داخوازییە سەرەکی و هەنووکەییەکانی خۆیان نەتەنیا لەبەرامبەر حکوومەتدا ڕاوەستاون، بەڵکوو بە جێکەوتنی سوننەتی مانگرتنی سیاسیی گشتیی، هەڵگری پەیامێکی ڕوون و ئاشکراشن بۆ ئەمڕۆ و دواڕۆژی دوای ڕووخانی حکوومەتی ئیسلامی.

خەباتی شێلگیر و بوێرانەی چین و توێژە بەربڵاوەکانی جەماوەر، بەتایبەت لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا لەدژی دەسەڵاتی ئیسلامی، ترس و نیگەرانییەکی زۆری خستۆتە دڵی خامەنەیی و هەوڵەکانی ئەو بۆ هاندان و بەخەتکردنی دام و دەزگای سەرکوت و تەبلیغاتیی ڕژیم لەم راستییەوە سەرچاوە دەگرێت. خامەنەیی باش دەزانێت هەر هەنگاوێک پاشەکشە کردنی ڕژیم، جەماوەر دوو هەنگاو بەرەوپێش دەبات، هەربۆیە هەوڵدەدات بەربە پاشەکشە کردن و دوودڵی و ڕاڕایی دەزگای درۆ و تیرۆری حکوومەت لە بەرامبەر جەماوەری خەڵکدا بگرێت.

جەماوەر و بەتایبەت بەشە پێشڕەو و یەکگرتووەکەی، هەم ترس و نیگەرانییەکانی خامەنەیی دەرک دەکەن و هەم هێزی کۆمەڵایەتی خۆشیان لە ڕوخساری پەشێو و  غەزەبناکی خامەنەییدا بەدیدەکەن. کۆمەڵانی خەڵکی وشیار و وەخەبەرهاتوو و ئاشنا بە مافە پێشێلکراوەکانی خۆیان،  هەوڵدەدەن بە خەباتی یەکگرتووانە و هێنانەگۆڕێی ویست و

داوکاریی سەرەکی و هەنووکەیی خۆیان، حکوومەت ناچار به پاشەکشەی هەرچی زیاتر بکەن و سەرئەنجام بەرەو لێواری هەڵدێر و لەناوچوونی ببەن. خەبات بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتی ئیسلامی و هەوڵدان بۆ پێشگرتن لە غەزەبی سەرلەنوێی دەسەڵات لەلایەن ڕەوتە ڕاست و کۆنەپەرستەکان و  لەوانە پاشماوەکانی سەڵتەنەتی لەسەرکارلابراوی پەهلەوی، ئەرکێکی سەرەکی و بێ ئەملاو ئەولای جەماوەری شەریف و ئازادیخوازی ئێرانە.

بابەتی پەیوەندیدار

توندتربونەوەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر مامۆستایانی مافخواز

-

ڕژیمی ئیسلامی لە سەنگەری سەپاندنی حیجابی ئیجباری، پاشەکشەی پێدەکرێت

-

شەڕ ئامرازێک لە دژی خەڵک، لە خزمەت مانەوەدا

-

ناڕەزایەتی جیهانی لەدژی بەردەوامبوونی جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە

-

داماویی و بێدەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ئاست ژنانی ئازادپۆش

-

بۆ یادی قوربانیانی کۆمەڵکوژی ئەنفال

-