ئه‌وه دوایین ڕسته‌یه‌ك بوو كه ئێواره‌ی دووشه‌ممه‌ی حه‌فته‌ی ڕابردوو ٢٥ی مانگی مه‌ی به‌رابه‌ر له‌گه‌ڵ ٥ جۆزه‌ردان له زمانی “جۆرج فلۆید“، پیاوه ڕهشپێستهكهی كه چۆكی پۆلیسه سپی پێسته‌كه له‌سه‌ر گه‌ردنی بوو و به سه‌ختی هه‌ناسه‌ی هه‌ڵده‌كێشا، له دوایین ساته‌كانی پێش مه‌رگیدا، بیسترا. “دێرێك شووین” پۆلیسه سپی پێسته‌كه و سێ هاوكاره‌كه‌ی كه شایه‌دی مه‌رگی “فلۆید“ی ٤٥ ساڵه بوون، ته‌نانه‌ت له به‌رامبه‌ر ناڕه‌زایه‌تیی كه‌سانی پیادهشدا كه پێیانوتن “فلۆید” ئیتر ناتوانێ هه‌ناسه هه‌ڵكێشێ، درێژه‌یان به جه‌نایه‌ته مهرگبارهكهیان دا. “فلۆید“، له حاڵێكدا كه گوشاری چۆكی پۆلیس له‌سه‌ر گه‌ردنی دوایین ساته‌كانی ته‌مه‌نی بۆ دیاری ده‌كرد، تكای لێده‌كا كه چۆكی لابه‌رێ. “تكایه، هه‌ناسه‌م بۆ ههڵناكێشرێ! مهمكووژن” به‌ڵام هه‌ر دوو پۆلیسه‌كه كه له په‌نایه‌وه ڕاوه‌ستاون ده‌زانن كه خه‌ریكی چین و ته‌نانه‌ت كاتێك كه خه‌ڵك لێیان كۆده‌بێته‌وه و یه‌كێك له‌وان پێیان ده‌ڵێ: به‌ری ده، تۆ خۆ ئه‌وت له ئیختیار دایه، لانیكه‌م ڕێگه بده هه‌ناسه بكێشێ“، و‌ڵامیان پێناده‌نه‌وه و درێژه‌ی به كرده‌وه دژهمرۆییهكهیان ده‌ده‌ن. كۆتایی ئه‌م جه‌نایه‌ته كاتێكه كه پاش ده ده‌قیقه ئامبۆڵانسه‌كه ده‌گاتێ و جه‌سته‌ی بێ گیانی “فلۆید“ی تێدههاوێن. “ئێف بی ئای” پۆلیسی فێدێراڵی ئه‌مریكا ڕایگه‌یاند كه چوار مهئموورهكه، یه‌ك ڕۆژ دواتری ده‌ركراون و په‌روه‌نده‌یه‌كی تایبه‌تیش كراوه‌ته‌وه كه یه‌كێك له “میحوه‌ره‌كانی ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه ئه‌گه‌ری پێشێلكرانی مافی قوربانیهكهیه”. هه‌ڵبه‌ت وێناچێ ئه‌و “ئه‌گه‌ر“هی ئه‌وان باسی لێدهگهن، هیچ كات لێیان ببێ به یه‌قین. ئه‌گه‌رچی قاتڵهكه ده‌ستبه‌سه‌ر كرا به‌ڵام پاش چه‌ند كاتژمێر، به وه‌سیقه‌ی ٥٠٠ هه‌زار دۆلاری ئازاد كرا.
بڵاوبوونه‌وه‌ی ویدێئۆی ده ده‌قیقه‌یی مه‌رگی ده‌ڵته‌زێنی “جۆرج فلۆید” له ڕۆژی سێشه‌ممه‌وه ناڕه‌زایه‌تی به‌رحه‌ق و تووڕه‌یی خه‌ڵكی لێكهوتووهته و خه‌ڵك سه‌ره‌تا به نیشانه‌ی ناڕه‌زایه‌تی له “مینیا پۆلیس“، پازگای پۆلیسیان ئاگر تێپه‌ڕدا و پاشان، خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تیه‌كان زۆربه‌ی شاره‌كانی ئه‌مریكای ته‌نیه‌وه. ته‌نیا له ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌دا له پتر له سی شاری ئه‌مریكا، ده‌یان هه‌زار كه‌س ده‌ستیان دایه خۆپیشاندان. خۆپیشانده‌ران له زۆربه‌ی شاره‌كان هه‌ر ئه‌و ڕسته‌یان دووپات ده‌كرده‌وه كه “جۆرج فلۆید” له دوایین ساته‌كانی ژیانیدا له‌سه‌ر زاری بوو: “ناتوانم هه‌ناسه هه‌ڵكێشم“. پلاكارده‌كان به ناوه‌رۆكی “گیانی ڕه‌شپێست بایه‌خی هه‌یه” و “به بێ عه‌داڵه‌ت، ئاشتیه‌ك له‌كار دانییه”، له هه‌موو شوێنێك ده‌بیندران. له میتینگی ناوه‌ندی له “مینیا پۆلیس” ژنه لاوێكی ڕه‌شپێست له چالاكانی ناسراوی بزووتنه‌وه‌ی ژنان به‌ناوی “تمیكا مالۆری” به تووڕه‌ییه‌كی ته‌واوه‌ن ئینسانیه‌وه، ڕوو به‌و خه‌ڵكه كه له‌وێ كۆببوونه‌وه وتی: “ئێمه له باروودۆخێكی نائاسایی داین. هێنده له‌و كرده‌وه‌یه تووڕه‌ین، وه‌خته گڕ بگرین. ئێمه به دانیشتوانی هه‌موو كالیفۆرنیا و دانیشتوانی سه‌رتاسه‌ری ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان ده‌ڵێین كه، ئیتر به‌سه…”
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌یكه له زۆربه‌ی شاره‌كان گاردی نه‌ته‌وه‌یی بۆ سه‌ركوتی خه‌ڵك له‌سه‌ر شه‌قامه‌كانه و پتر له هه‌زار و ٧٠٠ سه‌ربازی تایبه‌تی دژه شۆڕش بۆ “مینیا پۆلیس” ناردراون و ئه‌م هێزانه به گازی فرمێسك ڕێژ و گولله‌ی په‌لاستیكی په‌لاماری ناڕازیان ده‌ده‌ن، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای هه‌مووی ئه‌م هه‌ڕه‌شانه نه‌یانتوانیوه خه‌ڵك بگه‌ڕێننه‌وه ماڵه‌كانیان. له واشنگتۆن سه‌دان كه‌س له به‌رامبه‌ر كۆشكی سپی‌دا كۆبوونه‌وه. ترامپ سه‌مبۆلی ئاشكرای ڕاسیسم له ئه‌مریكا ڕۆژی شه‌ممه له كاردانه‌وه به خۆپیشاندانه‌كانی به‌ر كۆشكی سپی له تویتێكدا نووسیی: “كۆمه‌ڵێكی زۆر هاتبوون كه به شێوه‌یه‌كی لێهاتووانه ڕێكخرابوون. به‌ڵام هیچ كه‌س ته‌نانه‌ت نه‌یتوانی له نه‌رده‌كان نزیك بێته‌وه، چ بگا به‌وه‌یكه لێیان تێپه‌ڕ بن. ئه‌گه‌ر ئه‌م كاره‌یان كردبایه له‌گه‌ڵ وه‌حشی ترین سه‌گه‌كان و ترسانگرین چه‌كێك كه تا به ئه‌مڕۆ بینیومه، به‌ره‌وڕوو ده‌بوونه‌وه”. هه‌ڵبه‌ت زۆریش سه‌یر نییه كه ترامپ خۆشی له‌و كاته‌دا ببێته یه‌كێك له‌و سه‌گه وه‌حشیانه و به چه‌كه مهرگبارهكهوه و هاوڕێ له‌گه‌ڵ گارده تایبه‌ته‌كه‌ی هێرش بكاته سه‌ر خه‌ڵكی ناڕازی.
نابێ له‌بیرمان چێته‌وه كه ڕاسیسم له ئه‌مریكا له سه‌ر به‌ستێنی مێژوویه‌كی خۆێناویی كۆیله‌داری شكڵی گرتووه و هیچكات له‌و كۆمه‌ڵگایه ڕیشه‌كێش نه‌كراوه. كاتێك كه زۆرترین زیندانیه‌كان ڕشپێست و لاتینۆكان پێكیدێنن و له ناوه‌نده سه‌نعه‌تی و كشت و كاڵیهكاندا هێزی كاره‌كه‌یان هه‌ڕاج ده‌كرێ، كاتێك كه زۆربه‌ی هه‌ره زۆریان له په‌راوێزی شاره‌كاندا ده‌ژین، زۆر به سه‌ختی ده‌توانین باس له هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی كۆیله‌تی و ڕاسیسم بكه‌ین له‌و كۆمه‌ڵگایه‌دا. كاتێك كه ترامپ باسی له “ئه‌مریكا ئه‌وه‌ڵ” كرد، بێ گومان مه‌به‌ستی ئه‌مریكای سپی پێسته. له بۆچوونی ڕاسیستی ئه‌ودا ڕه‌شپێست و لاتینوكان، ئه‌و مرۆڤه بێ بایه‌خانه‌ن كه هه‌ڵگری نه‌خۆشیه مه‌ترسی داره‌كانن، یان ئه‌ندامانی باندی گواستنه‌وه‌ی مادده‌ی موخهدیرن و یان كه‌سانێكن كه ته‌نیا شیاوی ئه‌وه‌ن كه سه‌گه وهحشیهكانیان تێبه‌ردرێ. هه‌ر ئه‌وه‌نده به‌سه كه سه‌ره‌نجێك بده‌ینه وته‌كانی ئابڕاهام لینكۆڵن، شانزده‌هه‌مین سه‌رۆك كۆماری ئه‌مریكا كه “ئازادیی كۆیله‌كان” به نێوی ئه‌وه‌وه له مێژووی سپی پێسته‌كاندا نووسراوه، تا مانای ئه‌م هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی كۆیله‌تیه كه له ناوخۆیدا به‌ستێنه‌كانی ڕاسیسمی تێدایه، ببینین. ئه‌و كه ڕاگه‌یه‌ندراوی “ئازادیی كۆیله‌كان“ی له جه‌رگه‌ی شه‌ڕی ناوخۆیی ئه‌مریكا له ساڵی ١٨٦٢ له نێوان ئه‌یاله‌تی باكوور و باشووردا ده‌ركرد، له جه‌ره‌یانی شه‌ڕه‌كه‌دا ڕایگه‌یاند: “ئامانجی سه‌ره‌كیی من له‌م خه‌باته ئه‌وه‌یه كه یه‌كیه‌تی بپارێزم(یه‌كیه‌تیی نێوان باكوور و باشوور) نه‌ك ئه‌وه‌یكه كۆیله‌داری بپارێزم یان له‌ناوی به‌رم. ئه‌گه‌ر توانیبوایهم ئه‌م یه‌كیه‌تیه به بێ ئازاد كردنی هیچ كۆیله‌یه‌ك بپارێزم، ئه‌و كاره‌م ده‌كرد و ئه‌گه‌ر یهكیهتیهكهم به ئازاد كردنی ده‌سته‌یه‌ك كۆیله‌كان و گرتنی ده‌سته‌یه‌كی دیكه، پاراستبایه، دیسان ئه‌و كاره‌شم ده‌كرد“. له‌بیرمان نه‌چێته‌وه، كاتێك كه پاراستنی به‌ناو یه‌كیه‌تیه‌كه له ڕێگه‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌نه‌وه‌ی كۆیلهتیهوه ئیمكانی په‌یدا كرد، ئه‌و ڕه‌شپێستانه كه له ئه‌مریكا له دایك ببوون، هاووڵاتی ئه‌و وڵاته بوون به‌ڵام مافی ده‌نگدانیان نه‌بوو. یه‌ك سه‌ده دواتر واته له ده‌یه‌ی ٧٠ی سه‌ده‌ی ڕابردوودا، هاووڵاتیانی ڕه‌شپێست له ڕووی یاساییه‌وه مافی یه‌كسانیان له‌گه‌ڵ سپی پێسته‌كان پێدرا. به‌ڵام هه‌ر ئه‌م ڕاسیسمه نیشانی دا كه مافی یه‌كسانی یاسایی، نابێته هۆی یه‌كسان بوونی ڕاسته‌قینه‌ی مافه‌كان. پێویسته بوترێ كه ڕاسیسمی ئێستای ئه‌مریكا هیچ شتێك نییه بێجگه‌له شكڵێكی نه‌رم و نیانتر له كۆیله‌داری، ئه‌ویش له چوارچێوه‌ی به‌ناو دێمۆكراسیی پارلهمانتاریسمی بورژوازیدا. له ئێستادا پێویسته هیوادار بین كه بزووتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تیی ئێستای ئه‌مریكا كه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی و تووڕه‌یی واقعی و وشیارانه‌ی به‌شێكه له خه‌ڵكی ئه‌مریكا، كۆمه‌ڵگا به‌ره‌و ئاسۆیه‌ك به‌رێ كه مۆری كۆتایی له‌سه‌ر ئه‌م ڕاسیسمه جێكهوتووه بدات. بێگومان، ئه‌وكاته‌یه كه درووشمی “گیانی ڕه‌ش پێستیش بایه‌خی هه‌یه”، مانای واقعیی خۆی په‌یدا ده‌كات.