کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ڕژیم، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گۆڕی خۆی زیاتر هەڵدەکەنێ

بێ دادگایەک لە شاری ئیسفەهان، بە تۆمەتی درۆ و بێ بنەما، سزای لە سێدارەدانی بۆ تۆماج ساڵحی هونەرمەند و دەنگی زوڵاڵی شۆڕشگێڕان لە ئێران دەرکرد. ئه‌م حوکمه له جەرگەی پەرەسەندنی هێرشەکان بۆ سەر ژنانی ئازادپۆش، چڕبوونەوەی گوشارەکان بۆسەر زیندانیانی سیاسی و بەڕێوەبردنی ئێعدامی به کۆمەڵ به مەبەستی دروستکردنی فەزای ترس و خۆفی زیاتر بەسەر کۆمەڵگادا دەرچووە و لاپەڕەیەکی دیکەی بە پەروەندەی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ له لایه‌ن کۆماری ئیسلامییەوە زیاد کردووە. ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی ڕۆژی چوارشەممە ٥ی گوڵان بەرامبەر بە ٢٤ی ئاوریل، ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی سەبارەت بە دۆخی نالەباری مافی مرۆڤ لە جیهاندا بڵاوکردەوە. بەشێکی ڕاپۆرتەکە تایبەتە بە ئێران و تیایدا ئاماژە بەوە کراوە کە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی دوابەدوای بزووتنەوەیژن، ژیان، ئازادی، سەرکوتی ئازادیی ڕادەربڕین، پێکهێنانی ڕێکخراوە و بەڕێوەچوونی کۆڕ و کۆبوونەوەی ئاشتیانەی چڕتر کردووەتەوە و سەرکوت و هێرشەکانی بۆسەر ئەو ژن و کچانەی کە لە حیجابی ئیجباری سەرپێچی دەکەن، تەنانەت لە ساڵی ڕابردووش زیاتر کردووە. بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی، هەزاران کەسیان بەتاوانی خەبات لەپێناو دەستەبەرکردنی مافەکانی خۆیاندا، خستووەتە ژێر لێپێچینەوە، دەستبەسەریان کردوون و سزای ناڕەوای زیندانیکردنیان بەسەردا سەپاندوون. لە درێژەی ئەم ڕاپۆرتەدا هاتووە: لەم سەرکوتکردنانەدابێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، ئەشکەنجەدان و جۆرەکانی تری هەڵسوکەوتی خراپ، بە شێوەیەکی سیستماتیک بەڕێوە دەچێت. ژنان و کچان، پەلکەزێڕینەکان و ئەندامانی کەمینە نەتەوەیی، ڕەگەزی و ئایینییەکان، لەگەڵ توندوتیژی و هەڵاواردنی سیستماتیک بەرەوڕوو بوونەتەوە. سزای ستەمکارانە و نامرۆڤانەی وەک شەلاق لێدان جێبەجێ دەکرێت. بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتی سیاسی، چڕتر بووەوە و ژمارەی ئێعدامەکان زیاتر بوون. سەرجەم دادگاییکردنەکان نادادپەروەرانە بوون. بابەتی پارێزراوبوونی سەرپێچیکارانی یاسا نێودەوڵەتییەکان، هەم لە ڕابردوودا و هەم لە ئێستادا بە تایبەت بۆ جینایەت لەدژی مرۆڤایەتی پەیوەست بە کوشتاری زیندانیانی [سیاسی] ساڵی ١٣٦٧، بابەتێکی باو و سیستماتیک بووە“.

هەروەها لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە هەزاران کەس لە ئێران، لەوانە منداڵانیش، لەگەڵ بەدواداچوون و بێڕێزی پێکردن و دەستبەسەرکرانی لەخۆڕا و لێپێچینەوەی نادادپەروەرانە بەرەوڕوو بوونەتەوە و بۆ ماوەیەکی کاتی یان هەمیشەیی لە کار دوور خراونەتەوە. ئەم کەسانە بریتین لە ناڕازیان، ئەو ژنانەی کە لە شوێنە گشتییەکان حیجاب ڕەچاو ناکەن، ڕۆژنامەنووسان، ئەکتەر و هونەرمەندان، مۆسیقارەکان، نووسەران و ئەکادیمییەکان، خوێندکاران، پەلکەزێڕینەکان و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، لەوانە داکۆکیکارانی مافی ژنان، چالاکانی دژ بە سزای لەسێدارەدان، پارێزەران و بنەماڵەی دادخوازان. نووسەرانی ئەو ڕاپۆرتە بە حەق وەبیریان هێناوەتەوە کە ڕژیمی ئێران، لە بێدادگاکاندا سزای ئێعدامی بەسەر کۆمەڵێک ئینسانی بێ دیفاعدا سەپاندووە و بە بیانووی جۆراوجۆر لەسێدارەیان دەدات، بۆ ئەوەی کەش وهەوای ترس و تۆقاندن لە کۆمەڵگادا پەرە پێبدەن. لەم ڕاپۆرتەدا هەروەها باس لە نەبوونی ئازادیی ڕادەربڕین، پێکهێنانی ڕێکخراوە، مانگرتن، سانسۆرکردنی ڕاگەیەنەرە گشتییەکان، ڕۆژنامە، گۆڤار، کتێب و هەڵاواردن و دەستدرێژیکردنە سەر موڵک و ماڵ و ژیانی کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان و بارودۆخی ترسناکی ناو زیندانەکان کراوە. لەو ڕاپۆرتەدا گوشارەکانی سەر ئەفغانییەکانیش کە ژمارەیان بە نزیکەی پێنج ملیۆن کەس مەزەندە دەکرێت، لەبیرنەکراوە و لەو بابەتەوە هاتووە: “ئەفغانییەکان دەبنە قوربانی هەڵاواردنێکی بەردەوام، لەوانە ڕێگریکردن لە دەستڕاگەیشتنیان بە خوێندن، شوێنی نیشتەجێبوون، کار، چاودێرییە تەندروستی و خزمەتگوزارییە بانکییەکان و بێبەشبوون لە مافی هاتوچۆی ئازاد“. لەو ڕاپۆرتەدا هەروەها ئاماژە بە چاندنی تۆوی نەفرەت و بێزاری ڕەگەزپەرستانە لە دژی ئەفغانییەکان کراوە لەلایەن ڕاگەیەنەرەکانەوە.

لە ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی دا کە لە ٤١٨ لاپەڕە پێکهاتووە، باس لەوە کراوە پێشێلکاریی ئاشکرای یاساکان لەلایەن دەوڵەتەکانەوە بەڕادەیەک بەرچاوە کە جیهانی لەم ڕووەوە گەیاندووەتە ئاستی خاڵێکی وەرچەرخان. ئەو ڕاپۆرتە دەڵێت کە دۆخی مافی مرۆڤ لە ١٥٥ وڵاتدا خراپتر بووە. ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی ئاماژەی بە پێشێلکردنی ئاشکرای مافی فەلەستینییەکان تا ڕادەی جینۆساید لە غەززە کردووە و بیری هێناوەتەوە کە دەوڵەتە زلهێزەکان لەم بابەتەدا یارمەتیدەری ئیسرائیلن. ڕاپۆرتەکە هەروەها باسی لە شکڵگرتنی نایەکسانییەکان لە ئاستی جیهاندا کردووە و دەڵێت کە ئەم بابەتە لە ئێران لەچاو شوێنەکانی دیکە گەلێک بەرچاوترە. سەرکوتی حەقدەستی کرێکاران و پەرەسەندنی بێکاریی ملیۆنی و هەژاری لەڕادەبەدەر، منداڵانی کار و سەرشەقام و هەروەها گەلێک ئازار و نەهامەتی دیکەی سەرچاوەگرتوو لەو نایەکسانیانەش، دەبێ وەک پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ هەژمار بکرێن.

جێگەی ئاماژەیە کە سەرجەم ئەو تاوانکاری و هەڵاواردنانە لە هەموو وڵاتەکان و بە تایبەت لە ئێران لەگەڵ خەبات و ناڕەزایەتی بەربڵاوی ژنان و کرێکاران و چین و توێژە مافخوازەکانی دیکە بەرەوڕوو بووەتەوە و ڕژیمیان تووشی داماویی و سەرلێشێواوی کردووە. چڕبوونەوەی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، پەرەسەندنی هەموو جۆرەکانی گوشار لە دژی جەماوەری مافخواز و خەباتکار و هەروەها دەرکردنی حوکمی لەسێدارەدان لە دژی هونەرمەندێکی بەناوبانگی وەک تۆماج ساڵحی، نیشانەی ئەوپەڕی ئەم داماویی و سەرلێشێواویەیە. ئەم خەبات و ناڕەزایەتیانە لەسەر بەستێنی قەیرانە قووڵ و چارەهەڵنەگرەکان، ڕژیم بەرەو هەڵدێر و نەمان دەبەن. پێویستە هەوڵ بدرێت کە دوای کۆماری ئیسلامی، حکوومەتێکی شۆڕایی بێتە سەر کار کە دابینکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئەولەویەتی ئەرکەکانیدا بێت.

بابەتی پەیوەندیدار

ڕۆژی مامۆستا لە ئێران بەرز ڕاگیرا

-

دروشمەکانی ڕۆژی جیهانی کرێکار، زیادکرنی حەقدەست و مووچە، ڕاگرتنی جینۆساید لە غەززە

-

نەریتی ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیهانی کرێکار لە کوردستان

-

وتارێک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئەمن کردنی کار

-

کەمپینی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین تا دێت بەربڵاوتر دەبێت

-

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-