کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ڕژیمی ئیسلامی لە سەنگەری سەپاندنی حیجابی ئیجباری، پاشەکشەی پێدەکرێت

هێرشی مەغۆل ئاسای گەشتی ئیرشاد و هێزە ئینتیزامی و لیباس شەخسییەکان بۆسەر ژنانی ئازادپۆش، کە لە ٢٥ی خاکەلێوەوە هاوکات لەگەڵ هێرشی موشەکی بۆسەر ئیسرائیل دەستیپێکرد، هەروا بەردەوامە. لەو ڕووەوە کە ئەو هێرشە هاوکات بوو لەگەڵ ئاشکرابوونی بێدەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە پێشگرتن بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوەندە سەربازییەکان، ئەم هێرشانە بۆسەر ژنانی ئێران هەرچی زیاتر پەرەی سەند بۆ ئەوەی پێش بە ئەگەری سەرهەڵدانی شەپۆلی ناڕەزایەتی بەربڵاوتر بگرن. بەڵام ئەمڕۆ دەبینین کە شەپۆلێکی نوێی خۆڕاگریی لە دژی ئەم هێرشە، بەتایبەتی لە تاران و شارە گەورەکان دەستی پێکردووە. شەپۆلێکی کە ڕیفۆرمخوازەکانی دوورخراوە لە دەسەڵات و تەنانەت ژمارەیەک لە لایەنگرانی خامنەییش، لە پەرەسەندنی بەردەوام و ڕۆژ بەڕۆژ زیاتری، دەترسن و لە ڕۆژنامە و ڕاگەیەنەرەکانی خۆیانەوە سەبارەت بە دەرئەنجامەکانی ئەو سیاسەتە هۆشداری دەدەن. یەکێک لە نووسەرانی ڕۆژنامەی ئیعتماد، ڕۆژی شەممە ١ی خاکەلێوە نووسی: “دەستپێکردنەوەی سەرلەنوێی گەشتی ئیرشاد، بووەتە هۆی ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەیەکی زۆر لە فەزای گشتی کۆمەڵگادا.” بەشێک لە نووسەرانی ڕیفۆرمخواز بەهۆی ئەوەی کە هێشتا یاسای حیجاب و عیفاف لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند نەکراوە، حزوور و هەڵسوکەوتی گەشتی ئیرشاد بە نایاسایی دەزانن و داوای گرتنەبەری ڕێکاری یاساییان کردووە بەرامبەر بە ڕەفتار و هەڵسوکەوتی نائاسایی مەئمووران لەگەڵ ژنان و لایەنگرەکانیان. ڕۆژنامەی شەرقیش لە ژمارەی ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١ی خاکەلێوەدا ڕەخنەی لە هەڵسوکەوتی گەشتی ئیرشاد لەگەڵ ژنانی ئازادپۆش گرتووە. “عەسری ئێرانیش لە ژمارەی ڕۆژی ٣١ی خاکەلیوەدا نووسیویەتی، هەڵسوکەوتی توندوتیژی مەئمووران، کاردانەوەی نەرێنی ڕای گشتیی لێدەکەوێتەوە.

ژنێکی خەباتکار بە ناوی خوازراوی مەراڵ، لە پەیجی کۆمەڵایەتی خۆیدا نووسیویەتی: ڕژیمی عەلی خامنەیی دەیەوێت تۆڵەی شکستەکانی خۆی لە جەماوەر و بەتایبەت ژنان بکاتەوە. لە هێرشەکەی سەر ئیسرائیلدا دەرکەوت کە هێز و تواناییە سەربازییەکەی چەندە لاوازە، ئێستا دەیەوێت ئەو شکستە سەرشۆڕانەی ئەوێ، لێرە قەرەبوو بکاتەوە. من تەمەنم گەیشتووەتە ٣٥ ساڵ بەڵام تەنانەت یادەوەرییەکی خۆشم لەم حکوومەتە نییە. نە دینەکەیم قبووڵە، نە باوەڕم بە ئاخووندەکانی هەیە و نە بە یاسا و بڕیارە سیاسییەکانی. تەنانەت ئەگەر ئەگەر بە قیمەتی گیانیشم تەواو بێت، حیجابی ئاخوندی لەسەر ناکەم. بەکاربەرێکی تر نووسیویەتی کە بەهۆی بوونی مەئموور لە شەقامەکان، بە کوچە و کۆڵانەکاندا هاتوچۆ دەکات، چونکە بەهۆی ئەوەوە دوکانەکان پلۆمپ دەکەن، ناچێتە ناو هیچ دوکانێکەوە، بەڵام ناچێتە ژێر باری حیجابی ناچاریشەوە. ڕۆژی شەممە ١ی گوڵانی ١٤٠٣، شۆڕای خانەنشینانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا نووسی: شەڕ لە دژی ژنان، بە واتای ڕاگەیاندنی شەڕە لە دژی ژیان و ئازادی! لە بەشێک لە ڕاگەیاندنەکەدا هاتووە: حکوومەتێکی کە بەڕادەیەکی زۆر لەژێر گوشاری جەماوەردایە و بوونی خۆی لە مەترسیدا دەبینێت، بە پەنابردن بۆ سەرکوت و توندوتیژی لە دژی ژنان، هەوڵدەدات ئەم گوشارە لەسەر خۆی کەم بکاتەوە و ڕێگری بکات لە دروستبوونی کەلێن و دووبەرەکی زیاتر لە ناو ڕیزەکانیدا. لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیاندنەکەدا هاتووە: خۆڕاگریی و بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم سیاسەتە، تەنیا لە ئەستۆی ژناندا نییە، بەڵکوو ئەرکی هەموو کۆمەڵگایە چونکە ئەمهێرشەکاریگەری لەسەر سەرجەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە داواکاری تەوەرەکان دادەنێت.

ناوەندی سەرەکی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، لە دەرەوەی وڵات لەگەڵ دوژمنێکی وەک دەوڵەتی ئەمریکا و ئیسرائیل بەرەوڕووە کە دەیانەوێت لە سەرەوە ڕژیم بە شێوەیەک ڕام بکەن کە نەک هەر لە خوارەوە شۆڕش ڕوونەدات، بەڵکوو خەڵک بە گۆڕانکاری لە سەرەوە لەلایەن دەوڵەتی ئەمریکا و بۆرژوازیی ناوخۆییەوە ئومێدەوار بکەن. ئەوان دەیانەوێت بەبێ دەست بردن بۆ پێکهاتەی کۆماری ئیسلامی و ئابووری سەرمایەدارانەی کۆمەڵگا، هەندێک گۆڕانکاری دیاریکراو لە حکومەتدا پێک بێت. بۆ نموونە ئەوان پێیان وایە کە ئەگەر ئاخووندەکان بگەڕێننەوە ناو مزگەوتەکان و حکوومەتێکی لیبڕاڵ بەناوەرۆکێکی ئیسلامیی کراوەتر بهێننە سەرکار، جەماوەری ناڕازی دەچنەوە ناو ماڵەکانیان. ڕەخنەی یاساییانەی ڕیفۆرمخوازان و بەشێک لە بناژۆخوازان و دەربڕینی ناڕەزایەتی لەلایەن چین و توێژەکانی بۆرژوازییەوە بەرامبەر بە ڕەفتاری دژە ئینسانی مەئموورانی گەشتی ئیرشادیش هەر بەم ئاراستەیەدا هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت. بەڵام ناڕەزایەتی جەماوەرێکی کە لانیکەم لە بەفرانباری ١٣٩٦ بەملاوە، نەک هەر شەرعییەتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، بەڵکوو دەسەڵاتەکەشیان بردووەتە ژێر پرسیار و جەماوەرێکی کە خوڵقێنەری شۆڕشی ژینان، گەلێک لە وردە گلەیی لیبراڵەکانی ناوخۆ ئەولاترە کە چاوەڕوانی ئەوەن پڕۆژە یاسای حیجاب و عیفاف لە مەجلیسی ئیسلامیدا پەسەند بکرێت. بێگومان ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و  بەرابەری تەڵەب، شانبەشانی یەکتر، لەم سەنگەرەشدا پاشەکشە بە ڕژیمی ئیسلامی دەکەن و هەرچی زیاتر ڕسوای دەکەن و ئەم نەبەردە لە سەرجەم بوارەکاندا، تا ڕووخانی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی، هەروا بەردەوام دەبێت.

بابەتی پەیوەندیدار

دروشمەکانی ڕۆژی جیهانی کرێکار، زیادکرنی حەقدەست و مووچە، ڕاگرتنی جینۆساید لە غەززە

-

نەریتی ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیهانی کرێکار لە کوردستان

-

وتارێک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئەمن کردنی کار

-

کەمپینی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین تا دێت بەربڵاوتر دەبێت

-

ڕژیم، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گۆڕی خۆی زیاتر هەڵدەکەنێ

-

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-