کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ناڕەزایەتی جیهانی لەدژی بەردەوامبوونی جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە

لە کاتێکدا کە جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە بەردەوامە، هەزاران ژن و پیاوی ناڕازی ڕۆژی دووشەممە ١٥ی ئاوریل بەرامبەر بە ٢٧ی خاکەلێوە، بە بەڕێوەبردنی چالاکیی جۆراوجۆر لە شارە جیاوازەکانی جیهان لە ناڕەزایەتی بە درێژەدان بەو جینۆسایدە، کە بە شێوەیەکی سەرەکی بە چەکی ئەمریکایی و ئاڵمانی ئەنجام دەدرێت، هاتنە مەیدان. ئەوان لە شارەکانی مێلبۆرن لە ئوسترالیا، یۆتۆبۆری لە سوئێد، بارسەلۆنە و تاراگۆنا لە ئیسپانیا، زڤۆڵە و ئۆترێخت لە هولەند، کۆپنهاگن پایتەختی دانمارک، لەندەن، سوالول و لیدز لە بریتانیا، چەند شارێکی کانەدا و ژمارەیەک لە شارەکانی ئەمریکا لەوانە مینیاپۆلیس، مینەسوتا، فیلادلفیا، پێنسیلڤانیا، شیکاگۆ، ئەلینۆیز، شاری نیویۆرک، ئەلیزابێت، نیوجرسی، یوجین لە ویلایەتی ئۆریگۆن و ئۆکلاند و سانفرانسیسکۆ لە ویلایەتی کالیفۆرنیا و سەنت ئەنتۆنیۆ لە ویلایەتی تەگزاس و واشنتۆن دی سی و چەند شارێکی دیکە، خۆپیشاندانیان بەڕێوەبرد. ڕێگاوبان و هێڵی ئاسن و پردەکانیان داخست و لە ناوەوە و دەرەوەی ئیدارە دەوڵەتییەکان یان دەفتەری کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانیان و فرۆشتنی چەک بە ئیسرائیل، مانیانگرت، یان لە بارکردنی چەک بۆ ئیسرائیل خۆیان بوارد. بەشداربووانی ئەو ئاکسیۆن و ناڕەزایەتیانە بەشێک بوون لەو ملیۆنان کەسەی کە لە شەش مانگی ڕابردوودا سەرەڕای دەرکردنیان لە کارەکانیان و توندوتیژی پۆلیس و تۆمەتەکانی وەک دژە یەهوودبوون و زۆر شتی لەو چەشنە، دەستیان لە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان لە دژی جینۆسایدی ئیسرائیل و دەوڵەتی ئەمریکا و ناتۆ هەڵنەگرت. لە دوای ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ەوە تا ئێستا، هێزە چەکدارەکانی ئیسرائیل بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی غەززە، لانیکەم ٣٣ هەزار کەسیان قەتڵی عام کردووە. ئەگەرچی ئامارە ڕاستەقینەکان زۆر لەوە زیاترن. بەشێک لە ئەندامانی ناتۆ، لەوانە دەوڵەتی ئەمریکا بە پێدانی میلیاردها دۆلار و دابینکردنی ٦٦ لەسەدی چەک و چۆڵی پێویست، دەوڵەتی شێوە فاشیستی ئاڵمان بە دابینکردنی ٣٠ لەسەد و دەوڵەتی دەستە ڕاستی ئیتالیا بە پێدانی لەسەدا پێنجی چەک و چۆڵ بە ئیسرائیل، لەم جینۆسایدەدا بەشدار بوون و تا ئێستاش بەردەوامن. بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئەوروپادەریای ناوەڕاست، کە ڕۆژی ١١ی ئاوریل بڵاو بۆتەوە، جگە لە ٣٣ هەزار کوژراو، ١٢ هەزار کەسیش بێسەروشوێنن کە یان لەژێر داروپەردوودا ماونەتەوە یان لە زیندان و گرتووخانەکانی ئیسرائیلدا دەستبەر کراون یان لەوێدا کوژراون. ئەم ڕێکخراوەیە تا ئێستا ١٢٠ گۆڕی بەکۆمەڵی دۆزیوەتەوە کە لەلایەن هێزە سەربازییەکانی ئیسرائیلەوە هەڵکەندراون.

هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە بەشێک لە خۆپیشاندەران دڵخۆشن بە هەوڵی هەندێک لە دەوڵەتەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە کۆمەڵکوژی لە غەززە، بەڵام ژمارەیەکی بەرچاویان زۆرتر پشت ئەستوورن بە هێز و چالاکییەکانی خۆیان. بۆ نموونە دەتوانین ئاماژە بەو ژن و پیاوە ناڕازییانە بکەین کە بە لەقاودانی کۆمپانیا و کارگە زەبەلاحەکانی بەرهەمهێنەری چەک و چۆڵ، یان بە مانگرتن لە دەفتەرەکانیان و بە بەستنی ڕێگای هەناردەکردنی چەک و چۆڵەکانیان بۆ ئیسرائیل، بە تایبەت لە بەندەرەکان، قازانج پەرستە بێویژدانەکانیان ڕسوا کردووە و ڕسوایان دەیکەن. ئەم ناڕازییە ڕادیکاڵانە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەشێک لە گەنجەکانیان لە شارە جۆراوجۆرەکان ڕێکخستووە، کە بەگرووپی هاوپشتی لەگەڵ فەلەستین بە لەکارخستنی ئابوورییناسراون. ئاکسیۆنەکانی ڕۆژی ١٥ی ئاوریل لەلایەن ئەوانەوە بانگەشەی بۆکرابوو. ئەوان باوەڕیان بە زیان گەیاندن بە ئابووری دەوڵەتەکان و گەورە سەرمایەدارەکان هەیە، چونکە ئەوان بە هۆکاری سەرەکی کۆمەڵکوژی غەززە دەزانن. پۆلیس، میدیاکانی هێڵی فەرمی و قەڵەم بەدەستان، وشە فرۆشان و سیاسەتمەدارە کۆنەپەرستەکان لە بنەڕەتدا لە هەوڵی سەرکوتکردنی ئەو گەنجانەدان. تا ئێستا ئیسرائیل سەرەڕای کوشتاری ٣٣ هەزار کەس و بێسەروشوێن کردنی ١٢ هەزار کەسی دیکە، بەڵام نەیتوانیوە بە ئامانجەکانی خۆی بگات.

لە کۆتاییدا پێویستە بوترێت، بیروڕای گشتی و ویژدانی وەخەبەر هاتووی جیهان، کە لە دژایەتیکردن و ناڕەزایەتی کرێکاران، بزووتنەوەی دژە شەڕ، ڕوناکبیران و بیرمەندانی مرۆڤدۆست بەرامبەر بە جینۆسایدی ئەرتەشی ئیسرائیل لە شەڕی غەززەدا خۆی نیشان داوە، تا ڕادەیەکی بەرچاو بووەتە هۆی پاشەکشەی ئاشکرای ئەو دەوڵەتانەی کە پشتگیری لە تاوانەکانی ئیسرائیل دەکەن. ئەم ویژدانە وەخەبەر هاتووانە بوونەتە هۆی ئەوەی کە ژمارەی نەیارانی جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە پەرە بستێنێت. بزووتنەوەی دژە شەڕ کە پێویستە بەرفراوانتر و بەهێزتر بکرێت، توانایی ئەوەی هەیە کە ئەرتەشی پڕ چەک و چۆڵی ئیسرائیل و کابینە ڕاستە توندڕەوەکەی لە شەڕ لەدژی فەلەستینییەکان، تووشی شکست و ناکامی زیاتر بکات. نابێت ئیزن بدرێت کە ڕەنج و ئازارەکانی خەڵکی فەلەستین و کوشتاری جینایەتکارانەی دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل لە عەززە، بکەوێتە ژێر کاریگەری و سێبەری پەرەسەندنی ململانێکانی نێوان کۆماری ئیسلامی و دەوڵەتی ئیسرائیل. هاودەنگیی ڕای گشتی خەڵکی جیهان لە وڵاتە جۆربەجۆرەکان و بەدەستهێنانی پشتیوانی و هاوکاریی ڕێکخراو و ناوەندەکانی لایەنگر و داکۆکیکاری ئاشتی بەمەبەستی گوشار خستنەسەر دەوڵەتەکانیان لە پێناو کۆتایی هێنان بە کۆمەڵکوژی ئاشکرای غەززە، پێویستییەکی بەردەوام و هەمیشەییە.

بابەتی پەیوەندیدار

نەریتی ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیهانی کرێکار لە کوردستان

-

وتارێک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئەمن کردنی کار

-

کەمپینی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین تا دێت بەربڵاوتر دەبێت

-

ڕژیم، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گۆڕی خۆی زیاتر هەڵدەکەنێ

-

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-

توندتربونەوەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر مامۆستایانی مافخواز

-