کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

توندتربونەوەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر مامۆستایانی مافخواز

هاوکات لەگەڵ هێرشی ڕژیم بۆ سەر ژنانی ئازادپۆش و هێرشە مووشەکییەکانی بۆ سەر ئیسرائیل، هێرشەکان بۆسەر مامۆستایانی تێکۆشەر و ناڕازیش توندتر بۆتەوە. ئاژانسەکانی هەواڵ ڕۆژی ١ی گوڵان بڵاویان کردەوە کە سۆما پوورمحەممەدی، مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ڕێکخراوی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی نۆژین لە شاری سنە، لە دوو دۆسیەی جیادا بە ١١ ساڵ زیندان و دوورخستنەوەی بۆ کرماشان مەحکووم کراوە. پێشتر سەیوان ئیبراهیمی، مامۆستای زمانی کوردی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری هەمان ڕێکخراو، بە تۆمەتیتێکدانی نەزمی گشتیسزای ساڵێک زیندانی و چل زەربە شەلاقی بەسەردا سەپێندرابوو کە ماوەی حوکمەکەی لە زینداندا بەسەر دەبات. بەگوێرەی هەواڵەکان ڕۆژی ١ی گوڵان دادگای سنە سزای سێ مانگ بەندکرانی بەسەر مەجید کەریمی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی سنفی مامۆستایانی کوردستان و مەسعوود فەرهیختە ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کانوونی ئیسلامشاردا سەپاند، کە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی هیچ پێشینەیەکی تاوانیان نەبوو، سزاکەیان گۆڕدرا بۆ هەشت ملیۆن تمەن جەریمەی نەغدی. هەر لەو ڕۆژەدا محەممەد سادقی مامۆستای خانەنشین و هەڵسووڕاوی سنفی مامۆستایان لە شاری ئەراک، بۆ تێپەڕاندنی حوکمی یەک ساڵ زیندانی، چووە زیندانی ئەم شارە. ئەم چالاکە فەرهەنگییە پێشتر لە ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠١ لە کاتی کۆبوونەوەی مامۆستایان لە شاری ئەراک دەستبەسەر کرابوو. بەپێی هەواڵێکی کە ڕۆژی ٣١ی خاکەلیوە بڵاوکرایەوە، نەجات ئەنوەرحەمیدی کاروون، مامۆستای خەڵکی ئابادان و زیندانی سیاسی دەستبەسەرکراو لە زیندانی سپیداری ئەهواز، لە چارەسەری پزیشکی بێبەش کراوە. ئەم مامۆستا تەمەن ٦٨ ساڵە، بە دەست نەخۆشیی سەختی دڵەوە دەناڵێنێت و بە وتەی پزیشکەکان پێویستە نەشتەرگەری دڵی بۆ بکرێت، بەڵام سەرەڕای داواکاریی بەردەوامی بنەماڵەکەی، بەرپرسانی قەزایی و زیندانی ڕژیم، لە گواستنەوەی ناوبراو بۆ نەخۆشخانە خۆ دەبوێرن.

شۆڕای هەماهەنگی ڕێکخراوە سنفییەکانی مامۆستایان، وێڕای شەرمەزارکردنی پەروەندەسازییەکان و دەرکردنی سزای ناعدڵانە لەسەر بنەمای باوەڕ و ڕەگەزنامەی مامۆستایانی بەندکراو، ڕایدەگەیەنێت کە بەردەوامبوونی دەرکردنی ئەو حوکمانە، لە بێتوانایی دەسەڵاتداران لە ئاست چارەسەرکردنی کێشەکانی وڵاتەوە سەرچاوە دەگرێت. لەو ماوەیەدا خانەنشینان و مامۆستایان چەندین خۆپیشاندان و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە. مامۆستایانی وانەبێژ و نافەرمی، ڕۆژی ١ی گوڵان لە بەردەم وەزارەتی پەروەردە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد، ئەوان لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا کەمترین زیادکردنی مووچەیان هەبووە و بژێوی ژیانیان لە هەموو کاتێک زیاتر لەگەڵ گرفت بەرەوڕوو بووەتەوە و بەم هۆیەوە گەلێک کۆڕ و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییەکان لە دژی مافە پێشێلکراوەکانیان بەڕێوەبردووە. مامۆستایان و وانەبێژانی نافەرمی، بەتایبەت ئەوانەی کە لە ناوچە بێبەشەکاندا وانە دەڵێنەوە، حەقدەستێکی زۆر کەمیان پێدەدرێت. ئەو کەسانە بەهۆی ئەوەی کە بە فەرمی دانەمەزراون، حەقی بیمەکەیان بە تەواوی نادرێت.

ڕۆژی ٢٦ی خاکەلێوە، هاوکات لەگەڵ توندتر بوونەوەی هێرشی ڕێکخراوی ڕژیم بۆ سەر ژنان، ژمارەیەک لە مامۆستایان لە تاران لە بەردەم ڕێکخراوی بەرنامە و بودجە کۆبوونەوە. ئەوان خوازیاری هەموارکردنەوەی یاسای پلەبەندی و وەرگرتنی حەقدەستە وەدواکەوتووەکانیان بوون.

زۆربەی هەرەزۆری مامۆستایانی وانەبێژ و نافەرمی، لەگەڵ کێشەی دابینکردنی بژێوی ژیانیان بەرەوڕوون، لەمڕووەوە بە ناچاری ڕوو لە کاری دووەم و تەنانەت سێیەمیش دەکەن. ئەم مامۆستایانە و خانەنشینانی فەرهەنگی، بەشێکن لە هێزی خەباتکار و تێکۆشەری وڵات و تاڕادەیەکی باش خۆیان ڕێکخستووە. ئەوان چەندین ساڵە پێشەنگی خەبات لەپێناو باشترکردنی ماف و حەقدەستەکان، ڕێزلێگیران و دەستەبەرکردنی کاتی بەتاڵی زیاتر بەمەبەستی خۆ ئامادەکردن بۆ وانەوتنەوە بوون. هاوکات خەباتکارێکی شێلگیر و ماندوویی نەناس بوون لەپێناو ئازادی زیندانیانی سیاسی، ناڕەزایەتی لەدژی بەکاڵاییکردنی پەروەردە، جیایی دین لە پەروەردە، لەقاودانی خراپ بەڕێوەبردن، جیاکاری و گەندەڵی و هەوڵدان بۆ دابینکردنی پەروەردەی بێبەرامبەری ڕاستەقینە بۆ هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا. مامۆستایانی خەباتکار بەردەوام بەرامبەر بە بێبەشبوون لە خوێندنی منداڵانی کرێکاران و زەحمەتکێشان ناڕەزایەتییان دەربڕیوە. ئەم خەبات و تێکۆشانە وایکردووە کە ئیدارەی ئیتلاعات و دەسەڵاتی گوێ لەمست و گەندەڵی دادوەری. بەردەوام هەوڵبدەن بە پیلانگێڕی و پەروەندەسازیی، مامۆستایانی تێکۆشەر ڕەوانەی زیندان بکەن و لەگەڵ ئەزیەت و ئازار و بێبەشی بەرەوڕوویان بکەنەوە. هەر ئێستاش ژمارەیەکی بەرچاو لەو مامۆستایانە هەروا لە زینداندان و لە زومرەی زیندانیانی سیاسی خۆڕاگر و جێگەی ڕێز و خۆشەویستی جەماوەرن.

بابەتی پەیوەندیدار

دروشمەکانی ڕۆژی جیهانی کرێکار، زیادکرنی حەقدەست و مووچە، ڕاگرتنی جینۆساید لە غەززە

-

نەریتی ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیهانی کرێکار لە کوردستان

-

وتارێک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئەمن کردنی کار

-

کەمپینی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین تا دێت بەربڵاوتر دەبێت

-

ڕژیم، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گۆڕی خۆی زیاتر هەڵدەکەنێ

-

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-