کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

مەزهەب ئامرازێكی ڕه‌وانییه‌ بۆ سەرکوتی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش

مەزهەب لە کۆمەڵگه‌ی چینایەتیی ئەمڕۆدا، لە هەمانحاڵدا کە بیروباوەڕی جەماوەرێکی بەرین لە کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش پێکدێنێ، ئامرازێکیشە به‌دەست سەرمایەداران و دەوڵەته‌وه‌ هه‌تا لەو ڕێگه‌یەوە خەڵک بەهیوای ژیانێکی ئەفسانەیی لە جیهانێكی دیکە پێ فریو بدەن و حاکمییەتی نیزامی سەرمایەداریی و بەهەشتی ئەمڕۆی خۆیان لەم جیهانه‌دا درێژە پێ بدەن. مەزهەب بەردەوام و بەدرێژایی مێژوو، ڕەنگدانەوەی بێ هیوایی و بێ توانایی جەماوەری خەڵک بووه‌ بۆ دەست و پەنجە نەرمکردنیان لەگەڵ کۆسپەکانی سەرڕێی ژیانیان. ئینسانێک کە دیلی موناسباتی نیزامی سەرمایەدارییە و بەته‌نها ناتوانێ دۆخی ژیانی خۆی بگۆڕێت و لە بەرانبەر ڕەنج و ئازارێکدا کە خۆی و بنەماڵەکەی گیرۆدەین، کارێکی لەدەست نایەت، کاتێک کە خۆی بە سست و داماو دەبینێ، بە ناچار ڕوودەکاتەوه‌ ئاسمان، بەو هیوایەی کە هێزێکی بەتواناتر لە خۆی دەرکەوێت و ڕزگاری بکات. کاتێک کە لە جیهانی واقعیدا هیچ هیوایەک بۆ گەیشتن بە حەز و ئاواتەکانی نامێنێتەوە، ئاواتەخوازە کە بۆ دەستڕاگەیشتن بە هیواکانی، دوای مردن سەرلەنوێ زیندوو بێتەوە و بە ئاواتی دەستڕاگەیشتن بە ڕیفاه و بەختەوەریی لە جیهانی خەیاڵاویی دوای مەرگ، ڕەنج و کوێرەوەرییەکانی جیهانی ڕاستەقینەی تەحەمۆل دەکات.دەوڵەتانی سەرمایەداریی بۆ درێژەدان بە ده‌سه‌ڵاتی چەوسێنەرانەیان، دەست دەدەنە شێوەی جۆراوجۆری سەرکوت. سەرکوتی ڕاستەوخۆ لە ڕێگه‌ی زیندان و ئەشکەنجە و ئێعدام و درووستکردنی فەزای پۆلیسیی و وەحشەت لە کۆمەڵگه‌دا تەنها یەکێک لە شێوەکانی سەرکوتە. شێوەیەکی دیكه‌ کە بە یارمەتیی مەزهەب ئەنجام دەدەرێت بریتییە لە دەروونیکردنەوەی سەرکوت. ئەوان بە یارمەتیی مەزهەب دەنگی نارەزایەتیی خەڵکی ناڕازیی لە دەروونەوە کپ دەکەن. مەزهەب ئەوە فێری کەسانێک دەکات کە بە درێژایی تەمەنیان زەحمەت دەکێشن و لە هەژاریدا دەژین کە تا کاتێک كه‌ زیندوون و بەسەر ئەم جیهانه‌وه‌ن، تەسلیم بن و سەبور و بەهیوای پاداشتەکانی بەهەشت ئارام بگرن. مەزهەب جۆرێک موخەددێری مەعنەوییە کە تێیدا کۆیلەکانی سەرمایەداریی، دڵخوازانە داخوازییەکانیان بۆ ژیانێکی باشتر وه‌لا ده‌نێن کە زیاتر شایستەی ئینسان بێت.849

ڕزگاربوونی ئینسانی کرێکار و زەحمەتکێش لە چنگ ئەم هۆکارەی سەرکوتی ڕه‌وانیی، له‌ڕێگه‌ی ڕۆشنگەریی و لێکدانەوەی زانستییانەی كێشه‌كانی جیهان لە چوارچێوەیەکدا ئیمکانپەزیر دەبێت، بەڵام ئەم ڕزگاربوونە لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا تەنها ئه‌و کاته‌ مومکینە کە بارودۆخی ماددیی ژیانی ئینسان بگۆڕێت و ئەو هێزە سرووشتی و کۆمەڵایەتییانەش کە ئینسان لە ترسیان پەنا دەباتەبەر مەزهەب، بێتەژێر کۆنتڕۆڵی چینی کرێکار و بیروڕای ئینسانە پێشڕەو و پێشکەوتنخوازەکان. هه‌ر به‌م ئاراسته‌یه‌ و بۆ دەستڕاگەیشتن بە وەها ئامانجێکە کە داخوازیی جیایی دین لە دەوڵەت دێتە گۆڕێ. ڕاستییەکەی ئەوەیە کە مەزهەب جیاواز لەوەیکە لە دەوڵەت سه‌ربه‌خۆ بێت یان نا، بە ئامڕازێکی ڕه‌وانیی سەرکوتی کرێکاران و خەڵکێکی زەحمەتکێش ده‌زانرێت کە لە دەست ئەم نیزامە وەزاڵە هاتوون و لێی ناڕازین. بەڵام دەستەبەربوونی داخوازیی جیایی دین لە دەوڵەت، ئەم ئامرازەی سەرکوت لەدەست سەرمایەداران و دەوڵەتەکەیان دەردێنێ. جیایی دین لە دەوڵەت بمانای ئه‌وه‌ ده‌دات كه‌ هەر چەشنە ئیمتیاز و هەڵاواردنێک لە پیشە دەوڵەتییه‌كان و مافی کەسەکان لەسەر بنەمای مەزهەب و پلەی مەزهەب یان باوەڕمه‌ندبوون یان باوه‌ڕپێنه‌بوون بە مەزهەب به‌ ته‌واوه‌تیی هه‌ڵوه‌شێته‌وه‌؛ به‌واتای هەڵوەشاندنەوەی یەکجارەکی دانی یارمەتیی دارایی و غەیرە دارایی دەوڵەت بە چالاکیی و دامەزراوە مەزهبییەکان، به‌واتای هەڵوەشانەوەی ماددە دەرسییەکان و یاسا و ڕێسا و ئایینی مەزهەبیی لە مه‌دره‌سه‌ و دامەزراوە ئاموزشییە دەوڵەتییەکان، واتە هیچكام لە مەزهەبەکان وەک مەزهەبی ڕەسمیی بە ڕەسمییەت ناناسرێت، مەزهەب وەک ئەمری خسوسیی کەسەکان بەئەژمار دێت و هەموو کەسێک لە هه‌ڵبژاردنی هەر مەزهەب و له‌وانه‌ باوه‌ڕپێنه‌بوون به‌ هه‌موو مه‌زهه‌بێك، ئازادن.

“جیایی دین لە دەوڵەت” درووشمێکە کە وێڕای نیشاندانی دژایەتیمان لەگەڵ مەزهەب وەک ئەمرێکی دەوڵەتیی، تەعەهود و پابه‌ندبوونی ئێمەش بە بنەمای ئازادیی بێ شەرت و مەرجی بیر و باوڕ پیشان دەدات. واتە پێداگریی لەسەر ئەم ئەسڵە دەکاتەوە کە چینی کرێکار چ وەک ئوپوزسیۆن و چ دوای بە دەستەوەگرتنی دەسەڵاتی سیاسیش، بە تەئکیدەوە دژایه‌تیی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ جەبر و زۆرداریی و پشکنینی بیروباوەڕ و هەڵاواردن و مەحدودییەتی یاسایی ده‌رهه‌ق به‌و كه‌سانه‌ بكرێت كه‌ بیروباوه‌ڕی مه‌زهه‌بییان هه‌یه‌ و بۆ ڕەخنەگرتن و وەلانانی بیروباوەڕ و بۆچونە مەزهەبییەکان لە کۆمەڵگه‌ش، هیچ شێوەیەک بێجگەلە خەباتی نەزەریی، ڕۆشنگەریی و ئاموزش و بە قەناعەت گەیاندن بە ڕێگەپێدراو نازانێت. خواستی جیایی دین لە دەوڵەت و ته‌بدیل كردنی مەزهەب بە ئەمری خسوسیی ئینسانەکان، یەکێک لەو درووشم و داخوازییانەیە کە ئێمە کۆمۆنیستەکان خەباتی بۆ دەکەین، بەڵام جیاواز لە ئێمەش بەشێک لە ئۆپۆزۆسیۆنی بوورژواییش به‌ده‌ر لەوەیکە لە داهاتوودا تا چ ڕادەیەک پێوەی پابەند بن، ئەم درووشمەیان به‌رز کردووه‌تەوە و هه‌ندێک جاریش دەبنە مۆبەلیغی ئیدە غەیرە مەزهەبییەکان و خۆشیان بە سێکۆلار ناو دەبەن. بەڵام ئەوەیکە هەڵوێستەکانی ئێمە لە هەڵوێستی جەریاناتی بوورژوازیی جیادەکاتەوە، تەنها سێکۆلاریزم و داخوازیی جیایی دین لە دەوڵەت نییە، بەڵکوو لە هەمان حاڵدا ڕوونکردنەوە و لەقاودانی دەور و نەقشی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی مەزهەبیشە لە خزمەت بە نیزامی چینایەتیی سەرمایه‌داریی.

ئێمە لە خەبات لەگەڵ مەزهەبدا قەت بێڕێزی بە بیروباوەڕی خەڵک ناکەین، کاری ئێمە ڕۆشنگەری و تەوزیحی بە حەوسەلەی ڕاستییەکان و ڕوونکردنەوەی بەڵگەمەندی جیهانبینی کۆمۆنیستییە لە بەرانبەر دیاردەی مەزهەبدا. وەها سیاسەت و هەڵوێستێک، دووبه‌ره‌كینانه‌وه‌ نییە، بەڵکوو وەحدەت بەخشە. نه‌ك هه‌ر ڕیزی هاوپشتیی خەباتکارانەی چینی کرێکار لەدژی سەرمایەداران لاواز ناکات، بەڵکوو بە هۆی خه‌سڵەتی سادقانە، زانستیی، و دڵسۆزانەیەوە، ڕیزی نەبەردی چینایەتیی کرێکارانیش بەهیزتر دەکات.

بابەتی پەیوەندیدار

ئیبراهیم ڕەئیسی “جەلادی ٦٧” و هاوڕێکانی کوژران

-

گەندەڵی ئیداری، دارایی، ئەخلاقی و سیاسیی ڕژیمی ئیسلامی، لە سەرەوە دەست پێدەکات

-

خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، لە چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێت

-

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-