کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
كوردستانوتاری ڕۆژ

مەحکوم کردنی هێرشی ئاسمانی ئەڕتەشی توركییه بۆسەر ئۆردوگای پەنابەرانی مەخمور و ده‌ستدرێژی بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان

164

164

دەوروبەری کاتژمێر ١٢ی شەوی هەینی ٢٨ی مانگی پوشپەڕ، گرمەی فرۆکەکانی ئەڕتەشی توركییه خەوی لە چاوی بە هەزاران ژن و پیاو و منداڵی نیشتەجێ لە کەمپی پەنابەرانی مەخمور لە کوردستانی عێراق تاراند. منداڵان لەو نیوەشەوە تاریکەدا، وەحشەت زەدە بەملاو بەولادا هەڵدەهاتن و گەورەکانیش بەدوایاندا، هەموان بەشوێن دۆزینەوەی پەناگایەکی ئەمندا دەگەڕان. ئەگەرچی ئەم هێرشە جەنایەتکارانەیە بۆسەر ئۆردوگای پەنابەران بە خۆشیەوە زیانی گیانی بەشوێنەوە نەبوو و تەنیا دوو کەس بریندار بوون، بەڵام ڕیسواییەکی دیكه‌ بەسەر ڕیسواییەکانی ڕژیمی جەنایەتکاری زاڵ بەسەر توركییه دا زیاد بووە. ئەم ئۆردوگایە لە ڕۆژهەڵاتی باشوری شاری موسڵ و لە ٦٥ کیلۆمیتری باکوری ڕۆژئاوای شاری هەولێر هەڵکەوتووە.

ئەگەرچی ئەم ئۆردوگایە بەڕواڵەت لەژێر به‌رپرسیاره‌تی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان دایە، بەڵام ئەم ناوەندە تەنانەت خۆی لە بڵاو کردنەوەی بەیانییەیەک بۆ مەحکوم کردنی ئەو هێرشە بواردووە. ئەم ئۆردوگایە سەرەڕای تێپەڕبوونی ٢٠ ساڵ، هه‌روا لە لانیکەمی ئیمکاناتی سه‌ره‌تایی بۆ ژیان لە ئۆردوگاکانی تری پەنابه‌ران لە شوێنەکانی دیکەی عێڕاقیش بێبەشە. لەگەڵ ئەوەدا بەردەوام هێرشی ئاسمانی ئەڕتەشی توركییه هەڕەشە لە دانیشتیوانی دەکات. ساڵی ڕابردوو لە هێرشێکی هاوشێوەدا چوار ژنی دانیشتوی ئۆردوگاکە گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکیشیان بریندار بوون. پێش تریش ڕۆژی ٢٥ی مانگی سەرماوەزی ٩٦ بەهۆی بۆمبارانی فرۆکە شەڕکەرەکانی توركییه وە ٦ کەس لە دانیشتوانی ئەم ئۆردوگایە گیانیان لەدەستدا. دەوڵەتی توركییه بەباشیی دەزانێت کە دانیشتوانی ئەم ئۆردوگایە خەڵکی ئاسایی ئاوارەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە ئامانجی گوشار خستنەسەر پ ک ک و حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەر جار ناجارێک ئەم جۆرە هێرشانە بەڕێوەدەبات.

هێرش بۆسەر مەخمور لە درێژەی ئۆپڕاسیۆنی بەرینی ئەڕتەشی توركییه لە نێو خاکی کوردستانی عێڕاق بەڕێوەچووە. قۆناغی نوێی هێرشی ئەڕتەشی توركییه بۆسەر کوێستانەکانی قەندیل و بۆسەر هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان نزیکەی ٢ مانگە لە زەوی و ئاسمانەوە درێژەی هەیە. لە ئاکامی ئەم هێرشانەدا تا ئێستا لانیکەم ٤ کەس لە خەڵکی ئاسایی دانیشتوی ئەو ناوچانە گیانیان لەدەست داوە و ژمارەیەکی زۆریشیان بریندار بوون. دارستانەکانی ناوچەکە لە ئاگردا دەسوتێن و زیانێکی زۆری ماڵی لە خەڵکی ناوچەکە کەوتوە، کە بە تایبەتی لە وەرزی هاوین و بەهاردا بەڕێچوونیان لەسەر سروشتی ئەو ناوچەیە دابین دەکەن. هێزەکانی ئەڕتەشی توركییه لە گەڵ ئەوەی کە بەرەوڕووی توندترین خۆڕاگری لە لایەن هێزەکانی پ ک ک بوونەتەوە، چەندین کیلۆمیتر لە نێو خاکی کوردستانی عێڕاقدا بەرەو پێشەوە هاتون و شوێنی جێگیر بوونی پێشوتری خۆیان بەرین تر کردۆتەوە.

بەڵام ئاستی ده‌خاڵەتەکانی دەوڵەتی توركییه لە کوردستانی عێڕاق تەنیا بە هێرشی نیزامی بەرتەسک نابێتەوە. پارتی ده‌سه‌ڵاتداری توركییه لە زۆر لەوە پێشەوە شاری کەرکوکی کردۆتە ئامانجی نەخشە و پیلانەکانی و بە هەر وەسیلەیەک بۆی بکرێت لە تەفرەقە و دوو بەرەکی نانه‌وه‌ لەنێو خەڵکی تورکەمەن و کورد و عەرەبی نیشته‌جێی ئه‌وشاره‌ کەڵک وەردەگرێت. ئەم دەوڵەتە هاو جیهەت لەگەڵ هێزە کۆنەپەره‌ستە ناوچەییەکان، یەکێک لە کۆسپە سەرەکییەکانی پێكهاتنی یەکێتی و هاوپشتی لەنێو خەڵکی دانیشتوی ئەم شارەدایە.

لە لایەکی دیکەوە دەوڵەتی ئەمریکا کە هێشتا وڵاتی عێڕاقی لەژێر دەستدایە و یەکێک لە هێزە یەکلا کەرەوەکان لە گۆڕەپانی سیاسی عێڕاقدایە، چاوی خۆی لە حاند هێرشی جەنایەتکارانەی کۆماری ئیسلامیی و دەوڵەتی توركییه بۆسەر کوردستانی عێڕاق بەستووە. هاوینی ساڵی ڕابردوو هێرشی مووشەکی کۆماری ئیسلامیی بۆسەر مقەڕی ناوەندی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی پشتگوێ خست. ئەوە لە حاڵیکدایە کە ئەڕتەشی ئەمریکا سەرجەم ئاسمانی عێڕاقی لەژێر کۆنترۆڵی ڕاداری و پاراستنی مووشەکی دایە. بێدەنگی دەوڵەتی ئەمریکا بەرانبەر به‌ تۆپباران کردنی ناوچە سنوورییەکانی کوردستانی عێڕاق و هاتنه‌ پێشه‌وه‌ی ئەڕتەشی توركییه له‌ نێو خاكی كوردستانی عێراق و هێرش کردنەسەر ئۆردوگای پەنابەران لە مەخمور، بەگشتی ئەو ڕاستیە نیشان ده‌ده‌ن کە دەوڵەتی ئەمریکا درێژەی ئەم جەنایەتانە لە ڕاستای بەرژەوەندی درێژماوەی خۆیدا دەبینێ.

دەوڵەتی ناوەندی عێراقیش لە بەرانبەر هێرشی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی هەڵوێستی بێدەنگی هەڵبژاردووە و لە بەرانبەر هێرشی بەردەوامی ئەڕتەشی توركییه و داگیر کردنی بەشێک لە خاکی کوردستانی عێراق هەڵوێستێکی لاواز و فورماڵی، ئەویش ته‌نیا بۆ پارستنی ئابروی گرتووە.

بێدەنگی ماناداری دەوڵەتی عێراق لەبەرانبەر هێرشی ئەڕتەشی توركییه و لەبەرانبەر پیلانی ئه‌ردۆغاندا لە کەرکوک، بەهێز کردنی هێزه‌كانی سه‌ربازی کۆماری ئیسلامیی لە سەرسنورەکان و تۆپباران کردنی ناوچەکانی نیشتەجی بوونی خه‌ڵكی مه‌ده‌نی لە کوردستانی عێڕاق بە بیانوی بوونی هێزی پێشمەرگە، نیشان دەدات کە ئەم سێ دەوڵەتە نەخشە و پیلانی بەرینتریان بۆ سەرکوتی خەڵکی کوردستان لە هەموو بەشەکان، لەسەر دایە. بێ گومان دەوڵەتی سوورییەش ئەگەر بێت و لەم فەلاکەتەی ئێستای ڕزگاری بێت، بەم پێکهاتە قەدیمیە دژی ئازادی و مافی دیاری کردنی چارەنووسەی خەڵکی کوردستانەوە پەیوەست دەبێت.

بەڵام سەرەرای ئەم دەستدرێژی كردنانه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كانی ئه‌م ده‌وله‌تانه‌، هەڵسەنگاندنی عەینی لە بارودۆخی ئێستای ئەم دەوڵەتانە نیشانی دەدات کە هەر ٤ دەوڵەتی سەرکوتگەری خەڵکی کوردستان، لە ئێران و عێڕاق و توركییه و سوورییە، بە بەراورد لەگەڵ ٣ دەیەی ڕابردوو لە لاواز ترین مەوقعیەتی خۆیاندان. دەست درێژیەکانی دەوڵەتی توركییه لە دەرەوەی سنورەکانی له‌حاڵیکدا به‌ڕێوه‌ ده‌چێت کە حیزبی حاکمی( ئاک پارتی) لە نێو خۆی توركییه دا بەرەوڕووی ناکامی بەردەوام بۆتەوە. شکستی لە هەڵبژاردنی شارەدارییەکانی شارە گەورەکانی توركییه، ناکامی لە شانۆی سیاسی له‌ سوورییە، قەیران و ڕکودی ئابووری و هیتر بەگشتی نیشانەی ئه‌و راستیه‌ن كه‌ خەونی کۆنەپەره‌ستانەی ئه‌ردۆغان، وا ساویلکانە پێی وابوو جێگه‌ی بە ئیمپڕاتۆرانی پێشووی عوسمانی ده‌گه‌رێه‌ته‌وه‌، بۆته‌ بلقی سه‌ر ئاو. کۆماری ئیسلامیی لە داوی چه‌ند قەیرانی کوشەندەکاندا گیری خواردوە و هیچ پلان و نەخشەیەکیشی بۆ دەرچوون لێیان شک نابات. خه‌ونی وه‌حشتانكی بەرپا بوونی شۆڕشێکی تر کە زەمینە عەینییەکانی فەراهەمە، خەوی لەچاوی سەرانی ڕژیم زڕاندوە. دەوڵەتی عێڕاق نوقمی گەندەڵی و دەستەبەندی قەومی و مەزهەبی، بە خەڵکێکی زۆر ناڕازی و بێزار، لە مەنگەنەی گوشارەکانی ئەمریکا، کۆماری ئیسلامیی و دەوڵەتانی عەرەبی ناوچەکەدا قەراری گرتووە و هیچ ئاسۆیەکی ڕوونی بۆ ده‌رباز بوون له‌م بارودۆخه‌ لەبەردەمدا نییە و ئەمرۆ بۆسبەی درێژە بە حەیاتی خۆی ئەدات. دەوڵەتی بەشار ئەسەد هێشتا تەنانەت بەسەر یەک لەسەر سێی خاکی ئەو وڵاتەدا کۆنترۆڵی نییە و چارەنووسی لە گرەوی معامەلە و ڕێككه‌وتنی سبەی ڕۆژی زل هێزەکاندایە، لە عەینی حاڵدا لە کوردستانی سوورییە کۆمەڵێک دەستکەوتی کۆمەڵایەتی بەنرخ بەدەست هاتووە کە بە هاسانی وه‌رناگیریه‌نه‌وه‌ و ڕژیمی ده‌سه‌ڵاتدار له‌ دمیشق یان ده‌خه‌نه‌ ژێر گۆشاره‌وه‌.

گشت ئەمانە نیشانەی بوونی ئەو فاکتۆڕە عەینیە هیوا بەخشانەن کە بە قازانجی خەڵکی مافخواز و تێکۆشەر و خەباتگێڕ لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا عەمەل دەکەن. بەڵام لەگەڵ ئەوەدا مەترسی دەوڵەتانی لە سەرەولێژی ڕووخانیشدا نابێ بە کەم بگرێن. مەترسی دەخاڵەتگەری دەوڵەتانی ئێران و توركییه و عێڕاق لە مەسایلی پێوەندیدار بە چارەنووسی خەڵکی بەشە جۆراوجۆرەکانی کوردستان، مەترسی هەمگەرایی و زەدوبەندی دەوڵەتی ئەمریکا لەگەڵ ئەم ڕژیمە کۆنەپەره‌ستانە لە ڕاستای بەرژەوەندی خۆیدا و لەگەڵ ئەوانەشدا کۆمەڵێک مەترسی لەنێوخۆی کۆمەڵگای کوردستاندا، بەگشتی ئەمانە لە زومرەی ئەو مەترسیانەن کە خەڵکی هەموو بەشەکان دەبی وشیارانە، بە ئاگایی و بە هاوپشتی و یەکگرتووانە بەرەنگاریان ببنەوە.