ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی مانگی خەزەڵوەر کومیتەی مافی مرۆڤی مەجمەعی گشتیی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان لەپێوەند لەگەڵ پێشێل‌کرانی مافی مرۆڤ لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە. لەم بەیانییەدا کە لە لایەن دەوڵەتی کاناداوە پێشنیار کرابوو، داوا لە کۆماری ئیسلامیی کراوە كه کۆتایی بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و بەرتەسک کردنەوەی ئازادیی ڕاده‌ربڕین و گرت و بڕه‌كان بێنێ. ئەم بەیانییە، نیگه‌رانیی ده‌ربڕیوه به‌رامبه‌ر بە ژمارەی له‌سه‌ره‌وه‌ی ئێعدامەکانیش و هه‌روه‌ها پێشێلکردنی بەئاشکرای مافی ژنان. قەرارە ئەم بەیانییە لە مەجمەعی گشتیی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان کە بڕیاره مانگی داهاتوو بەڕێوە بچێت، باسی لەسەر بکرێت و ئەگەری زۆریشی هەیە كه وەک سەنەدێکی دیكه بۆ مەحکومکردنی ڕژیمی ئیسلامیی له‌به‌ر پێشێلكردنی مافەکانی مرۆڤ، پەسه‌ند بکرێت.
هاوکات لەگەڵ ئەمه و هه‌ر لە هەمان ڕۆژیش، لە مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکاشدا سەرەڕای تەوافوقی بەرجام، “یاسای تەحریمەکانی ئێران” بۆ ماوەی دە ساڵی دیكه درێژ کرایەوە. “یاسای تەحریمەکانی ئێران” کە ساڵی ١٩٩٦ لە لایەن ئامریکاوە لەدژی ئێران پەسه‌ند کراوە، بریتییه له تەحریم لە بواری چالاكییه بازرگانییه‌كان، وزە، نیزامیی و مامه‌ڵه بانکییه‌كانی پێوەندیدار به بەرنامەی هەستەیی و موشەکیی ئێران. ئەم یاسایه ڕێگه‌خۆشكه‌ره بۆ ئه‌وه‌یكه لەئەگەری پێشێل‌کرانی ماددەکانی پەیمانیی بەرجام لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە، ده‌ستبه‌جێ سزاکانی ڕابردوو، به‌كرده‌وه ده‌ربێنه‌وه.
ئاشکرایە کە هه‌تا ئێستا ئەم تەحریمانە موشکلاتێکی زۆریان بۆ بانکەکانی ئۆرووپایی و ئاسیایی لەبواری مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران درووست کردووە. هه‌تا ئەو جێگایەی کە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی و خودی خامه‌نەییش، دانیان بەو کۆسپ و بەربەستانە داناوه کە پاشماوه‌ی تەحریمه‌كان ڕێی بەرەپێشچوونی بەرنامە ئابوورییەکان و مامەڵه بانکییه‌كان بۆ شیرکەته‌كان و دەوڵەتانی لایەنی قەراردادی کۆماری ئیسلامیی گرتووه.
“یەکێتیی ئۆرووپا”ش بەشبه‌حاڵی خۆی، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە، تەحریمەکانی سەر ٨٢ کەس لە مه‌قاماتی بەرپرسی کۆماری ئیسلامیی و هەروەها ناوەندێکی وابه‌سته به‌وانی بۆ ماوەی ساڵێکی دیكه درێژ کردەوە. ئەم کاربەدەستانە کە بەگشتیی سەر بە ناوەندە ئەمنییەتیی و قەزاییەکانی ڕژیمی ئیسلامیی بوون كه بە هۆی ” پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران” له لایه‌ن “یەکێتیی ئوروپا”وه ته‌حریم كراون. بە پێی ئەم تەحریمانەوه هەموو سەروەت و سامانی ئەو کاربەدەستانە لە ٢٨ وڵاتی یەکێتیی ئۆرووپا دەستی بەسەر داگیراوە و سەفەرکردنیشیان بۆ هه‌موو وڵاتانی ئه‌م یەکێتییە قەدەغە ڕاگەیەندراوە.
دواهه‌مین ڕاپۆرتی ئەحمەد شەهید هه‌واڵنێری تایبەتی مافی مرۆڤی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ ئێران کە هیچكات ڕێگه‌ی سه‌فه‌ركردن و سه‌ردانی ئێرانیشی پێنه‌درا، مانگێک لەمەوبەر بڵاوکرایەوە. ناوبراو لەم ڕاپۆرتەیدا باسی لە زیادبوونی ژماره‌ی ئێعدامەکان و شێوازی مامه‌ڵه‌كردنی دەزگای قەزایی و ئەمنیەتیی لەگەڵ چالاکانی بەشی ڕاگەیاندن، نەبوونی ئازادیی ڕاده‌ربڕین و مافی تەشەکۆل و کۆبوونەوە و مافی ژنان، منداڵان و كه‌مایه‌تییه نەتەوەیی و مەزهەبییەکان لە لایەن کۆماری ئیسلامیی کردووە و ڕەخنەی لێ‌گرتوون.
لە لایەکی دیکەوە به‌ڕێوه‌به‌ری ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمیی ڕۆژی پێنجشەممە ٧ ی مانگی خەزەڵوەر لە ڕاپۆرتێكیدا كه بۆ شوڕای ئەحکام ناردوویه‌تی، ڕایگەیاندووه كه پاشەکەوتی ئاوی قورسی ئێران لە ڕێژەی ڕێگه‌پێدراوی ناو تەوافوقی بەرجام واوەتر چووە.
ڕاپۆرتی ئه‌و ناوەندە نێونەتەوەییانه‌ی کە لە پێشتر ئاماژەی پێدرا، بەگشتیی لە مەودایەکی زەمەنیی کورت‌دا پێشكه‌ش كراون. ئەمەش نیشانده‌ری ئه‌وه‌یه کە لە فەزای دوای هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی ئامریکا و هەڵبژێردرانی تڕامپدا، هێزە سەرمایەدارییەکان دەیانهەوێ له‌ڕێگه‌ی پەسندکردنی تەحریمی تازەوه، ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی لەبەر ئیجرانەکردنی تەعەهودە سیاسییەکانی و بەتایبەت ئەو بەشەی کە پێوه‌ندیی بە ده‌ستوه‌ردان لە كاروباری سیاسیی ناوخۆی وڵاتانی ناوچەکەوە هه‌یه، زیاتر بیخەنە ژێر گوشار. هەڵبەت ئامانجی سەرەکیی موزاکراتی هەستەیی دەوڵەتانی ١+٥ لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی، بەرتەسککردنەوەی هه‌رچی زیاتری ده‌ستوه‌ردان و سه‌رپێچییه‌كانی کۆماری ئیسلامیی بووه لە کێشمەکێشی وڵاتانی ناوچەکە و هاوڕێكردنی ئەم ڕژیمە لەگەڵ خۆیانه به‌مه‌به‌ستی بەرەوپێشبردنی بەرنامە و سیاسەتەکانیان. ئه‌گه‌رنا کێ هه‌یه به‌وه نەزانێ کە نە ئامریکا و نە باقی دەوڵەتانی سەرمایەداریی قەت بایه‌خێكیان نەداوەتە ڕەچاوكران یان ئه‌وه‌تا ڕه‌چاونەکرانی مافەکانی مرۆڤ، تەنانەت لە وڵاتەکانی خۆشیاندا. چ جای وڵاتانی دیكه.
ئەوان باش دەزانن کە پێشێل بوونی سەرەتایی ترین مافەکانی ئینسان لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە دیاردەیەکی تازە نییە. ئێعدام و ئەشکەنجە و قەدەغەبوونی ئازادیی ڕاده‌ربڕین، تەشەکۆل، چاپه‌مه‌نییه‌كان و قەدەغەبوونی هه‌ر جۆرە ئازادییەکی دێمۆکڕاتیک، تەنانەت مەمنوعییەتی شادمانیی خەڵک لەسایه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتیی نیزامی کۆماریی ئیسلامی‌دا، بووه به بابەتێکی ڕۆژانە و ئاسایی. ڕژیم کوشتار، ئەشکەنجە و تووندوتیژیی لەناو کۆمەڵگه وەک ئامرازێک بۆ پێكهێنانی فه‌زای ترس و وەحشەت بەکار دێنێ. وشیارانه و به‌ئانقه‌ست جێی خستووه و کردوویەتە کۆڵەکەی سەرەکیی بۆ زەمانەتی درێژەی حاکمییەتی کۆماری ئیسلامیی، ده‌ی كه‌واته چۆن هه‌روا به هاسانیش دەستی لێ به‌ر ده‌دات؟!
زلهێزه ئه‌مپڕیالیستیەکانیش باش دەزانن کە ئێعدام و ئەشکەنجە و پێشێل بوونی مافەکانی ژنان یەکێک لە ئوسولی ئیدئۆلۆژیکیی نیزامی ئیسلامیی بووە و بەشێک لە ناسنامەی سیاسیی ئەم نیزامە پێکدێنێ. مەجید تەخت ڕەوانچی سەرپەرستی موزاکراتی كارناسانه‌ی ئێران و یەکێتیی ئۆرووپا لەپێوەند لەگەڵ ئێعدام لە کۆماری ئیسلامی‌دا ڕایگەیاندبوو کە “باسی مافەکانی مرۆڤ و ئێعدام و قەساس بەشێکن لە ئەحکامی قوڕئان و بۆ کۆماری ئیسلامیش هێڵی سوورن و جێی مشتومڕو باس له‌سه‌ركردن نیین”. داخوازیی ڕیعایەت و ڕەچاوکردنی مافەکانی مرۆڤ و ڕەخنەگرتن لە ئێعدام و ئەشکەنجە کە لەناو بڕیارنامه و بەیانییەكانی دەوڵەت و ناوەندە نێونەتەوەییەکانیشدا ده‌نووسرێن، نەک به‌مه‌به‌ستی ئیجڕاكران و ڕیعایەتکردن، بەڵکوو بە ئامانجی خستنەژێر گوشاری کۆماری ئیسلامی‌دا باس ده‌هێنرێنه گۆڕێ. ئەوان دەیانەوێ لەم بڕیارنامه‌یه وەک ئامرازێک کەڵک وەربگرن و بۆ ئیجرای ئەو تەعەهودە سیاسییانە کەڵکی لێ وەربگرن کە لە کونجی دێڕە نەنووسراوەکانی تەوافوقنامەی بەرجامدا بەسەر کۆماری ئیسلامی‌دا سەپاوە و ڕژیمیش ناچار بوو دانیان پێدا بنێت و قبووڵیان بكات.
ئەوەیکە جێگه‌ی نیگەرانییە ئەوەیە کە دەوڵەتانی سەرمایەداریی لە درێژەی بەرەوپێشبردنی سیاسەتی شەڕئەنگێزانەی ناوچەیی و دابینكردنی بەرژەوەند و مەسڵەحەتەکانیان و له‌ڕێگه‌ی دەرکردنی بیانییە و بڕیارنامه بۆ مەحکومکردنی ڕژیمی ئیسلامیی لەژێرناوی ئیجرانه‌كرانی تەعەهودەکانی، دەست بدەنە داسەپاندنی تەحریمی زیاتر به‌سەر کۆماری ئیسلامی‌دا. ئەو تەحریمانەی کە دوکەڵەکەی ڕاستەوخۆ دەچێتە چاوی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێشی ئێرانەوە و ژیان و بەڕێچوونیان لەمه‌ی ئێستا زیاتر، تووشی هەژاریی و فەلاکەت دەکات. سەرانی کۆماری ئیسلامیی و دەستوپێوه‌نده‌كانی ئەم نیزامە و سەرمایەدارانی ناوخۆیی، لە تەحریمەکانی ساڵانی ڕابردوو کەڵكێكی سیاسیی و دارایی زۆریان وەرگرت و گیرفانەکانیان لێ ئاخنی. ئێستاش کە ساڵ و نیوێک بەسەر ئیمزای تەوافوقی بەرجامدا تێپەڕیوە، سەرەڕای ئەوەیکە بە میلیارد دۆلار لە داراییە بلۆکه‌کراوەکانی ئێران ئازاد کراوە و فرۆشتنی نەوتیش دەستی پێکردووه‌تەوە، بەڵام ڕژیمی ئیسلامیی نایهه‌وێ و ناتوانێ ئاڵ‌وگۆڕێک به‌ئاراسته‌ی باشترکردنی دۆخی ژیان و بەڕێچوونی کرێکاران و جەماوەری ئێران‌دا بەدی بێنێ و هەروا لە قەیرانێکی هەمەلایەنەدا پەلەقاژەیەتی. ڕەنگە زۆریشی پێ ناخۆش نەبێت کە له‌ڕێگه‌ی بەبارمەتەگیرانی نان و قووتی خەڵک، بە قەیرانی سه‌رچاوه‌گرتوو له ته‌حریمێكی دیکە پاساو بداته‌وه.