کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

“منیش به‌قه‌د ئێوه‌ ئینسانم” وته‌یه‌ك به‌بۆنه‌ی ڕۆژی جیهانیی كه‌مئه‌ندامان

ڕۆژی هه‌ینی ٣ی دێسامبر به‌رابه‌ر له‌گه‌ڵ ١٣ی مانگی سه‌رماوه‌ز ڕۆژی جیهانیی كه‌م ئه‌ندامانه‌. ئه‌م ڕۆژه‌ له‌ ساڵی ١٩٩٢ه‌وه‌ له‌ لایه‌ن كۆبوونه‌وه‌ی گشتیی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان وه‌ك ڕۆژی جیهانیی كه‌مئه‌ندامان ڕاگه‌یه‌ندراوه‌. ئه‌مڕۆ پتر له‌ ٥٠٠ ملیۆن كه‌س به‌هۆی نوقسانی سیستمی مێشك، جه‌سته‌ و هه‌ست، كه‌مئه‌ندامن. به‌ پێی جاڕنامه‌ی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، كه‌مئه‌ندامان به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی هۆكار، چۆنیه‌تی و ئاستی بێتواناییان، خاوه‌نی هه‌موو ئه‌و مافه‌ بنه‌ڕه‌تییانه‌ن كه‌ باقیی هاووڵاتیانی هاوته‌مه‌نیان لێی به‌هره‌مه‌ندن. مافی به‌هره‌مه‌ندبوون له‌ ژیانێكی دڵخواز و ئاسایی، له‌ سه‌رووی ئه‌م مافانه‌وه‌یه‌ و مافه‌كانی وه‌ك خزمه‌تگوزاریی، په‌روه‌رده‌ و بارهێنان، ته‌ندرووستی، شوێنی نیشته‌جێبوون، دامه‌زران، سه‌یران، مافی مه‌ده‌نی، سیاسی و پاراستنی حه‌یسییه‌تی ئینسانیی كه‌مئه‌ندامان، مافی بنه‌ڕه‌تییانه‌. ئامانجی ناودێركردنی ٣ی دێسامبر وه‌ك ڕۆژی جیهانیی كه‌مئه‌ندامان بردنه‌سه‌ره‌وه‌ی وشیاریی گشتی، ده‌رك و قه‌بووڵ كردنی كه‌سانی كه‌مئه‌ندام و ستایشی ده‌ستكه‌وت و به‌شدارییان ڕاگه‌یه‌ندراوه‌.

كه‌م توانا  یان كه‌مئه‌ندام به‌ كه‌سێك ده‌وترێ كه‌ به‌هۆی نوقسانی جه‌سته‌یی یان زه‌ینی (به‌شێوه‌ی زگماك یان به‌ هۆكاری تر) كێشه‌ی به‌رده‌وام و به‌رچاو له‌ سڵامه‌ت و چالاكیی گشتیی كه‌سه‌كه‌دا پێكهاتبێت و تا ڕاده‌یه‌ك یان به‌گشتی توانای دابینكردنی پێداویستییه‌كانی ژیانی تاكه‌كه‌سی و كۆمه‌ڵایه‌تیی نه‌بێت.

له‌ هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌كدا به‌شێك له‌ خه‌ڵك به‌هۆكاری جۆراوجۆر و له‌وانه‌ ڕووداوی هاتووچۆ، شه‌ڕ، نه‌خۆشی و یان به‌شێوه‌ی زگماك به‌شێك له‌ جه‌سته‌ و زه‌ینیان كاركردی ئاسایی خۆی به‌ته‌واوی ئه‌نجام نادات و ئه‌م ئینسانانه‌ خاوه‌ن پێداویستیی تایبه‌تن و كۆمه‌ڵگا و سیستمی ده‌سه‌ڵات پێویسته‌ بۆیان دابین و زه‌مانه‌ت بكات.

بێتوانایی و کەم توانایی لە هێندێک لە چالاکیی جەستەیی و زەینی بە مانای بێ توانیی و کەم توانایی کامڵ و یەکجاری نییە و لەوانەیە بەشێک یان چەند بەش لە جەستە و یان مێشکی مرۆڤێک کارکردی کامڵ و پێویستی نەبێت، بەڵام بەشەکانی دیکەی کارکرد و توانایی سەرتر لە ئاستی ئاسایی و نۆرماڵیان هەبێت.

هێندێک جار بێتوانایی و نەخۆشییە زەینی و دەروونییەکان لەگەڵ حاشالێکردن، شاردنەوە، شەرمەندەیی ئەندامانی بنەماڵە و یان لە هێندێک حاڵەتدا لەگەڵ نامرۆڤانەترین شێوەی هەڵسووکەوت لە زیندانی کردنەوە بگرە تا پشت گوێ خستنی خواستەکان و بەڕەسمیەت نەناسینی مافی ئینسانیی کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت، بەرەوڕوو دەبنەوە.

لە هێندێک لە کۆمەڵگە پێشکەوتووەکانی سه‌رمایه‌داریدا، خەباتی کرێکاران و جەماوەری خەڵک  و کەم ئەندامان، گەشەی تێکنۆلۆژی، جێکەوتنی بایەخ و کلتووری پێشکەوتوو، بووەتە هۆی ئەوەیکە دەرفەتی گونجاوی فێربوون و دەرمان بخرێتە ئیختیار کەمئەندامانەوە و کەسانی خاوەن پێداوپستیی تایبەت بتوانن لە ژیان و تواناکانی خۆیان بەهرەمەند بن.

لە کۆمەڵگای دیکتاتۆرلێدراو و لە حاڵی گەشەدا، واتە لەو وڵاتانەی کە دەرفەت بۆ پشکوتنی تواناکان ناخوڵقێت و کلتوور، سوننەت و مەزهەب، نابەرابەرییەکان و هەڵاواردن پاساو و پیرۆز دەکرێن، زۆربەی خەڵک لەوانە مرۆڤە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان ناتوانن توانای جەستەیی و فکریی خۆیان بەتەواوی بەکار بێنن.

كه‌مئه‌ندامان له‌ ئێران له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك كێشه‌وگرفت به‌ره‌وڕوون كه‌ هێندێكیان بریتین له‌: كێشه‌ی هاتووچۆ له‌ناو شار و ده‌ره‌وه‌ی شار به‌هۆی نه‌بوونی پێداویستیی تایبه‌ت به‌ كه‌مئه‌ندامان له‌سه‌ر ڕێگاكان و له‌ شوێنه‌ گشتییه‌كان، كێشه‌ی كاری به‌هۆی نه‌بوونی یاسای پشتیوانی لێیان، هه‌ڵسووكه‌وتی نه‌شیاو به‌رامبه‌ر به‌ كه‌مئه‌ندامان به‌هۆی نه‌بوونی فه‌رهه‌نگسازی، بایه‌خ نه‌دان به‌ توانای كه‌مئه‌ندامان تا بتوانن له‌م ڕێگه‌وه‌ ژیانیان سه‌ر‌له‌نوێ ده‌ستپێبكه‌نه‌وه‌ و هه‌ست به‌ كه‌مبوون و سه‌رباربوون نه‌كه‌ن، كێشه‌ی ئابووری به‌هۆی نه‌بوونی پیشه‌ی گونجاو و هێندێك جار هه‌زینه‌ی قورسی ژیان، كێشه‌ی خوێندن له‌وانه‌ نه‌بوونی كه‌ره‌سته‌ی پێویست له‌ مه‌دره‌سه‌ و زانكۆكان، كێشه‌ی هاوسه‌رگیری و هیتر.

چۆنیەتیی هەڵسووکەوت کردن لەگەڵ کەمئەندامان، پێوەری هەڵسەنگاندنی دەسەڵاتەکانی جیهانە. لە ئاڵمانی هیتلێری و لە نیزامە فاشیستیەکاندا ئەم بەشە لە خەڵک کە پێداویستیی تایبەتیان هەبوو لەگەڵ حاشالێکردن، سەرکوت و تەنانەت مەرگ بەرەوڕوو دەبوونەوە. مەزهەب بەخاتری ئەوەیکە دەلیلی لۆژیک و زانستیی بۆ ئەم بەشە لە خەڵک نییە، ئەم بەربەستانە و کەم توانایی جەستەیی و فیکری بە مەشیەت و خواستی ئیلاهی لەقەڵەم دەدات و لە هێندێک ڕەوایەتی توندڕەوانەدا بە پاداشتی کاری نەکراوەی ئەم ئینسانانەی دەزانێت.

لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامیدا هەرگیز ئامارێکی ڕاستەقینە سەبارەت بە ژمارەی کەمئەندامان بڵاونەکراوەتەوە. ئاماری ڕەسمی، ژمارەی کەمئەندامانی ژێر پۆششی سازمانی تەئمینی ئیجتماعییە کە حدوودی یەک دەهۆمی ئاماری واقعییە. ئامارەکانی ڕێکخراوە غەیرە دەوڵەتییەکان و ڕێکخراوی تەندرووستیی جیهانی نیشانی دەدەن کە نزیكه‌ی ١٢ لەسەدی جەمعییەتی ئێران لە کەمئەندامان پێکهاتوون و لەو نێوەدا ٤ تا ٥ ملیۆن کەس تووشی کەمئەندامیی سەخت و یان یەکجار سەخت هاتوون و هەموو ساڵێ پتر لە ٦٠ هەزار کەس بە ژمارەی کەمئەندامان زیاد دەبێت.

لە یەکێک لە ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی چاوەدێریی مافی مرۆڤ و کەمپەینی مافی مرۆڤی ئێران، لەژێرناوی “منیش بەقەد ئێوە ئینسانم” هاتووە کە: “زۆرێک لە کەمئەندامانی ئێرانی لە ماڵەکانی خۆیاندا بەند کراون و توانای ژیانی سەربەخۆ و بەشداریکردن لە کۆمەڵگا ، هاوڕێ لەگەڵ باقیی هاووڵاتییانیان نییە”.

دەسەڵات، کۆمەڵگا و بنەماڵە سێ بنەما و پایەی سەرەکی تاوتوێکردن و هەڵسووکەوت لەگەڵ ئەو بەشە لە خەڵکن کە خاوەن پێداویستیی تایبەتیان هەیە. دەسەڵات بەرپرسی سەرەکیی دابین کردنی پێداویستییە تایبەتەکان بەو بەشە لە کۆمەڵگایه‌ کە پێویستیان بە چاوەدێریی زیاتر و پسپۆڕانەتر هەیە و پێویستە دابینکردنی کار، فێرکاری، دەرمان، بیمەی  کامڵی ترانسپۆرت و مەسکەنی کەمئەندامان لە ئەولەوییەتی دا بێت. کۆمەڵگایه‌ک کە تێیدا مافی ئینسان بە ڕەسمی ناسرابێت و مافی سەرەتایی ئینسانەکانی تێیدا دابین و زەمانەت کرابێت، لەگەڵ کەمئەندامانیش هەر وەک باقیی هاووڵاتییان هەڵسووکەوت دەکرێت و لە بەرامبەر هەر هەڵاواردن و سووکایەتییەکدا کاردانەوەی جیددی و گونجاو لەخۆی نیشان دەدات. بنەماڵەش یەکێک لە بنەما گرینگەکانی بەڕەسمی ناسینی کەمئەندامان و یان پێشێلکردن و حاشالێکردن لە زەروورەتی ئەم  پێداویستییە تایبەتانەیە.

کوردستان یەکێک لەو شوێنانەی ئێرانە کە تێیدا کەمئەندامان تەنانەت لە لانیکەمەکانی ناو کۆمەڵگای ئێرانیش بێبەرین. هەژاری و بێکاری، نەبوونی خزمەتگوزاریی دەوڵەتی بۆ کەمئەندامان، زیاتر لە چل ساڵ داگیرکاریی نیزامی و تەقینەوەی مین و تەقەکردن بەرەو کۆڵبەران و هیتر، بەشێک لە خەڵکی تووشی کێشەی دەروونی و جەستەیی کردووە. ڕژیمی ئیسلامی نە لە کوردستان و نە لە سەرتاسەری ئێران حازر بە قەبووڵکردنی بەرپرسایەتیی کەمئەندامان نییە. بە کەسرێکی چکۆلە لەو هەزینە بەرینانەی کە دەکرێتە خەرجی میلیتاریزم، سەرکوتی جەماوەر، تیرۆریسم و دەخاڵەتی کۆنەپەرستانە لە دەرەوەی سنوورەکان، دەکرێ ژیانێکی ئینسانی بۆ کەمئەندامان دابین بکرێت، بابەتێک کە پێویستە لە ئەولەوییتەکانی دەوڵەتی پاش ڕووخانی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی بێت.

بابەتی پەیوەندیدار

خواردن و خواردنەوە لە شوێنە گشتییەکان، درێژەی خەباتی مەدەنی

-

ئاگربەستی دەستبەجێی ١٤ ڕۆژە لە غەززە، ئاکامی گوشاری بیروڕای گشتی دژبە شەڕ

-

بۆچی داعش هێشتا زیندووە و تاوان ئەنجام دەدات؟

-

هیوا بە ئازادی لەدەست ستەم و سەرەڕۆیی پەرە دەستێنێ

-

کاریگەریی وێرانکەری هەژاری لەسەر دۆخی تەندروستی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی چینی کرێکار

-

ڕاگەیاندنی هاوبەشی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کاریگەر)

-