کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ماشێنی تەبلیغاتی کۆنەپەرستانەی ڕژیم دژبە خەڵک

ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی مانگی ڕەزبەر ناوەندێکی دیکە بە دەیان ناوەندی ژێر کۆنتڕۆڵی “حەوزەی علمیه”ی قۆم زیاد بوو. بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵنێریی دەوڵەتیی ئیلنا “ستادی رابەریی مزگەوتەکان” بە ئامانجی “زەرفیەت ناسین و بەهێزکردنی مزگەوت میحوەری” لە سەرتاسەری ئێران دەستی بە کار کرد. بە پێی هەر ئەم ڕاپۆرتە: ئەم ستادە هەوڵ دەدات تا بە کەڵک وەرگرتن لە زەرفیەتی حەوزە و باقیی ناوەندە تەبلیغاتیەکانی دیکە ئۆتۆماسیۆنێکی تایبەت بۆ خزمەت گەیاندن بە ئیمامانی جومعه وەڕێبخات”. هەواڵنێری ئیلنا لەمبارەوە دەڵێت: “پتر لە ١٣٠ هەزار ڕووحانیمان لە ئاستی ئێراندا هەیە کە ٨٠ هەزار کەسیان دانیشتووی شاری قۆمن.” هەروەها دەنووسێت: “نزیک بە ١٠ هەزار تەڵەبەی بیانیی برا لە شارەکانی قۆم، تاران، ئەلبۆرز، گۆنبەد و مەشهەد سەقامگیرن و هەروەها نزیکەی ٦٠ هەزار تەڵەبەی خوشکمان لە ئێراندا هەیە کە هەشت هەزار کەسیان لە قۆم و باقیەکەیان لە شوێنەکانی دیکەی وڵاتن. بەسەرەنجدان بەم ئامارە، پتر لە ٢٠٠ هەزار تەڵەبە و ڕووحانی خوشک و برای ئێرانی و بیانی لە ئێراندا هەن”.

تەبلیغاتی مەزهەبیی ڕژیمی ئیسلامیی ئێران هەزینەی قورس و ڕێکخستنێکی ئاڵۆزی هەیە. بودجەی ساڵانەی ئەم بوارەی کۆماری ئیسلامی پتر لە بودجەی گشتیی چەندین وەزارەتخانەی سەرەکیی ئێران لەوانە پەروەردە و بارهێنان، تەندرووستی و دەرمان، خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی و سرویسە خێرا و زەروورییەکانە.

تەبلیغاتی مەزهەبی ئامرازێک بوو کە دەسەڵاتدارانی ئیسلامی بەرلە بەدەسەڵات گەیشتنیان لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی، لە کارایی و ڕۆڵی ئاگاداربوون و لە چەند ساڵی کۆتایی حکوومەتی پەهلەوی و لە یەکەم ڕۆژی هاتنە سەر کاری حکوومەتی ئیسلامیەوە بە تەرخان کردنی بودجەی بێسنوور و پێکهێنانی تۆڕی بەرینی میدیایی، سینەمایی، فێرکاری، حەوزەیی، بە دامەزراندنی دەیان و سەدان هەزار ئاخوند و تەڵەبە لە هەموو ئاستەکانی کۆمەڵ و دەزگای دەوڵەتی، بە درووست کردنی هەزاران مزگەوت و حوسەینیە، بە بەڕێوەبردنی ئینقلابی فەرهەنگی لە زانکۆکان و هەوڵ بۆ ئیسلامی کردنیان، بە گۆڕینی کتێبە دەرسیەکان لە هەموو ئاستەکانی خوێندندا لە باغچەی ساوایانەوە تا زانکۆ و پەرەپێدان بە خورافات و مەزهەب، دەستیان کرد بە موهەندسی کردنی بیر و باوەڕی خەڵک لەپێناو بەرژەوەندییەکانی ڕژیم. سەرێکی ئەم دەزگا تەبلیغاتییە بە ژووری بازجویان و ئەشکەنجەدەران و سەرێکی دیکەشی بە بەیتی عەلی خامنەیی، ڕێبەریی سپا و هێزە ئەمنی و ناوەندە تیرۆریستییەکانی دەرەوەی سنووری وەک سپای قۆدسەوە وەسڵە.

حکوومەتی ئیسلامی بەم ئاستە لە موهەندسی کردنی بیر و باوەڕی خەڵک ڕازی نەبوو و هەموو کەسانی خوازیاری پیشە دەوڵەتیەکان و خوێندکارانی زانکۆی ناچار بە لەبەرکردنی هەزاران ناو و مێژووی ساختە و درۆی ئاخوندە شیعەکان کرد.

لە مانگی پووشپەڕی ١٣٩٩دا هەواڵێک لە لایەن میدیا دەوڵەتییەکانەوە بڵاوبۆوە کە تێیدا باس لەوەکرابوو کە: قەرارە دوو هەزار تەڵەبەی لاو لە “بواری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان” دەست بە چالاکی بکەن. دەفتەری تەبلیغاتی ئیسلامیی حەوزەی علیمیەی قۆم ناوەندی جۆراوجۆری هەیە کە یەکیان ناوەندی فەزای مەجازیە. خامنەییش بەم ناوەندە نیگایەکی یەکجار ئەرێنیی هەیە و لەمبارەوە دەڵێت: ” بە باوەڕی من دەفتەری تەبلیغاتی ئیسلامیی حەوزەی علمیەی قۆم هێمای ڕووناکبیرییە”.

بە پێی وەها نیگایەکی ئەرێنی لەلایەن خامنەییەوەیە کە دەفتەری تەبلیغاتی ئیسلامی حەوزەی علمیەی قۆم هەموو ساڵێ بودجەیەکی یەکجار زۆری بۆ تەرخان دەکرێت. بودجەی دەفتەری تەبلیغاتی ئیسلامی حەوزەی علمیەی قۆم لە ساڵی ١٣٩٨دا، سەرەڕای گەمارۆ ئابووریەکان، لەچاو ساڵی ١٣٩٧، دوازدە لەسەد زیادی کردبوو.

بەپێچەوانەی ئیدیعای سەربەخۆ بوونی حەوزەی علمیەی قۆم لە دەوڵەت، بەشێکی بەرین لە بودجەی ئەم ناوەندە پان و بەرینە دینییە لە بودجەی گشتیی وڵاتەوە دابین دەبێت. حەوزەی علمیه و دەزگاکانی سەربەم ناوەندە لە ساڵی ١٣٩٧دا نزیکەی ٢ هەزار و ٤٠٠ ملیارد تمەنیان لە بودجەی گشتی وڵات بەخۆیان تەرخان کرد.

حکوومەتی دینی بۆ تەبلیغاتی ئیدێئۆلۆژیی خۆی، گەلێک ناوەند و چالاکیی پێکهێناوە کە بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە بودجەی گشتییەوە تەغزیە دەکەن. بەراوردەکانی “ئێران بودجە” نیشانی دەدات کە سەهمی ئەم ناوەندانە و چالاکییەکانیان لە بودجەی ساڵی ١٣٩٧، نزیکەی هەزار و ٥٢٠ ملیارد تمەنە.

هەموو ئەو سەروەتەی کە ناوەند و دەزگا گشتیەکان دەیکەنە خەرجی کاروباری دینی  و ئیدێئۆلۆژیک، لە وردەکاریی بودجەدا دیار نییە. هەروەها زۆرێک لە ناوەندە جۆراوجۆرەکان لە ناوەندەکانی فێرکاری و فەرهەنگیەوە بگره تا ڕێکخراوە نیزامی و ئەمنییەکان، بۆ تەبلیغاتی دینی و سەقامیگر کردنی ئیدێئۆلۆژیی دەسەڵاتدار تەرخان کراون. بە پێی ڕاپۆرتی سایتی “ئێران بودجە” بەهۆی شەفاف نەبوونی بودجەی ناوەندە گشتیەکان بەتایبەت ناوەندەکانی سەربە ڕەهبەری، بەکردەوە ئیمکانی لێکدانەوەی وردی هەزینەی بواری دینیی حکوومەت بوونی نییە، بەڵام بە پێی زانیارییەکان دەکرێ بڵێین کە دین و ناوەندە دینیەکان لەساڵدا، نزیکە ٥ هەزار و ٥٠٠ ملیارد تمەنیان بۆ دەوڵەت هەزینە بووە.

هەروەها بەشێکی بەرین لە بودجەی ٢٨ هەزار و ٥٠٠ ملیارد تمەنیی سپای پاسداران و بەشێک لە بودجەی هەزار و ١٨٠ ملیارد تمەنیی بەسیج بۆ تەبلیغ و پەرەپێدانی بواری دینی تەرخان دەکرێت، بەڵام بەهۆی شەفاف نەبوونی قەبارەی ئەم بودجەیە، لە ڕاپۆرتەکەدا باسی لێنەکراوە. بەشێک لە بودجەی فەرهەنگیی وەزارەتخانەکان، زانکۆکان و ڕێکخراوە دەوڵەتیەکان و شارەداریەکان لە ئێستادا دەکرێتە خەرجی کاروباری دینی. ئەم بەشە لە بودجەش لە لێکدانەوەکاندا ناگونجێندرێت چونکە ئاستێکی شەفاف و ڕوونی نییە.

گشت دەسەڵاتە تۆتالیتێر و فاشیستەکان گرینگیەتی یەکجار زۆر بە پڕۆپاگەندای حکوومەتی، بە کۆنتڕۆڵی بیروڕای گشتی، بە بەستی قەڵەم و زمانی نەیارانی نیزام، بە یەکرەنگ و سەنعەتی کردنی درۆ و ساختەکاریی مێژوویی دەدەن. ئاڵمانی نازی سەردەمی هیتلێر، فاشیستەکان لە سپانیا و ئیتالیا، سیستمی ئاپارتاید لە ئەفریقای باشوور، هاوشێوەی کۆماری ئیسلامی ئێران تەبلیغاتیان گەیاندە ئاستێک کە ئەساسەن و بەشێوەیەکی بنەڕەتی لەگەڵ واقعییاتی سەردەمی کۆمەڵگا ناتەبا بوو.

بەڵام سەرەڕای هەزینە کردنی ملیاردها دۆلار بۆ تەبلیغاتی شیعەگەری، بە ئیعترافی خودی دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتە، خەڵک بەتایبەت لاوان، ژنان و خوێندکاران زیاتر لە هەموو دەورەیەک لە دین و مەزهەب دوور کەوتوونەتەوە. پێشکەوتنی تێکنۆلۆژیی ڕاگەیەنە گشتییەکان، شارنشینی و پەرەسەندنی سەواد و خوێندن، فەزا بۆ تەبلیغاتی ئیسلامی بەرتەسکتر لە ڕابردوو دەکات.

بابەتی پەیوەندیدار

ڕژیم، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گۆڕی خۆی زیاتر هەڵدەکەنێ

-

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-

توندتربونەوەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر مامۆستایانی مافخواز

-

ڕژیمی ئیسلامی لە سەنگەری سەپاندنی حیجابی ئیجباری، پاشەکشەی پێدەکرێت

-

شەڕ ئامرازێک لە دژی خەڵک، لە خزمەت مانەوەدا

-

ناڕەزایەتی جیهانی لەدژی بەردەوامبوونی جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە

-