لەم دواییانەدا ناکۆکیی بەرژەوەندییەکانی دوو حکومەتی ئهمپریالیستی ئامریکا و ڕوسییە توند بووهتەوە. توندبوونەوەی ئەم ناکۆکییانە لە ئۆکراین، ئۆرووپای ڕۆژهەڵات و بەتایبەت لە سورییە بەرچاوە. سەبارەت بە سورییە کار گەیشتووهتە پچڕانی وتووێژەکان لهسهر شەڕ و واوهتر لهم ههڕهشانهش، گهیشتووهته ئاستی بهرهنگاربوونهوهی ئهتۆمیی. دیمیتری کیسلیۆف، بەڕێوەبەری كهناڵی تهلهویزیۆنی دەوڵەتیی روسییە، کە وەک زمانحاڵی کرێملین دهناسرێتهوه، ڕۆژی ١١ی ئۆکتۆبر، بەرابەر لەگەڵ ٢٠ی مانگی ڕەزبەر لەنێو سەرسوڕمانی هەموواندا ڕوو بە ئامریکا وتی کە هەر جۆرە ” کردارێکی ڕوو هەڵماڵدراوانە” لەگەڵ روسییە دهرهنجامی ” ئەتۆمیی” بە شوێنەوە دەبێت. هەر لەم ڕۆژەدا هەواڵی دامەزراندنی موشەکی ” ئەسکەندەر ئێم” لە لایەن ڕوسییەوە لە کالینینگڕاد بوو بە سەردێری هەواڵەکان. موشەکی ” ئەسکەندەر ئێـم” ههتا ڕادەیەک مودێرن و خاوەنی قابلییەتێکی بەرزە.ئەم موشەکانە بەهۆی ئهوهیكه دهتوانن مهودایهكی دوور ببڕن و لەبەر تواناییە دوو لایەنەکانیشیان جێگهی قسە و باسن. ئەم مووشەکانە دهتوانن هەم كڵاوهی ئاسایی و هەم کڵاوەی هەستەیی هەڵبگرن و لە ئەگەری هاوێژران لە کالینینگرادەوە دەتوانێ سەرتاسەری خاکی ههموو کۆمارەکانی ناوچەی باڵتیک و تەقریبەن دوو لەسەر سێی خاکی لەهێستان بپێکێ، توندبوونەوەی ناکۆکیی بەرژەوەندییەکانی نێوان حکومەتی بوورژوازیی چین و ئهمپریالیسمی ئامریکاش، بە باشترین شێوە لە میانی تەحریکاتی ئامریکا و هاوپەیمانەکانی وەک ژاپۆن لە دەریای باشووری چین و کاردانەوەی توندی دەوڵەتی چین له ئاستیان ههتا ڕادەیەک خۆی نیشانداوە. لەسەر بنەمای ئەم بارودۆخەی پێکهاتووە باسی ئەگەری تێکهەڵچوونی نیزامیی و بەرین لە نێوان ئامریکا و هاوپەیمانەکانی لە لایەک و چین و ڕوسییە لە لایەکی دیکەوە، لە نێوان كۆڕ و كۆمهڵه حکومەتییەکانی هەردوولا و لە نێو ههندێک لە كۆڕ و كۆمهڵه چەپەکانیشدا دەبیسترێ.
لەم ڕۆژانەی سهروبهندی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی ئامریکا ” ژوورێکی فکر”ی سەر بە کۆماریخوازەکان، بەناوی ” شورای ئاتلانتیک” دەقێکی بەناو تەحقیقیی سەبارەت بە بابەتەکانی پێوەندیدار بە ئیستراتێژی ئەمنییەتی بڵاو کردەوە. بە پێی ئەم توێژینەوەیە، جیهان بەرەو شەڕێکی گەورە هەنگاو دەنێت. ئەم ژووری فکرە کە لە نێوان مەحفیلە نیزامیی و ئەمنییەتییە موحافزەکارە ئامریکاییەکانیشدا زۆر مۆعتەبەرە، ڕاپۆرتە تەحقیقیەکهی خۆی لەژێر ناوی ” داهاتووی هێزە چەکدارەکان”دا بڵاو کردووهتەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا ڕەوتەکانی ٢٠٢٠ تا ٢٠٢٥ هەڵسەنگێندراوە و ئاماژە بە تەحریکاتی نیزامیی چین و بەتایبەت ڕووسییە و زیادبوونی بوودجەی نیزامیی هەردوو وڵات کراوە. نموونەی ئەمجۆرە ڕاپۆرت و نووسراوانە لەم رۆژانەی دواییدا زیاتر بووە. بەڵام بۆ هەڵسەنگاندنی ئیمکانپەزیربوونی شەڕێکی بەرین لە سورییە، عێراق و ئەفغانستان بەر لە هەموو شتێک پێویستە موناسباتی ئابووریی ئەم زلهێزە ئهمپریالیستانە هەڵبسەنگێندرێت کە توانای شەڕههڵگیرساندنیان لە ئاستی جیهاندا هەیە.
ئابووریی جیهانیی، کە خەباتی چینایەتیی لەسەر بەستێنهكهی لەئارادایە، بە توندیی لێك تەنراوە، بۆ نموونە سەرمایەدارانی ئامریکایی لە ساڵی ٢٠١٥دا زیاتر لە ٩ میلیارد دۆلاریان ڕاستەوخۆ لە روسییە سەرمایەگوزاریی كردووه. سەرمایەگوزارییەکانیان لە بەشداریکردن لەگەڵ سەرمایەدارانی باقی وڵاتان و لە کۆمپانییە ڕووسییەکانیشدا دەبێ لەبەرچاو بگیرێت و بەو ڕێژەیەوە زیاد بکرێت. بازاڕە داراییهكانی ئۆرووپاش بەش بە حاڵی خۆیان یارمەتیی شیرکەتە ڕوسییەکانیان داوە، ههتا بڕی ١٨٠ میلیارد یۆرۆ وام وەربگرن. ئاڵمان بە تەنیایی لە ڕوسییەدا، ههتا ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٦، زیاد لە ٣ میلیارد یۆرۆ سەرمایەگوزاریی كردووه. بانکەکانی ئەم وڵاتەش ٢٥ میلیارد یۆرۆیان لە شیرکەتە ڕووسییەکاندا سەرمایەگوزاریی کردووە. بە پێی دوایین ڕاپۆرتەکان سەرەڕای ههبوونی تەحریمی ئابووریی و هەروەها سێبەری شەڕی نێوان دەوڵەتانی زلهێز، سەرمایەگوزاریی لە ڕوسییە ڕووی لە زیادبوون كردووه.
سەبارەت بە چین ڕێژەی سەرمایەگوزاریی لەو ڕەقەمانەی باس کران زیاترە. بە پێی ئاماری ساڵی ٢٠١٤، كۆی سەرمایەگوزاریی ئامریکا لە دەرەوە، زیاد لە ٥ تریلیون دۆلار بووە. بە پێی ئاماری ساڵی ٢٠١٥، زیاد لە ٧٤ میلیارد و ٥٠٠ میلیۆن دۆلار لەو سەرمایەگوزارییانە لە وڵاتی چیندا کراون. هەر له ماوهی ئهم ساڵەدا سەرمایەی چینیی لە ئامریکا ١٥ میلیارد دۆلار بووە و ئەم بڕەش بە خێرایی لە حاڵی زیاد بووندایە.
لە ساڵی ٢٠٠٨دا کە قەیرانی جیهانیی سەرمایەداریی لە بواری داراییدا بە شێوەیەکی خێرا خۆی دەرخست، هیوا و ئومێدی سەرمایەداران و دەوڵەتەکانیان، ئابووریی لەقەیران ڕزگاربوو، بە گەشەی ١٤ لەسەدییهكهی چین بوو. بهڵام لە ئێستادا کە ئابووری “چین”یش توشی گرفتی جیددیی هاتووه و گەشە کردنهكهی بۆ ٤ لەسەد دابهزیوه، سەرمایەدارانی چینیی بۆ ڕزگاربوون لە گرفت و ئاستەنگییەکان و بردنهسهرێی ئاستی هەناردەیان، چاویان بڕیوهته بازاڕی ئامریکا و ههتا ڕادەیەک ئۆرووپا.
موناسباتی زۆر نزیكی ئابووریی لێک تەنراوی چین و روسییە لەگەڵ ئامریکا و ئۆرووپا، کە لێرهدا تەنها وەک نمونە ئاماژە بە چەند گۆشەیەکی کرا، پایە ماددییەکانی ڕوودانی شەڕێکی گەورە و جیهانیی لەنێوان دەوڵەتانی زلهێزدا لاواز دەکات. ئامانجی تەبلیغاتی جەنگیی لە ڕاگەیاندنەکانی هێڵی ڕەسمیی و ڕاگهیهنهرهكانی میلیاردێرەکان، پەرەدان بە ترس و وەحشەتی خەڵکی جیهانه به شەڕێکی جیهانیی و لهوانهشه ئەتۆمیی و هەروەها ناچاركردنی نوێنەرانی مەجلیسەکانە بە زیادکردنی بوودجەی نیزامیی وڵاتەکانیان.
بەڵام لەم نێوانەدا پهرهسهندنی خەباتی چینی کرێکار لە وڵاتانی مێترۆپۆل لەدژی دەوڵەتانی سەرمایەداریی، ئەگەرێکی واقعییە. سەبارەت بە پەرەسەندنی ئەم خەباتە و ئەگەری ڕوودانی شەڕ، جاروبار لە نێو نووسراوه و ڕاپۆرتەکاندا ئاماژهی پێ دهدرێت. ” شوڕای ئاتلانتیک” یەکێک لەو دەگمەن ژووره فکرییهی موحافزە کارانە کە ئەم ئەگەرەی بەجیددیی وەرگرتووە و لەمبارەوە هۆشداریی داوەتە بوورژوازیی ئامریکا و دەوڵەتی ئۆباما. لە ڕاپۆرتی ئەم شورایەدا هاتووە کە لەسەر بەستێنی نابەرابەریی نجوومیی، نائەمنیی ئابووریی و شەڕە نیابەتییەکان، ” شەڕی نێوان دارا و نهدار زیاتر زەق بووهتەوە.
لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: ڕواڵەتی جیهان”بە تێکشکاندنی نەزم، توندڕەوی خهست و بەرینی دەوڵەتانی هێرشبەر دیاریی دەکرێت.” ڕاپۆرتەکە لەپاڵ ئاماژە بە زیندووبوونەوەی هێرشە نیزامییەکانی ڕوسییە و هێرش بەربوونی چین ئاماژەی بەوە کردووە کە شەڕە گەورەکانی داهاتوو لە شارە گەورەکاندا ڕوو دەدەن و مەترسیی ئاخێزی جەماوەریی- کرێکاریشی وەبیر هێناوەتەوە.
کاری بوورژوازیی، ترساندنی چینی کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێشە بە شێوەی جۆراوجۆر. زۆربەی هەرە زۆری هەواڵی ڕاگەیەنەرەکانی بوورژوازیی و ئهمپریالیستیی بۆ شەڕ و دەربەدەری، موسیبەتە کۆمەڵایەتییەکان و ڕووداوی سرووشتی تەرخان کراوە. بڵاوکرانەوەی ڕاپۆرت سەبارەت بە ئەگەری ڕوودانی شەڕی جیهانیی لە درێژەی ئەم تەبلیغاتە ڕەسانەییە دایە کە دەبێ پووچەڵ و ڕسوا بکرێت. بەڵام پێویستە ئەگەری ئەم نەبەرد و شەڕه سەرتاسەرییەی نێوان چینی كرێكار و بوورژوازیی و دەوڵەتەکانیان باوەڕ بکهین و بۆ بەرەوڕووبوونەوەیان خۆ ئامادە بكهین.