لە هەواڵەکانی دوێنێدا لە زمان هەواڵنێریی ئیسنای سه‌ربه‌ڕژێمدا هاتبوو کە، بە پێی لێدوانی سەرۆکی پۆلیسی ئەماکنی تاران، پۆلیس لە ماوه‌ی حەوت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ده‌ستی به‌سه‌ر زیاتر لە ٧١٣ هەزار دیشی ماهوارەدا گرتووە و ١٩٣ کەس له‌و كه‌سانه‌شی ده‌ستبه‌سه‌ر كردووه كه ماهوارە دادەمەزرێنن.مشتوومڕ لەسەر دیشی ماهوارەکان، داستانێکی سەرتاسەرییە و نەبەردی خه‌ڵكی ئێران و ڕژیمی ئیسلامیش لەم بوارەدا، هه‌تا ماوەیەکی دیكه هه‌ر درێژەی دەبێت. ڕواڵه‌تی كێشه‌كه ئەوەیە کە ڕژیم لەم بوارەدا ” داماوە” و هه‌تا کاتێکیش کە ئەم کێشەیە درێژەی ببێت، دیشەکان لەسەر هه‌مان ده‌ستوور له‌سه‌ر بانەکان داده‌مه‌زرێن. بەڵام ئەگەر کەسێک بیهەوێ بەشوێن نموونەی دیكه‌ی لەمجۆرە ” داماوییانەی” ڕژیمدا بگەڕێت، گەلێک نموونەی به‌رده‌ست هه‌ن.ڕژیمی ئیسلامیی ساڵانە بە ملیارد دۆلار سەرفی بۆنگاکانی تەرویج و په‌ره‌پێدانی خوڕافە دەکات، بەڵام بە ئیقراری ناوەند و سەرچاوەکانی خودی ڕژیم، مزگەوتەکان ئه‌و سووكه ڕه‌ونه‌قه‌ی جارانیشیان نه‌ماوه و زیاد لە ٨٠ لەسەدی لاوانی ئێران، به‌ئیستلاحی خۆیان، سەر بە فه‌ڕزی “خودا” دانادەن. لە بواره‌كانی وەک وەرزش، کۆنسێرتی مۆسیقی، جلوبەرگی ژنان و لاوان، ئینتێرنێت و وێبلاگ نووسین و بواری جۆربه‌جۆری دیكه‌شدا، ئەم وه‌زعه هه‌ر وایه.هه‌ندێک کەس ئه‌و پرسیاره له‌خۆیان ده‌كه‌ن كه، ئایا ڕژیم خۆی هەستی بە بێ توانایی خۆی لە نەبەرد لەگەڵ ئەم دیاردانەدا نەکردووە؟ ئایا سەرانی ڕژیم ئەوەندە ئەزمونیان نییە کە بەردەوام ئه‌زمونه‌كانیان به‌تاقی دەکەنەوە؟ ئایا تەنها دەیانهەوێ به‌ده‌ر له‌وه‌یكه به چ ئه‌نجامێك ده‌گات، له‌سەر تەعەلوقاته مەزهەبییه‌كانیان پێداگریی بکەن، هه‌تا گۆیا بۆ ئاخیرەت واته “دونیاكه‌ی دیكه” توێشوویەکیان پاشەکه‌وت کردبێت؟ به‌دڵنیاییه‌وه ئەوان هێنده‌ش کەم تەجره‌بە نین کە به‌وه نەزانن كه ناتوانن لەم سەردەمەدا خەڵکی ئێران لە دەستکەوتە پێشکەتووەكانی مرۆڤ بێبەش بکەن و نە هێنده‌ش ساویلکەن کە “بەهەشته‌كه‌ی سه‌رزه‌وی” کە لەم دنیایەدا پێكیانه‌وه ناوه ، بکەنە فیدای بەهەشتی وەعدەدراوی ئەو دنیا. کەوایە دەبێ ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كی دیکە بۆ ده‌رکی ماهییەتی ئەم مشتومڕه بوونی هەبێت.
ڕاستییەکەی ئەوەیە کە شەڕی ڕژیم ئەساسەن لەگەڵ دیشی ماهوارە و جۆری پۆشینی خەڵک و وەرزش و کۆنسێرتی مۆسیقی و … ئه‌مانه‌دا نییە، لەبەر ئەوەیكه بە باشیی دەزانێ کە لە وەها شەڕێکدا سەرکەوتوو نابێت و هه‌روه‌ك هه‌تا ئێستای، هه‌ر سه‌رشۆڕییه‌كه‌ی بۆ ده‌مێنێته‌وه. هه‌ربۆیه ترسی ڕژیم لە وشیارییەکی کۆمەڵایەتییە کە لە حاڵی شکڵگرتن دایە. دەرگیربوون لەگەڵ ئەم دیاردانە لە لایەن ڕژیمەوە سەرەتای نەبەردێکی چارەنووس سازی دیكه‌یه کە لە ڕێدایە. خەڵکێک کە چەند سه‌عات دوای تاڵانکران و تێکشکانی دیشی ماهوارەکانیان سەرلەنوێ دایاندەمەزرێننەوە، بەم هۆیەوە نییە کە گۆیا ناتوانن چەند شەوێک بەبێ ماهوارە هه‌ڵبكه‌ن. کاتێك لە ماوەی ٦ مانگدا لە شارێکدا ٧٠٠ هەزار دیشی ماهوارە لەنێو دەبەن و هێشتاش دیشەکان لەسەر بانەکان لەجێی خۆیانن، مانای ئەوەیە کە ئیتر دیش مەسەلە نییە، بەڵکوو کێشە لەسەر ئیرادەی خاوەن دیشەکانە. ئەو ژنانەی کە سانتیمیتر بە سانتیمیتر ڕووسەرییەکانیان بەرەو دواوە دەبەن، بەمجۆره هه‌ڵوێست و ڕه‌فتاره‌یان، وشیارانە چوونەتە نێو نەبەردێکەوە کە ئەمانجی گەلێک واوەترە لە مەسەلەی سەرپۆش. لێرەشدا نەبەردی ئیرادەیە بۆ ده‌ربازبوون لە مەوقعیەتێکی پڕ لە سووکایەتی و ژێردەستی کە ئەم ڕژیمە بەسەر هەموو ژیانی ئەوانیدا سەپاندووە. کۆماری ئیسلامیی پێویستی بە کۆمەڵێک بیانووە بۆ هێزنواندن، بۆ ئه‌وه‌یكه ئەم ئیرادەیە تێک بشکێنێت.
بیگومان کەڵکوەرگرتن لە ئامێره مۆدێڕنە ئەمڕۆییەکان داخوازیی و مەیلێکی ڕەوایە و خەڵکیش بۆ دەستڕاگەیشتن پێی، بە شێوەی سرووشتیی هەوڵ ئەدات. بەڵام لە ئێرانی ژێر حاکمییەتی کۆماری ئیسلامی‌دا مەسەلەکە سیاسی‌تر لەوەیە کە به‌ڕواڵەت دەبیندرێت. کاتێک مەسەلەیەک بەم شێوەیە جەماوەریی و سەرتاسەریی دەبێتەوە، کاتێک دوژمن زۆرترین هیزەکانی دێنێتە مه‌یدانی نەبەرد، قەزییەکە واتایەکی دیکە بەخۆوە دەگرێت، لەڕاستیدا ڕژیم لە خاکڕێژ و بەربەستەکانی هێڵی پێشەوەی بەرەکەدا خۆڕاگریی دەکات، هه‌تا کار نەگاتە جێگه‌ی باریك و نەبەردی خاکڕێژی ئاخر، به‌واتایه‌كی دیكه، نەبەردی کۆتایی لەسەر چارەنووسی ڕژیم.
هەڵسەنگاندنێکی بیلانی ئەوەیكه هه‌تا ئێستا لە مه‌یدانه‌كانی نەبەرد له‌گه‌ڵ ڕژیم بۆ تێکشکاندنی ئیرادەی خەڵک ڕوویداوە، نیشانی دەدات کە لە بەرەی دوژمن‌دا ئامرازەکانی سەرکوت کامڵتر بوون، هەزینەی زیاتر سەرف کراوە، تووندوتیژیی زیاتر ئەنجام دراوە و لە بەرەی خەڵکیشدا، جه‌سارەت و بوێریی، په‌ره‌یسه‌ندووه و دەستکەوتی ماددیی و واقعیی زیاتر دەستەبەر بوون.
پێشینەی ئەم بەرەوڕووبوونەوانەش پیشانی دەدات کە ئەم ڕژیمە بە داسه‌پاندنی ئه‌م تووندوتیژانه، زیاتر لەوەیکە لەمڕۆدا ئەنجامی دەدات، لە هه‌لومه‌رجێكی سیاسیی له‌بارتریدا تووشی شکست بووه‌ته‌وه و هەموو جارێکیش به‌ئیستلاح سەری داویه له به‌رد. كه‌س ئه‌و به‌سه‌رهاتانه‌ی له‌بیر نه‌چووه‌ته‌وه كه له‌سه‌ر قەدەغەكردنی ویدیۆ كه‌وته‌ڕێ و له‌سه‌ریشی به‌چه‌نده‌ها كه‌س گیران و زیندانی كران. ئاکامەکەی چی بوو؟ لە گەرماوگەرمی ئەم کێشەیەدا، ئێران بەنیسبەت جەمعییەتیه‌وه، لە ڕیزی ئەو وڵاتانەی جیهانه کە زۆرترین کەڵك لە ویدیۆ و تەسویری ویدیۆیی وەردەگرن. ئێستا وای لێهاتووه كه فیلمە سینەماییەکان بەرلەوەیکە لە وڵاتانی بەرهەمهێنیدا ئێكڕان بكرێن، لە ئێران لەنێو لاوان‌دا دەستاودەست دەکرێن و له ئه‌نجامی ئه‌و مشتوومڕ و كێشمه‌كێشه‌دا، ویدیۆ بەڵکوو ویدیۆکلووپی ڕەسمیی و عەلەنیش، بەسەر ڕژیمی ئیسلامی‌دا سەپاوه. دواتر سەردەمی کەڵکوەرگرتن لە ئانتێنی ماهوارە هات. کۆماری ئیسلامیی بەوپه‌ڕی سه‌رسه‌ختییه‌وه بەری بە هاوردەکران، بەرهەمهێنان، فرۆشتن و دامەزراندنی گرت. یاسایان بۆ پەسه‌ند کرد، خەڵکیان لەبەر دانانی خستە زیندان و جه‌ریمه‌یان بۆ بڕیه‌وه، لەدژی کەڵکوەرگرتن لێی تەبلیغاتێکی بەرینی کۆنەپەره‌ستانەیان خستەڕێ، مەئمورانی پۆلیس و هێزی ئینتیزامیییان بۆ داگرتن و تێكشكاندنی دیشەکان به‌ردایه سەر ماڵی خەڵک و هیچ کارێک نه‌ما كه لەم بوارەدا نه‌یكردبێ، بەڵام لەمڕۆدا ئاماری فرۆشتنی ئەم ئامرازە نوێیەی ڕاگەیاندن بەنیسبەت جەمعییەت، لە ئێران‌دا لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان کە لەمبارەیەوە هیچ بەربەستێکیان دانەناوە، زیاترە. وێبلاگنووسینیان قەدەغە کرد و وێبلاغ نووسانیان خستە زیندان، بانترین ئاماری وێبلاگ نووسان لە ئێران‌دا هاتنه‌ڕوو. فیلتێریان خستەسەر سایتە ئینتێرنێتییەکان، پیشەسازیی فیلتێرشكاندن برەوی په‌یدا كرد، سپای پاسداران بۆ نەبەرد لە جیهانی مەجازیدا ئینتێرنێتی ناوەندی تایبەتی دامەزراند، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پەرەیان سەند.
ئەوەیکە لەمڕۆدا لە وەها بوارێک‌دا لەئارادایە، نەبەردێکی ئاشکرا و شاراوەیە لەسه‌ر ئاستی جەماوەرییه‌كه‌یدا. لە لایەکەوە ئیرادەی خەڵکێکە کە چاوترسێن نەبوون و بەهەر ڕادەیەک کە لە توانایاندا بووبێ، پێیان ناوه‌ته پێشێ و له‌و لایه‌ی دیكه‌شه‌وه دوژمنێکە کە بە هەموو توانایەوە بۆ ئه‌وه هەوڵ دەدات كه کاتی بەرەوڕووبوونەوەکە دوابخات. ئەم نەبەردە سەرەڕای ڕواڵەته‌كه‌ی، لە ناوەڕۆکه واقعییه‌كه‌یدا، نەبەردێکی سیاسییه لەسەر چارەنووسی ڕژیمی ئیسلامیی. پێنانه نێو قۆناغی شۆڕشگێڕانە له سبه‌ی ڕۆژی ئێران، لەمیانه‌ی ڕه‌وتی گه‌شه‌كردن و پێگه‌یشتن، تەکامولی خەباتی چینی کرێکار و دەستەبەرکردنی توانای ڕێبەریکردنی ئەم نەبەردە بەرینە جەماوەرییە و لە لایەن ئەم چینەوە به‌دی دێت.