کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

شکاندنی بێدەنگی لەبەرانبەر جەنایەتەکانی دەوڵەتی تورکیە لە کوردستان

دەوڵەتی تورکیە لە مانگی ژوئیەی ساڵی ٢٠١٥ بە هێرش کردنە سەر پێگەکانی حیزبی کرێکارانی کوردستان ” پ. ک. ک” لە کوردستانی عێڕاق پڕۆسەی بەناو ئاشتی لە کوردستانی تورکیەی پەک خست. کۆتاییهاتنی ئەم پرۆسەیە لەسەر ناەرۆکی ناکامیە سیاسیە یەک لەدوای یەکەکانی دەوڵەتی تورکیە لە ناوچەکەدا بەڕێوەچوو. دەوڵەتی بۆرژوازی حیزبی دادا و گەشەپێدان بە ڕێبەریی ڕەجەب تەیب ئۆردوغان لە دەورەی ئاڵوگۆڕە شۆڕشگێڕانەکان لە خاوەرمیانە و باکوری ئافریقا و لە حاڵێکدا کە دەورانی گەشانەوەی ئابووری تورکیە لە کۆتاییەکانی خۆی نزیک دەبویەوە لە هەوڵدا بوو کە بە پشتیوانی لە ڕەوتە ئیسلامیە سیاسیه‌ لیبڕاڵەکان ببێتە ئاڵترناتیو و ئۆلگوی جێی سرنجی ئامریکا و دەوڵەتانی رۆژئاوایی بۆ بەرەو روو بوونەوە لەگەڵ ئەم قەیرانانە لە ناوچەکەدا. دەوڵەتی ئا. ک. پ وەک نەخشەیەکی کاربوردی لەنەزەریدا بوو کە بەرژەوەندیەکانی رۆژئاوا لە دنیای عەرەبی و ئیسلامیدا و بە پێچەوانەش بەرژەوەندیەکانی دنیای ئیسلام لە رۆژئاوا نوێنەرایەتی و مودیریەت بکات. ئۆردوغان لە نەزەریدا بوو تێکەڵەیەکی دینی لەگەڵ دیموکراسی ناکامڵی حیزبی داد و گەشە بکاتە ئۆلگو بۆ وڵاتانی عەرەبی موسڵمان نشین لە ناوچەکەدا تا بە گێڕانی ئەم رۆڵە وەک یەکێک لە یاریکەرانی گرنگی ناوچەکە ڕێگای پەیوەست بوونی تورکیەش بە یەکێتی ئوروپاوە خۆش بکات. بەڵام ڕەوتی بارودۆخەکە لە تونێس، میسر و لیبی نەخشەکانی ئۆردوغانی یەک لە دوای یەک توشی شکست کرد و خەوەنەکانی بوون بە ئیمپڕاتۆری ئەوی بەر با دا. لە سوریە پشتیوانیە هەمە لایەنەکەی لە داعش و بەرەی نوسرە بۆ هێنانەسەر کاری دەوڵەتێکی هاوپەیمانی ئیسلامی لەم وڵاتەدا و بە ئامانجی تێکشکاندنی ئەزمونی حکومەتی خۆبەڕێوەبەری لە کوردستانی سوریە وەک پەڵەیەکی شەرمەزاری بۆ هەتا هەتایە بە نێوچاوانی ئۆردوغانەوە مایەوە. لە کوردستانی سوریە هێزی چەکداری یەکینەکانی پاراستنی گەل و یەکینەکانی پاراستنی ژنان و بریگاردە نێونەتەوەییەکانی ئازادی کە تێکۆشەرانی عەرەب و تورکەمەن و باقی کەمینەکانیشی لەخۆیدا جێکردۆتەوە، بە تێکشاکاندنی داعش لە کۆبانی، ئوستانی حەسەکە و شاری ئیستراتیژیکی گرێ سپی، ئاواتەکانی دەوڵەتی تورکیە و شخسی ئۆردوغانیان کردە خەون و خەیاڵێکی بێ ناوەرۆک. دەوڵەتی ئاک پارتی نەیتوانی لە کوردستانی سوریە ناوچەی بۆشایی دروست بکات و بە بەرگرتن لە پێشڕيویەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل بەرەو رۆژئاوای روباری فوڕات و داگیر کردنی شار و سەددی ئیستراتیژیکی تشرین زەمینەی وەحدەتی جوغرافیایی کانتۆنەکانی جریرە و کۆبانی و عەفرین لە بەین بەرێت.632
دەوڵەتی تورکیە دوای ئەم ناکامیانە و سەرنەکەوتنی لە دەستەبەری کردنی ئەو ئامانجانەی لە زەینیدا بوو لە هەڵبژاردنی ٧ ی ژوئێن و ١ ی نوامبردا هێرشێکی نیزامی بەرینی کردە سەر شارەکانی کوردستان. ئەڕتەشی تورکیە دوای هێرش کردنە سەر شار و دێهاتەکان بەرەو رووی خۆڕاگری چاوەڕوان نەکراوی ژنان و پیاوان و لاوانێک بۆوە کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردودا بە تێکۆشانی خۆیان بوونەتە هۆی بەرەو پێش چوونی بزوتنەوەی ڕەوای خەڵکی کوردستان. دەوڵەتی کۆنەپەرست و ئەڕتەشە فاشیستەکەی هیوادار بوون بە تیرۆریست ناوبردنی خەڵکی تێکۆشەری کوردستان لای ڕایگشتی تورکیە و دنیا و بەدەست هێنانی پشتیوانی تەواوی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ لە بێدەنگی ڕەسانەییدا ئەم بزوتنەوەیە بە ١٠ هەزار هێزی سەرتاپا چەکدار خەڵتانی خوێن بکەن. بەڵام خۆڕاگری قارەمانانەی ژنان و پیاوانی ڕێکخراو لە شارەکان و پێشینەی ئەم بزوتنەوە ماف خوازانەیە بەرەو ئەوە دەچێت کە پیلانی بێدەنگی ڕاگەیەنەرە بۆرژواییەکان توشی شکست بکات. ئاسەواری ئەم شکانی بێدەنگیە بە بڵاو بوونەوەی بەیانیەی مامۆستایان و توێژەران لە تورکیە و هێندێک لە زانکۆکان لە دەرەوەی وڵات خۆی نیشان داوە.
رۆژی ١٤ ی ژانویەی ٢٠١٦، بەرابەر لەگەڵ ٢٤ ی بەفرانباری ١٣٩٤، ١١٢٨ کەس لە پسپۆڕان و مامۆستایانی زانکۆکانی تورکیە و چەند سەد کەس لە مامۆستایان و روناکبیرانی بەناوبانگی جیهانی وەک نوام چامسکی، زمان ناس و فیلسوفی گەورەی ئامریکایی، لە بەیانیەیەکی هاوبەشدا کوشتاری بەکۆمەڵی لەپێشدا بەرنامە بۆ دارێژراوی خەڵکی کوردستانیان لە لایەن دەوڵەتی تورکیە، پۆلیس و ئەڕتەشی جەنایەتکاری ئەم وڵاتەوە مەحکوم کرد. ئەوان بەیانیە گرنگەکەی خۆیان لەژێر ناوی ” ئێمە پشپۆڕان و مامۆستایانی ئەم وڵاتە نابینە شەریکی جورمی دەوڵەت!” بڵاو کردەوە و جەنایەتەکانی دەوڵەت لەدژی شارۆمەندانی کوردیان مەحکوم کرد. لە بەشی یەکەمی بەیانیەکەدا روون کراوەتەوە کە:” دەوڵەتی تورکیە شارۆمەندانی خۆی لە سور، فارقین ( یا سیلوان)، نسیبین، جزیرە و سلۆپی و باقی ناوچەکانی دیکەی وڵاتدا بە ڕاگەیاندنی حكومەتی نیزامی و قەدەغە کردنی هاتوچۆ بۆ چەندین حەفتەی بەردوام بەکردەوە مەحکوم بە برسیەتی و بێ ئاو و نانی کردوە. ئەم حکومەتە بە چەکی قورس کە تەنیا لە شەڕەکاندا بەکار دێن هێرش دەکاتەسەر ناوچە مەسکونیەکان. لە ئاکامدا مافی ژیان، مافی ئەمنیەت و ئازادی لەبەین بردوە و ئەشکەنجە و بەدڕەفتاری کردوەتە بابەتێکی ئاسایی.” لە بەشێکی دیکەی بەنیەکەدا هاتوە:” ئێمە وەک مامۆسیان و پشپۆڕانێک کە لە تورکیە و یان لە دەوروبەری تورکیە کار دەکەین بە بێندەنگ بوونمان نابینە شەریکی تاوانی ئەم کوشتارە بە کۆمەڵە و داواکاری ڕاگرتنی خێرای ئەو توندوتیژیەین کە لە لایەن دەوڵەتەوە کەوتوەتە ڕێ.” ئەو کەسانەی بەیانیەکەیان ئیمزا کردوە داوایان لە دەوڵەتی تورکیە کرد تا بارودۆخێکی گونجاو بۆ وتووێژ فەراهم بکات و بە ئامادە کردنی نەخشە ڕێگایەک و بە قەبوڵ کردنی داواکاری بزوتنەوەی سیاسی کوردەکان بوار بۆ ئاشتیەکی بەردەوام فەراهەم بکات.
ئۆردوغان کە هیوادار بوو لە سایەی بێدەنگی ڕاگەیەنەرە بۆرژوایی و ئیمپڕیالیستیەکاندا خەڵکی تێکۆشەری کوردستان کۆمەڵ کوژ بکات، لە کاردانەوە بەم بەیانیە هێرشی کردەسەر چامسکی و ئەوی بە هەبوونی زەینیەتی ئیستعمارگەرانە تاوانبار کرد. ئۆردوغان کەسانێک کە بەیانیەکەیان ئیمزا کرد بوو بە تاقمێک تاریک ئەندیش و مامۆستایانی خەڵکی تورکیەی خائین ناوبرد کە پشتیوانی لە تیرۆریستەکان دەکەن. ئەو داوای لە هێزە قەزایی و ئەمنیەتەیەکان کرد تا بۆ ئەم مامۆستا بوێررانە پەروەندە تەشکیل بدەن. ئەم هێزانەش، کە هەمیشە سەرسپوردەی ئەڕتەش و قوەی موجریە بوون، بە گرتنی ٢١ کەس ئوستاد و زەمینە سازی بۆ گرتنی خەڵکی زیاتر وڵامی داواکاریەکەی ئەویان دایەوە. دەوڵەتی ئاک پارتی و شەخسی ئۆردوغان هیوادار بوون بەم کارە زمانی ڕەخنەگرانی کوشتاری بەکۆمەڵی خەڵکی تێکۆشەری کوردستان ببەستێت. لەگەڵ بڵاو بوونەوەی بەیانیەی زیاتر لە ٥٠٠ کەس لە سینەماکاران لە رۆژی هەینی ١٥ ی ژانویە لە پشتیوانی بۆ بەیانیەی پسپۆڕان و مامۆستاکان، جارێکی تر سەری ئۆردوغان لەبەرد کەوت.
نوام چامسکیش هێرشی ئۆردوغان بۆسەر خۆی، کە وتبوی ئەو خاوەنی زەینیەتی ئیستعمارگەرانەیە، بە پاتەکێکی خێرا وڵام دایەوە. ئەو لە پەیامێکدا بۆ رۆژنامەی گاردیەن ئۆردوغانی تاوانبار بە پشتیوانی لە تیرۆری تێکۆشەران و خەباتکارانی خەڵکی بێدیفاع لە کوردستان و پشتیوانی داعش و بەرەی نوسرە لە سوریە کرد و نووسی کە ئەو هێرش دەکاتەسەر کوردەکان کە داعش لە سوریە و عێڕاق تێکدەشکێنن.
بە بڵاو بوونەوەی بەیانیەی روناکبیران و هونەرمەندانی خاوەن هەڵوێست کە بە خستنە مەتەرسی کار و ئازادی خۆیان تەرحی جەنایەتکارانەی بۆرژوازی تورکیە و دەوڵەتی ئۆردوغانیان لە کوشتاری بە کۆمەڵی خەڵکی کوردستانی تورکیە مەحکوم کرد، ڕێگا بۆ خۆ دەرخستنی ڕای گشتی پێشکەوتن خوازی جیهان خۆش بووە. ئەم کردارە هەروەها سیاسه‌تی پشتیوانی سیاسەتمەداران و دەوڵەتە بۆرژواییەکانی رۆژئاواو ناوچه‌كه‌ی له جەنایەتەکانی دەوڵەتی توركییه‌ له كوردستان رسواتر كرد و بزوتنه‌وه‌ی خۆڕاگری لە کوردستانیش بەهێز تر دەکات.

 

 

بابەتی پەیوەندیدار

گەندەڵی ئیداری، دارایی، ئەخلاقی و سیاسیی ڕژیمی ئیسلامی، لە سەرەوە دەست پێدەکات

-

خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، لە چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێت

-

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-