کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

شانۆگەریەکانی حەفتەی کارگەری ڕژیم و رۆژی ئیمنی شوێنی کار

رۆژی پێنجشەممە ٢٨ ی ئاوریل، بەرابەر لەگەڵ ٩ ی گوڵان، رۆژی جیهانی دابین کردنی ئەمنیەتی شوێنی کارە. ئەم رۆژە لە ساڵی ١٩٨٤ دا لە لایەن ” یەکێتی کانادایی کەرتی گشتی” و لەژێر ناوی ” رۆژی بیرەوەری کرێکاران” دیاریکراو و دواتر لە لایەن یەکێتی، کۆنفیدراسیون و فیدراسیۆنە کرێکاریەکانەوە لە زۆربەی وڵاتان بە ڕەسمیەت ناسرا. ئامانجی رێکخراوە کرێکاریەکان لە ناساندنی ئەم رۆژە یاد کردنەوەیەک بوو لە قوربانیانی نائەمنی شوێنەکانی کار، قوربانیانی نەخۆشیی سەرچاوەگرتوو لە کارەوە، وەرگرتنی غەرامەت بۆ بنەماڵەی کرێکارانی گیانبەختکردو یان کەم ئەندام و باشتر کردنی ئیستانداردی ئیمنی لە شوێنی کاردا. ئەم ئامانجە لە دروشمی ” گیانبەختکردوان وەربیر بێنەوە و لەبەر زیندوەکانیش شەڕ بکە” هاتە دەستوری کاری رێکخراوە کرێکارەیەکانەوە. ” سازمانی جیهانی کار” لە ساڵی ٢٠٠١ دا ئەم رۆژەی بەم ناوە و بەم ئامانجە بە ڕەسمیەت ناسی و لە ساڵی ٢٠٠٢ دا لەژێر ناوی ” رۆژی جیهانی دابین بوونی ئەمنیەتی شوێنی کار” هێنانیە نێو تەقویمی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووکانەوە.کۆماری ئیسلامی بە کەڵک وەرگرتن لە هاوکات بوونی ئەم رۆژە جیهانیە لەگەڵ شانۆگەریەکی گاڵتەجاڕانە کە بەناوی حەفتەی کار و کارگەر ئامادەی کردوە، رۆژی پێنجشەممەی ناو ناوە ” ماتەمگێڕان بۆ قوربانیانی شوینی کار”. ئامانج لەم کردەوە لەپاڵ باقی بەرنامەکانی دیکەدا کە بەناوی حەفتەی کارگەر ئامادەی کردون، شتێک نییە بێجگە لە بەتاڵ کردنی رۆژی جیهانی کرێکار لە بەکارهێنانی لە خزمەت بە داپۆشینی ئەو جەنایەتانەدا کە لە شوێنەکانی کاردا لە ئارادایە.700

داستانی تاڵی ئەم جەنایەتانە لە شوێنی کاردا لە ئێران دەنگدانەوەی ڕاستەقینەی خۆی نییە. خاوەنکاران نەک هەر ڕاپۆرتی روداوەکان بڵاو ناکەنەوە، بەڵکو دەشیان شارنەوە. ئیدارەی کاریش تەنیا زەروزیانەکان و تەلەفاتی کرێکارانی بیمەکراو بڵاو دەکاتەوە کە ئیمکانی شاردنەوەیان کەمترە. بە سرنجدان بەم ڕاستیەیە کە ئامارە بڵاوکراوە ڕەسمیەکان لەم بوارەدا گەلێک بەربڵاو ترە لەوەی کە لە ڕاگەیەنەرەکاندا بڵاو دەکرێتەوە. هەر لەم ئاستەشدا بەڕەسمی ڕایانگەیاندووە لە ساڵی ڕابردوودا نزیکەی ١٣ هەزار رووداوی سەرچاوەگرتوو لە کار لە ئێراندا تۆمار کراوە کە ئەم ڕێژەیە لە رووداو، بۆتە هۆی مردنی هەزار و ٨٠٠ کرێکار. ئەمە تەنیا گۆشەیەکە لەو جەنایەتە مەترسیدارە لە شوێنی کاردا کە لە ڕاگەیەندراوەکاندا بڵاو بۆتەوە.

لەپاڵ هەر روداوێکدا کە رۆژانە مردنی لێدەکەوێتەوە ژمارەیەکی زۆر روداوی دیکەیش کە دەبنە هۆی لەکارکەوتویی لە شوێنەکانی کاردا لە ئێران روو ئەدەن. لەم حاڵەتانەدا تەنیا ئاماری ئەو کرێکارانە روون ترە کە بیمە کراون.

بەپێی مادەی ٢٧ ی قانونی کار ” هەر کاتێک کرێکار لە ئەنجامدانی کارێکدا کە پێی سپێردرواوە کەم تەرخەمی بکات و یان ئاین نامە ئینزیباتیەکانی کارخانە و کارگاکان دوای ئاگادار کردنەوەی کەتبی پێشێل بکات، خاوەنکار دەتوانێ جەریمە و یان دەریبکات. بەڵام لە قانونی دژی کرێکاری ڕژیمدا و لە هەموو قانونە نووسراو و نە نووسراوەکانیدا قسەیەک لەوە نەکراوە کە ئەگەر خاوەنکار پابەندی بەڵێن و تەعەهودەکانی نەبوو وە ئەگەر لە دابین کردنی ئەمنیەت و پاراستنی گیانی کرێکاردا کەم تەرخەم بوو، قانون چۆن بەرخوردی لەگەڵ دەکات.

هەوڵی ڕژیمی ئیسلامی و بەرپا کردنی کۆمەڵیک شانۆگەری بەناوی حەفتەی کارگەر و لەوانە مەراسمی عەزاداری بۆ قوربانیانی شوێنی کار لە ڕاستیدا بۆ پاساودانی ئەم قەتڵانیە. هۆکاری سەرەکی روودانی رووداوی کار کە دەبنە هۆی مردن یان سەدەمە دیتنی جەستەیی، جەنایەتێکی ئاشکرایە کە لە لایەن خاوەنکارانەوە بە پشتیوانی و هاوڕێیەتی دەوڵەت دەچێتە پێشێ و رۆژانە پەیڕەو دەکرێت. بەرپرسیاریەتی هەموو رووداوێک کە لە شوێنی کاردا روو ئەدات لە ئەستۆی خاوەن کارانە. ئەوان یان لە ئاموزشدانی کرێکاران خۆگێل دەکەن؛ یان کەلوپەلی ئیستانداردی پێویستی ئیمنی فەراهەم ناکەن و یان بە ماندو کردن و سوکایەتی کردن ئیمکانی کەم دیقەتی کرێکارانی پیاو و ژن فەراهەم دەکەن. ئەو کرێکارانەی کە حەقدەستەکانیان بەشی یەک لەسەر سێی لانیکەمی پێداویستیەکانی رۆژانەی خۆیان و بنەماڵەکانیان ناکات، ناچارن یان ئیزافە کاری بکەن و یان کارێکی دووهەم بدۆزنەوە. روون و ئاشکرایە کە وەها کرێکارێک خەستە و ماندوو بەردەوام لەژێر هەڕەشەی رووداوێکدایە.

ڕاستیەکەی ئەوەیە کە خاوەنکاران لە رووی قازانج پەرستی و زێدەخوازیەکەوە کە هەیانە، نە مایلن باشتر بوونێک لە شوێنی کاری کرێکاراندا بەدی بێت و نە نیگەرانی لە دەستدانی ئەوانن لە ئاکامی رووداوێکی شوێنی کاردا، ئەوان تەنانەت نیگەرانی ئەوەش نین کە کرێکاران لەترسی گیانیان کارەکەیان جێبهێڵن. چون دەزانن کە خێڵی بێکاران لە مەیدانی کار و له پشت درگای کارخانە و کارگاکانیاندا ڕیزیان بەستوە و هەر کاتێک بیانەوێ دەتوانن کرێکارێکی دیکە بە بارمتە بگرن و لەهەمان شوێنی نا ئیستاندارد و نا ئەمنی کاردا، هەموو کارێکی تاقەت پروکێنی بەسەردا بسەپێنن.

لە ئاوا باردۆخێکدا ئەوە خودی کرێکارانن کە دەبێ لەبیری خۆیاندا بن و بە خەباتی ڕێکخراوی خۆیان خاوەنکاران و دەوڵەت ناچار بە دابین کردنی ئەمنیەتی شوێنی کاریان بکەن. دابین بوونی ئیمنی شوێنی کاریش وەک هەموو داواکاریەکی دیکە تەنیا بە زەبری خەبات بەسەر سەرمایەداران و دەوڵەتی پشتیوانیاندا دەسەپێت. کرێکاری سەدەمە دیتو و بنەماڵەکەی لە هەر حاڵێکدا دەبێ لەژێر چەتری بە تەواوەتی بیمەدا بن.

لە ساڵیادی رۆژی جیهانی ئەمنیەتی شوێنی کاردا، یاد و بیرەوەری گیانبەختکردوانی کرێکار بە خەباتی شێلگیرانە لە ڕێگای داسەپاندنی ئیمن کردنی شوێنەکانی کار بەسەر خاوەنکاران و دەوڵەتدا و دابین بوونی بیمەی تەواوی سەدەمە دیتوانی کار ڕێز لێ دەگرین.

 

بابەتی پەیوەندیدار

گەندەڵی ئیداری، دارایی، ئەخلاقی و سیاسیی ڕژیمی ئیسلامی، لە سەرەوە دەست پێدەکات

-

خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، لە چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێت

-

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-