کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

سەربازانی بێ ناو و نیشانی ئیمامی زەمان، تیمەکانی تیرۆر و مرۆڤ ڕفاندن لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا یەکێک لە تیمەکانی دیکەی تیرۆر و مرۆڤ ڕفاندنی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتی تورکیه کەوتە داوەوە و ناکام مایەوە. وەها ڕووداوێک لە وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان هەرچەند وەخت جارێک دووپات دەبێتەوە. هەڵبەت هێندێک جاریش لە بەکردەوەی دەرهێنانی نەخشەی قیزەونی خۆیاندا سەرکەوتوو دەبن. میدیاکانی سەر بە ڕژیم ئەنجامدەرانی ئەم جەنایەتانە، بە سەربازانی ئیمامی زەمان ناو لێدەبات. ئاخوندەکانی دەسەڵاتدار لە ئێران دووکانێکیان کردووەتە سەبارەت بە ئەفسانەی ئیمامی زەمان کە گۆیا ڕۆژێک دەگەڕێتەوە و زەوی پڕ لە عەدڵ و داد دەکات. ئیمامی زەمان یان هەر باوەڕ و خورافەیەکی مەزهەبیی دیکە تا کاتێک کە باوەڕێکی شەخسییە و پەیوەندیی کەسی مەزهەبی لەگەڵ خوڵقێنەری خەیاڵیی خۆی، لەگەڵ کتێبی مەزهەبی و ڕێبەرانی تا کاتێک هەڕەشەیەک دژبە کۆمەڵگا بەئەژمار نایەت، بابەتێکی خسووسی لەقەڵەم دەدرێت و مافی هەر ئینسانێکە کە باوەڕی مەزهەبی هەبێت یان سێکۆلار و ئاتێئیست و بێخودا بێت و مافی هەردووی ئەم باوەڕانە پێویستە دابین و زەمانەت بکرێت. بەڵام حکوومەتی ئیسلامی دەسەڵاتدار لە ئێران و ئاخوندە شیعەکان، ئیمامی زەمانیان کردووەتە سەنعەت و تەجارەت. ئەوان بە تەبلیغ و فرۆشی درۆ و ڕەوایەتی ساختە و نازانستیانە و غەیرە عەقڵانی، خەڵکی هەژار و بێبەش فریو دەدەن و ئەوان ڕازی و قانع بەم وەزعە لەم دونیایە و لە چاوەڕوانی هاتنی مێهدیدا ڕادەگرن. کۆماری ئیسلامی ئەم ڕەوایەتە ساختانانەی یەکجار پەڕەپێداوە و بردوویەتە ناو هەموو بوارەکانی ژیانی خەڵکەوە. کار گەیشتووەتە جێگایەک کە تەنانەت هێندێک لە ئاخوندەکانیش بەنیسبەت ئەو هەمووە درۆ و داستان وتنە ناڕازین و نیگەرانی ئابڕووچوونی زیاتری سەنعەت و تەجارەتی ئیمامی زەمان و دوور کەوتنەوەی خەڵک لە شیعە و ئیسلامن. حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بۆ هاندانی زیاتر، مەئمووران و بەکرێگیراوانی خۆی لە سەرکوتی زیاتر و لێبڕاوانەتری خەڵک، بێجگەلە دانی حقوق و مەزایای ماددی و ماڵیی زیاتر، سیخوڕان و مرۆڤ کوژانی وەزارەتی ئیتلاعاتی سەربازانی بێ ناو و نیشانی ئیمامی زەمان ناو لێناوە. کار و لێهاتوویی ئەم “سەربازانەی بێ ناو و نیشانی ئیمامی زەمان” سیخوڕی کردن لە خەڵک، دەستبەسەرکردن و پەروەندەسازی بۆ ژنان و پیاوان، لاوان و تەنانەت منداڵان و پیران و ئەشکەنجە و دەستدرێژیی سێکسی و فیزیکی دژبە بەندکراوانی سیاسی، مرۆڤ ڕفاندن و تیرۆر و هەڕەشە لە بنەماڵەی نەیارە سیاسییەکانە. بەڵام ئەوەیکە داستانی سەربازانی بێ ناو و نیشانی ئیمامی زەمانی سەرەنجڕاکێشتر دەکات، کەڵک وەرگرتنی ئیتلاعاتی ڕژیم لە ئەرازێل و ئەوباش و باندە مافیاییەکان و باندەکانی فرۆشتنی ماددەی هۆشبەرە بۆ تیرۆر و مرۆڤ کوشتن لە دەرەوەی ئێران کە چەندین نموونەی لە تورکییه و باقیی وڵاتەکان لەقاو دراوە. ئاخوند و دەزگای مەزهەبیی شیعە ئەساسەن پەیوەندیەکی نزیکی لەگەڵ لات و باندە شەڕاشۆ و مافیاییەکان هەیە و لەوان بۆ سەرکوتی خەڵک و سڕینەوەی نەیارانی سیاسیی خۆی کەڵک وەردەگرێت، کە نموونەکەیمان لە ئینقلابی مەشرووتە لە ئێران، لە جەریانی بەنەتەوەیی بوونی نەوتی دەورەی دکتور محەممەد موسەدێق، لە کودتای ٢٨ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٣٢، لە جەریانی شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧، لە ئاخێزە جەماوەرییەکان لە ماوە چل ساڵی ڕابردوو و لە لەشکرکێشی بۆسەر کوردستاندا بینیوە. حکوومەتی ئیسلامی بۆ شاردنەوەی شوێنی پێی خۆی لە تیرۆر و ڕفاندنی مرۆڤ لە دەرەوەی وڵات، لە سەرکوتی بەندکراوانی سیاسی لە زیندان و دژبە ناڕەزایەتیی خەڵک لە سەر شەقامەکان، پتر لە هەر کاتێک ڕووی کردووەتە کەڵک وەرگرتن و ڕێکخستنی باندی قاچاغی ماددەی هۆشبەر و گرووپە لات و شەڕانشۆکان. ناودێر کردنی سەربازی ئیمامی زەمان بە هەر جەنایەتکار و خراپەکارێک کە حازرە لە بەرامبەر وەرگرتنی پارەدا، لە بری کڕین و فرۆشتنی ئازادی ماددەی هۆشبەر، لەبری بەخشین و ئازادکردن لە زیندان لە کاتێکدا کە تاوان و جەنایەتی گەورەی ئەنجام داوە، نیشانی دەدات کە خودی ئاخوندەکانیش باوەڕێکی وایان بە ئیمامی زەمان و بە سەربازانی بێ ناو و نیشانی و جەنایەتکارەکەی نییە. کارڵ مارکس بە درووستی دەنووسێت کە تا کاتێک کۆمەڵگا پیشەیەکی شەرافەتمەندانە بۆ ئاخوند و قەشە و خاخام و ئەم توێژە مفتەخۆرە نەبینێتەوە، دووکان و تەجاڕەتی دین نەهامەتی و گیروگرفتی یەکجار زۆر بۆ کۆمەڵگەی مرۆڤ دەخوڵقێنێت. بە ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی، بە جیایی دین لە دەوڵەت، بە بڕینی هەرجۆرە یارمەتییەکی ماڵی بە دەزگای مەزهەب و ناچار کردنیان بە دانی ماڵیات، دەستی ئاخوند و لات و چەقۆکێشەکان لە ژیانی خەڵک کورت دەبێتەوە. بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی سالم کە باندە مافیاییەکان نەتوانن ببنە ئامرازی سەرکوت و جەنایەتی حکوومەتی ئیسلامی، بۆ کۆمەڵگەیەک کە پەرەپێدانی خورافە تێیدا ئاسان نەبێت و زانست و کلتووری ئینسانی و دیمۆکراتیک قسەی ئاخر بکات، بۆ تێکەوەپێچانی بارگە و بنەی “سەربازانی بێ ناو و نیشانی ئیمامی زەمان” و ئاخوندە شەیاد و جەنایەتکارەکان، بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگەیەک کە ئاخوند و لاتەکان لە بەرامبەر یاسا و خەڵکدا وڵامدەرەوە بن، ڕێگاچارەیەک بێجگەلە ڕووخاندنی ڕژیمی ئیسلامیی دەسەڵاتدار لە ئێران بوونی نییە.

بابەتی پەیوەندیدار

ڕژیم، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گۆڕی خۆی زیاتر هەڵدەکەنێ

-

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-

توندتربونەوەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر مامۆستایانی مافخواز

-

ڕژیمی ئیسلامی لە سەنگەری سەپاندنی حیجابی ئیجباری، پاشەکشەی پێدەکرێت

-

شەڕ ئامرازێک لە دژی خەڵک، لە خزمەت مانەوەدا

-

ناڕەزایەتی جیهانی لەدژی بەردەوامبوونی جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە

-