کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

سیا‌سه‌ت و ئابووری كۆماری ئیسلامیی، سووڕانه‌وه‌ له‌ بازنه‌یه‌كی به‌تاڵ

رۆژی هەینی ٢١ ی مانگی جۆزەردان داخرانی کارخانەی لەوازمی خانەگی ئەرج بە ڕەسمی ڕاگەیەندرا. ئامێر و ماشێنەکانی ئەم کارخانەیە، کە ٨٠ ساڵ لەوە پێش دروست کرابوو، لە حەفتەیەک له‌مه‌وبه‌ره‌وه‌ هەڕاج کرابوو. ماوەیەک له‌مه‌وبه‌ریش داخرانی کارخانەی قەندی وەرامین ڕاگەیەندرا. لەگەڵ داخرانی ئەم کارخانەیە، کە ماوه‌ی ٧٠ ساڵە خەریکی بەرهەمهێنانی قەندە، ٥٠٠ کرێکار بێكار بوون. هەروەها ماڵپه‌ڕی خەبەریی تەسنیم کە لە سپای پاسداران نزیکە، لە ڕاپۆرتێکیدا لە ڕێکەوتی ١٨ ی مانگی جۆزەردان نووسیویه‌تی کە نیوەی یەکە بەرهەمهێن و پیشەسازییەکانی شارستانی گەچساران داخراون. ئەم هەواڵنێرییە دەوڵەتی رۆحانی بە سەبەبکاری داخرانی ئەم ناوەندانە دەزانێت.خامه‌نەیی رۆژی یەکشەممە ١٦ ی مانگی جۆزەردان لە دیدارێكیدا لەگەڵ سەرۆک و نوێنەرانی مەجلیسی دەیەم، لەسەر ئەوە جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ “ئابووری” ته‌وه‌رێكی سه‌ره‌كییه‌. ئەو داوای لە نوێنەرانیش کرد كه‌ هه‌نگاوه‌ ئابوورییه‌كانی دەوڵەت به‌ ئاراسته‌ی ره‌هه‌ندی ئابووری مقاومەتیدا ببه‌ن و داوا له‌ ده‌وڵه‌تیش بكه‌ن كه‌ به‌ڕێوه‌ی ببات. رۆحانی لە رێكه‌وتی ٨ ی مانگی جۆزرداندا لە وڵام بە قسەکانی خامه‌نەیی و ئابوورییه‌ مقاومەتییه‌كه‌یدا وتی کە بەبێ تەعامول لەگەڵ دنیا، گەشەی ئابووریی مومکین نابێت. ئەو، کە لە مەڕاسمی کرانەوەی مجلیسدا قسەی دەکرد وتی:” وڵاتێک شك نابات کە بەبێ هەڵکردن و گونجان لەگەڵ دنیادا گەیشتبێتە گەشەیەکی گونجاو.”
هەردوو باڵی کۆماری ئیسلامی باش دەزانن کە بۆ زەمانەت کردنی مانەوەی خۆیان له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات ڕێگایەکیان نییە بێجگە لەوەیكه‌ بارودۆخێکی گونجاو بۆ چوونی سەرمایەی دەرەکی و بەستنەوەی ئابووریی ئێران بە بازاڕی جیهانیی بڕه‌خسێنن. بەڵام به‌و هۆیه‌وه‌ كه‌ ئەم ڕەوتە تەنانەت دوای رێككه‌وتنه‌ هەستەییه‌كانیش بەرەو پێشچوونێکی وه‌ها نەبووە، هەرکام لە باڵەکان بە زمانی تایبەت بەخۆی خەتاکە دەخاتە ئەستۆی ئه‌وی دیكه‌. هەردوو باڵەکە لە جەخت کردنەوە لەسەر ده‌سته‌واژه‌ی ئابووریی مقاومەتیی كه‌م ناهێنن، بەڵام هیچکامیشیان ناتوانن ئەم دروشمە بکەنە بەرنامەیەکی به‌كرده‌وه‌ی ئابووریی.735

ئەم ڕاستیە هه‌ر لە هەمان رۆژانی سەرەتای ئاشکرا بوونی رێككه‌تنه‌ هه‌سته‌ییه‌كانی ئامریکا و کۆماری ئیسلامیەوە دیار بوو کە تا کاتێک کە دخاڵەتی کۆماری ئیسلامی لە قەیرانە ناوچەییەکاندا نه‌چێته‌ سه‌ر ڕەوتی دڵخواز و جێ سه‌رنجی دەوڵەتانی رۆژئاوایی و بەتایبەت دەوڵەتی ئامریکا، ئەوان ڕێگه‌ نادەن کە کرانەوەی ئابووریی کۆماری ئیسلامی بکەوێتە خزمەت درێژەی سیاسەتەکانی هه‌تا ئێستای ئه‌م رژیمه‌وه‌. قسەی سەر زاری سیاسەتمەدارانی ئامریکایی بۆ دیفاع لە رێككه‌وتنی هەستەیی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی لە بەرانبەر نەیارانیان لە هەمان سەرەتاشه‌وە هه‌ر ئەمە بووە. لەم ڕوەوە دەبینین کە سەرەڕای گەلێک سەفەری هەیئەتی ئابووریی رۆژئاوایی بۆ ئێران و واده‌ و به‌ڵێنه‌كان و ئاماژه‌دان به‌ ده‌رگاكانی باغه‌ سه‌وزه‌كه‌ بە کۆماری ئیسلامیی، بەڵام به‌ کردەوە لە مەیدانی ئابووریدا ئیمتیازێکی قه‌به‌ و بەرچاویان بە کۆماری ئیسلامی نەداوە. ئه‌و شاند وهه‌یئه‌تانه‌ش کە هه‌تا ئێستا چوون بۆ ئێران، لە باشترین حاڵەتیدا تەنها بەشوێن بازاڕەوە بوون بۆ فرۆشی کالا و خزمەتگوزاریەکانیان.

بەمجۆرە ڕژیم بەکردوە تووشی سووڕانه‌وه‌یه‌كی به‌تاڵ هاتووه‌. لە لایەکەوە به‌ قه‌ولی خۆیان ڕەونەقی ئابووری لە گرەوی لاچونی سەرجەمی ئەو کۆسپانەدا دەبینن کە لەسەر ڕێگای پێوەندیگرتنی لەگەڵ رۆژئاوادان ولە لایەکی دیکەشه‌وە چالاكانه‌ ده‌ركه‌وتن لە قەیرانە ناوچەییەکاندا بە زامنی مانەوەیان ده‌زانن. خامه‌نەیی و رۆحانی هەردوکیان بۆ بارودۆخی خراپی بەڕێچونی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی هەژار فرمێسکی تیمساحانه‌ هه‌ڵده‌وه‌رێنن و هاوكات فریوکارانە بۆ خۆراپسكاندن لەچنگ خەڵکی ناڕازی، کێشە و گرفتەکان بۆیەکتر پاسكاری ده‌کەن.

بەڵام ئەگەر سەرمایەداریی ئێران گیرۆدەی قەیرانە و بەشوێن رێگه‌ی ده‌ربازبوونه‌وه‌یه‌، قەیران سەرتاپای ژیان و بەڕێچونی چینی کرێکاریشی گرتووه‌ته‌وه‌. ژیانی چینی کرێکار چ لە دەورەی به‌قه‌ولی خۆیان ڕەونەق دا و چ لە دەورەی ڕکودی ئابووریی سەرمایەداریش، بەردەوام لە جۆرێکی دیكه‌ی قەیراندا گرفتارە. سەرمایەداران لە دەورەی ڕکود دا کرێکاران بێکار دەکەن و دواتر ڕەونەقە دڵخوازه‌كه‌یان له‌ ڕێگه‌ی بە توند کردنەوەی چەوساندنەوەی کرێکاران هه‌مدیسان بەدەست دێننەوە. له‌ راستیدا كرێكاران كوردگوته‌نی هه‌م له‌ شین و هه‌م له‌ شایی سه‌رمایه‌داراندا قووربانین.

ئەگەر بۆ سەرمایەدار داخرانی کارخانە و وه‌ستانی کار لە بوارێکدا، بە واتای چالاک بوونە لە مەیدانێکی دیكه‌یه‌، به‌ڵام بۆ کرێکار داخرانی کارخانە به‌واتای ئه‌وه‌دێت کە هەموو ژیان و بەڕێچونی خۆی و بنەماڵه‌کەی کەوتوەتە مەترسیەوە. ئەگەر سەرمایەداران و دەوڵەتەکانیان بەشوێن ڕێگه‌ی ده‌ربازبوون له‌ قه‌یرانن و له‌ رێنماییه‌كانی ناوه‌نده‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌ هاوبه‌رژه‌وه‌نده‌كانیشیان کەڵک وەردرگرن، بۆچی کرێکاران دەست لەسەر ئه‌ژنۆ دانیشن و لە چاوەڕوانی کۆتاییهاتنی قەیرانی سەرمایەداراندا بن؟

ئەگەر گرفتی ئابووری کۆماری ئیسلامی هاوئاهەنگ کردنی سیاسەتە ناوچەییەکانیەتی لەگەڵ سیاسەت و بەرژەوەندیەکانی رۆژئاوا، گرفتی چینی کرێکاری ئێرانیش پڕژوبڵاوی خەباتی ئێستای و نەناسینی هێزی مێژوو خۆڵقێنی چینه‌كه‌یه‌تی. ئەگەر ئابووریی کۆماری ئیسلامیی له‌ڕێگه‌ی ره‌خساندنی پێداویستییە سیاسیی، ئابووریی و حقوقیەکانی و تێکەڵ بوونی بەتەواوەتی لەگەڵ بازاڕی سەرمایەداریی جیهانی لەم بن به‌ستەی ئێستا ڕزگاری دەبێت و بەرژەوەندییەکانی به‌ گره‌و‌ی هەوراز و نشیوەکانی سەرمایە له‌ ئاستی جیهاندایه‌، گرفتی چینی کرێکاریش بە چوونه‌ ناو پڕۆسه‌ی ڕێکخراوە چینایەتییەکان و کۆبونەوە لە دەوری حیزبی سیاسیی شیاوی خۆی و هه‌روه‌ها بەهرەمەند بوون لە هاوپشتیی جیهانیی کرێکاران چارەسەر ده‌ێیت.

بابەتی پەیوەندیدار

ڕژیم، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گۆڕی خۆی زیاتر هەڵدەکەنێ

-

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-

توندتربونەوەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر مامۆستایانی مافخواز

-

ڕژیمی ئیسلامی لە سەنگەری سەپاندنی حیجابی ئیجباری، پاشەکشەی پێدەکرێت

-

شەڕ ئامرازێک لە دژی خەڵک، لە خزمەت مانەوەدا

-

ناڕەزایەتی جیهانی لەدژی بەردەوامبوونی جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە

-