کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

سوننەتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی رۆژی جیهانی کرێکار لە کوردستان

 لە ماوەی ٣٧ ساڵ خەبات و خۆڕاگری لە کوردستان، گەلێک سوننەتی پێشڕەو و بەنرخ لەم کۆمەڵگایەدا چەسپاوە و جێ کەوتووە. یەکێک لەو سوننەتانە، بەڕێوەچوونی مەڕاسمەکانی رۆژی جیهانی کرێکارە لە زۆربەی شارەکانی کوردستان. لەم ڕێوڕەسمانەدا کرێکاران بەردەوام ویست و داواکاریەکانیان بە دەرکردنی قەتعنامە ڕاگەیاندوە، لەدژی بێ مافی و چەوسانەوە و ستەم لە لایەن خاوەنکاران و سەرمایەدارانەوە قسە و باسیان کردوە و لەسەر مافی بەرپا کردنی رێكخراوی سەربەخۆی کرێکاری و لەسەر پێویستی ڕێکخراو بوونی کرێکاران جەختیان کردوەتەوە.
با چەند نمونەیەک لەم سوننەتە موبارزاتی و چینایەتیانە وەبیر بێنینەوە: یەکێک لەم نمونانە کە لە فەزایەکی بەتەواوەتی نیزامی و جەنگی، لە ئاستێکی چکۆلە بەڵام ڕەزمەندە و لەبیر نەکراودا دەچووە پێش، هەوڵی کرێکارانی پێشڕەوی مهاباد لە ساڵی ١٣٦٢، لەوپەڕی سەرکوت و خەفەقان و شەڕی ئێران و عێڕاقدا بوو. لەو ساڵەدا و لەو فەزا جەنگیەدا، ژمارەیەک لە کرێکارانی پێشڕەوی مهاباد، بڕیاندا تا ساڵیادی یەکی مانگی مەی بە هەر شێوەیەک کە دەتوانن بەڕێوەبەرن. لەگەڵ ئەوەیکە فەزای جەنگی ئیجازەی پێنەدەدان تا مەڕاسمێکی گەورە بەرپا بکەن، بەڵام ئەم حەرەکەتە سەرەتاییە لەو ساڵانەی گوشار و خەفەقان و سەرکوتدا، دەور و نەخشێکی گەلێک جیدی لە زیندو ڕاگرتنی ئەم سوننەتە کرێکاریەدا هەبوو کە لەبیر ناچێتەوە.698

 

نمونەیەکی تری ئەم مەڕاسمە شکۆدارانەی ئەوەڵی مانگی مەی لە کوردستان، بەڕێوەچوونی ئەوەڵی مانگی مەی ساڵی ١٣٦٦ لە سنەیە. لەم ساڵەدا لەگەڵ ئەوەی کۆماری ئیسلامی لە ماوەیەک پێشترەوە خۆی بۆ بەرەنگار بوونەوەی کۆبونەوەی کرێکاری ئامادە کردبوو وە بە بەسیج کردنی هێزە سەرکوتەگەرەکان و وەڕێخستنی تەبلیغاتی جەنگی، کۆنترۆڵ کردنی شەقامەکان، گەمارۆدانی گەڕەکە کرێکاریەکان و پشکنینی بەدەنی بەرین هاتبووە مەیدان و لەپێشدا ڕایگەیاندبوو کە هیچ مەڕاسمێکی سەربەخۆ نابێ بەڕێوەبچێت، بەڵام لە رۆژێک بەر لە یەکی مەیەوە، کرێکاران و زەحمەتکێشانی شاری سنە دەست بەکار بوون و بانگەوازی بەڕێوەچوونی مەڕاسمەکانی ئەم رۆژەیان لە گەڕەکە کرێکاریەکاندا بە شێوەیەکی بەرین بڵاو کردبۆوە و سەرئەنجام چەندین مەڕاسمیان لە ” پاساژی عیزەتی، کارخانەی جلوبەرگ، کارخانەی شاهۆ، و لەنێو کرێکارانی ” شیرینی پەز” و بنەماڵە کرێکاریەکاندا بەرپا کرد.

لە مەڕاسمی پاساژی عیزەتیدا کە دوو هەزار ژن و پیاوی تێدا به‌شداربوون، مەڕاسم بە دەقیقەیەک بێدەنگی بۆ یادی گیان بەختکردوانی ڕێگای سوسیالیزم دەستی پێکرد. دواتر یەکێک لە کرێکارەکان سەبارەت بە پێویستی دروست کردنی رێكخراوی کرێکاری و بەشداری کردنی ژنان لە گشت کاروبارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا قسەی کرد. چەند کرێکارێکی تر سەبارەت بە تاریچەی ئەوەڵی مانگی مەی، پێویستی کەم بوونەوەی ساعاتی کار، بیمەی بێکاری، زیاد کرانی حەقدەستەکان و کۆتایی هاتن بە گوشارەکانی شەڕ قسەیان کرد. لە ماوەی ئەم بەرنامەیەدا هەروەها چەندین سرود و گۆرانی وتران و شانۆگەریەکی کرێکاریش ئیجرا کرا. لە حاڵێكدا کە دروشمەکانی ئەوەڵی مانگی سالۆنەکەی خستبوە لەرزە، قەتعنامەی ١٧ مادەیی کرێکارانی سنە لە لایەن بەشدار بوانەوە پەسند کرا.

قەتعنامەی ئەوەڵی مانگی مەی ساڵی ١٣٦٦ ی کرێکارانی شاری سنە، وێڕای داواکاری بەڕەسمیەت ناسرانی رۆژی کرێکار و تەعتیل بوونی کار لەم رۆژەدا، داواکاری مافی رێكخراو و مانگرتن، ٤٠ کاتژمێر کار لە حەفتەدا، حەقدەستی گونجاو لەگەڵ بەرز بوونەوەی تەوەڕوم، قەدەغە بوونی کاری منداڵانی ژێر ١٨ ساڵ، ئاوڕ دانەوەی جیدی لە ژنانی کرێکار و چەند داواکاریەکی دیكه‌ی له‌ خۆ گرتبوو.

نمونەیەکی تر لەو مەڕاسمە شکۆدار و ڕەزمەندانەی کە لە مێژووی خەباتی چینایه‌تی کڕێکارانی ئێران بە شێوەیەکی تایبەت بەرچاوە و تۆمار کراوە، بەڕیوەچوونی ئەوەڵی مانگی مەی ساڵی ١٣٦٨ هه‌ر له‌ شاری سنەیە. لەم رۆژەدا کۆبونەوەیەکی گەورە لە کرێکاران لە سالۆنی وەرزشی تەختی سنە بەڕێوەچوو. مەڕاسمەکە بە سرودی ئەنترناسیوناڵ دەستی پێکرد و بە سوخەنڕانی پڕ هه‌ست و ئاگرینی کرێکاری کومونیستی گیانبەخت کردوو ” جەماڵ چراغ وەیسی” درێژەی پێدرا.

کرێکاری گیانبەختکردو ” جەمال چراغ وەیسی” لە سوخەنرانیەکەیدا، وێرای روونکردنەوەی باردۆخی مه‌یه‌نه‌تباری ژیان و بەڕێچوونی کرێکاران و زەحمەتکێشان، لەسەر پێویستی یه‌كگرتووی و هاپشتی و پێویستی پێکهاتنی رێكخراوه‌ کرێکاریەکان و پتەو کردنی ڕیزی خەبات لەدژی نیزامی سەرمایەداری و بارودۆخی نا یەکسانی مەجوود لە کۆمەڵگادا جەختی کردەوە. شانۆ شکۆدارەکانی بەڕێوەچوونی مەڕاسمەکانی ئەوەڵی مانگی مەی ساڵی ٦٨ لە سنە، قەت لەبیر ناچنەوە.

ئەم مەڕاسمە شکۆدارە و مەڕاسمی ساڵەکانی دواتر لە شارەکانی کوردستان، بەشێوەیەک ڕیکخراو و بە ئیبتیکارەوە بەڕێوەچوون کە لەگەڵ تێپەڕبوونی هەر ساڵێک سوننەتێکی نوێ بە سوننه‌ت و ئه‌زموونه‌كانی ڕابردوەوە زیاد ده‌بوون.

مەڕاسمی سەربەخۆی ئەوەڵی مەی لە شاری سەقز لە ساڵی ١٣٨٣، لە بارودۆخێکدا بەڕێوەچوو کە بزوتنەوەی کرێکاری ئێران زیاتر پەرەی سندبوو. لەوە بدواوە وێڕای توند بوونەوەی گوشارە پۆلیسیەکان، وێڕای ترس و گیران، زیندانی کردن و ئەشکەنجەی کرێکارانی پێشڕەو و چالاکانی کرێکاری، کرێکاران لە دەرخستنی ریزی چینایەتی خۆیان باوەڕ بوخۆیی زیاتریان بەدەست هێنا.

پاش ئه‌م ئه‌زموونانه‌، کرێکاران هەموو ساڵێک بە شۆر و شه‌وقی زیاترەوە به‌ره‌و پێشوازی رۆژی جیهانی خۆیانەوە چووه‌ن. بە بەڕێوەبردنی ئاشکرای مەڕاسمی سەربوخۆی یەکی مانگی مەی، لە شکڵ و شێوەی جۆراو جۆر و شوێن و مەکانی جیادا، شێلگیرانە دیفاعیان لە مافی خۆیان بۆ بەڕێوەبردنی کۆبونەوە و بەڕێوەبردنی سەربەخۆیانەی مەڕاسمی ئەوەڵی مانگی مەی رۆژی جیهانی کرێکار کردوە. ئاڵای خەباتی سەبەخۆی کرێکاری خۆیان به‌رزكردووه‌ته‌وه‌ و داخوازی ئابووری و سیاسی خۆیان تەرح کردوە و لەسەر خواستە چینایەتیەکانیان پێداگرییان کردوە تا سوننەتی بەڕێوەچوونی مەڕاسمە سەربەخۆ و ئاشکراکان لە شارەکاندا زیاتر جێبکەون.

 

بابەتی پەیوەندیدار

گەندەڵی ئیداری، دارایی، ئەخلاقی و سیاسیی ڕژیمی ئیسلامی، لە سەرەوە دەست پێدەکات

-

خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، لە چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێت

-

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-